پەنجەمۆر لەگەڵ کاکشار ئورەمار نووسەر و لێکۆڵینڤان – بەشی یەکەم

17 July 2024
پەنجەمۆر لەگەڵ کاکشار ئورەمار نووسەر و لێکۆڵینڤان – بەشی یەکەم

"پێنج سەت ساڵە هیچ سەرکردەیەکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە مردنی خۆی نەمردووە، بەڵکو بە فێڵ لەلایەن دووژمنانییەوە براونەتە سەر مێزی گفتوگۆ و خافڵگیرکراون و کوژراون"، ئەمە قسەی لێکۆڵینڤانیکی کوردە کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ژیانی سمکۆی شکاک، بنەماڵە و شۆڕشەکەی لێکۆڵینەوەی کردووە، ئەویش کاکشار ئۆرەمارە.

ناوەندی نیشتەجێبوونی عەشیرەتی شکاک دەورووبەری گۆلی ورمێیە، بەڵام لە شاری وان و دەورووبەری سێ سنووریش بڵاوبوونەتەوە، تەنانەت پەڕیونەتەوە بۆ چیای کورد (چیای کرمێنج) لە عەفرین و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان.

سمکۆی شکاک کە لە هەڕەتی لاوێتی دا دەبێت، جڵەوی عەشیرەتەکەیان دەخاتە دەستی خۆیەوە، ئیتر ئەستێرەی بەختی دەدرەوشێتەوە، بەڵام لە ناوچەیەک دا کە بەردەوام دووژمنایەتی دەکرێت لەلایەن خەڵکانێکەوە کە لە چاو ئەودا خوێندەوارترن، هەروەها خاوەن هێز و پشتیوانیی دەوڵەتن، بۆیە بەناچاری تاوەکو ئەوکاتەی لە پیلانێک دا لە ساڵی 1930 دەکوژرێت بەردەوام لەمبەر و ئەوبەردا بووە، هەندێک جار ناچاربووە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و نەتەوەکەی دەست بۆ پشتێنی نامەردیش بەرێت.

لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا، باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی مێژووییمان کردووە لە پەیوەندی سمکۆ و بارزان، پەیوەندی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید، لەگەڵ رووس، لەگەڵ ئێرانییەکان و ئینگلیز، لەسەر هەڵە و تاکتیک و تێڕوانینی سمکۆ بەتایبەتی سەبارەت سیاسەت و رۆشنبیری و دیپلۆماسی.

بۆ یەکەمین جاریش کاکشار ئورەمار بە پێچەوانەی مێژوونووسانی وەکو کەمال مەزهەر و مێژوونووسانی دیکەی کورد و بیانی، قسەی جیاواز لەسەر کوشتنی مارشەمعون هەیە! هەروەها باسی تاڵانکردنی شاری مهاباد لەلایەن سوپاکەی سمکۆ بە پڕوپاگەندە دادەنێت.