عیرفان کەرکووکی: خانووی خۆم و کوڕەکەم و بارەگاکەمان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر کراون

02 April 2025
 
رووداو دیجیتاڵ
شیراز رەئوف

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان دەڵێت، "هێشتا بارەگای حیزب و خانووی خۆم و کوڕەکەی لە کەرکووک لەلایەن بزووتنەوەی نوجەبا و عەسائیبی ئەهلی حەق لە کەرکووک داگیرکراون،" بەڵام لەسەر داوای تورکمان و بەشێک لە عەرەب و کورد لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەمڕۆ گەڕانەوە کەرکووک و دووبارە بارەگای حیزبەکەیان لە شارەکە کردەوە.
 
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "لەسەر داوای ئەندامان و لایەنگرانمان و بەشێک لە دۆستەکانمان لە نەتەوەکانی کورد و عەرەب، ئەمڕۆ (چوارشەممە 02-04-2025) دووبارە گەڕاینەوە کەرکووک و بارەگای پارتەکەمان کردەوە و کاری سیاسیی خۆمان دەکەین، خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادە دەکەین."
 
گەڕانەوەی پارتی گەلی تورکمان بۆ کەرکووک لە کاتێکدایە، لە سەروبەندی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 پارتی گەلی تورکمان رایگەیاند، بارەگاکانیان لەلایەن حەشدی شەعبی لەو شارە داگیر کراوە و ئاماژەیان بەوە دا، کەرکووک داگیر کراوە و ئامادە نین بگەڕێنەوە؛ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش بەشدارییان نەکرد و داوایان لە لایەنگرانیان کرد دەنگ بدەنە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
لەبارەی بارەگاکانیان عیرفان کەرکووکی دەڵێت، "لە ساڵی 2017وە تاوەکو ئێستا بارەگای حیزب و خانووەکانی خۆم و تەنانەت ماڵی کوڕەکەشم داگیر کراون. هێشتا بۆمان نەگەڕێندراوەتەوە، لە کاتێکدا تاپۆی فەرمییان بەناوی خۆمانە و چەندین یاداشتمان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ گەڕاندنەوەیان، بەڵام بێسوود بووە."
 
بە گوتەی عیرفان کەرکووکی، خانووی کوڕەکەی لەلایەن عەسائیبی ئەهلی حەق داگیر کراوە، تەنانەت دەستکاریی نەخشەکەیان کردووە و بەشێکیان لێ رووخاندووە، خانووی خۆی و بارەگای حیزبەکەشی لەلایەن بزووتنەوەی نوجەبا داگیر کراون، کە هەردوو گرووپەکە سەر بە حەشدی شەعبین، "ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بە رێکاری یاسایی بۆ وەرگرتنەوەیان."
 
"شانازییە ئەندامی پارتی بیت"
 
کەرکووکی باسی لە نزیکییان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، بە ئەندازەیەک کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو داوایان لە لایەنگرانیان کرد دەنگ بە پارتی بدەن و دەڵێت، "ئێمە پارتێکی تورکمانی سەربەخۆین، بەڵام هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانین و شانازیشی پێوە دەکەین."
 
بەڵام رەتیکردەوە خۆیان بە پاشکۆی پارتی بزانن و گوتی، "پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی گەورەیە و لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێگە و کاریگەریی هەیە، شانازییە ئەندامبوون لەنێو پارتیدا، بەڵام ئێمە هاوپەیمانین نەوەکو ئەندامی ئەو پارتە."
 
لەبارەی شوناسی کەرکووکیش، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان پێیوایە کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە و دەڵێت، "ئێمە وەکو تورکمان مێژوویەکی دێرینمان لە کەرکووک هەیە، کەرکووک شارێکی فرەنەتەوەیە، بەڵام کوردستانییە و لە ناوچەی کوردستان هەڵکەوتووە و تەنانەت بەرپرسانی کوردیش نەیانگوتووە کەرکووک شارێکی تەواو کوردییە، بەڵکو دەڵێن فرە پێکهاتەیە و کوردستانییە، ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە."
 
16ـی ئۆکتۆبەری 2017 سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر کەرکووک و شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد. دوای ئەو رووداوە، بەشێکی هێزە سیاسییەکان لەوێ نەمان.