رۆژی هیوا جەمال؛ ئەنەکەسە ئامادەی دانووستانی کوردی – کوردییە

23 December 2024
رۆژی هیوا جەمال؛ ئەنەکەسە ئامادەی دانووستانی کوردی – کوردییە
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی هیوا جەمال دووشەممە 23-12-2024 چەندین مژاری نوێی تێدا باسکرا، لەوانە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سەرچاوەیەک لە ئەنەکەسە بە رووداوی راگەیاند، "پەیاممان بۆ ئەمریکییەکان ناردووە کە ئامادەین بۆ دانوستاندنی کوردی – کوردی."
 
مژارێکی دیکە پەیوەستە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و دەڵێت؛ حکومەت رەزامەندی داوە بۆ خەرجکردنی بڕە پارەی بەشداربووانی هەڵمەتی کوتانی سورێژە، کە لە بەهاری ئەمساڵ ئەنجام درا.
 
ماجید شەنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، موچەی ئەوانە دەستپێدەکاتەوە کە لەدەستی داعش رزگارکراون و دواتر موچەکانیان وەستاوە.
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیار دینار خەرج دەکات
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە بۆ خەرجکردنی بڕە پارەی بەشداربووانی هەڵمەتی کوتانی سورێژە، کە لەبەهاری ئەم ساڵ ئەنجام درا.
 
ئەم هەواڵە دەنگی نەبوو تاوەکو سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە رێگەی رووداو بەڵگەنامەیەکی خستەڕوو و رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە بڕیاری لێدراوە بەڵام خەرج ناکرێت، درەنگانی شەوی یەکشەممە بەنزیکی کاژێر 11ـی شەو وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە سێ بەڵگەنامەیە.
 
ئەوەی پەرلەمانتارەکە لەرێگەی رووداو خستیەڕوو نووسراوێکی وەزیری دارایی عێراقە لە مانگی 10 ی ئەم ساڵ، کە بڕیاری لە خەرجکردنی زیاتر 9 ملیار دینار داوە بۆ بەشداربووانی هەڵمەتی سوورێژە، پاش نزیکەی یەک مانگ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بۆ وەزارەتی دارایی هەریمی کوردسان کردووە، هەروەها وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پاش 25 رۆژی نووسراوی بۆ وەزارەتی تەندروستی کردووە، ئینجا وەزیری تەندروستی پاش 26 رۆژی دیکە فەرمانی خەرجکردنی بڕە پارەکەی خەرجکردووە، بە کورتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە نزیکەی 75 رۆژی پێچووە.
 
پاش بڵاوکردنەوەی روونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستی، سۆران عومەر لە دوای کاژێر 11 شەو لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک وێنەی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بێ ژمارە بە پەراوێزی واژۆیەکی سەوز بڵاوکردووەتەوە دەڵێت: "دەست بە دابەشکردنی پارەی تیمەکانی هەڵمەتی کوتانی سورێژە دەکەین."
 
لە ماوەی رابردوو هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانیی کوتان بۆ پێدانی پێکوتەی سورێژەی تێکەڵاو MMR  لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەچوو .
 
 
مووچەی رزگارکراوانی دەستی داعش دەستپێدەکاتەوە
 
ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، مووچەی ئەوانە دەستپێدەکاتەوە کە لەدەستی داعش رزگارکراون و دواتر مووچەکانیان وەستاوە. رۆژی هیوا جەمال بەدواداچوون بۆ هەواڵەکە دەکات.
 
ماجید شنگالی سێ بەڵگەنامەی بڵاوکردووەتەوە، یەکێکیان داواکاریی گەڕانەوەی مووچەی ئەو کوردە ئێزدیانەیە کە لەدەستی داعش رزگارکرابوون و پاشان مووچەکانیان بڕدرابوو، دوو بەڵگەکەی دیکە وەڵامی داواکارییەکەیەتی.
 
ماجید شنگالی لە نووسراوەکەیدا باسی لە راگرتنی مووچە و هاوکاری بێهاوژین و بەتەمەن و ئەوانە کردووە کە کەسوکاریان بێسەرووشووێنن، هەروەها ئەوانەی لە دەستی داعش رزگاربوون و نووسراوەکەی ئاراستەی وەزیر و کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق کردووە.
 
دواتر نووسینگەی وەزیر و هەروەها وەزیری کاری عێراق بە دوو نوسراو وەڵامیان داوەتەوە و رایانگەیاندووە، کە مووچە و هاوکارییەکان دەگەڕێنرێتەوە.
 
پەرلەمانتارەکە لینکێکی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک داناوە و داوای لە کردووە هەرکەس مووچەی بڕدراوە لینکەکە بکاتەوە و فۆڕمێکی تێدایە پڕی بکاتەوە بۆئەوەی مووچە و هاوکاری بۆ بگەڕێتەوە.
 
10 ملیۆن عێراقی هاوکاری وەردەگرن
 
بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتیی عێراق لە ئەم ساڵدا لە خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری وەک مووچەی پاراستنی خێزان، هاوکاریی خوێندکاران و سەبەتەی خۆراک سوودمەند بوون، ئەمەش واتا نزیکەی 25٪ی هاووڵاتییانی عێراق.
 
رۆژنامەی فەرمی حکومەتی عێراق لە زاری نەجم عەقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ئەم ساڵدا لە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکاندا جێگیرکراون، 10 ملیۆنی تێپەڕاندووە.
 
گوتەبێژەکە روونیدەکاتەوە، دوو ملیۆن و 200 هەزار خێزان لە مووچەی پاراستنی خێزان سوودمەندان بوون، زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار لەو خوێندکارانەی لە قوتابخانە ماوەنەتەوە لە دوو مانگدا هاوکاریی کراون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار دەڵێت، "هەر لەماوەی دوو مانگ دا زیاتر لە حەوت ملیۆن و (500) هەزار هاووڵاتی خراونەتە ناو سەبەتەی خۆراکی زیادەوە، جگە لە دەرکردنی (300) هەزار کارتی یەکگرتووی بێبەرامبەر بۆ سوودمەندانی بەغدا و پارێزگەکانی دیکە."
 
هەروەها هەڵمەتی "عێراق هی منە" (366) هەزار لەخۆدەگرێت.
 
ئەوانەی بیمەی تەندروستییان بۆکراوە کە هاوکاریی پاراستنی خێزان دەیانگرێتەوە 273 هەزان و سوودمەندبوون لە مووچەی دەستنیشانکراو.
 
لە بازگەی شێراوا پارەی سۆنەر و کوالێتیی کۆنتڕۆڵ و پشکنین وەردەگیرێت
 
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیویەتی لە بازگەی شێراوا سێ جۆر پارە لە بارهەڵگر وەردەگیرێت.
 
پەرلەمانتارەکە نووسیویەتی، "کاژێر12نیوەرۆ کۆمپانیایەک لە بازگەی شێراوا- هەولێر،  بەناوی کوالێتیی کۆنتڕۆڵەوە هەر بار هەڵگرێک بڕی 75 هەزار دیناری لێ وەرگرتوون لەگەڵ 25 هەزار دینار بۆ سۆنەر و  سێ هەزار دیناری پشکنین،  کۆی گشتی (103 هەزار دینار).
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، "کۆمپانیاکە ناوی نیوستاندەردە و هەندێ لە نووسینەکانی بە عەرەبی و هەندێکی بە کوردی هەردوو شێوەزارە، نووسینەکانی نێو خشتەکان بە بادینی نووسراوە، بەڵام نووسینەکانی دەرەوەی خشتەکە بە سۆرانی نووسراوە،
ئەوەی بەڵگەکە نموونەی یەک بارهەڵگرە کە 75 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە بەناوی کۆنتڕۆڵی جۆری."
 
سکرتێری پارتی رۆژ: بەمنزیکانە ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبێتەوە
 
سەرچاوەیەک لەنێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بە رووداوی راگەیاند، "ئەنەکەسە پەیامی بۆ ئەمریکا ناردووە، کە ئەوان ئامادەن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر کۆببنەوە، بۆ دانوستانی کوردی – کوردی". هاوکات سەرکردەیەکی یەکێک لە حیزبەکانی نیو پەیەنەکە بە رووداوی راگەیاند، "بەمزووانە ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبێتەوە".
 
رۆژی دووشەممە، 23-12-2024، سەرچاوەیەک لەنێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا ئەنەکەسە، بە رووداوی راگەیاند "پەیاممان داوەتە نێوەندگیرانی ئەمریکی، کە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا، ئامادەی دانووستاندنی کوردی – کوردییە". گوتیشی، "رەنگە سەرەتا کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بکرێت، دواتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی نێو پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد ( پەیەنەکە)".
 
ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو جەختیکردەوە، "بۆ کۆبوونەوەکان چاوەڕوانین کاتێک دیاری بکرێت لەلایەن نێوەندگیران و لایەنی بەرامبەر".
 
لەوبارەوە کۆڤان کەنعۆ، سکرتێری پارتی رۆژ، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، ئاشکرایکرد "بەمنزیکانە ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبێتەوە بۆ پرسی یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکان".
 
سکرتێری پارتیی رۆژ جەختدەکاتەوە "ئێمە وەکو پارتەکانی نیو پەیەنەکە، زیاتر لە 20 کۆبوونەوەمان کردووە، لە هەموو کۆبوونەوەکاندا جەختمان لەسەر پیویستیی یەکڕیزیی نیوماڵی کورد و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەنەکەسە کردووەتەوە".
 
پڕۆژەیاسای رەفتاری گشتیی حکومەتی رزگاریی سووریا
 
پرۆژەیاسای ئادابی گشتیی حکومەتی رزگاریی دەستەی تەحریری شام، جارێکی دیکە کەوتووەتەوە نێو گەنگەشەی رۆشنبیرانی سووریا، رەخنەی زۆری لێدەگیرێت و دەڵێن بەتەواوی بیرکردنەوەی حکومەتێکی دینی تێدایە.
 
پڕۆژەکە بە نافەرمی لە ساڵی 2021 باسی کرا، بەڵام دەقەکەی بڵاونەکرابووەوە، 21-12-2024 دەقی پرۆژەکە بڵاوکراوەتەوە، وردەکاریی زۆری تێدایە، ئەوانەی بڵاویان کردووەتەوە رەخنەی تووندی لێدەگرن، هەندێک دەڵێن، ئەوە هیچ کات بە فەرمی بڵاونەکرایەوە، و راست نییە.
 
رۆژی هیوا جەمال هەندێ لە ماددەکانی دەقی ئەو پرۆژەیاسایە بڵاودەکاتەوە، ناوی ( پرۆژەیاسای رەفتاری  گشتی لە حکومەتی رزگاریی سووریا، بەعەرەبی ( مشروع قانون الآداب العامة من حكومة الإنقاذ ال سوریة)، هەندێک نێویان ناوە یاسای ئەخلاق.
پڕۆژەیاساکە لە 128 ماددە پێکهاتووە بەسەر پێنج بەش دابەشکراوە، کۆمەڵێک رێسا و بڕگەی پەیوەست بە سیستەمی ئەخلاقی و رەفتاری کۆمەڵگەی تێدایە.
 
رەشنووسی یاسا رەفتاری گشتی بەسەر چەند بەش و دەروازەدا دابەشکراوە بەگشتی باس لەمانە دەکات؛ قەدەغەکردن و سەرپێچییەکان لە چوارچێوەی پۆلە جیاوازەکاندا دیاری کراوە، پێویستە هەرکەس لێی دووربکەوێتەوە، وەک قەدەغەکردنی ئایینی، پێشێلکردنی رەفتاری گشتی، پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە ئاژەڵ، سەرپێچیەکانی هۆڵی هاوسەرگیری و بۆنەکان، سەرپێچییەکانی مۆڵ و بازاڕەکان، پێشێلکردنی یاسای چێشتخانە و کافێکان، پێشێلکردنی یاساکانی باخچە، پارکە گەشتیارییەکان و مەلەوانگە و رێگەوبانەکان.
بە گوێرەی پرۆژەکە پۆلیسی ئادابی گشتی - ئەخلاق، بەرپرسیارە لە دەرکردنی پێشێلکاری دژی کەسانی پابەند نەبوو.
 
 
محەممەد عەلی سەلمان: ئەو کەسەی یەکەمجار نەخشەی ئەمریکای کێشاوە، کوردە
 
محەممەد عەلی سەلمان، گەنجێکی سۆرانە و کتێبێکی بەناوی "رەئیس پیری، ئەو کوردەی ئەمریکای دۆزییەوە"، بڵاوکردووەتەوە. 
محەممەد عەلی رۆژی دووشەممە میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، بە رووداوی گوت: "هەموو کتێب و بەڵگەنامەکان دان بەوەدا دەنێن کە رەئیس پیری، نەخشەی ئەمریکای داتاشیوە، لە کاتێكدا کۆڵۆمبۆس هیچ نەخشەیەکی نەبووە، کە چووە ئەمریکا نەیزانی ئەو کیشوەرە چەند گەورەیە و هەر وایدەزانی هیندستانە، بەڵام رەئیس پیری نەخشەی بۆکێشاوە، نەخشەی چیاکانی کێشاوە، تانەنەت پلەی گەرمی و جۆری ئاژەڵەکانی کێشاوە".
 
ئەو گەنجە کوردە گوتی، "هەموو ئەمریکا و ئەورووپا دەستی ئەو زانا کوردە ماچ دەکات، لەسەر نەخشەکە رەئیس پیری خۆی ناوی لەسەر نەخشەکە نووسیوە و سێ نوقتەی داناوە لەژێر (پیری)، هەروەها خۆی نووسیویەتی بەرازی".