دیلان غەفوور: دەمانەوێت رەزامەندی پارتی لەسەر بەربژێری یەکێتی هەبێت بۆ پارێزگاری کەرکووک

10 July 2024
دیلان غەفوور: دەمانەوێت رەزامەندی پارتی لەسەر بەربژێری یەکێتی هەبێت بۆ پارێزگاری کەرکووک

نوێنەرێکی کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک نەکراوە و ئەگەر لەماوەی مانگێک دا رێککەوتن ئەنجام نەدرێت و پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک دەستنیشان نەکرێت، ئەوا دادگەی فیدراڵی عێراق دۆسێیەکە یەکلایی دەکاتەوە.
 
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: دوای 7 مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پارت و نەتەوەکانی کەرکووک نەکراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکە دا.
 
گوتیشی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە ماف و بەرکەوتی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت، بەڵام بەلامانەوە گرنگە پارتی دیموکراتی کوردستان رەزامەندی هەبێت لەبارەی بەربژێرەکەمان بۆ پۆستی پارێزگاری
کەرکووک.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی پارێزگار نەکراوە، بەهەمان شیوە رێککەوتن لەنێوان نەتەوەکانی پارێزگاکەیش دا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی نەکراوە.
 
گوتیشی: لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممە 11ی تەممووزی 2024دا، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هیچ بڕیارێکی سیاسیی نادرێت چونکە تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ رێککەوتنێکیان نییە لەبارەی پارێزگاری داهاتووی کەرکووک.
 
"یەکێتی ژمارەیەک سی ڤی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک تاوتوێ کردووە، بەڵام هیچ کەسی بە فەرمی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان نەکردووە" دیلان غەفوور وای گوت.
 
گوتیشی: زۆر بەلامانەوە گرنگە بەربژێرەکەمان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک رەزامەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکەی لەسەربێت چونکە کەرکووک بە تەنیا بە هیچ لایەنێک بەڕێوەنابرێت.
 
رۆژی سێشەممە 9/7/2024 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس داواى لە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کرد رۆژی پێنج شەممە 11ى تەممووز، یەکەم کۆبوونەوە بە
سەرۆکایەتیى سەرۆکى تەمەن بکەن.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەش دیلان غەفوور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: بەپێی یاسا پێویستە لەماوەی مانگێکدا دوای ئەمجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستبەکاربن و ئەنجوومەنەکە کاری خۆی بکات.
 
گوتیشی: ئەگەر لەماوەی مانگێکدا پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی پارێزگار و پێکهاتەکانی پارێزگاکەش لەبارەی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی رێکنەکەون، ئەوکات دادگەی فیدراڵی عێراق دۆسێیەکە لەڕووی یاساییەوە یەکلایی دەکاتەوە، چونکە ناکرێت پارێزگایەکی هەستیاری وەکو کەرکووک لەو دۆخەی ئێستادا بمێنێتەوە.
 
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو و لە رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسند کرد و بەپێی ئەنجامەکان کورد لە کۆی 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکە 7 کورسی بەدەستهێنا، 5 کورسی لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو کورسی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوکات هەر لەو هەڵبژاردنەدا عەرەب 6 کورسی و تورکمان دوو کورسی و کریستیانیش یەک کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێنا.