کاروان یاروەیس: پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆڕەک تیلیکۆم کراوە

02 July 2024
کاروان یاروەیس: پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆڕەک تیلیکۆم کراوە

ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەوڵ دەدەن کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم چارەسەر بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێشنیازیان کردووە کۆمپانیاکە قەرزەکانی بە 8 جار بداتەوە .
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "دوای کۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمان، یەکێک لەو دۆسێیانەی کاری لەسەر دەکەین تاوەکو لە رێگەی لیژنەکەمانەوە لە پەرلەمان چارەسەی بکەین، دۆسیەی کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی باڵای پەیوەندییەکانی عێراقە".
 
کاروان یاروەیس گوتی، سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد بە دیدێکی کوردستانییانە مەمەڵەیان لەگەڵ کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کردووە، چونکە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە 7 ملیۆن کەسەوە هەیە کە بەشداربووی کۆمپانیاکەن.
 
22-10-2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێیندراوێکی لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "بە پشتبەستن بەو بڕیارانەی کە لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تاوەکو ئێستا نەدراوە، دەستەکە فەرمانی دا بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و دواى 10 رۆژ لەو راگەیاندنەش پەیوەندییەکان لە نێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل راگیرا." 
 
رۆژی دواتر کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەوان "هەمیشە" بەو یاسا و رێنماییانەی کە لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانی وڵاتەوە دەردەچن پابەند بوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بڕیار بدات بە داخستنی کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان کە زیاتر لە حەوت ملیۆن بەشداربووی هەیە."
 
کاروان یاروەیس درێژەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند: "پێشنیازمان کردووە کە قەرزەکەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بکرێت بە 8 قیست و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو بدرێتەوە بۆ حکومەتی عێراق. خاڵێکی دیکەی پێشنیازەکەیشمان وەک لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەوەیە کە لەگەڵ رادەستکردنی یەکەم بەشی قەرزەکە لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە، پەیوەندییەکانی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ تۆڕەکانی دیکەی پەیوەندیکردن ئاسایی بکرێتەوە".
 
"داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ سزادانی یەکێتییە"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەو ئەندامەی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی سێشەممە 2-7-2024 لیژنەکەیان سەردانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد بۆ بەدواداچوونی هۆکاری بەردەوامی درێژکردنەوەی قەدەخەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینزی تورکی گوتی: "بڕیاری گەمارۆخستنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بڕیارێکی تەواو سیاسییە و ئامانج لێی سزادانی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە".
 
کاروان یاروەیس رایگەیاند، "لە 14 مانگی رابردوودا تورکیا هیچ هۆکارێکی لۆژیکی بۆ ئەو گەمارۆیە دەستنیشان نەکردووە تاوەکو فڕۆکەخانەکە ئەگەر گرفتێکی هەبێت چارەسەری بکات و تەنیا گوتویانە بە هۆکاری ئەمنی، لەکاتێکدا بەپێی لێکۆڵینەوەکان هیچ گرفتێکی ئەمنی بۆ گەمارۆدانی فڕۆکەخانەی سلێمانی نییە".
 
"دەرگای فڕۆکەخانەی سلێمانی کراوەیە بۆ هەر تیمێکی لێکۆڵینەوە، ئینجا عێراقی بێت یان تورکی یان بیانی لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەکرێن"، کاروان یاروەیس وای گوت.
 
پەرلەمانتارە کوردەکە رایگەیاند: "ئێمە وەک لیژنەیەکی تایبەتمەند راپۆرتی خۆمان ئامادە دەکەین و دوای پشووی پەرلەمان وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بانگێشتی پەرلەمان دەکەین لەبارەی دۆسیەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، چونکە فڕۆکەخانەکە لەسەر بنەمای پڕوپاگەندەی ناڕاست سزادراوە و لە بەغداوە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی دەنێین".
 
لە 03-04-2023ەوە تورکیا گەمارۆی بەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی سەپاندووە، گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی هەڵپەساردووە، رێگەش نادات ئاسمانیی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەکاربێ.
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، "چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە و ئەو رێکخراوە دزەیکردووە بۆ ناو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان''.