دوای سووریا و لوبنان عێراق دەکەوێتە سەر نەخشەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە
نووسەر و لێکۆڵینڤانێکی سیاسیی لوبنانی دەڵێت: هەڵبژاردنی جۆزێف عەون دەستکەوتێکی گرنگە بۆ لوبنان و خودی هەڵبژاردنی سەرۆک دوای دوو ساڵ قەیران، سەرکەوتنە.
حوسێن سەلامە، نووسەر و لێکۆڵینڤانی لوبنانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: هەڵبژاردنی سەرۆک دوای دوو ساڵ قەیران، سەرکەوتنە بۆ لوبنان و عەون بەڵێنی زۆری بە گەلی لوبنان داوە بەڵام باسی کۆکردنەوەی چەکی نەکرد.
گوتیشی: جۆزێف عەون و سوپای لوبنان ئامادەنین رووبەڕووی حیزبوڵڵا ببنەوە.
بە گوتەی سەلامە بە چوار رۆژ ئیسرائیل سووریای وێران کرد و دەڵێت: عێراق و یەمەن و لوبنان وەکو سووریایان بەسەردێت بە دەستی ئیسرائیل.
هاوکات د. پەروێز رەحيم، پسپۆڕی پەیوەندییە سیاسییەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی لوبنان و یەکلاییبوونەوەی ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتە دوای دوو ساڵ قەیران گوتی: جۆزێف عەون بەشێکە لە ستراتیژی نوێی ئیسرائیل لە ناوچەکە.
گوتیشی: سوپای لوبنان سوپایەکی زۆر لاوازە و فەرەنسا و ئەمریکا خۆراک و مووچەیان بۆ دابیندەکەن.
بە گوتەی د. پەروێز رەحيم، ئێران نەیتوانی هیچ بۆ دۆست و هاوپەیمانەکانی بکات لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و گوتیشی: ئەمریکا نایەوێت سەقامگیریی عێراق تێکبچێت و حیزبوڵڵا ئێستا هەمان حیزبوڵڵای پێش هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 نییە.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، د. نەبەز نەوزاد، مامۆستای زانکۆ گوتی: حکومەتی عێراق بە جیدی لە لایەن ئەمریکاوە ئاگەدارکراوەتەوە.
گوتیشی: حەشدی شەعبی هەمان هەڕەشەی حوسییەکانی لەسەرە و کەوتنی سووریا کەوتن و لاوازبوونی حیزبوڵڵایە لە لوبنان هەربۆیە ئێستا حەشدی شەعبی لە قەبارەی مەترسییەکان تێگەیشتووە و هێرشەکانی دژی ئیسرائیل راگرتووە.
بهشی بكه لە