هۆشیار زێباری: پەیوەندیی پارتی و یەکێتی باش دەبێت

02 August 2021
هۆشیار زێباری: پەیوەندیی پارتی و یەکێتی باش دەبێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، گۆڕانکارییەکانی یەکێتی بابەتی نێوخۆیی حیزبەکەن و بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لەو بابەتەدا ناکەن، پێشبینی ئەوەشی کرد کە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی داهاتوویەکی باشیان دەبێت.
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە بێستوون عوسمان پێشکەشی دەکات، سەبارەت بە رێککەوتنی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا، داهاتووی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی کرد، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە روویدا.
 
هۆشیار زێباری سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی یەکێتی گوتی، "ئەو گۆڕانکارییانە پرسی نێوخۆیی یەکێتین و بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری ئەو حیزبەدا ناکەین." سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دوو حیزبەکە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینیی "داهاتوویەکی باش" بۆ پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکات، بەبێ ئاماژەدان بەو هۆکار و فاکتەرانەی کە بۆ پێشبینییەکەی هەیەتی.
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ بێستوون عوسمان، هۆشیاری زێباری تیشکی خستەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لەکاتێکدا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە چەند هەفتەی رابردوودا، کشانەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن راگەیاند، بەڵام بە بۆچوونی زێباری، "ئەگەری زۆرە سەدرییەکان بگەڕێنەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و بە هۆکاری سیاسی ئەو پەیامەیان بڵاوکردەوە. هێشتا بەربژێرەکانیان بە شێوەیەک مامەڵە دەکەن، کە بەشداری پرۆسەکەن."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاشکرایکرد، "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نیازی ئەوەی هەبوو بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات، بەڵام ئێمە ئامۆژگاریمان کرد ئەو کارە نەکات، بە قسەیشی کردین."