عێراق رەزامەندی دا مووچە راگیراوەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات

10 September 2024
عێراق رەزامەندی دا مووچە راگیراوەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات
 
 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام بێت لە خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، بڕیاریشدرا مووچەی مانگی حەوت خەرج بکرێت کە پێشتر مووچەی مانگی هەشتی ناردبوو و لە هەرێمی کوردستان بەو پارەیە مووچەی مانگی حەوتی پێ دابەش کرا.
 
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەرەنتی کراوە.
 
گوتیشی: چوار لیژنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا پێکهێنراون.
 
بە گوتەی کازمی، پێویستە هەرێمی کوردستان پرۆسەی بەجێکردنی مووچە تەواو بکات و دەڵێت: دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەرێمی کوردستان مووچە بەجێبکات.
 
گوتیشی، بۆ ساڵی داهاتوو ناردنی مووچە پەیوەستە بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەجێکردنی مووچە و ناردنی داهاتی نانەوتی، هەروەها زیادنەکردنی ناوی نوێ.