رزگار محەممەد ئەمین: پێویستە پەلە بکرێت لە دانانی دەستوور بۆ کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی پێشووی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێویستە لە خولی داهاتووی پەرلەمان، دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان ئامادەبکرێت چونکە نەبوونی دەستوور کێشە و گرفتی زۆری لێدەکەوێتەوە.
رزگار محەممەد ئەمین، ئەندامی پێشووی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "دەستوور نەبێت نازانرێت یاساکان چۆن پێوانە بکرێن و هەڵەیە کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان دەستووری نییە."
گوتیشی: هەموو دەستوورێک پێویستە بەشێوەی کاتی بێت و نابێت دەستوور "بەسەر نەوەکانی داهاتوو بسەپێنرێت و پێویستە بەجۆرێک بێت بەپێی سەردەمە جیاوازەکان گۆڕانکاریی تێدا بکرێت."
هەر بە گوتەی ئەو دادوەرە: پێویست بوو ساڵی 1992 دەستووری کوردستان دابنرێت و دەڵێت دانانی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک قوورس نییە و نموونە بە عێراق دەهێنێتەوە کە ساڵی 2003 رژێمی بەعس رووخێنرا و ساڵی 2004 دەستووری کاتی عێراق دانرا.
بهشی بكه لە