رۆژی هیوا جەمال... نەخشەڕێگەی ئەردۆغان بۆ سووریا

24 December 2024
رۆژی هیوا جەمال... نەخشەڕێگەی ئەردۆغان بۆ سووریا

رۆژی هیوا جەمال، ئەمرۆ (سێشەممە، 24-12-2024)، نەخشەڕێگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بۆ سووریای نوێ بڵاوکردەوە.
لەگەڵ ئەوەدا لەبارەی یەکەمین کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی، سەرۆکی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات زانیاری بڵاوکردەوە، هاوکات ئەو کۆشکەی ئێستا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا میوانەکانی لێ بەڕێدەکات (کۆشکی گەل)، جگە لەوە لەگەڵ سەرۆکی پارتێکی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆوە گفتوگۆی کرد.

لەگەڵ ئەوانە، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵ دەرهێنەری فیلمی کارۆ ئەنجامدا کە باس لە مێژووی گەلی کورد دەکات، لەگەڵ ئەوانەدا باسی کۆشکە مشتومڕهەڵگرەکەی سیسی کرد، لەگەڵ چەندین هەواڵ و زانیاری لەوانەش ئەو پارانەی لە بەغداوە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ مووچە.

راپۆرتێکی شۆکهێنەر لە کۆنگرێسەوە

لە سەرەتای بەرنامەکە لەبارەی راپۆرتێکی لیژنەی ئەخلاق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، هەندێ زانیاریی بڵاوکردەوە کە بەگوێرەی راپۆرتەکە، مات گایتز، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە زنجیرەیەک پێشێلکاری ئەخلاقی و یاسایی تێوەگلاوە، لەوانە پارەدان بەرامبەر سێکس و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.

دۆسیەی مووچە دەبردرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

دواتر لەبارەی بردنی دۆسیەی مووچە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زانیاریی بڵاوکردەوە.

یەکەم کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی 

بۆ یەکەمجار لەدوای ماوەیەکی زۆر دوو لایەنی سەرەکیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە بنکەیەکی ئەمریکا کۆبوونەوە، هاوپەیمانان لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوون، لەسەر کۆبوونەوەی دیکە رێککەوتن، بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی فراوانتر رێکبخەن.
 
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە لە بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا بە ئامادەبوونی هاوپەیمانان ئەنجامدراوە. 

تەڵاڵ محەممەد، سەرۆکی پارتی ئاشتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی مەسەدە، لەبارەی دانووستانەکەوە، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو و رایگەیاند، "سووریا بەرەو قۆناخێکی نوێ دەچێت، پێویستە لایەنە کوردییەکان لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێکبکەون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سووریا. هەر بۆیە مەزڵووم عەبدی پێشتر دەستپێشخەریی کردووە کێشەکان لەگەڵ ئەنەکەسە چارەسەر بکرێن و ئامادەکاری بۆ سووریای داهاتوو بکرێت".

تەڵال محەممەد هەروەها گوتی، "ئێستا لە قۆناخێکی مێژووییداین، شەقامی کوردی داوای یەکڕیزی دەکات، لە کاتێکدا رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم هەڕەشەیەکی جیدیی گرووپە چەکدارەکان و تورکیا دایە، پێویستە بزووتنەوەی سیاسیی کوردی هەموو کێشە نێوخۆییەکان وەلابنێت و بە یەکڕیزی رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە".

نەخشەڕێگەی ئەردۆغان بۆ سووریا

بەگوێرەی بەدواداچوونی رۆژی هیوا جەمال، لە سەردانەکەیدا بۆ سووریا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، نەخشەڕێگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای گەیاندووەتە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا.

 نەخشەڕێگەکە تایبەتە بە بونیاتنانەوەی سووریا لە بواری جیاجیا، وەکو نووسینەوەی دەستوور و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی سووریا و تێکەڵکردنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. 

کۆشکی گەلی سووریا

ئەحمەد شەرع هەموو کۆبوونەوە فەرمییەکانی لە کۆشکی گەل ئەنجام دەدات

رۆژی هیوا جەمال کۆمەڵێک زانیاری لەبارەی کۆشکی گەل بڵاوکردەوە.

کۆشکەکەی سیسی هەرا دەنێتەوە

جگە لە کۆشکی گەل، میدیای میسری گەنگەشەی کۆشکە نوێیەکەی سەرۆکایەتیی میسر دەکەن کە عەبدولفەتاح سیسی، یەکەمین کۆبوونەوەی بەرفراوانی تێدا ئەنجامدا.

دوو بابەتی کۆشکەکە گەنگەشەی دروست کردووە، یەکێکیان تێچووی ئەو کۆشکەیە لەکاتێکدا زیاتر 21٪ـی دانیشتووانی میسر لەژێر هێڵی هەژارییدان، دووەمیان نوسینی ئایەتێکی قورئانی پیرۆزە لە سوورەتی زوخروف.

فیلمی کارۆ مێژووی کورد بە جیهان دەناسێنێت

مژارێکی دیکەی رۆژی هیوا جەمال بڵاوکردنەوەی فیلمێکی دۆکیومێنتاری  بوو، کارۆ کورد، گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە هەوڵی تاکەکەسیی؛ بەڵگەفیلمێکی بەناوی "کارۆ" بەرهەمهێناوە و خۆی کارەکتەری سەرەکییەتی، تێیدا باس لە مێژووی کورد لە قۆناخە جیاجیاکاندا دەکات. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی پێشاندانی فیلمەکەیە.

کارۆ کورد، بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە سەبارەت بە کوردە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر مێژوو، زانست، ئایین، جلوبەرگ، قارەمانی، هونەر و ژینگەدۆستی و چەندین بوار و مژاری دیکە. گوتیشی، چیرۆکی فیلمەکە لە ئادەمەوە لە بەهەشت دەستپێدەکات، تاوەکو دەگات بە نوح پێغەمبەر و ئیبراهیم پێغەمبەر، دواتر باس لە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک دەکات تا دەگات بەم سەردەمە.