رۆژی هیوا جەمال؛ ئایا ئامێرەکەی سەر مێزی رەئیسی "پەیجەر"ـە؟

19 September 2024
رۆژی هیوا جەمال؛  ئایا ئامێرەکەی سەر مێزی رەئیسی "پەیجەر"ـە؟

لە بەرنامەی رۆژی 19-9-2024ـی رۆژی هیوا جەمال، هەواڵێکی جیهانی فاکت چێکینگی بۆکراوە ئاخۆ ئەو ئامێرەی لەسەر چەند وێنەیەکی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دانراوە پەیجەرە یاخود نا؟

رۆژی هیوا جەمال بەدواداچوون بۆ کێشەی 31 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دەکات، نوێنەرێکیان روونیکردەوە کە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە، بۆ ئەوەی "داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێت، بەڵام وەزارەتەکە وەڵامی نەداوەتەوە".

پێشڕەو خالید داوا دەکات، "چۆن داواکاریی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر کرا، فەرمانبەرانی گرێبەستیش گوێیان بۆ بگیرێت و بکرێنە هەمیشەیی".

رۆژی پێنجشەممە، 19-9-2024 بەرنامەیەکی نوێی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێشکرا، یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت بوو بە فەرمانبەرانی گرێبەست. 

داواکاریی 31 هەزار فەرمانبەری گرێبەست

نزیکەی سێ ساڵە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە 2819 ناو و زانیاریی 28 هەزار و 695 فەرمانبەری گرێبەستی ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئێستا ژمارەیان زیادیکردووە، داوادەکەن دابمەزرێن.

بە گوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی، بڕی بودجەی پێویسیت بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست نزیکەی 11ملیار دینارە، واتە لە سەتا 0.1 کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

فەرمانبەرێکی گرێبەست نامەیەکی تایبەتی بۆ رۆژی هیوا جەمال ناردووە و نووسیویەتی؛ 12 ساڵە گرێبەستم، ئێستا تەمەنم بووە بە 41 ساڵ، چوار مانگ لەمەوبەر گوتیان 15 رۆژی دیکە لیژنەیەکیان دروستدەکەین بۆ کارکردن لەسەر گرێبەستەکان، کەچی تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی روون نییە.

لەوبارەوە پێشڕەو خالید، یەکێک لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، روونیکردەوە "ئێستا 31 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەن، ئاماژەی بەوەش کرد "لەسەرەتای کابینەی نۆیەم، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی (5890) ـی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە، تا وەڵامی داواکارییەکانی فەرمانبەرانی گرێبەست بدرێتەوە لەماوەی دوو هەفتەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی نووسراوەکە نەدراوەتەوە، پێویستە وەزارەتی دارایی وەڵامی نووسراوەکە بداتەوە".

مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە؛ پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنوێنیی هەبووە هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست خاوەنی سێ ساڵ خزمەت بێت، دوای ئەو ماوەیە دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی، بەڵام ئەمە راگیراوە. ئەو نوێنەرە کە 15 ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە و دانەمەزراوە، نموونەی هەزاران فەرمانبەری دیکەی گرێبەستە کە چاوەڕوانی دامەزراندنن، ئەو دەڵێت "ژمارەی فەرمانبەرانی گریبەست زۆر بووە، بۆیە رێنماییەکەش کاری پێناکرێت".

گوتیشی: "لە عێراق بڕیارێک دەرکراوە، فەرمانبەرانی گرێبەست دوای 5 ساڵ راستەوخۆ دەکرێنە هەمیشەیی، بەڵام لە کوردستان بەردەوام لیژنەمان بۆ پێکدەهێنرێت و هیچ ئەنجامێکیشی نابێت".

لەبارەی مافەکانیان وەک فەرمانبەری گرێبەست، گوتی، "وەک فەرمانبەرێکی پلە دوو هەژمار دەکرێین، مۆڵەتی خوێندن، دایکایەتی و مۆڵەتی گەشتکردنمان نییە، هیچ مۆڵەتێک فەرمانبەری گرێبەست ناگرێتەوە". گوتیشی "مووچەمان زیاد ناکرێت، بگرە کەمیش کراوەتەوە".

پێشڕەو خالید، بەناوی فەرمانبەرانی گرێبەست لە رێگەی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال داوای کرد، "ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی داواکارییەکەمان بداتەوە، گوێمان لێبگرن و گرێبەستەکەمان بکەنە هەمیشەیی".

پرۆفیسۆرێکی کورد دەچێتە لیستی 2% زانایانی جیهان

پرۆفیسۆر د. عەزیز بەرزنجی، لە نوێترین ریزبەندیی جیهانیی زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی نێوی چووەتە لیستی 2% زاناکانی جیهان.

د. عەزیز بەرزنجی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی؛ سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، دژایەتییەکان، قسەو قسەڵۆك و نەبوونی هاندان، سوپاس بۆ خوای گەورە، بۆ ئەم ساڵیش (2024) زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی ناوی بەندەی لە ریزی 2%ـی زانایانی جیهان داناوە.

دکتۆر عەزیز بەرزنجی لە زانکۆی سۆران کاردەکات لەنێو 5 رێکخراوی متمانەپێکراوی جیهانیی ئەندامە. کاری کردووە بۆ دۆزینەوەی نوێترین چارەسەر بۆ شێرپەنجە لە رێگەی نانۆ پارتیکڵەکان. هەروەها کاریکردووە بۆ خۆ نوێکردنەوەی باڵەخانەکان هەر لە رێگەی نانۆ پارتیکڵەکانەوە.

لەبارەی بەدەستهێنانی نازناوەکەوە، د. عەزیز بەرزنجی، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، گوتی، "بەپێی داتای یونیسێف، 10 ملیۆن توێژەر لە سەرتاسەری جیهان هەن، 2%ـی ئەو توێژەرانە، دەکاتە 200 هەزار توێژەر، منیش لەنێو ئەو 200 هەزارەدا ناوم هاتووە".

ئەو پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆیە روونیکردەوە "بۆ ئەو ناسناوە، پێشکێشکردن نییە، بەڵکو خۆیان دێنە نێو داتا و پرۆفایلەکانمان لە گووگڵ سکوولەر، ئەو کەسانە دەبێت لە زانستی پراکتیکی بن، ئەو کارانە دەکەن کە خزمەتی کۆمەڵگە دەکەن، بۆیە ئەوان خۆیان ئەو زانایانە هەڵدەبژێرن".

ئەو پرۆفیسۆرە کوردە خاوەنی 130 توێژینەوەیە، 27 توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهان وەکو سەرچاوەی بەکاردێن، توێژینەوە و بابەتەکانی دوو هەزار و 375 جار وەکو سەرچاوە بەکارهێنراون.

لەبارەی بەکارهێنانی تەنۆلکەکانی نانۆ بۆ دژە شێرپەنجە دەڵێت، "لەگەڵ گرووپێکی بەهێزی بایۆلۆجی توێژینەوەمان ئەنجامدا، تەنۆلکەکانمان کە بەشێوەی گرین دروست کردبوو، بەکاریانهێنا بۆ لەنێوبردنی خانەکانی شێرپەنجە، تەنۆلکەکان ئەوەندە بچووکن، تەنیا دەتوانن خانەکانی شێرپەنجە لەنێو ببەن و خانەکانی دەورووبەری بە سەلامەتی دەهێڵنەوە".

د. عەزیز بەرزنجی باسی لەوەشکرد، "گرووپەکەمان تاکە گرووپ بوو نانۆ پارتیکل بە شێوەی گرین بۆ لەنێوبردنی شێرپەنجە بەکاربهێنێت، تەنۆلکەکان لە رووەک دروست دەکەین".

رێکخراوێک ژنان دەکاتە رۆژنامەڤان

وەزارەتی ئەورووپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا لەرێگەی رێکخراوێکی فەرەنسییەوە هاوکاری ژنان دەکەن ببنە رۆژنامەڤان.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 19-9-2024 رێکخراوەکە ستۆدیۆیەکی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی ڤۆدکاست بکاتەوە، بەگوێرەی بانگهێشنامەی کردنەنەوەکە، یەکەمین ژنانی بەرهەمهێنەر و ڤۆدکاستەر ستۆدیۆی دەنگی ژنان بەبێ سنوور دەکەنەوە.

پرۆژەی دەنگی ژنان بە بێ سنوور، بە دەستپێشخەریی رێکخراوی ئاژ بۆ هاوکاری مرۆیی و رۆژنامەڤانییە، بە پاڵپشتی دارایی کاروباری دەرەوەی فەرەنسا، بارەگایەک دەکاتەوە بە مەبەستی راهێنان و بەرهەمهێنانی میدیایی ژنان.

رێکخراوەکە هاوکات ژمارەیەک کچی ئێزدی دەناسێنێت، لە دوای رزگاربوونیان لە دەستی داعش، راهێنانی رۆژنامەڤانییان پێکراوە.

شەیدا حیسامی، سەرۆکی رێکخراوی ئاژ بۆ هاوکاری مرۆیی و رۆژنامەوانی ، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال گوتی "350 ژن لە هەرێمی کوردستان و عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە راهێنانیان پێکراوە، رێکخراوەکەمان فەرەنسییە، لە 10 وڵات ئۆفیسمان هەیە، لە 2019ـەوە لە هەرێمی کوردستانین."

گوتیشی، "مەبەستی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە لە رێگەی رۆژنامەڤانی هێز بدەینە ژن پێگەی خۆی بدۆزێتەوە".

وەک حیسامی ئاماژەی پێدەکات، "ئەوانەی راهێنانمان پێکردوون، زۆربەیان کاریان دەستکەوتووە و لەکاردان".

لەبارەی کردنەوەی ستۆدیۆیەکی ڤۆدکاست لە هەولێر بۆ ژنان گوتی "مۆدێلێکی نوێیە، لە ڤیدیۆ کاست هاتووە، کەناڵێکی یوتیوبە و ستۆدیۆکە لە چوارچێوەی راهێنانی ژنانە بۆ کاری رۆژنامەڤانی".

ساخکردنەوەی هەواڵێکی جیهانی؛ ئایا ئیبراهیم رەئیسی پەیجەری بەکارهێناوە؟

وەک بەرنامەکانی رابردوو، لە بەرنامەکەیدا هیوا جەمال هەواڵێکی جیهانیی ساخکردەوە لەبارەی ئەو وێنانەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران کە بڵاوکراونەتەوە و گواتە "پەیجەر"ـی بەکارهێناوە.

وێنەیەک بڵاوبووەتەوە لەسەر مێزێکی بچووکی تەنیشت ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دەگوترێت، ئامێرێکی پەیجەرە، بەشی فاکت چێکینگی رۆژی هیوا جەمال لێی کۆڵیوەتەوە، ئەوەی دانراوە پەیجەر نییە و تەنیا کاتژمێرە.

محەممەد جەمشیدی، یاریدەدەری سیاسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە ئەوکاتنی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی؛ ئەوەی لەسەر مێزی تەنیشت شەهید رەئیسی دانراوە، تەنیا کاتژمێرێکە و هیچی دیکە، ئەوەی بدرەوشێتەوە زێڕ نییە، ئەوە وێنەیەکە لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری پێشووی دەرەوەی پاکستانە.

بە گوێرەی بەشی فاکت چێکینگی رۆژی هیوا جەمال، لەچەندین وێنەدا ئەو ئامێرە بچووکە دەردەکەوێت، لەهەندێ وێنەدا کاتی کۆبوونەوەکە نووسراوە. یەکێکی دیکە لەو وێنانەی بڵاوبوونەتەوە، لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە 22ی یەکی 2022 دانراوە، کۆمەڵێک وێنەی رەئیسی و باڵیۆزی بڕۆنای بڵاوکراوەتەوە لەچەندین وێنەدا ئامێرەکە دەردەکەوێت.