رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی گۆڕان: دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتیی نییە

05 October 2024
رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی گۆڕان: دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتیی نییە

رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتیی نییە و تەنیا گردی زەرگەتە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەکەیە. دەشڵێت، رێکاری یاسایی دەگرنەبەر بۆ وەرگرتنەوەی ناو و لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان لەو کەسانەی بەهۆی پابەندنەبوون بە دەستووری ناوخۆیی گۆڕانەوە بارەگایان بۆ خۆیان کردووەتەوە لە دەرەوەی گردی زەرگەتە.
 
هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: گردی زەرگەتە تەنیا مەکۆی فەرمی و شەرعی بزووتنەوەی گۆڕانە و هەر بارەگایەکی دیکە بەناوی مەکۆی سەرەکی لە دەرەوەی گردی زەرگەتە کرابێتەوە بە مەکۆی بزووتنەوەکە هەژمار ناکرێت، بەڵکو تەنیا بارەگای ئەو کەسانەیە کە پابەند نەبوون بە دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەکە و لە دەرەوەی رێکارە یاسایی و پێڕەوییەکان هەوڵیانداوە دەست بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا بگرن.
 
گوتیشی: دانا ئەحمەد مەجید کە پێشتر خۆی دەیگوت من هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان نیم و تەنیا پشتیوانم، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان کراوە بە رێکخەری گشتی، بۆیە رێکخەری گشتیی نییە و جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە کە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەکاریی بکات بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئاندامانی خانەی راپەڕاندن کە ژووری هەڵبژاردن و ژووری پەیجووری، دوو ژووری تایبەتمەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و ئێستا هەردوو ژوورەکە لە گردی زەرگەتە کاری ئاسایی خۆیان دەکەن.
 
رۆژی شەممە، 5ی 10ی 2024، جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە: "ژووری هەڵبژاردن بەرپرسیارە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کە دەستووری ناوخۆیی دیاری کردووە لە یەک کات و بە یەک پاکێج ئەنجام دەدرێت، هەر هەڵبژاردنێک لە ژێر هەر ناوێکدا ئەنجام بدرێت سەرلەبەری نادەستووریی و نایاسایی و نادیموکراتییە".
 
"بەلاڕێدابردنی کۆمیسیۆن"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە کرد کە زمناکۆ جەلال، رێگەپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژارنەکان، "زانیاریی ناڕاستی داوە بە کۆمیسیۆن و بەلاڕێیدا بردوون".
 
"رێگەپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان خیانەتی لە بزووتنەوەکەی کرد و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەلاڕێدا برد و زانیاریی نادروستی دابوونێ لەبارەی کۆنفرانسە ناوخۆییەکان". هۆشیار عومەر عەلی وایگوت. گوتیشی: "سیناریۆی خراپ ئامادەکرابوون بۆ نانەوەی پشێوی لە گردی زەرگەتە، بۆیە بۆ رێگریی لە نانەوەی پشێوی، دەرگای گردەکە چەند رۆژێک داخرا و پیلانێک پووچەڵ کرایەوە".
 
رۆژی هەینی، 27-09-2024، بە بڕیاری کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە فەرمی خاوەندارێتیی گردی زەرگەتە دەکەن، دەرگەی سەرەکیی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 
دوای داخستنی دەرگەکە، هەریەک لە چیا و نما نەوشیروان مستەفا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، رایانگەیاند "بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە، لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەموو لایەکە و، بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەموو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەموو لایەک بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە."
 
"بانگەشەیەکی سارد"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لە دۆخی بزووتنەوەکەیان و بەربژێرەکانیان کرد بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشی پەرلەمانی کوردستان و گوتی: "ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە دەستوور و یاسای ناوخۆیی گۆڕان نەبووە ئێستا بەربژێرەکانیان کردووەتە قوربانی و هەڵماتێکی بانگەشەی سارد ئەنجام دەدەن کە بە زیانی بزووتنەوەکە تەواو دەبێت".
 
گوتیشی: "ئەو کەسانەی بەربژێرکراون هەموویان هاوڕێ و دۆستی ئێمەن، بەڵام لە بانگەشەکانی رابردوودا هەڵمەتی هەڵبژاردنی گۆڕان هێندە بەهێزبوو هەموو ناوچەکانی نیللی پۆش دەکرد و لەم هەڵبژاردنەشدا هەڵمەتێکی زۆر لاواز بەڕێوەدەچێت".
 
هاوکات لە راگەیێندراوی جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان کە رۆژی شەممە 5/10/2024 بڵاوکرایەوە، لە خاڵێکیدا باسی هەڵبژاردن کرابوو و تێیدا هاتبوو "سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریی کردن یان بەشداریی نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتی ئەمری واقیع هەڵناگرێت".
 
بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەیەک ئۆرگانی هەیە، لەوانە جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، هەروەها جڤاتی گشتی.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی."