چارەنووسی مووچەی مانگی 12 نادیارە
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داتاکانی مووچە و خەرجی و داهاتی ساڵی 2024ی بڵاوکردەوە و ئۆباڵی دابیننەکردنی مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەوبارەیەوە گوتی: هیواخوازم روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەنەبێت مووچەی مانگی 12 نەدەن.
گوتیشی: پێویست بوو شاندە هونەرییەکان زووتر بچنە بەغدا تاوەکو زووتر گرفتی مووچە چارەسەربکرایە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، شیروان میرزا باسی لەوە کرد کە مووچەی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی 950 ملیار دینارە. گوتیشی: بەستنەوەی مووچە بە کەمبوونەوەی نەختینە نایاساییە.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، د. نەوزاد هەمەوەندی، دکتۆرا لە ژمێریاری و پسپۆڕی ئابووری گوتی: داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نەگەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی عێراق و حکومەتی عێراق بەشێک لە مووچەی خستووەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: حکومەتی عێراق دەیەوێت بە مووچە پاکتاوی داهاتی نانەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و لیستەکانی مووچەی هەرێمی کوردستانیش بیانوو دەدەنە دەست بەغدا لەوبارەیەوە.
بهشی بكه لە