جەیسن گرینواڵد: دەبێ ترەمپ زۆر جیدی وەربگیرێت و هەمیشە مەبەستی ئەوەیە کە دەیڵێت

10 December 2024
جەیسن گرینواڵد: دەبێ ترەمپ زۆر جیدی وەربگیرێت و هەمیشە مەبەستی ئەوەیە کە دەیڵێت
نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رووداوی گوت، سووریا هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبووە. خەڵک دەبێت ترەمپ بە جیدی وەربگرن چونکە "هەمیشە مەبەستی ئەوەیە کە دەیڵێت."
 
رۆژی سێشەممە، 10-12-2024، جەیسن گرینواڵد ، نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نوێنەر فاتیح گفتوگۆی چەند پرسێکی سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ دۆخەکە کرد. 
 
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسی لەوەشکرد: "بەرژەوەندی ترەمپ ئەوە نییە کە بێتە ئێرە بە سەربازی ئەمریکی سووریا چاک بکاتەوە. ترەمپ پێیوایە ئەمە کێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە پێویستە لەلایەن رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە چارەسەر بکرێت."
 
جەیسن گرینواڵد رەخنە لە بایدن دەگرێت لەبارەی سیاسەتکردنی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بایدن "بە پەراوێزخستنی جێنشینی سعودیە دەستیپێکرد، وڵاتەکەی پەراوێزخست. پێموایە ئەوە شتێکی زۆر زۆر خراپ بوو. زوو وانەکەی فێربوو. فێربوو سعودیە چەند گرنگە بۆ جیهان و بە تایبەتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و، ئێستا پەیوەندییەکە باشترە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەیسن گرینواڵد، نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
رووداو: بەڕێز جەیسن گرینواڵد، بەخێربێیت بۆ رووداو. زۆر دڵخۆشم. مایەی شانازییە کە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵت هەیە.
 
جەیسن گرینواڵد: سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
رووداو: سوپاس. تۆ نێردراوی سەرۆک ترەمپ بوویت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێستا شتی زۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات. سووریا، رووخانی بەشار ئەسەد. دوایین هەواڵ ئەوەیە کە رووسیا دەڵێت, ئەو دەستی لە دەسەڵات هەڵگرتووە و وڵاتەکەی بەجێهێشتووە. بە هەر حاڵ، پێموایە بەشار و رژێمەکەی کۆتایی هاتن. ئەمە لای تۆ چاوەڕوانکراو بوو؟
 
جەیسن گرینواڵد: نەخێر، پێموایە ئەوە بۆ زۆر کەس چاوەڕواننەکراو بوو کە یاخیبووەکان توانییان بە خێرایی پێشڕەوی بکەن و سووریا کۆنترۆڵ بکەن. من دەڵێم ئەو دەستی لە دەسەڵات هەڵنەگرت، بەڵکو بە سادەیی راونرا. بەڵام پێتدەڵێم، پێموایە لەوانەیە دەرفەتێک لێرەدا هەبێت، سووریا چەند ساڵە ئازار دەچێژێت؟ زیاتر لە 14 ساڵ. زۆر کەس گرنگییان بە سووریا و بە ملیۆنان کەس کە ئازاریان چەشتووە نەدا. ئاشکرایە، ئەو کەسانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست لەوانەیە مەترسیداربن، بەڵام لەوانەیە قۆناخێکی نوێ بێت بۆ سووریا. پرسیارەکە ئێستا ئەوە دەبێت، ئایا ئێران لە سووریا دادەبڕێت، کە پێموایە باشترین شت دەبێت بۆ هەموو لایەک، یاخود ئێران دەتوانێت دووبارە لەو گۆڕەپانەدا یاری بکات؟ ئێران بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەرکرا، کە پێموایە زۆر زۆر باشە بۆ ناوچەکە. با ببینین چی روودەدات.
 
رووداو: هەیئەی تەحریری شام (هەتەشە)، بە پێشینەی جەبهەی نووسرە و قاعیدەوە، جێی نیگەرانییە؟
 
جەیسن گرینواڵد: بێگومان. ئەوان لەنێو لیستی چاودێریی تیرۆری ئەمریکادان. نازانم بۆچی سەرۆک بایدن حوسییەکانی لەو لیستە لابرد، بەڵام هەموویان وەکو یەکن. حەماس، حیزبوڵڵا، ئەوانە دەیانەوێت ناوچەکە وێران بکەن. دەیانەوێت هەموو شتێک وێران بکەن، بەڵام ئەگەر لە راستی دا ئێران هێزەکەی لە سووریا لەدەست بدات و، ئەگەر ئەم کەسانە جیدی بن، چونکە لێدوانی ئەرێنیتر دەدەن سەبارەت بە رێزگرتن لە مەزارگەی شیعەکان، رێزگرتن لە کریستیانەکان، لەوانەیە رێگەیەک هەبێت کە بەڕاستی بتوانن شتێکی باش پێشکێش بکەن، بەڵام باشترە دراوسێیەکان ئاگاداربن چونکە ئەوانە مەترسیدارن. تاوەکو نەزانین ئەوان بەڕاستی کێن، ئیسرائیل و دراوسێیەکانی لەوانەیە لە مەترسیدابن.
 
رووداو: پێتوایە دەرەنجامی قەیرانی سووریا کاریگەری لەسەر قەیرانەکانی دیکەی ناوچەکە دەبێت وەکو یەمەن؟
 
جەیسن گرینواڵد: بێگومان دەکرێت، ئەگەر ئەمانە وەکو ئەوە دەربچن کە خەڵک پێیانوایە، کەسانێکی زۆر خراپن، بەڵام پێموایە هەڵە دەکەن ئەگەر پێیانوابێت دەتوانن یاری بکەن، بەتایبەتی کە شتەکە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە. بینییان کە ئیسرائیل چی بە حەماس کرد، بینییان کە ئیسرائیل چی بە حیزبوڵڵا کرد، ئیسرائیل دەتوانێت زۆر بەخێرایی بەوانیشی بکات. بۆیە ئەگەر من لەجێی ئەوان بوومایە، ئەگەر من ئامۆژگاریم کردبان، بەتایبەتی ئێستا کە سەرۆک ترەمپ دەبێتە سەرۆک، پێموایە دەبێت زۆر زۆر بە وریاییەوە هەنگاو بنێن، ئەگەرنا هەر هیوایەک بۆ بوونی داهاتوویەک لەدەست دەدەن.
 
رووداو: باشە. ئەی سەبارەت بە ئێران؟ ئێران بە جۆرێک، لانیکەم دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کاریگەرییەکەی لە سووریا وەکو دوێنێ یان پێرێ نییە. ئایا ئەمەی لە سووریا هەیە کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکە و کاریگەری ئێران لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەبێت؟
 
جەیسن گرینواڵد: ئەوەی بەسەر ئێران دا هاتووە زۆر سەرنجڕاکێشە، تۆزێک لە سەگێک دەچێ کە کلکی لە نێوان قاچەکانیدایە. حەماس، یەکێک لە گرووپە پرۆکسییەکانیان، نزیکە لە کۆتایی. هێشتا دەتوانن هەندێک کێشە دروست بکەن، بەڵام نزیکە لە کۆتایی. حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی دراماتیکی بریندار بووە. هەردووکیان دوو پرۆکسی زۆر گرنگن، حوسییەکانیش، ئەوەندە بەهێزنین، هەرچەندە هەندێک زیانیان گەیاندووە. هیوادارم ترەمپ چارەسەری ئەوانیش بکات، بەڵام ئێران لە ئیسرائیلەوە دوو جار زیانی پێگەیشت. ئێران هەوڵیدا بە تووندی دوو جار هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. کەچی، لەم ماوەیەدا، ئێران خۆی زیانی پێگەیشتووە. ئەگەر من لەجێی ئێرانییەکان بوومایە، دەمزانی کە دەرفەتێکیان هەیە ئێستا لەگەڵ سەرۆکێک کە بەرژەوەندی لە شەڕکردن لەگەڵ ئێران نییە. ئەو بەرژەوەندی لە دروستکردنی رێککەوتنێکدایە کە مانای هەبێت بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەوان سەرئەنجام خۆیان بگۆڕن. وەکو ئاماژەیەک بۆ وتەی سەرۆک ترەمپ، ئەو MAGA بەکاردەهێنێت، واتە ئەمریکا دووبارە مەزن بکەینەوە. با بکەینە MIGA، واتە ئێران دووبارە مەزن بکەوە. ئەگەر بتوانن فەلسەفەکەیان بگۆڕن و هەوڵ نەدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و، هەوڵی وێرانکردنی ئیسرائیل نەدەن، هەوڵی هەڕەشەکردن لە ئەمریکا نەدەن. ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت یارمەتی وڵاتەکەیان بدەن، باشە، ئێستا دەرفەتەکەیان هەیە. بەڵام ئەگەر تەنیا رژێمێکی جینۆسایدین و دەیانەوێت هەموو شتێک کە لە رێگەیان دایە وێران بکەن، ئیسرائیل و هەموو شتێکی دیکە، پێموایە چارەنووسێکی ناخۆش چاوەڕێیان دەکات، زیاتر لەوەی کە ئەمڕۆ هەیانە.
 
رووداو: تۆ باسی سەرۆک ترەمپت کرد. ئەو لێدوانێکی هەبوو سەبارەت بەوەی لە سووریا روودەدات و گوتی، ئەمە کاری ئێمە نییە، شەڕی ئێمە نییە. هیچ لایەنێکیان هاوڕێی ئێمە نین و هیچ پەیوەندییەکمان پێیانەوە نییە. تۆش نێردراوی سەرۆک ترەمپ بوویت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو لێدوان و هەڵوێستەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرۆک ترەمپ دەکەیت؟
 
جەیسن گرینواڵد: سەرەتا، خەڵک دەبێت بە جیدی وەریبگرن. هەندێک جار پێیانوایە سەرۆک ترەمپ مەبەستی ئەوە نییە کە دەیڵێت، بەڵام مەبەستی ئەوەیە کە دەیڵێت. سووریا هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبووە. جیاوازە لە پشتیوانیکردنی ترەمپ لە ئیسرائیل یان لە سعودیە یان ئیمارات یان قەتەر. ئەوانە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکان و، ترەمپ پشتی هاوپەیمان و دۆستە ئەمریکییەکانمان دەگرێت، بەڵام سووریا هاوپەیمان و دۆستی ئەمریکا نەبووە. هەندێک شت هەن ترەمپ لەوانەیە کاردانەوەی هەبێت، وەکو ئەوەی کردی کاتێک سووریا هێڵی سووری بەزاند، کاتێک ئەسەد هێڵی سووری بەزاند، بە پێچەوانەی ئۆباماوە، کە باسی هێڵێکی سووری کرد و هیچ شتێکی لەبارەیەوە نەکرد. بەرژەوەندی ترەمپ ئەوە نییە کە بێتە ئێرە بە سەربازی ئەمریکی سووریا چاک بکاتەوە. ترەمپ پێیوایە ئەمە کێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە پێویستە لەلایەن رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە چارەسەر بکرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان لەوێ دەبێت بۆ رێنمایی، بۆ یارمەتیدان، بۆ ئەوەی کاربکات بۆ ئارامی زیاتر، بەڵام ناچێتە ناوەوە و سەربازی ئەمریکی ناخاتە سەر زەوی مەگەر خودی ئەمریکا یان هاوپەیمانە زۆر زۆر گرنگەکانی لە ناوچەکە لە مەترسیدابن.
 
رووداو: پێتوایە ترەمپ هەمان سیاسەت لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەیڕەو دەکات وەکو ئەوەی لە خولی یەکەم پەیڕەوی کرد، کە تۆ نێردراوی بوویت؟
 
جەیسن گرینواڵد: پێموایە وادەکات. مەبەستم ئەوەیە، ئەو کەسێکی زۆر جێگیرە. پێموایە ئامانجی پاراستنی ئەمریکایە، پاراستنی هاوپەیمانەکانمانە، دروستکردنی ئاشتی یە. بۆ نموونە، پێموایە زۆر هەوڵدەدات رێککەوتنی ئەبراهام فراوان بکات. ئێستا زۆر ئاڵۆزتر بووە لەبەر 7ی ئۆکتۆبەر، لەبەر حەماس، لەبەر حیزبوڵڵا، بەڵام پێموایە سەرنجی زۆر لەسەر ئەوە دەبێت کە هەوڵبدات ئەم ناوچەیە سەلامەتتر بکات، خۆشگوزەرانتر بکات، نەوەی گەنج کە لێرە دەژین تینووی داهاتوویەکی باشترن، ئەو زۆر دڵخۆشە بەوە، بەڵام سەرەتا و لە پێشەوە، ناوچەکە دەبێت هەنگاو بنێت و خۆیان کارەکان بکەن. ئەو پشتیوان دەبێت، هاوکار دەبێت. یارمەتییان دەدات بۆ پێشکەوتن، بەڵام زۆر کەس باسی ئەوە دەکەن کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکردایەتی ئەوە بکات، دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان کاریگەری هەبێت. من ئەوە پێچەوانە دەکەمەوە. ناوچەکە دەبێت بیەوێت و بچێتە لای سەرۆک ترەمپ و بڵێت، یارمەتیمان بدە. ئێمە سەرکردایەتی دەکەین. ئێمە پابەند دەبین. هەموو شتێک دەکەین کە بتوانین، یارمەتیمان بدە. نەک تۆ دەبێت سەرکردایەتیمان بکەیت. تۆ ترەمپ، دەبێت سەربازی ئەمریکی بەکاربهێنیت. تۆ، ترەمپ، دەبێت پارەی ئەمریکی بەکاربهێنیت. ترەمپ بەوشێوەیە بیر ناکاتەوە. راستییەکەی بە پێچەوانەوەیە. دەیەوێت پشتیوانی هاوپەیمان و دۆستەکانی بکات، داهاتوویەکی باشتری دەوێت لێرە، بەڵام رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت خۆی سەرکردایەتی خۆی بکات.
 
رووداو: سەرۆک ترەمپ نایەوێت ئەمریکا ببێتە پۆلیسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟
 
جەیسن گرینواڵد: رێک وایە.
 
رووداو: لە سەردەمی ئیدارەی بایدن دا، سیاسەتەکان بەرامبەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕان. چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو سیاسەتانە دەکەیت؟
 
جەیسن گرینواڵد: پێموایە سەرۆک بایدن لەو رێگەیەدا شکستی هێنا. بۆ نموونە، لەگەڵ سعودیە. بە پەراوێزخستنی جێنشینی سعودیە دەستیپێکرد، وڵاتەکەی پەراوێزخست. پێموایە ئەوە شتێکی زۆر زۆر خراپ بوو. زوو وانەکەی فێربوو. فێربوو سعودیە چەند گرنگە بۆ جیهان و بە تایبەتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و، ئێستا پەیوەندییەکە باشترە. پێموایە سەبارەت بە ئیسرائیل، جیاواز بوو. هەندێک شت هەن زۆر بە باشی ئەنجامیدان. دوای 7ی ئۆکتۆبەر چووە ئیسرائیل. کەشتی جەنگی لەوێ جێگیر کرد. چەکی دابین کرد، بەڵام هەندێک جار چەکی راگرت. بەپەلە بەدوای رێککەوتنی ئاشتی ئیسرائیلی-فەلەستینی دا نەگەڕا، پێموایە ئەوە هەڵوێستێکی دروست بوو. بە گشتی، پێموایە باش بوو، باشی کرد، تەنانەت ئەگەر هەندێک هەڵەشی کردبێت، بەڵام پێموایە سەرۆک ترەمپ زۆر جیاواز دەبێت. باوەش بۆ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا دەکاتەوە، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، و ئیسرائیل، بەحرەین و ئەوانی دیکە. پێموایە پشتی ئیسرائیل دەگرێت، بێگومان دەیەوێت ئەم ناکۆکیانە چارەسەر بکرێن، دەیەوێت ئیسرائیل کارەکەی دژی حەماس تەواو بکات، بەڵام پێموایە کاری روونتر، یەکلاکەرەوەتر و زۆر بەهێزتر دەبینیت بۆ پاراستن یان لانیکەم دەنگ هەڵبڕین بۆ پاراستنی دۆست و هاوپەیمانەکانمان لێرە. کەواتە دەڵێم ئەو وەکو بایدن دەبێت، بەڵام زۆر زۆر باشتر.
 
رووداو: پێتوایە، هاوڕای لەگەڵ هەندێک کۆماریخواز کە دەڵێن لە سەردەمی ئیدارەی بایدن دا، هێزی رێگریکردنی ئەمریکی، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها لە شوێنەکانی دیکەی جیهان، نەپارێزرا و نەمایەوە، لانیکەم بەهێز نەبوو. دووژمنانی ئەمریکا لە سەردەمی بایدن دا لە ئەمریکا نەدەترسان؟
 
جەیسن گرینواڵد: بەڵێ، هاوڕام. پێموایە لەنێو ئەو هۆکارانەی کە لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ دا ئارامییەکی بەرچاو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبوو، هێزی رێگریکردنی گەورە هەبوو. خەڵک بە جیدی وەریان دەگرت. لە راستی دا پێشبینی نەکردنی ترەمپ، ئەوە خۆی هێزێکی زۆری هەبوو، خەڵک دەترسان سنوور ببەزێنن. ئەوە لەگەڵ سەرۆک بایدن تێکشکا، زۆر بەداخەوە. مەبەستم ئەوە نییە لۆمەی سەرۆک بایدن بکەم بۆ ئەم هەموو ئاڵۆزییە. ئەوە دادپەروەرانە نابێت، بەڵام بەشێک لە هۆکاری ئەوەی کە لەم ئاڵۆزییەداین ئەوەیە کە هێزی رێگریکردنی ئەمریکا لاواز بوو. بەشیوەیەک دەرکەوتین کە بەهێز نین، بەشێوەیەک دەردەکەوتین کە گرنگی نادەین. پێموانییە ئەوە لە سەردەمی سەرۆک ترەمپ دا ببینیت. پێموایە خەڵک رێک دەوەستن. ئەمە تەنانەت لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەبینیت. هەندێک سەرکردە دەبینیت کە کاتێک ترەمپ یەکەم جار سەرۆک بوو بە جیدی وەریان نەگرت، لە پشتییەوە گاڵتەیان پێدەکرد، ئێستا رادەکەن بۆ مارا لاگۆ بۆ ئەوەی دۆستایەتی لەگەڵ بکەن. بۆچی؟ چونکە تێگەیشتن هەڵەیان کرد. هەڵەیەکی زۆر زۆر گەوجانەیان کرد کە بە جیدی وەریان نەگرت، ئێستا داوای یارمەتی لێدەکەن. ئەوانە سەرکردەکانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن. سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمیشە بە جیدی وەریانگرت. رێزیان لێگرت و ئەویش رێزی لێگرتن.
 
رووداو: پەیوەندی زۆرت هەیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی کەنداو و، سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆستەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئایا دڵخۆشن کە سەرۆک ترەمپ دەگەڕێتەوە؟
 
جەیسن گرینواڵد: بەڵێ، بێگومان هەموویان دڵخۆشن. لەوانەیە جیاوازی لە سیاسەت دا هەبێت، ئەوەش ئاساییە. هەمیشە جیاوازی لە سیاسەت دا دەبێت، هاوژینەکەشم لەگەڵ هەموو شتێک کە دەیڵێم هاوڕا نییە، بەڵام دۆستایەتی و رێزێکی زۆر هەیە کە لە هەردوو ئاراستەوە دەڕوات لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و زۆر لە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئیسرائیل، ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو و ئەوانی دیکە. پێزانینێکی قووڵ هەیە کە لەوانەیە، ئێستا کە شوێنەکە ئەوەندە دڕندە و مەترسیدار بووە، کەسێکی وەکو ترەمپ بەڕاستی بتوانێت هەندێک چاکیبکاتەوە و دووبارە پێکەوەی بلکێنێتەوە.
 
رووداو: ئەگەر سەرۆک ترەمپ بیەوێت سەرنج بخاتە سەر چین و ئەو پرسە گەورانەی کە هەمیشە باسیان دەکات، وەکو چین و رووسیا، پێموایە سەرەتا دەبێت هەندێک کاری تەواونەکراو کۆتایی پێبهێنێت یان لانیکەم کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەندێک ناوچەی دیکە رێک بخات تاوەکو ئیدارەکەی بتوانێت سەرنج بخاتە سەر ئەوەی کە لەلای ئەوان لەپێشینەیە. یەکەم کارەکانی سەرۆک ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بۆچوونی تۆ چی دەبێت؟
 
جەیسن گرینواڵد: پێموانییە سەرەتا سەرنج بخاتە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرنج نەخاتە سەر چین. کۆشکی سپی بەتایبەتی ئیدارەی ترەمپ زۆر باشە، وەکو ئەو گوتە ئەمریکییەی کە دەڵێت، لە بە پێ رۆیشتن و جوینی بنێشت لە یەک کات دا. دەبێت هەموو شتێک پێکەوە بکەین. پێموایە سەرنج دەخاتە سەر چین. پێموایە سەرنج دەخاتە سەر رووسیا، ئۆکراینا. پێموایە سەرنج دەخاتە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەمووی پێکەوە چونکە دەبێت وابکەیت. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، پێموایە هەوڵدەدات سەرنج بخاتە سەر پاراستنی سەلامەتی ئیسرائیل، بەهێزکردنی پەیوەندییە قووڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەکانمان. پێموایە ململانێی ئیسرائیلی-فەلەستینی پێویست ناکات رۆژی یەکەم بێت، دوای 7ی ئۆکتۆبەر و ئەوەی ئێستا روودەدات، پێموایە زۆر قورس دەبێت سەرنج بخرێتە سەر ئەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ باشترکردنی ژیانی فەلەستینییەکانیش شتێک دەبێت. دواتر، هیوادارم کاتێک توانی شتەکان باشتر بکات و شتەکان هێمنتر بن، دەتوانێت سەرنج بخاتە سەر ململانێی ئیسرائیلی-فەلەستینی و ببینێت ئایا چارەسەرێک بۆ ئەوە هەیە.
 
رووداو: رێککەوتنی ئەبراهام، بە بەهێزی دەگەڕێتەوە؟
 
جەیسن گرینواڵد: پێموایە. پێموایە ترەمپ، بەتایبەتی بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی، دەبێت بتوانێت پێشکەوتنی زیاتر لە رێککەوتنەکانی ئەبراهام بەدەستبهێنێت. ئایا دەبێتە رێککەوتنی ئەبراهام 2.0 لەگەڵ کۆمەڵێک وڵات، لەوانە سعودیە، کە واژۆی بکەن؟ زووە بۆ گوتنی ئەوە، بەڵام پێموایە زۆر هەوڵدەدات رێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی کە ببێتە رێککەوتنی ئەبراهام، چونکە ئەوە باشترە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و باشترە بۆ هەموو ئەم ناوچەیە. گرنگ نییە چۆن بەرامبەر ململانێی ئیسرائیلی-فەلەستینی بیردەکەیتەوە، گرنگ نییە تراژیدیای سووریا و کێشەکانی لوبنان چین، رێککەوتنەکانی ئەبراهام داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەموو لایەک دروست دەکات.
 
رووداو: کێی دیکە دەچێتە نێو لیستەکەوە؟
 
جەیسن گرینواڵد: بۆ رێککەوتنی ئەبراهام؟ هەمیشە قورسە پێشبینی ئەوە بکەیت.
 
رووداو: سعودیە؟
 
جەیسن گرینواڵد: پێموایە پەیوەندی سعودیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان باش کار دەکات و بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن و پێشکەوتن جیاواز لە رێککەوتنی ئەبراهام. هیچ شتێک زیاتر دڵخۆشم ناکات لەوەی کە سعودیە رێککەوتنی ئەبراهام 2.0 واژۆ بکات، بەڵام پێموایە زووە بۆ گوتنی.
 
رووداو: ئێران بە جۆرێک نیگەرانە سەبارەت بە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام تۆ باست کرد کە ترەمپ گۆڕینی رژێمی لە ئێران ناوێت. پێتوایە ئێران دەرفەتی هەیە رێککەوتنێک لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بکات؟
 
جەیسن گرینواڵد: سەرەتا، ئێران دەبێت نیگەران بێت چونکە ترەمپ جیدییە، بەڵام گۆڕینی رژێمی ناوێت. گۆڕینی رژێم هەرگیز بۆ ئەمریکا باش کاری نەکردووە. پێشتر هەوڵمانداوە. هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە. ترەمپ رێککەوتنی دەوێت، بەڵام ئەگەر ئێران بیەوێت بۆلای ترەمپ بچێت بۆ رێککەوتن، ئێران دەبێت جیدی بێت سەبارەت بەوەی رێککەوتنەکە چۆن دەبێت. هیچ شتێکی وەکو JCPOA نابێت، دەبێ رێککەوتنێک بێت کە مانای هەبێت کە ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەی لێ نەکرێت، ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەی لێ نەکرێت. سعودیە، ئیمارات و قەتەر، کەس هەڕەشەی لێ نەکرێت لەلایەن ئێرانەوە. پێموایە رێککەوتنێک کە مانای هەبێت ئەوەیە کە هیچ چەکی ئەتۆمی نەبێت، رێککەوتنێک کە رێگە بە ئێران بدات سەرنج بخاتە سەر ناوخۆ و هەوڵبدات وڵاتەکەیان دروست بکەنەوە. لە سەردەمێکدا وڵاتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئێستا سەیری بکە، وڵاتێکی تەواو شکستخواردووە. ئەوەیە کە یارمەتی گەلی ئێران دەدات گەشە بکەن. سەیری سعودیە بکە، سەیر بکە سعودیە چ بۆ وڵاتەکەی دەکات، وا نییە؟ ئێران دەبێت رێڕەوی سعودیە بگرێتەبەر. سەرنج بخاتە سەر ناوخۆ و، وڵاتێکی جوان دروست بکات.
رووداو: کەواتە دەبێ ئێران لە نێو سنوورەکانیدا بێت. ئەوە مانای لاوازکردنی دەستڕۆیشتنی ئێرانیشە لە ناوچەکەدا؟
 
 
جەیسن گرینواڵد: ئێران دەبێت لە سنوورەکانی خۆیدا بمێنێتەوە. ئێران دەبێت خەریکی کاری خۆی بێت و کێشە لە دەورەوەی سنوورەکانی دروست نەکات. چونکە زیاتر و زیاتر، ناوچەکە بە تەواوی تێدەگات کە زۆربەی ئاڵۆزییەکانی ئەم ناوچەیە لەلایەن ئێرانەوە دروست کراون. ئەگەر ئێران سەرنج بخاتە سەر ناوخۆ، سەرنج بخاتە سەر وڵاتەکەی، سەرنج بخاتە سەر خەڵکەکەی، سەرنج بخاتە سەر ئابوورییەکەی، دەتوانن داهاتوویەکی جوان و گەشیان هەبێت، بەڵام ئەگەر ئێران بیەوێت رق و شەڕ و هەڕەشە لە دەرەوەی ئێران بڵاوبکاتەوە، پێموایە دەبینن کە ترەمپ زۆر بە تووندی دژی ئەوە دەبێت.
 
رووداو: بەڕێز جەیسن، تۆ سەرۆک ترەمپ زۆر باش دەناسیت. چەند ساڵە پێکەوە کارتان کردووە؟
 
جەیسن گرینواڵد: 23 ساڵ.
 
رووداو: 23 ساڵ.
 
جەیسن گرینواڵد: من ئەوەندە پیر نیم، بەڵام 23 ساڵ، 20 ساڵ لە کەرتی تایبەت، 3 ساڵ لە کۆشکی سپی.
 
رووداو: ئەمە ماوەیەکی زۆر درێژە. ئەوە مانای وایە تۆ هاوڕێی باشی سەرۆک ترەمپیت. بە بۆچوونی تۆ، ئەو خاڵە چییە کە خەڵک و سەرکردەکان لە سەرتاسەری جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کەم سەیری سەرۆک ترەمپیان کردووە؟
 
جەیسن گرینواڵد: پێموایە یەکێک لە گەورەترین هەڵەکان کە کردیان، ئەوەبوو بە لێدوانەکەی سەبارەت بە ناتۆ دەستیپێکرد، کە رەخنەی لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ گرت بۆ نەدانی بەشی دادپەروەرانەی خۆیان. پێموایە هەرگیز بە جیدی وەریان نەگرت کە ئەو ئامادەیە مێزی نۆرمە دیپلۆماسییەکان هەڵگێڕێتەوە. سەرۆک ترەمپ باوەڕی بە نۆرمە دیپلۆماسییەکان نییە. باوەڕی بە ئەمریکایەکی خۆشگوزەران و سەلامەت هەیە. گرنگ نییە خەڵک لە بازنە دیپلۆماسییەکاندا چی دەڵێن و کە ئەو چۆن جیاواز قسە دەکات، سەرنجی سەرۆک ترەمپ ئەمریکا دەبێت. بەڕاستی مەبەستییەتی کاتێک دەڵێت، ئەمریکا دووبارە مەزن بکەینەوە. ئەگەر بتوانن هاوبەش بن لەگەڵی لە دووبارە مەزنکردنەوەی ئەمریکا و هەروەها پاراستنی وڵاتەکانیان و کارکردن لەسەر ئەو هەوڵانە پێکەوە، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ترەمپ دەبێت، بەڵام ئەگەر لە پشتییەوە باسی بکەن و بڵێن، ئۆ ئەو کەسێکە کە دیپلۆمات نییە و مەبەستی ئەمە نییە و بە جیدی وەری نەگرن، کە زۆریان لە ئەورووپا، نەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام زۆر لە ئەورووپا و کەنەدا یەکەم جار وایان کرد، پێموایە هەمان ئەو کێشانە دەبیننەوە کە یەکەم جار تووشی بوون. ئەو سەرکەوتوو دەبێت و گەشە دەکات، هەروەها ئەمریکاش، ئەوان زیاتر لە دواوە بەجێدەمێنن. ئەمە تەنانەت لەگەڵ سەرۆک وەزیران ترودۆ دەبینیت، کاتێک رایکرد بۆ مارا لاگۆ بۆ بینینی سەرۆک ترەمپ. تێگەیشت جاری پێشوو چ هەڵەیەکی کردووە. پێموایە فەرەنسا دەبێت سەرنجی بدات. پێموایە ئەڵمانیا و بەریتانیا باش بوون. هەنگاریا زۆر باش بوو. هەندێک وڵات لە ئەورووپا هەن کە دەرفەتیان لەدەستدا و پێیان وابوو دەتوانن چاوی ترەمپ ببەستن و بڵێن ئەوە تەنیا کاتێکی راگوزەر بوو. ئەو راگوزەر نییە. شتێکی دیکەشت پێدەڵێم، تەنیا ئەو چوار ساڵەی ترەمپ نییە کە دێت، دوای ئەم خولە، چونکە ترەمپ تەنیا دەتوانێت یەک خولی دیکە خزمەت بکات، ریزێک کۆماری بەتوانای باش هەن، پارێزکارن و باوەڕیان بە ئامانجەکانی ترەمپ هەیە. ترەمپ بە جۆرێک کۆمارییەکانی بە تەواوی سەرەوژێر کردوون. دیموکراتەکان زۆر لاوازن. لەوانەیە هەندێک ئەستێرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بدۆزنەوە، نازانم، بەڵام ئەم وڵاتانە کە سەرۆک ترەمپیان بە جیدی وەرنەگرت دەبێت یاری درێژخایەن بکەن و تێبگەن کە تەنیا ئەم چوار ساڵەی ترەمپ نییە، چوار ساڵ پڵەس، لەوانەیە، رەنگە زۆر ئەگەری هەبێت، کەسانی وەکو ترەمپ کۆشکی سپی پڕ بکەنەوە. بیر بکەوە، ئێستا هەر سێ دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکای هەیە. بۆیە پێموایە هەڵەیەکی گەورەیان کرد و هیوادارم وانەکەیان فێرببن.
 
رووداو: زۆر سوپاس، بەڕێز جەیسن گرینواڵد. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. دووبارە بەخێربێیت بۆ رووداو.
 
جەیسن گرینواڵد: سوپاس.