گرووپێکی مەزهەبی لە عێراق سەرهەڵدەدەن و بە تیروپشک خۆیان دەکوژن

02 September 2024
گرووپێکی مەزهەبی لە عێراق سەرهەڵدەدەن و بە تیروپشک خۆیان دەکوژن
دەزگا ئاسایشى نیشتمانیى عێراق 47 ئەندامى 'بزووتنەوەى قوربان'ى لە چوار پارێزگاى عێراق دەستگیر کرد  کە گرووپێکی شیعە مەزهەبن و بە تیروپشک خۆیان دەکوژن و خۆیان دەکەنە قوربانی بۆ دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی.
 
د. یاسین تەها، لێکۆڵینڤان لەبارەی سەرهەڵدان و ریشەی ئەو گرووپە لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "گرووپی قوربان درێژکراوەی گرووپی جوندولسەمائن کە پێشتر لە نەجەف پەیدابوون و  گومان دەکرێت گرووپی قوربان لەژێرباڵی سەدرەوە هاتبێتە دەرەوە."
 
گوتیشی: "گرووپی قوربان پێیانوایە ئیمام عەلی 'خودا'یە و خۆیان دەکوژن وەکو قووربانی بۆ ئیمام عەلی."
 
بە گوتەی ئەو لێکۆڵینڤانە، زیاتر لە 1100 ساڵە شیعەکان چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئیمام مەهدی دەکەن و دەڵێت: "سەرەتا لە پارێزگای زیقار دیاردەی خۆکوشتن لەنێو گەنجانی پێڕەوکاری ئایندا زیادیکرد، دوای بەدواداچوونی دەزگا ئەمنییەکانیش دەرکەوت کە گەنجانی گرووپی قوربان بە تیروپشک خۆیان دەکوژن بۆ دەرکەوتنی ئیمام مەهدی."
 
یەکێک لە سرووتەکانى ئەو بزووتنەوەیە ئەوەیە تیروپشک لەنێوان خۆیاندا دەکەن و هەر کەسێک دەربچێت پێویستە خۆى بکوژێت وەک قوربانی.