د. سەید ئەحمەد پێنجوێنی: جگەرە و نەوەکانی حەرامن
تۆڕی میدیایی رووداو کامپەینی ئەنتیتۆباکۆ رادەگەیێنێت، پێشنوێژ و گوتاربێژێکی دیاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، جگەرەکێشان لە رووی ئایینییەوە تاوانە و پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتیش دەڵێت، پێویستە بە یاسا هەموو بەرهەمەکانی تووتن رێکبخرێن نەک تەنیا جگەرە، چونکە ڤەیپ و نێرگەلەش زیانی گەورە و مەترسیداریان هەیە بۆ تەندروستی.
سەید ئەحمەد پێنجوێنی، پێشنوێژ و گوتاربێژی ئایینی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، یەکێک لە پەیامەکانی پێغەمبەر ئەوەیە هەر شتێک زیانی هەبێت بۆ مرۆڤ حەرامە و تووتن و کحول و مادە هۆشبەرەکان سەر بە یەک خێزانن و حەرامن.
بە گوتەی سەید ئەحمەد پێنجوێنی، بە هەموو بەڵگەیەکی هەموو مەزهەبەکان جگەرە حەرامە. دەشڵێت، جگەرە مرۆڤ وەکو کۆیلە لێدەکات و جگە لە جگەرە هیچ کاڵایەک لەسەری نەنووسراوە خراپە، بەڵام خەڵک هەر دەیکڕێت.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، د. سەنگەر جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی گوتی: نێرگەلە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو زۆر تەشەنەی کردووە لە هەرێمی کوردستان و ڤەیپیش سەلامەت نییە و چەندین جۆر زیانی بۆ بەکارهێنەر هەیە.
ئەو پزیشکە دەشڵێت: کۆنترۆڵکردنی جگەرەکێشان پێویستی بە یاسای ورد هەیە و پێویستە بە یاسا بەرهەمەکانی تووتن قەدەخەبکرێت نەک تەنیا جگەرە.