سەرۆکی دامەزراوەی پەی: یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و وەرگرتنی مووچە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە نایاساییە

03 April 2025
سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ گەشەپێدان رایدەگەیێنێت، پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی مووچە وەردەگرن و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانیش "ناپێڕەوی و نایاساییە."
 
پەرلەمانی کوردستان لەدوای 5 مانگ لە هەڵبژاردن، تەنیا یەک دانیشتنی ئەنجامداوە ئەویش دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامەکانی بوو کە بەهۆی هێشتنەوەی دانیشتنەکە بە کراوەیی. 
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: "ئەو دانیشتنە لە رووی یاساییەوە پووچەڵە و هەر بڕیارێکی تێدا درابێت، ئەو بڕیارەش پووچەڵە، بە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و بەستنی مووچە و پێدانی ئیمتیازاتیشیانەوە."
 
پەرلەمانی کوردستان رۆژی 2 کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 یەکەم دانیشتنی ئەنجامدا، بەپێی پێڕە پێویستبوو لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە چوار مانگە، زیاتر لە 16 دانیشتنی بەدواداچوونی لەگەڵ حکومەت ئەنجام بدایە، پێویستبوو زیاتر لە 35 دانیشتنی پەرلەمانی ئەنجام بدرایە و، 19 لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمان پێکبهێندرانایە و هەر لیژنەیەک لە مانگێکدا دوو کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان رایگەیاند، "هیچ یەکێک لەم کارانە ئانجام نەدراون و تەنیا مووچە بۆ پەرلەمانتاران خەرجکراوە" 
 
"پەرلەمانتاری بێ پەرلەمان"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەکرد: "ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە، چونکە پەرلەمان وەکو دامەزراوە لەسەر 3 کوچکە دەوەستێت، ئەوانیش پەرلەمانتار و لیژنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نە دەستەی سەرۆکایەتی هەیە و نە لیژنە هەمیشەییەکان، تەنیا پەرلەمانتاری هەیە. واتا ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە و پەرلەمانتاری بێ پەرلەمانی هەیە."
 
بەپێی مادەی 51 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پێویستە ئەندامانی پەرلەمان رۆژەکانی هەفتە بەم جۆرە کارەکانیان ئەنجام بدەن: رۆژی یەکشەممە پەرلەمانتاران دەبێت خۆیان تەرخان بکەن بۆ کاروباری هاووڵاتییان. رۆژی دووشەممە، پێویستە لیژنەکان کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن. رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دانیشتنی فەرمیی پەرلەمانی کوردستانە. رۆژی پێنجشەممە دەستنیشانکراوە بۆ کۆبوونەوە و بەدواداچوون لەگەڵ حکومەت. رۆژانی هەینی و شەممەش وەکو پشووی پەرلەمانتاران دەستنیشان کراوە.
 
سەرۆکی دامەزراوەی پەی رایگەیاند، ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان هیچ یەکێک لەو ئەرکانەیان جێبەجێ نەکردووە و هەموو رۆژەکانی هەفتە لای ئەوان هەر هەینی و شەممەیە، هەر لە پشوودان و هیچ ئەرک و کارێکیان نییە.
 
ئەو دەڵێت، "پێویستبوو پەرلەمانتاران خۆیان کە سوێندیان خواردووە، پارێزگاری لە یاسا بکەن و، بەڵێنیان بە خەڵک داوە داکۆکییان لێبکەن، مووچەی خۆیانیان رەتبکردایەتەوە و وەریان نەگرتایە، یەکەم کاریان بە گەندەڵی و نایاسایی دەست پێنەکردایە."
 
"زیاتر لە 2 ملیار دینار مووچە"
 
دامەزراوەی پەی، کە یەکێک لە ئەرکەکانی چاودێری کارەکانی پەرلەمانە و پێشتر چەند راپۆرتێکی بەدواداچوونیان لەبارەی کار و ئەدای پەرلەمان لە خوولەکانی رابردوو ئەنجامداوە. لە دوایین راپۆرتیاندا بە داتا باسیان لەوە کردووە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە و دەڵێن، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە، هەروەها خانوو و شوقەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین کراوە.
 
تاوەکو ئێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2,240,700,000 (دوو ملیار و 240 ملیۆن و 700 هەزار) دینار.
 
لە راپۆرتەکەدا وردەکاریی زیاتر خراوەتەڕوو: هەر پەرلەمانتارێک کە مووچەی مانگانەی هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینارە، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەکان پێکنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەکان وەرناگرن، بۆیە مووچەی مانگانەیان حەوت ملیۆن و 700 هەزار دینارە بووە. بەوپێیەش هەر ئەندامێک تێکڕا نزیکەی 23 ملیۆن و 100 هەزار دیناری وەرگرتووە.
 
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا.
 
لە کۆی 100 ئەندامی پەرلەمان تەنیا سێ ئەندامیان بەشداریی دانیشتنی یەکەمیان نەکرد و سوێندی یاساییان نەخوارد، دوو پەرلەمانتاریان لە کۆمەڵی دادگەری و یەک پەرلەمانتار لە بەرەی گەل. ئەوانی دیکە کە ژمارەیان 97 پەرلەمانتارە سوێندی یاساییان خواردووە و لە مانگی 12ی ساڵی 2024ـەوە مووچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ کار و ئەرکێکی فەرمییان ئەنجامدابێت.