رۆژی هیوا جەمال دەیان بەڵگە لەبارەی سلێمانی بڵاودەکاتەوە
رۆژی شەممە، 21-12-2024ـی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) دەیان بەڵگە لەبارەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بڵاودەکاتەوە، بەڵگەکان فەرمانی دامەزراند، کڕینی ئوتۆمبێل و زیادکردنی پێشینە و خەرجکردنی پارەیان تێدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆرترین دەسەڵاتی بە پارێزگاری سلێمانی بەخشیوە. پاش کەمێکی دیکە وردەکاری دەبیستن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چوار رۆژی و لە میانی 34 نووسراودا دەیان دەسەڵات دەداتە پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە بۆ دامەزراندن و کڕینی ئامێر و ئۆتۆمبێل و پێداویستی هەردوو پارێزگەی سلێمانی هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان.
رۆژی هیوا جەمال 34 بەڵگەی دەستکەوتووە کە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچوون و بە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتەکان شۆڕکراونەتەوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان کە کۆپییەکیان لای رۆژی هیوا جەمالە، لە 25ی تەمووز یەک فەرمان، لە 29ی تەممووز 21 فەرمان، لە 6ی ئاب پێنج فەرمان و لە 7ی ئابی ئەمساڵ حەوت فەرمان و دەسەڵات لەبەرژەوەندی پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین واژۆ کراون.
کۆمەڵێک فەرمانی پێدانی دامەزراندنی بە گرێبەست تێدایە، بۆ نمونە دامەزراندنی پێنج فەرمانبەری بواری یاسایی لەسەر میلاکی پارێزگەی سلێمانی دیوانی قایمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، دامەزراندنی 49 رووپێوکار بە گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی کشتوکاڵ، دامەزراندنی 80 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلیمانی.
لە فەرمانەکەی 25ی تەمووزی ئەم ساڵ دەسەڵات دراوە بە پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، فەرمان دەربکەن بۆ گواستنەوەی راژە و تەنسیب بۆ فەرمانبەران لە فەرمانگە حکومییەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان جگە لە راژەی سەربازی بۆ ماوەی دوو ساڵ. هەروەها نووسراوە فەرمانەکە وەزارەتەکانی پیشمەرگە و خوێندنی باڵا ناگرێتەوە.
لە فەرمانەکانی 29ی تەممووزی ئەمساڵ کە 21 فەرمانە کۆمەڵێک بڕیار و دەسەڵاتی جیاوازی تێدایە، گرنگترینیان ئەمانەن؛ دەسەڵات دراوە بە پارێزگاری سلێمانی ئیفادی فەرمانبەرانی ناو پارێزگە بکات بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی 30 رۆژ، بەڵام بەمەرجێک پلەیان لە خوار بەڕێوەبەری گشتی بێت.
فەرمانێکی 29ی تەممووز رەزامەندی دراوە بە دابینکردنی 15 ئۆتۆمبێل بۆ جێگری پارێزگاری سلێمانی، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنووری پارێزگەکە.
بەگوێرەی فەرمانێکی دیکەی 29ی تەممووز رەزامەندی دراوە بە تەرخانکردنی رێژەی 30٪ی داهاتی پارێزگەی سلێمانی ( دیوانی پارێزگە و کاروباری هونەری) بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان، و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگار بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە.
هەر لەو بڕیارانەی تەممووز کۆمەڵێک پێشینە زیادکراون، بۆنموونە بە بڕیاری ژمارەی 9657 و رۆژی 29ی تەممووزی ئەم ساڵ، رەزامەندی دراوە بە زیادکردنی پێشینەی مانگانەی بەردەستی پارێزگاری سلێمانی لە 10 ملیۆن دینارەوە بۆ 20 ملیۆن دینار، هەروەها لە فەرمانێکی دیکەدا پیشینەی دیوانی پارێزگا زیادکراوە لە 17 ملیۆن و 500 هەزار دیناروە بۆ 30 ملیۆن دینار و دەسەڵات دراوە بە پارێزگار بۆ خەرجکردنی 10 ملیۆن دینار پاداشتی کارمەندانی شایستە. جگە لەوە پێشینەی مانگانەی کاروباری هونەری پارێزگای سلێمانی لە پێنج ملیۆن دیناروە بۆ 10 ملیۆن دینار زیاد کراوە.
لە فەرمانێکی دیکەی 29ی تەممووزدا رەزامەندی دراوە بە زیادکردنی پێشینەی کتوپڕی دیوانی پارێزگەی سلێمانی لە 35 ملیۆن دینارەوە بۆ 100 ملیۆن دینار و دەسەڵات دراوە بە پارێزگار 10 ملیۆن بۆ هاوکاری ئەو کەسانە خەرج بکات کە لەکاتی کارەستدا هاوکاریی دامەزراوە حکومیەکان دەکەن.
هەمان رۆژ و بە فەرمانێکی دیکە پشینەی قەزاکان و پێشینەی کتوپڕی قەزاکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان زیادکراوە هەریەکەیان بە بڕی جیاجیا کە کەمترینەکەیان یەک ملیۆن دینارە.
لەو 21 فەرمانەی رۆژی 29ی تەممووز دەسەڵات دراوە بە پارێزگەی سلێمانی بۆ نوێکردنەوە و بەکرێدانی سێ بەنزینخانە لە دەربەندیخان، عەربەت و رانییە.
لەبارەی پرۆژەکانی پارێزگەی سلێمانی دەسەڵات دراوە بە پارێزگار بۆ خەرجکردنی زیاتر لە پێنج ملیار دینار وەک وەفری پرۆژەکانی پارێزگای سلێمانی. هەر لە 29ی تەممووز چەندین دەسەڵاتی دیکەی تێدایە.
لە 6ی ئابی ئەمساڵ پێنج فەرمان و دەسەڵات واژۆکراون، هەموو فەرمانەکان ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران واژووی کردوون و ئاماژەی بەوە کردووە لەسەر رەزامەندی سەرۆکوەزیران بڕیارەکان دەرکراون.
بەگوێرەی فەرمانێکی 6ی ئاب، رەزامەندی دراوە بە دامەزراندنی 80 فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.
هەر لەبارەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رەزامەندی دراوە بە گۆڕینی بڕوانامەی ئەو فەرمانبەرانەی دەبێت بڕوانامەکانیان بگۆڕن.
لە فەرمانێکی دیکەدا بڕیاردراوە بە زیادکردنی پێشینەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە 210 ملیۆن دینارەوە بۆ 350 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.
لە فەرمانێکی دیکەی هەمان رۆژدا رەزامەندی دراوە بە خەرجکردنی 100 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی دەربەندیخان بەمەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی یانە نایابەکانی عێراق.
وادیارە بڕیارەکانی رۆژی 6ی ئاب هەمووی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەرچوون، چونکە لە فەرمانێکی دیکەدا رەزامەندی دراوە بۆ کڕینی 14 ئامێری کارکردن وەکو گرێدەر، گەڵابە، کاسیحە، شۆڤڵ و هەندێکی دیکە، بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.
بەگوێرەی نووسراوەکان، بەشی زۆری فەرمانەکانی رۆژی 7ی ئابی ئەمساڵ بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەرکراون.
لە 7ی ئابی ئەم ساڵ، حەوت فەرمانی دیکە دەرکراون ئەوانیش پەیوەندییان بە دامەزران و کۆمەڵێک دەسەڵات هەیە بۆ پارێگای سلێمانی لەوانە، دامەزراندنی 35 کەس بەشێوەی گرێبەست بۆ بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا.
لە فەرمانێکی دیکەدا رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی شەش ملیۆن دۆلار دراوە بۆ دابینکردنی پێنج ئامێر و ئوتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و رزگارکردن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەگوێرەی فەرمانێکی دیکە رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی 68 هەزار و 900 دۆلار دراوە بۆ کڕینی ئامێری ئێکس رەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی.
هەر لە رۆژی 7ی ئابی ئەمساڵ رەزامەندی دراوە بە خەرجکردنی بڕی زیاتر لە 522 ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی رووپێویی فڕۆکەوانی کە لەلایەن کۆمپانیایەکی فەرەنسی ئەنجامدەدرێت.
جگە لەوانەی هەندێ رەزامەندی دیکەی تێدایە بۆ کڕینی ئوتۆمبێل و پێداویستی دیکە.