هەمواری یاسای باری کەسێتی کۆمەڵگەی عێراقی بۆ دوو بەرە دابەش دەکات

02 August 2024
هەمواری یاسای باری کەسێتی کۆمەڵگەی عێراقی بۆ دوو بەرە دابەش دەکات

رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەی هەموارێک بۆ یاسای باری کەسێتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە. لایەنە شیعەکان پشتیوانی دەکەن و داوایان لە پەرلەمانی عێراق کردووە رێکارەکانی تێپەڕاندنی هەموارەکە تەواو بکەن. بەشێک لە چالاکڤانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش دژایەتی دەکەن.

"دوو خاڵ کۆمەڵگەی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە"
 
هەمواری یاساکە کە لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالکی ئامادەکراوە و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان پشتیوانی دەکات، دوو خاڵی تێدایە بووەتە مایەی مشتومڕ و کۆمەڵگەی عێراقی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، ئەوانیش دەستنیشانکردنی مەزهەب لەکاتی هاوژینی و جیابوونەوە، لەگەڵ رێگەدان بەو هاوژینییانەی لە دەرەوەی دادگەکان دەکرێن.
 
بوورهان ئەحمەد، دادوەری داواکاری گشتیی گەرمیان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "بەپێی هەمواری یاسای باری کەسێتی، ژن و مێرد خۆیان مەزهەبی خۆیان دەستنیشان دەکەن و گرێبەستی هاوژینییەکە لەسەر بنەمای یەک مەزهەبی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت، لەکاتێکدا یاسای ئێستای باری کەسێتی لە عێراق هەموو مەزهەبەکانی یەکخستووە و گرێبەستی هاوژینی پابەند نەکردووە بە دەستنیشانکردنی مەزهەبێکی دیاریکراو".
 
بە گوتەی ئەو دادوەرە، ئەو پرۆژە هەموارەی ئێستا بۆ یاسای باری کەسێتی عێراق ئامادەکراوە، ئاسانکاری زۆر بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە دەرەوەی دادگەکان دەکات؛ هاوکات ئاسانکاریی زۆری تێدایە بۆ جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوژینی.
 
"ئێستا بەپێی یاسای باری کەسێتی عێراق، تەمەنی یاسایی 18 ساڵە و دادگەکان رێگەپێدراون هاوژینی لەنێوان دوو کەسدا بکەن کە تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵ بێت، بەڵام هەمان یاسا تەمەنی شەرعی بە 15 ساڵ دەستنیشانکردووە و ئەگەر کچێک تەمەنی سەروو 15 ساڵ بێت بە رەزامەندی بەخێوکەرەکەی دەتوانێت ژیانی هاوژینی پێکبێنێت"، دادوەر بورهان ئەحمەد وای گوت.
 
ئەو دادوەرە گوتیشی، "بەڵام ئەگەر یاسای باری کەسێتی بە گوێرەی ئەو پڕۆژەیەی ئێستا هەموار بکرێتەوە، ئەوا بەپێی مەزهەبەکان تەمەنی شەرعی دەستنیشان دەکرێت و هەندێک مەزهەب وەکو مەزهەبی جەعفەری تەمەنی شەرعی کچ بە 9 ساڵان دەستنیشان دەکەن و ئیدی دادگەکان دەبێت رەزامەندی بدەن بە هاوژینی کچی تەمەن 9 ساڵان.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەو دادوەرە باس لەوە دەکات کە هەموو یاسایەک چەند خاڵێکی تێدایە دەکرێ جێبەجێ نەکرێن یان خەڵک پێیانەوە پابەند نەبێت و نموونە بەوە دەهێنێتەوە کە ئێستا یاسای باری کەسێتی رێگە بە دوو کەس دەدات تەمەنیان سەروو 18 ساڵان بێت ژیانی هاوژینی پێکبێنن، بەڵام هیچ بڕگەیەکی تێدا نییە لەبارەی جیاوازیی تەمەنی ئەوە کەسانەی هاوژینی پێکدێنن و بەدەر لە ئەحکامە شەرعی و یاساییەکان هەندێکجار دابونەریتی کۆمەڵگە بڕیار دەدات، نەک بڕگە یاساییەکان. کۆمەڵگە و دابونەریتی کۆمەڵایەتی رێگە بە هاوژینی کوڕێکی تەمەن 19 ساڵان و ژنێکی تەمەن 80 ساڵان نادەن، نەوەک یاسا و بڕگە یاساییەکان."
 
 
 
"هەربۆیە ئەگەر یاسای باری کەسێتی هەمواریش بکرێتەوە بەو جۆرەی ئێستا، ئەوا خەڵک خۆی دەتوانێت پابەند نەبێت بە هەندێک بڕگەی یاساکە و ئەگەر خەڵک کچی خۆی لە تەمەنی 9 ساڵی بەشوو نەدات، کەواتە خەڵک خۆی رێگری لەو بڕگەیەی یاساکە کردووە"، دادوەر بورهان ئەحمەد وای گوت.
 
"تێکەڵکردنی مەزهەب و یاسا"
 
ئەگەرچی ئەو لایەنانەی پشتیوانی هەموارەکە دەکەن دەڵێن، ئامانج لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی رێکخستنەوەی خێزان و کۆمەڵگەی عێراقییە، بەڵام ئەو کەسانەی رەخنەی لێدەگرن دەڵێن، ئەو هەموارە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رۆڵی یاسا و دادگەکان و ئاسانکردنی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و جیابوونەوە و کۆمەڵگەی عێراقی زیاتر دەخاتە بەردەم مەترسی.
 
غازی حەمید، پارێزەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا لەوبارەیەوە دەڵێت، "هەموارکردنەوەی هەر یاسایاک پرۆسەیەکی ئاساییە و هەنگاوێکی نامۆ نییە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق مەبەستی سیاسی لەپشتە و ئامانجەکە تێکەڵکردنی مەزهەبە بە یاسا"؛ گوتیشی، "بەپێی ئەو هەموارە، ئیدی رۆڵی دادگە لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق تەواو لاواز دەبێت و لەژێر پاساوی مەزهەب دادگەکان هیچ رێکارێکی تایبەتیان نامێنێت، جگە لە شەرعییەتدان بەو هاوژینییانەی لە دەرەوەی دادگەکان بە نایاسایی ئەنجام دەدرێن".
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، مەترسی هەمواری یاساکە تەنیا لەسەر پرۆسەی هاوژینی نییە، بەڵکو بە هەمان ئەندازە لەسەر جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان مەترسی دەبێت و ئەگەری هەیە کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە لە کۆمەڵگەدا دروستبکات.
 
"ئێستا بەپێی یاسا، ئەگەر دوو هاوژین جیاببنەوە، بەپێی یاسا منداڵەکان لای دایکیان دەمێننەوە تاوەکو تەمەنی بڕیاردان و باوکیشیان ناچار دەکرێت خەرجییان بۆ دابینبکات، بەڵام هەندێک مەزهەب راستەوخۆ منداڵەکان لە دایکیان دەسەننەوە و دەیدەنەوە بە پیاوەکە بێ هیچ پابەندییەک بە لەئەستۆگرتنی خەرجی"، غازی حەمید وای گوت.
 
ئەو پارێزەرە گوتیشی، " گرفتێکی دیکەی هەموارەکە ئەوەیە ئەو کەسانەی پێش ئەم هەموارە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، ئەگەر بگەنە کاتی جیابوونەوە، ئەوا دەتوانن بەپێی کام مەزهەب لە بەرژەوەندییان بێت جیاببنەوە، چونکە دەستنیشانکردنی مەزهەب لە هەموارەکەدا ئازادانەیە و هیچ بەربەست و مەرجێکی یاسایی لەبەردەمدا نییە".
 
"پێشیلکردنی مافی مرۆڤ"
 
بەشێک لە رێکخراوەکانی چاودێریی مافی مرۆڤ لە عێراق تاوەکو ئاستی خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەر شەقامەکان هەموارەکە رەت دەکەنەوە. لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە و تەنانەت دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ کە دەستەیەکی فەرمییە پرۆژەی هەموارەکە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەناوی یاساوە دەچوێنێت.
 
سابیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق هاوسەنگی تێدانییە و مەترسیی گەورەی لێدەکەوێتەوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی یاسایی".
 
"ئەگەر یاسای باری کەسێتی بەپێی ئەم پرۆژەیەی ئێستا هەموار بکرێتەوە، ئەوا دەبێتە پەڵەیەکی رەش بە نێوچەوانی عێراقەوە"، بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان وای گوت.
 
بە گوتەی سابیر عەبدوڵڵا، ئەو هەموارە دەبێتە فاکتەرێک بۆ هەڵتەکاندنی خێزان و پێشێلکردنی مافی ژنان، چ لەکاتی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە تەمەنێکی منداڵ و چ لەکاتی بێبەشکردنی لە مافەکانی لەکاتی جیابوونەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ داوا لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق دەکات تانە لە هەموارەکە بدەن و دەڵێت، بەپێی دەستووری عێراق هاووڵاتییان مافیان هەیە تانە لە یاسایەک بدەن؛ هەربۆیە پێویستە ئەگەر یاسای باری کەسێتی عێراق بەمجۆرە هەموارکرایەوە، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییانی عێراق تانەی لێبدەن، چونکە یاساکە دەبێتە یاسایەک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پرسەکە رەهەندێکی مرۆیی هەیە.
 
ئەگەرچی لە دوو هەفتەی رابردوودا و دوای کۆتایهاتنی پشووی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لەنێو پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق دواخرا، بەڵام ئێستا بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەموارەکە بخرێتەوە بەرنامەی کار و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زۆرینەی پەرلەمانن بە فەرمی پشتیوانی خۆیان بۆ هەموارەکە نیشاندا و حیزبی دەعوەش کە گەورەترین حیزبی شیعە مەزهەبە لە عێراق پشتیوانی بۆ هەموارەکە دەربڕی.