سۆران عومەر: هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە

03 December 2024
سۆران عومەر: هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 یەک لیتر نەوتی نەداوە بە عێراق". ئەوەش بە هۆکارێک بۆ کێشەی مووچە ناودەبات و دەشڵێت، هەولێر ئەم ساڵ تەنیا 395 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی رادەستی بەغدا کردووە.
 
سۆران عومەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لەوە کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، هەرێمی کوردستان تەنیا داهاتی مانگەکانی سێ، چوار، پێنج و شەشی رادەست کردووە کە کۆی گشتی دەکاتە 395 ملیار دینار.
 
سەرۆککۆماری عێراق بۆ پرسی مووچە دەتوانێت چی بکات؟
 
سۆران عومەر باسی لە رۆڵی سەرۆککۆمار لە چارەسەری کێشەی مووچە کرد و گوتی، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دەتوانێت فراکسیۆنە کوردییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و حکومەتی عێراق کۆبکاتەوە بۆ چارەسەری ریشەیی پرسی مووچە، بەڵام نەکراوە.
 
بەگوتەی سۆران عومەر: "لە هەرێمی کوردستانەوە ویستێک بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەی مووچە بوونی نیییە".
 
هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە رادەستکردنی مانگانە 400 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام بە گوتەی سۆران عومەر: "یەک لیتر نەوتی رادەست نەکردووە".