زاڵمای خەلیلزاد: دەبێ کورد بەخێرایی حکومەت پێکبێنن
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق پێی وایە دەبێت لە "سووریای نوێ" وەکو "توخمی سەرەکی" مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت و دەڵێت: "نەک تەنیا لەگەڵ کوردە سەربازییەکانی یەپەگەدا، بەڵکو لەگەڵ کوردەکانی دیکەیشدا مامەڵە بکرێت و مامەڵەیەکی گشتگیر بێت."
رۆژی دووشەممە، 09-12-2024، زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد، لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ کورد لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد رایگەیاند: "ئێمە باسی بنیاتنانەوەی سووریایەکی تازە یان گۆڕانکاریی سیاسی دەکەین، ئەوا کورد بەشێکی سەرەکیی هاوکێشەکەن و پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت."
زاڵمای خەلیلزاد دەڵێت، "دەبێ لەنێو کوردەکانیش دا دیموکراسی هەبێت. دەبێت دەنگ بدرێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت کە کورد چی دەوێت. رەنگە زیاتر لە یەک حیزب لەوێ چالاکبن. بۆیە دیموکراسی باشە."
بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکە لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بوو؛ لەبارەی "رکابەرییەکانی" یەکێتی و پارتی، ئەو باڵیۆزەی پێشووتری ئەمریکا گوتی" دەکرێت ناڕازیبوون و رکابەری هەبێت. ئەوە سرووشتییە. حیزبی جیاواز هەن، مێژوویان جیاوازە و شتی جیاواز هەیە کە پشتیوانیی بکەن."
خەلیلزاد باسی رۆڵی پێشووتری سەرۆک بارزانی و مام جەلال دەکات لە هەولێر و بەغدا: "بیرمە هەر لەو سەردەمەی لە بەغدا بووم، ئاشنای ئەوەم کە ئەوە [رکابەری] لەنێوان سەرۆک تاڵەبانی و سەرۆک بارزانی دا هەبوو. بەڵام بە باشی کاریان لەسەر دەستوور کرد، بە هاوبەشی کاریان لەسەر پرسە گرنگە نەتەوەییەکان دەکرد. یەکێکیان لە بەغدا بوو و یەکێکیان لە هەولێر بوو. پێموایە ئەوە نموونەیەکی باشە."
"کورد دەتوانن رکابەریی و جیاوازییان هەبێت لەسەر ئەوەی دەبێت لە کوردستان چی رووبدات، سیاسەت و سیاسەتی نەوت و گاز و ئەمانە چۆن بن، ئەوە زۆر ئاساییە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر پرسە نەتەوەییە گەورەکان، ئەوا پێموایە لێکتێگەیشتن لەنێوان کورد بۆ هەموویان یارمەتیدەر دەبێت نەک ئەوەی ئامرازێک بن بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردستان." بەپێی گوتەی زاڵمای خەلیلزاد.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق:
رووداو: بەڕێز خەلیلزاد بەخێربێیت بۆ رووداو.
خەلیلزاد: سوپاس.
رووداو: بەڕێز خەلیلزاد، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ترەمپ دەگەڕێتەوە.
خەلیلزاد: بەڵێ.
رووداو: چەند هەفتەیەکی دیکە ترەمپ دەگەڕێتەوە، بۆچوونت لەبارەی سیاسەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە چییە؟ چۆن کاریگەریی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئێستا دەبێت؟
خەلیلزاد: بێگومان سیاسەتەکەی رەنگدانەوەی حەز و ویستەکانی خۆی و هەروەها رەنگدانەوەی واقیعی ناوچەکەیش دەبێت. لەم کاتەدا پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چ بۆ شەڕی غەزە و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. پێموایە دەیەوێت سەرنجی لەسەر ئەوەبێت کە بارمتەکان رزگار بکرێن، خۆشی ئەوەی باس کردووە. هەروەها دەبێ شەڕەکە کۆتایی بێت. ئەوانە دوو ئامانجی بەپەلەن کە من لە سەرۆکی هەڵبژێردراو و تیمەکەیم بیستووە. ئێستایش ئەم دۆخەی سووریامان هەیە کە جێی سەرسووڕمانە. لەوە زیاتر باسی سیاسەتەکەی نەکردووە و نایەوێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بچێتە نێو شەڕی بێکۆتاییەوە. ئەمریکا لە سووریا هێزی هەیە، بۆیە پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کاری لەپێشینە دەبێت، بەڵام ئەمریکا رۆڵی هەیە بۆ بڕیاردان لە پشتیوانیکردنی سووریا و خۆی لە شەڕی نێوخۆیی بپارێزێت و قۆناخێکی گواستنەوەیان هەبێت بەرەو دەسەڵاتێکی نوێ کە ئاشتی بپارێزێت و بتوانێت کار بۆ سوورییەکان بکات. ئامانجی گەورە ئەوەیە کە چۆن خۆت بە دوور بگرێت لە تێوەگلان لە گرژییەکانی سووریا و پاراستنی ئاسایشی هێزەکان. پاشان پرسیارە گەورەکە ئێرانە، کە کاریگەری لەسەر عێراقیش هەیە. ئینجا رووبەڕووی دوو گوشاری گەورە یان کامپ دەبێتەوە کە هەوڵدەدەن کاریگەرییان لەسەری هەبێت، یەکێکیان زیادکردنی گوشارە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ کۆریای باکوور هەوڵی بۆ دا کە کێشەی ئەتۆمیی کێشەیەکی گەورە بوو، بەڵام ترەمپ خودی خۆی چووە پێشەوە بۆ ئەوەی گوشار بکات و رێککەوتن ئەنجام بدات، یاخود هەندێک کەس دەڵێن دەبێ هەوڵی گۆڕانی رژێم بدەیت، بەڵام پێموایە ئەوە بە لای خۆیەوە سەرنجڕاکێش نابێت. ئەوانە کێشەکانن. بە پشتبەستن بەوەی گوتوویەتی و ئەزموونەکەی لە خولی یەکەمی دا، پێموایە ئەوانە کارە لەپێشینەکانی دەبن.
رووداو: ئایا پێتوایە ترەمپ هەمان ئەو ترەمپە دەبێت کە لە 2018 و 2019دا دیومانە، چونکە لە خولی یەکەم دا ترەمپ وەک بازرگانێک هات، بەڵام ئێستا ناتوانین بڵێین ترەمپ لە دەرەوەی سیاسەتە، چونکە سەرۆکی پێشووە و ئێستا لە سیاسەت دا ئەزموونی زیاترە؟
خەلیلزاد: بێگومان.
رووداو: پێتوایە هەمان ترەمپ ببینین؟
خەلیلزاد: بێگومان لێک چوون و جیاوازی دەبن، چونکە بنەماکانی کەسێکی 78 ساڵە بە تەواوی ناگۆڕدرێن. بۆیە بەردەوامبوون لەسەر شێوازی پێشوو و جیاوازیش دەبێت. جیاوازییەکەش ئەوەیە کە ئەم جارە تیمەکەی جیاوازە. ئەم جارە تیمێکی هەڵبژاردووە کە دانە بە دانەیان دەناسێت و ئەوانیش ئەو دەناسن. ئەوانە بەڕاستی دەبنە ئەو تیمەی ترەمپ کە دەست بەسەر کارەکاندا دەگرن. پێموایە ئێستا دۆخەکە ئەوەیە کە لە جاران ئەزمووندارترە. لەلایەنی سیاسەتی جیهانییەوە ئەزمووندارترە. کاری لەپێشینەی لەسەر ئاستی جیهان، ئەمریکا خۆی دەبێت. بۆ بەهێزکردنی ئەمریکا و پشتیوانیکردنی هێزی ئەمریکا و دۆخی ئابووری و چاکسازیی نێوخۆیی لە بوارەکانی باج، کاروبارە حکومییەکان و کێشەی کۆچی نایاسایی. دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر چارەسەرکردنی ئەو لاوازییانەی دەستنیشانی کردوون لەگەڵ بارودۆخی نێوخۆیی. لە ئاستی نێودەوڵەتیش دا سەرنجی گەورەی لەسەر چین دەبێت، چونکە ئەگەری رکابەریی جیهانی و سیستمێکی دیکەی دووجەمسەری هاوشێوەی سۆڤیێت و ئەمریکا هەیە، چونکە چین و ئەمریکا کاریگەریی جیهانییان هەیە. لەگەڵ ئەوەش دا دەیەوێت لە ئۆکراینا شەڕ کۆتایی پێبێت و، دەڵێت دەبێ بە خێرایی بێت. هەروەها دەیەوێت وا لە وڵاتانی ئەورووپا بکات کە لە بواری ئاسایش دا کاری زیاتر بکەن بۆ ئەوەی ئەمریکا تۆزێک دەستی بکرێتەوە لەبەر کێشەی چین. ئینجا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش باسمان کرد کە کارە لەپێشینەکانی چی دەبن.
رووداو: بەڵێ. لەبارەی غەزە و بارمتەکانەوە کە ئاماژەت پێدان، هەفتەی پێشوو ترەمپ گوتارێکی هەبوو و بە حەماسی گوت باشترە بارمتەکان ئازاد بکەن بەر لەوەی لە 20ی کانوونی دووەم دا بچمە نووسینگەی سەرۆکایەتی. ئیدارەکەی بایدن لەوەدا شکستیان هێنا رێککەوتن بکەن یان وا لە لایەنەکان بکەن رێکبکەون و بارمتەکان ئازاد بکەن. ئێستا ئەمە گەورەترین کێشەیە. ئایا پێتوایە ترەمپ بتوانێت لەمەدا سەرکەوتووبێت؟
خەلیلزاد: بێگومان پێیخۆشە ئەوە بکات. بەگشتی هەستی کردووە کە ئیدارەی بایدن بەهێز نەبووە کاتێک ئەمریکییەکان بە بارمتە گیراون تاوەکو هێزی ئەمریکا لەڕووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بیانترسێنێت و رێگری بکات لە بە بارمتەگرتنی ئەمریکییەکان. کاتێکیش بارمتەکان گیران دەبوو زۆر بە تووندی کاردانەوەی هەبێت بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن. ترەمپ هەر لە رێوە ئەوەی روونکردووەتەوە. بۆیە هیوادارم بارمتە ئەمریکییەکان ئازاد بکرێن ئەوکاتەی دەبێتە سەرۆک. دڵنیام کە قەتەر و وڵاتانی دیکەیش ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن. هەروەها دەیەوێت ئەوکاتەی بە فەرمی دەچێتە دەسەڵات گرژییەکە کۆتایی بێت. بۆیە ئێستا کاتی ئەو وڵاتانەی ناوچەکەیە کە گۆڕانکاری لە ئەمریکا دەبینن تاوەکو بزانن چۆن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خۆیان بگونجێنن و مامەڵە بکەن، ئایا دەیانەوێت پەیوەندی ئەرێنییان لەگەڵ سەرۆکی تازەدا هەبێت کە سەرۆکی پێشووە و دەبێتەوە بە سەرۆک؟ پێموایە بۆ حەماس باش دەبێت کە سەرنجی سەرۆکی تازە رابکێشێت بۆ ئەوەی کاربکەن لەسەر چارەسەری پرسی فەلەستین و بتوانن هەنگاوێک بنێن بۆ بنیاتنانی ویستێکی باش بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی گرتوونیان.
رووداو: تۆ کۆتایی سەدام حوسێنت بینی، پێتوابوو کۆتایی رژێمی بەشار ئەسەدیش ببینیت؟
خەلیلزاد: بێگومان ئومێد خواستن بۆ دەرئەنجامێکی ئەرێنی، مانای ئەوە نییە دەرئەنجامی ئەرێنیمان دەست دەکەوێت. مەترسی هەن کە پێویستە ئێمە ئاگاداریان بین. مەبەستم لە "ئێمە" تەنیا ئەمریکا نییە، بەڵکو مەبەستم عێراق، کوردستان و دراوسێیەکانی دیکەیە، چونکە ئاشتی لە سووریا پێویستی بە ئاشتەوایی نێوخۆییە نەک تۆڵەسەندنەوە. نەخێر ئێستا کاتی ئاشتەوایی و بەرەوپێش روانینە نەک بەرەودوا روانین. دەبێت لە هەندێک ئاست دا لێپرسینەوە هەبێت، بەڵام ئاشتی و ئاشتەوایی باشە و گرنگە. هەروەها رۆڵی دراوسێیەکانیش زۆر گرنگە کە دەتوانن یارمەتیی سوورییایەکان بدەن. بێگومان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش و بە تایبەت ئەمریکا بە مێژووە درێژەکەیەوە کە لەگەڵ ناوچەکە و لەگەڵ خستنی سەدام دا هەیەتی، ئەویش رۆڵی گرنگی هەیە. سووریا لە رۆژانێکی تاریک دا بوو، لەگەڵ ئەوەش دا لە مێژوودا رۆژانێکی پڕشنگداری هەبووە. سوورییایەکان زۆر کاریگەرییان لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. تەنانەت کاریگەرییان لەسەر ئەفغانستان هەبووە. خێزانێکی سووری کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دا لەوێ بوونەتە پەنابەر، کاریگەرییەکی هاوچەرخیان لەسەر گەشەکردنی ئەفغانستان هەبووە. ئەو وڵاتەی کە بە باشی دەیناسم و لەوێ لەدایکبووم، بەڵام بەم دواییانە لە سەردەمێکی زۆر تاریکدا بوو، وەک عێراقی سەردەمی سەدام کە پێشتر سەردەمێکی درەوشاوەشی هەبووە، بەڵام ئەوە مانای وانییە کە دەبێت بەو جۆرەبێت. هیوادارم سوورییایەکان ئاشتەوایی بکەن و دەسەڵاتێکی تازەیان هەبێت کە لەلایەن هەموو خەڵکی سووریاوە قبووڵکراوبێت.
رووداو: بەڵام هێزی بەکارهێنراو بۆ گۆڕینی ئەم رژێمەی ئێستا یان رووخاندنی هەیئەی تەحریری شام کە پاشخانی قاعیدە و داعشی هەیە. ئایا نیگەرانیتان هەیە؟ لەبەرئەوەی باسی سەقامگیریت کرد.
خەلیلزاد: مرۆڤ دەبێت ئاگاداری ئەوەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نیشانەکان باشن، تاوەکو ئێستا! سەرکردایەتییەکەیان قسەی کردووە، سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیە مێژووی کاری لەگەڵ قاعیدە هەیە، بەڵام دواتر لێیان جیابووەوە و لە دژیان جەنگا، دژی داعش شەڕی کرد. زۆر ئەرێنییانە قسە دەکات. دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین، بەڵام تاوەکو ئێستا زۆر باشە. ئێستا ساتێکی هیوابەخشە، ماوەیەکی هیوابەخشە، هیوادارم بە ئەرێنییانە بمێنێتەوە.
رووداو: هیوابەخش؟
خەلیلزاد: پێموایە ئێستا هیوابەخشە، بەڵام گۆڕانکاری دەبێت و گشتگیرە و دەگاتە گرووپەکانی دیکە کە بەرەیەکی یەکگرتوویان هەیە، پەیوەندییان لەگەڵ گرووپە کوردییەکانی سووریا و کریستیان و عەلەوییەکان و هەموو پێکهاتەکانی سووریادا هەیە. ئەوە دەبێتە شتێکی ئەرێنی ئەگەر بەردەوامبێ و بچەسپێت و، ئەنجامی گشتگیریشی دەبێت کە لە ئاستی دەرەوەدا پەسەندکراو دەبێت.
رووداو: بۆچوونی تۆ لەبارەی ئەم بۆچوونەوە چییە کە دەڵێت رەنگە دەستەی تەحریر شامێکی بەهێز لە سووریا بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆشایی زیاتر بداتە داعش تاوەکو سەر هەڵبداتەوە؟
خەلیلزاد: ئەوان بەم دواییانە شەڕی داعشیان کرد. ئەگەر شتی واببێت ئەوا زۆر نەرێنییانە دەبێت و کاردانەوەی زۆری دەبێت، نەک تەنیا لە ناوچەکەدا بەڵکو لە دەرەوەی ناوچەکەشدا کاردانەوە دەبێت. پێموایە ئەوان لەگەڵ ئەم پەیامانەی بەم تازەییانە دەیاننێرن هاوئاهەنگ و یەکانگیر دەبن، بەڵام ئیتر مرۆڤ دەبێت وریا بێت، چونکە گوتارەکانیان باشن، بەڵام دەبێت سەیری هەڵسوکەوتەکانیان بکرێت، بە درێژایی کاتیان لە هەڵسوکەوتیان بڕوانرێت. ئەگەر وانەبێت، ئەوا زۆر نەرێنییانە دەبێت، چونکە تۆ پێویستیت بەوەیە سووریا لە ئاشتی دا بمێنێتەوە و لە دەرەوە رێککەوتنی هەبێت تاوەکو لەگەڵ جیهان و دراوسێیەکانیشیدا لە ئاشتی دا بێت. هیوادارم ئەو سەرکردایەتییە کە زیرەک دەردەکەون و گەلێک شت فێربوون، تاوەکو ئەو رادەیە مێشكکراوەبن و سەرکەوتووبن.
رووداو: ئایا پێتوایە سیستمی فیدراڵی لە سووریا گونجاوبێت؟
خەلیلزاد: ئەوە بژاردەیەکە. سووریا لە پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە. دەزانم کە مێژووی فیدراڵی لە ناوچەکەدا زۆر باش نییە، چونکە هەرچەندە بە فیدراڵیش رازی بووبن، وەکو دەستووری عێراق، بەڵام هەر بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنیدا هەیە. کاتێک لە کوردستانم، زۆرجار دەبیستم کە هاوڕێ کوردەکانم دەڵێن عەقڵیەتی بەغدا یەک دەوڵەتی و ناوەندێتییە، ناوەندێتییەکی بەهێزە، ئەوانەی لە بەغدان بەوە ئاسوودە نەبوون کە دەستوور دەسەڵاتی دابەش کردبوو. بەڵام پێموایە فیدرالی یەکێکە لە بژاردەکان. ئاگاشم لە مێژووی سەختی و بەربەستەکانی فیدراڵی لە ئەورووپاش هەیە. ئەمریکا لەو لایەنەوە مێژوویەکی باشی هەیە بەراورد بە هەموو شوێنەکانی دیکە. هیوادارم ئەگەر ئەوە یەکێک لە رێگەکان بێت، بتوانێت گرفتە سیاسییەکان چارەسەر بکات و یەکێتی، لێکتێگەیشتن، ئاشتی، سەقامگیری و پێشکەوتن بە دوای خۆیدا بهێنێت.
رووداو: لەبارەی کوردانی سووریاوە لە رۆژئاڤا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم گۆڕانکارییانە بۆچوونت لەبارەی داهاتوویانەوە چییە؟ هەروەها پێموایە کوردی سووریا یادەوەری و ئەزموونێکی باشیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دا نییە. رەنگە ئەمریکا بە سەرکردایەتیی ئیدارەکەی ترەمپ لە سووریا لەسەر حیسابی کورد بچێتە رێککەوتنێکەوە یان رەنگە سەرنجی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رانەکێشێت و نیگەرانیان بکات.
خەلیلزاد: خۆی لە شەڕی داعش دا پەیوەندیی نێوان سەربازانی ئێمە و هەندێک هێزی کوردی باش بوو، پێکەوە کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا کە ئێمە باسی بنیاتنانەوەی سووریایەکی تازە یان گۆڕانکاریی سیاسی دەکەین، ئەوا کورد بەشێکی سەرەکیی هاوکێشەکەن و پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. نەک تەنیا لەگەڵ کوردە سەربازەکانی یەپەگەدا، بەڵکو لەگەڵ کوردانی دیکەیشدا مامەڵە بکرێت و مامەڵەیەکی گشتگیربێت. دەبێ لەنێو کوردەکانیش دا دیموکراسی هەبێت. دەبێت دەنگ بدرێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت کە کورد چی دەوێت. رەنگە زیاتر لە یەک حیزب لەوێ چالاکبن. بۆیە دیموکراسی باشە. بڕیاری خەڵک شتێکی باشە کاتێک بیر لە داهاتوو دەکەیەوە. ئەم جارە چوارچێوەکە بۆ ئیدارەی ترەمپ جیاواز دەبێت، بە گریمانەکردنی ئەوەی ئەم تەوژمانەی ئێستا بەردەوام بن.
رووداو: پێتوایە دانوستاندنی نێوان کوردی سووریا (هەسەدە) و لایەنەکانی دیکە لەگەڵ تورکیادا بە نێوانگیریی ئەمریکا رێی تێبچێت؟
خەلیلزاد: نازانم کە ئایا پێویستیان بە نێوانگیری ئەمریکا دەبێت یان نا. بیرمە جارێک کە نێوانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا زۆر خراپ بوو. کەچی ئێستا زۆر دڵخۆشم کە پەیوەندییەکەیان گۆڕاوە و زۆر ئەرێنییە. بەر لە داگیرکردنی عێراق، لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە هاتووچۆم دەکرد، ئەوەش زۆر زەحمەت بوو، چونکە تورکەکان دژی فیدراڵی بوون، نەیاندەویست ئێمە مامەڵەی حکومەت لەگەڵ هەولێردا بکەین و نەیدەویست وەک دەسەڵاتێک مامەڵە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو حکومەتەدا بکەین چونکە پێیان وابوو حکومەت نییە و نیگەرانییان هەبوو. دەکرێ لەلایەکەوە زۆر نەرێنی بێت، بەڵام ئەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە روونەدات لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و کوردانی سووریادا، بەتایبەتی ئەگەر لەسەر بنەمای بژاردەی دیموکراسی کوردانی سووریا بێت.
رووداو: لەبارەی هەرێمی کوردستانی عێراق و عێراقەوە، ئەو شوێنەی زۆر پێی ئاشنایت، کاتێکیش باڵیۆز بوویت رۆڵت لە نووسینەوەی دەستووردا هەبوو. ئێستا سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن کە بەغدا زیاتر بەرەو ناوەندێتی دەڕوات و ئەو مافانەی کوردستان بە دەستوور هەیەتی، بەغدا هەوڵدەدات کەمیان بکاتەوە. بە بۆچوونی تۆ چارەسەری ئەمە چییە؟
خەلیلزاد: چارەسەر دەستوورە تاوەکو دەستوور دەگۆڕدرێت. دەستوور بڕیاری روونی تێدایە کە چی سەر بە ناوەندە و چی سەر بە هەرێمی کوردستانە و چی هاوبەشە. دەبێت ئەمە رێزی لێ بگیرێت. بێگومان حەزێک هەیە بۆ گۆڕینی دەستوور. هەروەها رێگە چارە هەن کە دەستوور دەیانخاتەڕوو بۆ چۆنیەتی گۆڕینی دەستوور. من بەپێچەوانەوە بیر دەکەمەوە. ئەگەر پەیڕەوی لە دەستوور نەکەن بەر لەوەی بیگۆڕن، ئەوا دەکرێت بێ متمانەیی و سەختی و ئاڵنگاری دروست بکات کە ئەوانەش بۆ عێراق بە بەغدا و هەولێرەوە باش نین. هەروەها زۆریش گرنگە کە کورد لەنێو خۆیاندا لەسەر هەندێک رێسا کار بکەن کە لەسەر لێکتێگەیشتن بەندبن و لەگەڵ دەستووری هەرێمی کوردستان و پەرلەمان دا گونجاوبێت. ئینجا بەم تازەییانە هەڵبژاردنێکی باش کرا و دڵخۆشم کە زۆر کورد بەشدارییان کرد و دانی پێدانرا. ئێستا دەبێت ئەوەندەی دەتوانن بەخێرایی بەرەو پێکهێنانی حکومەت هەنگاو بنێن. ئێستا ئێوە داوودەزگایەکی شەرعیتان هەیە کە کار دەکات، هەروەها حکومەتێک لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی لە خەڵکەوە پێیدراوە پێکبهێندرێت، پاشان دەبێت لەگەڵ بەغدا پێکەوە مامەڵە بکەن نەک لەسەر بابەتی دووفاقیی کاربکەن و، کاتێک دەچیتە بەغدا داکۆکی لە ناوەندێتی بکەیەوە و کاتێک لە کوردستانیت داکۆکی لە فیدراڵی بکەیت. ئەوە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کورد ناکات.
رووداو: لە دیدگەی تۆوە، ململانێیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی چۆن کاریگەرییان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێت؟
خەلیلزاد: دەکرێت ناڕازیبوون و رکابەری هەبێت. ئەوە سرووشتییە. حیزبی جیاواز هەن، مێژوویان جیاوازە و شتی جیاواز هەیە کە پشتیوانیی بکەن. بیرمە هەر لەو سەردەمەی لە بەغدا بووم ئاشنای ئەوەم کە ئەوە لەنێوان سەرۆک تاڵەبانی و سەرۆک بارزانی دا هەبوو. بەڵام بە باشی کاریان لەسەر دەستوور کرد، بە هاوبەشی کاریان لەسەر پرسە گرنگە نەتەوەییەکان دەکرد. یەکێکیان لە بەغدا بوو و یەکێکیان لە هەولێر بوو. پێموایە ئەوە نموونەیەکی باشە. کورد دەتوانن رکابەریی و جیاوازییان هەبێت لەسەر ئەوەی دەبێت لە کوردستان چی رووبدات، سیاسەت و سیاسەتی نەوت و گاز و ئەمانە چۆن بن، ئەوە زۆر ئاساییە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر پرسە نەتەوەییە گەورەکان، ئەوا پێموایە لێکتێگەیشتن لەنێوان کورددا بۆ هەموویان یارمەتیدەر دەبێت نەک ئەوەی ئامرازێک بن بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردستان.
رووداو: دوایین پرسیارم، هەمیشە لەنێو گەنجان و هەندێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە دژی سەرکردەکانی ئێستای عێراقن دەڵێن: بژاردەی سەرکردایەتیی ئێستای عێراق و سیاسییەکان هەموویان لەلایەن ئەمریکاوە هێنراون کە لەنێو وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکادا پەرشوبڵاوبوون و، ئەمریکا لە ساڵی 2003دا هەموویانی کۆکردەوە و بە سواری تانکی ئەمریکی ئەوانی هێنایەوە بۆ عێراق و بەسەر عێراقییەکانەوە کردنی بە سەرکردە. گوتەی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟
خەلیلزاد: ئەوەی پەیوەندیی بە سەرکردە کوردەکانەوە بێت، پێم وانییە ئەمە بەسەر ئەواندا جێبەجێ ببێت. جێبەجێ نابێت.
رووداو: عێراقییەکان مەبەستیان سەرکردە عێراقییەکانە.
خەلیلزاد: بەڵێ، دێمە سەر ئەوە، بەڵام سەرکردەکانی کورد، مەلا مستەفا بارزانی هەر لە زووەوە لە عێراق یان لە کوردستان بووە بەر لە هاتنی ئەمریکا. هەمان شتیش بەسەر سەرکردە عێراقییەکانی دیکەدا جێبەجێ دەبێت. بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زوو، بۆ سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهان و تەنانەت پێش ئەوەیش. لەبارەی سەرکردە عێراقییەکانی دیکەیشەوە، بەڵێ هەندێکیان لە داگیرکاریی ئەمریکا سوودمەند بوون، بەڵام ئێمە بە سواری تانک نەمانهێنان بۆ بەغدا و نەمانخستنە دەسەڵات، نا. ئەوانە دژی سەدام بوون، هەندێکیان لە ئێران بوون. هەندێکیان لە جێی دیکە بوون. تەنانەت هەندێکیان لە ئینگلتەرا بوون. هیچیان لە ئەمریکا نەبوون. من دەتوانم ئەوە بڵێم.
رووداو: جگە لە چەلەبی.
خەلیلزاد: چەلەبی سەردانی دەکرد، لەوێ نیشتەجێ نەبوو. ئەو هێزی سەربازیی نەبوو ئەوەندەی ئاگادارم. رەنگە ئێمە هەندێک هەڵەمان کردبێت کە چۆن وامان کرد و چیمان کرد لەوکاتەدا. دەبوو بە خێرایی حکومەت پێکبێنین، ئایا دەبوو سوپا هەڵبوەشێنینەوە؟ دەبوو بەعس بنەبڕ بکەین؟ ئەمانە هەندێک گرفتن کە مێژوونووسان گفتوگۆی لەسەر دەکەن و گەنجان گلەییان لەبارەوە دەکەن. دەبێت پەندیان لێوەربگیرێت. بەڵام ئەوە گرنگە بەرەو پێشەوە بڕوانین تاوەکو بەرەو دواوە و گرنگە ئەکادیمی و شرۆڤەکاران لەو شتانە بکۆڵنەوە کە عێراق پێویستیەتی، چونکە عێراق توانای هەیە کە ببێتە وڵاتێکی زۆر سەرکەوتوو و سەرچاوەیەکی مەزنی هەیە. لە مێژوودا هەندێک جار سەردەمی زۆر گەشاوەی هەبووە کە دەبێت ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکان بۆ سەدان ساڵ لەوەوپێش بگەڕێنەوە. عێراق شوێنێک بووە کە زۆرینەی بژاردەکانی عەرەب لەوێ پەروەردە بوون و فێربوون. کاتێک من لە هەشتاکاندا دەهاتم بۆ کەنداو، هەمووان باسی عێراقیان دەکرد. من لە عێراق خوێندوومە. ئێستا ئەو توانایە و ئەو سەرچاوە مرۆییە و ئەو سەرچاوە سرووشتییە هەیە. ئێوە پێویستیتان بە بژاردەی سیاسی و حیزبی باش هەیە کە رکابەریی یەکدی بکەن. هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی سوود وەربگرن. گەندەڵیی زۆر هەبووە، خزمەتگوزارییەکان خراپن، رۆڵی یاسا لاوازە. عێراقییەکان مافی خۆیانە چاوەڕێی زیاتر لە سەرکردەکانیان بکەن. ئەوان دەبوو زۆر باشتر لەوە بکەن کە دەیکەن، بەڵام دەرفەتەکە لەلایەن ئەمریکاوە دابین کرا.
ئێوە پێشتر پیاوێکتان هەبوو کە سەدام بوو و بڕیاری لە هەموو شتێک دەدا کە ئەوە هەرگیز باش نەبوو، چونکە دەکرا نەخۆش بێت، مێشکی کار نەکات. ئەوە باشترە کە لە دەرەوە نوێنەرایەتیت هەبێت و ئامۆژگاری وەربگریت و دەرفەت بە نەوەی تازە و گۆڕانکاری بدەیت. هەموو ئەمانە شتی ئەرێنین و من هیوام بە داهاتووی عێراق هەیە کە بەندبێت لەسەر سەرچاوەکان و توانای خەڵکەکەی. من ئەوە لەناو مێژووەوە دەبینم.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز خەلیلزاد.
خەلیلزاد: سوپاس.
رووداو: بەخێربێیتەوە بۆ رووداو.
خەلیلزاد: دڵخۆش بووم لەگەڵتان بووم لە رووداو.
رووداو: دڵخۆش بووم بە بینینت.
خەلیلزاد: هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم، کاری باش دەکەن.
رووداو: سوپاس.
بهشی بكه لە