کوردانی لوبنان لە دۆخێکی سەختدان؛ 'کورد لە هەموو شوێنێک بێکەسە'
بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزیی لوبنانەوە، هەزاران کوردی دانیشتووی باشووری وڵاتەکە کە پێشتر لە رۆژئاوای کوردستانەوە پەنایان بۆ ئەوێ بردووە، ئاوارە بوون. ئاوارەکان دەڵێن هیچ کەسێک جگە لە خێرخوازانی کورد هاوکارییان ناکات.
نوێنەر فاتیح، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ لوبنان، سەردانی شوێنی مانەوەی بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی کرد. کەنیسەی کوردان لە لوبنان و بەشێک لە خێرخوازانی کورد لە بەیرووت، هاوکاریی ئەو کوردانە دەکەن کە لە باشووری لوبنانەوە بەهۆی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و حێزبوڵڵاوە ئاوارە بوون.
نیهاد حەسەن، قەشەی کەنیسەی کوردان لە لوبنان کە خۆی خەڵکی عەفرینە بە نوێنەر فاتیحی گوت: ''14 ساڵە لە لوبنان ئاوارەم، بەهۆی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە هەزاران هاونیشتمانیی کورد لە لوبنان سەرقاڵی جووتیاری بوون، کە ئێستا ئاوارەن.''
نیهاد حەسەن ئاماژەی بەوەدا، بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە لوبنان هاوکاریی کۆدەکەنەوە و، ''لە سەرەتای دەستپێکردنی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، 10 هەزار کەسمان بەسەرکردووەتەوە کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و لە لوبنان ئاوارە بوون.''
ئەو قەشەیە ئەوەشی خستەڕوو، لە دەستپێکدا هیچ کەسێک هاوکاری نەکردوون، ''تەنیا هاوڕێیانمان لە کەنیسەکانی ئەمریکا و ئەورووپا هاوکارییان دەکردین، دواتر رێکخراوەکان هاتن و لە پڕۆسەی دابینکردنی شوێن و پێداویستیی بۆ ئاوارەکان هاوکاریان کردین.''
نیهاد حەسەن باس لەوە دەکات، رۆژانە 20 بۆ 30 خێزانی کورد لە لوبنان ئاوارە دەبن و دێنە کەنیسەکە، ''ژمارەیەکیش لە خێزانەکان لێرە جێگەیان نەبووەتەوە، بەڵام لە ناوچەی دیکە شوێنمان بۆ ئەوانیش دابین کردووە.''
وەک ئەو قەشەیە گوتی، ژمارەیەک لە ئاوارەکان بردراونەتە کەنیسەی حەلەب، ژمارەیەکیشیان گەڕاونەتەوە کۆبانێ و سەرێکانێی رۆژئاوای کوردستان.
یەکێک لە بنکە تەندروستییەکانی بەیرووت، رۆژێک لە هەفتەدا تایبەت دەکرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە کوردانی ئاوارە؛ پزیشکیشیان لە دەرەوەی لوبنانەوە بۆ چووە و خۆبەخشانە خزمەتیان دەکات.
سام کۆرتەر، پزیشکێکی ئوستراڵی کە لە هەولێر مامۆستای زانکۆیە و کریستیانە، لەسەر داواکاریی قەشەی کەنیسەی کوردان خۆبەخشانە چووەتە لوبنان بۆ پێشکێشکردنی چارەسەری تەندروستی بە ئاوارەکان.
سام کۆرتەر بە رووداوی گوت: ''نزیکەی شەش ساڵە لە هەولێرم، لەوێ مامۆستای زانکۆی کوردستانم و بۆ کاری خۆبەخشی و بۆ ماوەی یەک هەفتە هاتوومەتە لوبنان''.
ئەو پزیشکە خۆبەخشە گوتیشی: ''رۆژانە 20 بۆ 30 کەسی ئاوارە سەردانمان دەکەن و چارەسەر وەردەگرن، هەر رۆژەی سەردانی ناوچەیەک دەکەین و چارەسەری تەندروستیی بە ئاوارەکان دەگەیێنین''.
بەگوتەی سام کۆرتەر، ئەوانەی بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانیان دەکەن، زیاتر نەخۆشیی درێژخایەنی وەکو گوشاری خوێن و شەکرەیان هەیە و دەڵێت: ''هەوڵدەدەین دەرمانیان بۆ دابین بکەین.''
ئەو پزیشکە ئەوەشی خستەڕوو، بۆ چارەسەری کوردانی ئاوارە لە لوبنان، پێویستیی زۆریان بە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەیە، داواش لە خێرخوازان و رێکخراوە مرۆییەکان دەکات، بە دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی هاوکارییان بکەن.
وەک سام کۆرتەر دەڵێت، لە بەیرووت بەشێک لە دەرمانخانەکان کراونەتەوە، بەڵام هەموو دەرمانێکیان نییە.
لە کۆی ئەو یەک ملیۆن و 200 هەزار ئاوارەیەی کە بەهۆی شەڕەوە لە لوبنان هەن، ژمارەیەکیان کوردن کە زیاتر خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن؛ بەگوتەی خۆیان، دۆخی ژیانیان خراپە و هیچ کەسێک هاوکارییان ناکات.
ناوچەی بورج حەموود لە باکووری لوبنان یەکێک لەو شوێنانەیە کە ژمارەیەکی زۆر کوردی ئاوارەی تێدایە. نێردروای رووداو دەڵێت، ''ئەو کوردانەی چەندین ساڵە لێرە پەنابەرن، کۆبوونەتەوە و دووکان بە دووکان دەگەڕێن بۆ ئەوەی کەلوپەل و پێداویستیی سەرەتایی خێزانەکان بکڕن و وەکو هاوکاری بیبەن بۆ ئەو خێزانە کوردانەی کە دووبارە ئاوارە بوونەتەوە.''
ئیدریس عەفرینی کە یەکێک لەو هاونیشتمانییە خێرخوازانەیە، بە رووداوی گوت: ''بەردەوام سەردانی خێزانە ئاوارەکان دەکەین، خێزانی وا هەیە هیچی لە ماڵدا نییە، هیچی نییە لەسەری بخەوێت، بەردەوام بەسەریان دەکەینەوە.''
ئیدریس ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا نزیکەی 600 خێزانی کوردی ئاوارە لە بەیرووت هەن کە رۆژانە سەردانی 15 بۆ 20 ماڵیان دەکەم و کەلوپەلیان بۆ دەبەم.''
ئەو هاونیشتمانییە لەکاتێکدا شوێنی مانەوەی خێزانێک پیشانی کامێرای روودا دەدات، دەڵێت، ''دۆخی ئاوارەکان زۆر خراپە و لەگەڵ ئەوەی کە شوێنی مانەوەیان گونجاو نییە، زیاتر لە 250 دۆلاریش کرێی خانوو دەدەن.''
هاوکات یەکێک لە کوردانی ئاوارە بە رووداوی گوت، ''نزیکەی 10 ساڵ لە باشووری لوبنان بووم و کشتوکاڵم دەکرد، دوای جەنگ ئاوارە بووین، پێنج کەسین و زیاتر لە مانگێکە لێرەین. کاتێک ئاوارە بووین، تەنیا کەنیسەی کوردان هاوکاریی ئێمەیان کرد. کورد لە هەموو شوێنێک بێکەسە.''
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون کە بەشێکیان روویان لە عێراق کردووە.
18ـی تەممووزی 2024، مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کورد لە باشووری لوبنان بە رووداوی گوت: ''زیاتر لە 120 هەزار کوردی رۆژئاوای کوردستان و بە دیاریکراوی عەفرینی، لە باشووری لوبنان دەژین، بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی عەفرینەوە، پەنایان بۆ ئەو سنوورانە هێناوە و لەوێ زیاتر سەرقاڵی کشتوکاڵن.''
بهشی بكه لە