داوادەکرێت هاوشێوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان رێگە بە فرەژنی بدرێت

01 July 2024
داوادەکرێت هاوشێوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان رێگە بە فرەژنی بدرێت

چەند پارێزەرێک سکاڵایەک پێشکێشی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکەن بۆ هەڵگرتنی مەرجەکانی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان. یەکێک لە سکاڵاکارەکان دەڵێت، ئەو مەرج و رێگرییانەی هەن بۆ هێنانی ژنی دووەم، کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانیی زۆری لە هەرێمی کوردستان لێکەوتووەتەوە، رێکخراوەکانی ژنانیش دژی ئەو سکاڵایە دەوەستنەوە.

ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار و سکاڵاکار لە دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکەیان لە "رووداوی ئەمڕۆ" گوتی، "لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی یاسایی بۆ ژن بووەتە سەرچاوەی کێشە بۆ خێزانەکان، بەهۆی مەرجەکانی فرەژنی رێژەی تەڵاق لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە."

گوتیشی، "هەر پیاوێک لەسەر سکاڵای هاوژینەکەی رابگیرێت، کە ئازادکرا هاوژینەکەی تەڵاق دەدات، بۆیە من پارێزەری ئەو کەسانەم کە دەیانەوێت هاوژینی دووەم بهێنن."

لە بەرامبەردا بەهار عەلی، بەرپرسی (رێکخراوی ئێمە بۆ پەرەپێدانی مرۆیی) دەڵێت، "مەرجەکانی فرەژنی بۆ پاراستنی شکۆ و کەرامەتی ژنانە لە هەرێمی کوردستان و هۆکاری کەمبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە."

گوتیشی، "دادگەی فیدراڵی دواکەوتووە و چاوەڕوان دەکرێت مەرجەکانی فرەژنی لاببرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری فرەژنی."