رۆژی هیوا جەمال پەیوەندیی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات

25 December 2024
رۆژی هیوا جەمال پەیوەندیی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات

میوانێکی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رۆژی (چوارشەممە، 25-12-2024)، ئاشکرای کرد، کە زانیاریی هەیە پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع هەیە. د. عوسمان عەلی، پسپۆری کاروباری تورکیا جەختیکردەوە "بەردەوام نوێنەر لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دێت و دەچێت".

لەگەڵ ئەوەدا رۆژی هیوا جەمال هۆشداریی وەزیری دەرەوەی حکومەتی راگوزەری سووریای بڵاوکردەوە بۆ ئێران. 
رۆژی هیوا جەمال کۆمەڵێک هەواڵ و زانیاری و داتای دیکەشی بڵاوکردەوە. 

دینار، تمەن و لیرە بەهایان دابەزی

بەهای چوار دراوی وڵاتانی دراوسێێ یەکدی بەرامبەر دۆلار هاتەخوار، لیرەی سووری بەشێکی زۆر لە بەهاکەی لەدەست دا و تمەنی ئێرانی زیاتر لە جاران بەهاکەی دابەزی، ئێران کار بۆ یەکخستنی نرخ دەکات و تورکیا کەمترین موچە دیاری دەکات.

شارەزایانی بازاڕەکانی دراو هۆکاری دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێننەوە بۆ دەنگۆی پلانێکی بانکی ناوەندی کە بڕیارە گۆڕانکاری لە سەکۆی ئەلیکترۆنی فرۆشتنی دۆلار بکات. 

کامەران پەری: دۆخی خراپی کریستیانەکانی عێراق دەرەنجامێکی باشی نابێت

لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، باس لە جەژنی کریمس و ئامادەکردنی نانی بەیانی کرا، تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ نوێژی قەداس لە کەنیسەکانی هەرێمی کوردستان بەردوام بوو، ئەمڕۆ چوارشەممە، کریستیانەکان نانی جەژن دروست دەکەن و پیرۆزبایی لە یەکدی دەکەن.

کامەران پەری، کەسایەتی و رۆشنبیری کریستیان، میوانی بەرنامەکە بوو و رایگەیاند، "دۆخی کریستیانەکان لە عێراق زۆر خراپە و رۆژ بە رۆژ بەرەو کەمبوونەوەیە".
گوتیشی، "ئەم دۆخە خراپە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەرەنجامەکەی باش نابێت بۆ پرسی پێکەوەژیان لە عێراق". 

بە بڕوای کامەران پەری "لە سەردەمی سەددام حوسێن و دوای ئەوەش، کریستیانەکان چەوسێندراونەتەوە". بەڵام ئەوەش دەخاتەڕوو "دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق باشترە، چونکە بەشێکی زۆری کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان گیرساونەتەوە و لانکەیەکی گەورەی کریستیانەکانی عێراقە".

وەزیری دەرەوەی سووریا هەڕەشە لە ئێران دەکات

لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، هەواڵی نوێترین پەیامی وەزیری دەرەوەی راگوزەری سووریا بڵاوکرایەوە.
 
ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی راگوزەی سووریا رایگەیاند؛ پێویستە ئێران رێز بگرێت لە ئیرادەی گەلی سووریا  و سەروەریی و سەلامەتی وڵاتەکە.

ئەمە یەکەمین لێدوانی وەزیری دەرەوەی سووریایە لە دژی ئێران، رەنگە یەکەمین لێدوان بێت لەم سەدەیەدا لەلایەن بەرپرسێکی حکومەتی سووریاوە لە دژی ئەو وڵاتە.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، هۆشداریی دەدەین بە ئێران لەبارەی نانەوەی ئاژاوە لە سووریا و بەرپرسیارێتیی هەر کاردانەوەیەکی ئەم لێدوانانەی کۆتایی دەخەینە ئەستۆ.

هەڕەشەکەی شەیبانی لەدوای هۆشدارییەکی محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێرانە، کە هۆشداریی دابوو لە جەنگی نێوخۆیی سەرتاسەریی لە سووریا. ئەو قسەیەشی لە میانی دەستپێشەخەریی ئێران کردبوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی تازەی سووریا.

د. عوسمان عەلی: پەیوەندی لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع هەیە

هەر لە بەرنامەی ئەمڕۆی رۆژی هیوا جەمال، د. عوسمان عەلی، میوان بوو بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی سووریا و داهاتووی کورد. 

بەبروای د. عوسمان عەلی "تورکیا لەناوچەکە خاوەن بڕیاری کۆتاییە". 

د. عوسمان عەلی جەختیکردەوە "ئەحمەد شەرع پێدەچێت گوشارێکی گەورەی ئەمریکا و فەرەنسای لەسەر بێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کورد و هەسەدەش بە نوێنەری سەرەکی دەزانێت".

د. عوسمان عەلی لە رێگەی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال. ئاشکرای کرد "زانیاریم هەیە کە پەیوەندیی بەردەوام هەیە لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع". گوتیشی "نوێنەری ماکرۆن بە وردی داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە، لەگەڵ هەسەدە کۆببێتەوە". 
 
کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی

هۆشداری لە کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەدرێت، ترەمپ دەڵێت: ''رێکخراوەکە سەرکەوتوو نەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و لایەنگیری چین دەکات''.

ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2020ـەوە دەستیان پێکرد. ناکۆکییەکان دوای ئەوە دێن کە گومانیان لە ڤاکسینی کۆڤید-19 هەبووە و ترەمپ رێکخراوەکەی بەوە تۆمەتبارکردووە کە شکستی هێناوە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تەنانەت بە لایەنگری چینیشی دانا.

رۆژی هیوا جەمال، بە داتا روونیکردەوە، ئەگەر ئەمریکا لە رێکخراوی WHO بکشێتەوە، چی روودەدات.