ژمارەیەک لیست و بەربژێر بەهۆی پێشێلکارییەوە سزا دەدرێن

03 October 2024
ژمارەیەک لیست و بەربژێر بەهۆی پێشێلکارییەوە سزا دەدرێن

 
سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: کارتی دەنگدان بەپێی کۆد چاپکراوە و ساختە ناکرێت و هیچ لایەنێکیش ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی بە کام لیست داوە.

سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "پێشێلکاریی هەڵبژاردن لە دەرەوەی بنکەکانی دەنگدان گەورەترین پێشێلکارییە و هیچ دەنگدەرێک ناتوانێت بێ کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات."

بە گوتەی ئامێدی، هەر کارتێکی دەنگدان ئامێری ناسینەوە پەسندی نەکات دەنگەکەی پووچەڵ دەبێتەوە و دەڵێت دوای داخستنی سندووقەکان راستەوخۆ پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات و مۆبایل و کامێرا لە وێستگەکانی دەنگدان قەدەخەیە.

هاوکات هۆشیار مالۆ، گوتەبێژی تۆڕی رێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردن لە عێراق گوتی: "کۆمیسیۆن پەیڕەوی تایبەتی دەرکردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و هاندانی خەڵک دژی یەکتر پێشێلکاریی بانگەشەی هەڵبژاردنە."

مالۆ گوتیشی: "گوشار و تۆمەتبارکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن پێشێلکارییە و باشترە لایەنەکان سەرنجیان لەسەر کارنامەی خۆیان بێت نەک باسکردنی لایەنی دیکە."