رۆژی هیوا جەمال؛ ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس 'غەزەبی خودایە؟'
تەوەرێکی بەرنامەی ئەمڕۆی رۆژی هیوا جەمال، ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بوو کە مامۆستایەکی ئایینی لە ناشڤیڵی ئەمریکاوە قسەی لەسەر کرد، بەتایبەتی لەبارەی ئەو قسەیەی کە لەنێو خەڵکیدا ئێستا دەکرێت و ئاماژە بەوە دەکرێت، ئاگرەکە غەزەبی خودا بێت.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی یەکشەممە، سەردانی بەغدا دەکات، لە سەردانەکەیدا کۆمەڵێک دۆسیە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێدەکات. لەم بەرنامەیەدا ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو.
هەر لەو بەرنامەیەدا، پزیشکێکی دهۆک بووە میوان، کە توێژینەوەیەکی لە ریزبەندی 10 باشترین توێژینەوەکانی جیهان دەستنیشانکراوە.
ئەجێندای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چییە
ئەمرۆ یەکشەممە نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات ئێوارە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات کە بڕیارە هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی عێراق لەو کۆبوونەوەیە ئامادە بن، رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2025. پێشتر لە 2024 دوو جار سەردانی بەغدای کردووە.
رۆژی هیوا جەمال ئەجێندای سەردانەکەی بڵاوکردەوە کە خۆی لە چەند تەوەرێک دەبینێتەوە، لەنێویاندا:
-هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
-بودجە و مووچە
-هەناردەکردنەوەی نەوت
-داهات و کێشەی دەروازەکانی سنوور
-کێشەی ماددەی 140 و ناوچە دابڕێندراوەکان
ئاگری لۆس ئەنجلس
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە، 16 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا هۆشداریان دا کە چاوەڕێ دەکرێت ئاگرەکەی دەوروبەری شاری لۆس ئەنجلس لەو ویلایەتەی رۆژئاوای ئەمریکا، بەهۆی خێرایی رەشەباوە فراوانتر بێت.
سەڵاح عوسمان، مامۆستای ئایینی لە شاری ناشڤیڵی ئەمریکا بەشداریی لە رۆژی هیوا جەمال کرد، ئاماژەی بەوە کرد "هەڵە تێگەیشتن لە دەقەکانی قورئان هەیە و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ دەکرێت، بە تایبەتی ئەو دەقانەی باسی بەڵا و موسیبەت دەکەن، نابێت تەفسیری هەڵەیان بۆ بکرێت".
ئەو مامۆستا ئایینییە دەڵێت "بەڵا لە هەر کوێ بەسەر کەسانێکدا دێت، مانای ئەوە نییە کە خودا رقی لەو کەسەیە یان رقی لێ نییە".
بەگوتەی مامۆستا سەڵاح عوسمان "ئەگەر ئەو ئاگرە تووڕەیی خودا بێت، زۆر شوێنی دیکە هەیە کە گوناهی زیاتریان تێدایە، دەبوو ئەو شوێنانە بەر لەو ئاگرە بسووتێن، ئەگەر خودا لە دونیا سزای گوناهەکان وەربگرێت، رۆژی دوایی هیچ بەهایەکی نامێنێتەوە".
گوتیشی "نابێت مرۆڤەکان لە جیاتی خودا بڕیار بدەن و حوکمی خودا بەسەر خەڵکیدا بسەپێنرێت".
بەڕێوەچوونی یاریی کلاسیکۆ.. بارسێلۆنا یان ریال مەدرید کێ دەبێتە براوە؟
تەوەرێکی دیکەی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، باسکردنی بەڕێوەچوونی یاریی کلاسیکۆ بوو، کە بڕیارە ئەمشەو کاژێر 10:00 بە کاتی هەولێر لە سعودیە بەڕێوەبچێت.
سامان وڵاتژێری، پێشکێشکاری دێسکی وەرزشیی رووداو، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بۆ ئەم کلاسیکۆیە "ریال مەدرید زیاتر ئامادەیە"، بەڵام کەشی نێو یاریگە بابەتێکی دیکەیە و رەنگە ئەنجامەکان پێچەوانە ببنەوە.
فاکت چێکی دیمەنەکانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس
دوای ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین دیمەنی جیاواز بڵاوکراونەتەوە و لەسەریان نووسراوە، ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس، بەڵام بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بەدواداچوونی بۆ بەشێک لەو دیمەنانە کردووە، دەرکەوتووە بەشێکیان ناڕاستن و هی پێشتر و وڵاتانی دیکەن، بەناوی لۆس ئەنجلس بڵاودەکرێنەوە.