رۆژی هیوا جەمال.. وردەکاریی دابەشکردنی سووریا بەسەر چوار هەرێم
لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، سیناریۆی دابەشکردنی سووریا بەسەر چوار هەرێم خرایەڕوو کە ئێستا ئەگەرێکی زۆرە و بۆ دۆخی نوێی سووریا باسی دەکرێت.
تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکە، خستنەڕووی وردەکاری و ژمارەکان بوو لەبارەی ساڵێکی دارایی هەرێمی کوردستان. هەر لە بەرنامەکەدا، هیوا جەمال فاکت چێکی بۆ دیمەنێک کرد کە چەند رۆژێکە بڵاودەکرێتەوە و باس لەوە دەکرێت، وەزیری بەرگریی سووریا لە حکومەتی راگوزەر پەیکەرێکی حەزرەتی مەریەم دەشکێنێت.
وردەکاریی پارەی مووچەی ساڵێکی هەرێمی کوردستان
بەم نزیکانە شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا، گفتوگۆی مووچە و بودجە دەکات، رۆژی هیوا جەمال زانیاری لەبارەی مووچەی ساڵێکی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، بڕی زیاتر لە 823 ملیار دینار لەلای حکومەتی فیدراڵیی عێراق ماوە کە پشکی مووچەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام خەرجی نەکردووە.
هیوا جەمال، پێشکێشکاری بەرنامە لە رێگەی ڤیدیۆوۆڵەوە، وردەکاریی ساڵێکی دارایی خستەڕوو.
لە دوو رۆژی رابردوو 2077 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە
بەگوێرەی ئەو داتایانەی رۆژی هیوا جەمال لە نەخۆشخانەی هیوا دەستی کەوتوون، تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە و، نزیکەی 60 کەسیان نەخۆشی نوێ بوون.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا 2077 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، کە 58 لەوانە یەکەم جاریان بووە سەردانی نەخۆشخانەکە بکەن و وەکو نەخۆشی نوێ تۆمارکراون.
رۆژی هیوا جەمال، داتای وردەی لەبارەی سەردانی تەنیا دوو رۆژی نەخۆشخانەی هیوا خستەڕوو.
د. دڵشاد محەممەد، پسپۆری دەرمان و ژەهرزانی، میوانی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بوو، ئاماژەی بە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە کرد و رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان هۆکار زۆرن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە".
وەک ئەو پسپۆڕە باسی کرد "ژینگە و هەوای پیس، زۆریی رێژەی ئۆتۆمبێل، خواردنی قوتووکراو و خێرا، تەنانەت شێوازی بەکارهێنان و خواردنی میوە و سیستمی خەوتن لە کوردستان هۆکارن بۆ شێرپەنجە".
بەگوێرەی ئامارەکان، لەماوەی چوار ساڵی بەدوای یەکدا نزیکەی 57٪ـی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، تەنیا لە ساڵی رابردوو 911 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
سیناریۆی دابەشکردنی سووریا بەسەر چوار هەرێم
رۆژی پێنجشەممە، 9-1-2025، کۆبووونەوەیەکی ئەمریکی-ئەورووپی لەبارەی سووریا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، بەڕێوەبردنی سووریا ئەجێندای کۆبوونەوەکەیە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دابەشبوونی سووریا بەسەر چوار هەرێمدا دەخەنەڕوو.
کۆبوونەوەکە لە رۆمایە و بەشدارانی بریتین لە وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا.
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پێنجشەممە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ناوخوی ئیتاڵیا سەرۆکایەتیی دەکرێت.
پێشکێشکاری بەرنامە لەسەر نەخشە سیناریۆی دابەشکردنی سووریای بەسەر هەرێمی (جزیرە) و هەرێمی سوەیدا و هەرێمی لازقیە و هەرێمی حەلەب روونکردەوە.
فاکتچێکی شکاندنی پەیکەری حەزرەتی مەریەم لە سووریا
دیمەنێک بڵاوبووەتەوە پەیکەرێکی حەزرەتی مەریم لە سووریا دەشکێندرێت، دەگوترێت کەسەکە وەزیری ئێستای بەرگریی سووریایە، رۆژی هیوا جەمال فاکتچێکی دیمەنەکە دەکات.
رۆژی هیوا جەمال دەڵێت؛ ئەم هەواڵە راست نییە، دیمەنی ڤیدیۆییەکە کۆنە و تازە نییە.
وردەکاریی فاکت چێکەکە، لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال ببینن.
کتێبی "دەروازەیەک بۆ جیۆلۆجیای هەرێمی کوردستان" بڵاوکرایەوە
دوو توێژەری زانکۆی سۆران کتێبێک بڵاودەکەنەوە بە ناوی دەروازەیەک بۆ جیۆلۆجیای هەرێمی کوردستان، کتێبەکە لەلایەن هەریەک لە بژار عەبدولمەناف و ئەرکان عوسمان نووسراوە. کتێبەکە یەکەم بەرهەمی زانستیی زەویناسییە بە زمانی کوردی لەبارەی پێكهاتە جیۆلۆجییەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئەم کتێبە وەکو رێنیشاندەرێکی زانستی و مەیدانی بەکاردێت بۆ زانستخوازان کە دەیانەوێت لەبارەی زەویناسیی هەرێمی کوردستان کاربکەن.
هەردوو توێژەران میوانی رۆژی هیوا جەمال بوون و وردەکاریی کتێبەکەیان خستەڕوو.