پەنجەمۆر لەگەڵ محەممەد عەلی ئاسڵان – بەشی دووەم

26 June 2024
پەنجەمۆر لەگەڵ محەممەد عەلی ئاسڵان – بەشی دووەم

پەنجەمۆر لەگەڵ محەممەد عەلی ئاسڵان – بەشی دووەم 

بۆچی ئەندامە کوردەکانی نێو پارتی کرێکارانی تورکیا دژایەتی محەممەد عەلی ئاسڵانیان دەکرد؟ 

رووداو: بەچ شێوەیەک سۆڤیێت پشتیوانی تورکیای کرد لە خامۆشکردنی شۆرشی ئارارات دا؟
 
محەممەد عەلی ئاسڵان: لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان قسەیان کردبوو، شۆڕشگێران ویستبویان لەگەڵ سۆڤیێت گفتوگۆ بکەین، بۆ ئەو مەبەستە تاوەکو سەر سنوور رۆیشتبوون، بەڵام رێگایان نەدابوو بچنە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە، ئاخر سۆڤیێت تاوەکو ئەوکاتەش هاوکاری ئەتاتورکی دەکرد، ئێ خۆی لە کۆنگرەی لۆزنیشدا هەموو وڵاتانی ئەوروپا دانیان بە کۆماری تورکیادا نابوو، سۆڤیێتیش لەلای خۆیەوە هاوکاری دەکردن، وەکو باسیشم کرد ساڵی ١٩٢٠ لە کۆنگرەی باکۆدا یەک نوێنەری کوردی تێدا نەبوو، لەبەر ئەوە سۆڤیێت رووی لە کورد نەکرد.


رووداو: حیزبی تاشناخی ئەرمەنی پشتیوانی و هاوکاری شۆڕشی ئاراراتی کرد؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: تاشناخ نا، بەڵام ئەرمەنی هەبوون هاوکاریان دەکرد، لەناو خۆیبونیشدا ئەرمەنی هەبوون، ئەوانە هەندێک هاوکارییان لۆجستیکیان کرد، بەتایبەتی ئەرمەنەکانی ئێران پیتاکیان کۆکردەوە و تەنانەت فۆرمی جەنڕاڵیان بۆ ئیحسان نووری پاشا و هەروەها بۆ سەرۆک عەشیرەت برۆی حسەکۆ تلی نارد.


رووداو: ئەوەی تۆ بزانیت ئاڵای خۆیبوون کێ دروستی کردووە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: من زۆر زانیاریم لەسەر ئاڵاکەیان نییە.


رووداو: چونکە هەمان ئەو ئاڵایەیە کە ئێستا لە باشووری کوردستان هەڵدەکرێت؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: راستە ئەوە دەزانم.


رووداو: بۆچی ئێران قبوڵی کرد ئیحسان نووری پاشا روو لە وڵاتەکەی بکات؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: ئەوە دوای تێکچوونی شۆڕشی ئارارات بوو، ئیحسان نووری پاشا داوای پەنابەری کرد، لە تاران دادەنیشت تاوەکو ساڵی ١٩٧٩ بە رووداوی ماتۆڕسیکل وەفاتی کرد.


رووداو: لە ساڵی ١٩٢٥ تاوەکو ١٩٣٨ چەندین سەرهەڵدان و شۆرش لە باکووری کوردستان بەرپا کران، بەڵام هچیاکامیان سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا، ئەم هەموو شۆڕشە بۆ، ئامانج لەو شۆرشانە چی بوو؟ 
 
محەممەد عەلی ئاسڵان: جیاوازیان هەیە، یەکەم سەرهەڵدان کۆچکرییەکان لە ساڵی ١٩٢٠ دەستیان پێکرد، داوای خودموختارییان دەکرد، ئەوکاتە پەرلەمان لە ژێر دەسەڵاتی مستەفا پاشادا بوو، قبوڵیان نەکرد، پیاوێکی خوێنخۆر بە ناوی تۆپاڵ عوسمان خەڵکی گرێسۆنی بوو، زۆرێک لە ئەرمەنی و رۆمەکانی بە ئازارەوە کوشت، هەندێکی هەر بەخنکاندن خنکاند، یەکێک لەوانە (باش وەکیلێک) بوو باوکی بەریتانی بوو، خەڵکێکی زۆر ئاوارە و پەرێشان بوون، تۆپاڵ عوسمان ماڵ و حاڵی داگیر دەکردن و دەیبرد لە گرێسۆنی بە تاڵانی دەبردن.


رووداو: ئەگەر باسی رۆڵی بەدرخانییەکان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد بکەین، رۆڵیان چی بووە؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: بەدرخان بەگ کورد بوو، بەڵام بەگی کورد وەکو پێشتر لەسەر ئیدریسی بەدلیسی قسەم کرد، دواتر کە سوڵتان مەحموود هات ویستی دەوڵەتێکی مۆدێرنتر دابمەزرێنێ، لەلایەک دەوڵەتێکی مەرکەزی هەبێت لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتێکی ناوچەیی هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش والیان دەنارد بۆ دەڤەری بەگەکان، بۆیە چەندین یاخیبوون کە بە یاخیبوونی بەگەکان ناسراوە روویاندا، یاخیبوونی خەڵکی نەبوو، مەسلەکە ئەوە بوو کاتێک بەگێک دەمرد دەبوو کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە، بەڵام بەناردنی والی بۆ ئەو دەڤەرانە، ئەو سیستمە هەڵوەشایەوە، بۆیە بەگەکان دەستیان بە یاخیبوون کرد، ئەوانە لەبەرخاتری خۆیان یاخیبوون بوون نەک لەبەر کوردایەتی، بۆیە ئەوەی بەدرخان بەگیش هەر دەچێتە ئەو قاڵبەوە، ساڵی ١٨٤٣ جاڕی حاکمیەتی خۆی دا، ئەوەش بەلای عوسمانییەکانەوە قابیلی قبوڵ نەبوو، ئەوەبوو سوپایان رەوانەی دەڤەرەکە کرد، بەدرخان بەگیان رەوانەی ئیستەنبووڵ کرد و لەوێ نیشتەجێیان کرد.


رووداو: واتە ئێوە دەڵێن بەدرخانییەکانیش وەکو بەگەکانی دیکە بوون، کوردایەتییان نەکردووە و خزمەتی خۆیان کردووە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: بۆ کوردایەتیان نەکردووە، چونکە ( ١٠٢٠) ئێزدییان کوشت، ئێ خۆ ئەوانەش کورد بوون، بۆچی کوشتنیان؟


رووداو: بەدرخان بەگ ئەو کوردە ئێزدییانەی کوشت؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: بەڵێ، ماڵ و موڵکەکەشیانی برد بۆ خۆی، کاتێکیش چووە ئیستەنبووڵ، بە خۆی و چوار ژن و چل منداڵ و سێ هەزار لە خزمەکانییەوە بەچی بەڕێدەوە دەچوون، بەو موڵک و ماڵەی کە لە ئێزدی و مەسیحییەکانی سەندبوو، بۆیە بە ئیسراحەت بەرێوە دەچوون. 

رووداو  ئێوە دەڵێن کورد ناسیۆنالیستی عەشیرەتیان هەبووە، نەک ناسیۆنالیزم بە مانای ناسیۆنالیزم، ناسیۆنالیزمی عەشیرەتی چییە؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: مەبەستم ناسیۆنالیزمی سەرەتاییە (میکرۆ میللیەتیچێتی)، چونکە کورد لەناو خۆیاندا رێککەوتنێکیان نەبووە، عەشیرەت لەپێش نەتەوەوە بوو، عەشیرەتەکان لەناوخۆیاندا یەکتریان رەتدەکردەوە، ئەوە عەشیرەتی جەلالییە، ئەوە عەشیرەتی فڵان و فیسارە. 

رووداو: ئەگەر بەراوردی نێوان شۆڕشی شێخ سەعید و شۆڕشی سەید رەزا بکەین، جیاوازییان چییە، سەید رەزایش لایەنی ئایینی دەگرت؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: یەکەم لەسەردەمی عوسمانییەکاندا بەڵێنیان بە سەید رەزا دابوو حاکمییەت (موختاریەتی) بدەنێ، دووەم سەید رەزا، ئەرمەنەکانی پاراست، سەید رەزا کوردێکی ناسیۆنالیسیت بوو، سەرهەڵدانی سەید رەزا نەتەوەیی میللی) بوو، بۆیە تورکەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ بۆ ١٩٣٨ کۆمەڵکوژی زۆریان کرد.

رووداو: شۆڕشی سەید رەزا شۆڕشێکی هەرێمی بوو، هەموو کوردستانی نەگرتەوە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان:  عەشیرەتە سوننییەکان لەگەڵ سەید رەزا نەبوون، عەشیرەتە کوردەکان پشتیان نەگرت.

رووداو: سەید رەزا عەلەویچێتی دەکرد؟

محەممەد عەلی ئاسڵان:  نەخێر.

رووداو: پێش ئەوەی شۆڕش بڵاوەی پێبکرێت، سەید رەز لەگەڵ تورکەکان کەوتە گفتوگۆوە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: بەڵێ ئەوان دەیانگوت دەمانەوێت خودموختاربین، عوسمانییەکانیش وەختی خۆی بەڵێنیان پێدابووین، کۆمار دوژمنایەتی سەید رەزایان دەکرد، چونکە ئەرمەنییەکانی پارست بوو، لەلایەکی دیکەوە داوای خودموختاریان دەکرد، دەوڵەتی تورکیا و مستەفا کەمال ئەوەیان رەتدەکردەوە و دەسەڵاتی خودموختاریان نەدەدایە کەس.

رووداو: لەسەر کۆمەڵکوژی دێرسیم چی دەڵێیت، چونکە تەنیا هەر کوشتنی خەڵک نەبوو، بەڵکو راگوێزانی خەڵکەکەی، قەدەخەکردنی زمانی کوردی، بەڕاستی لە دێرسیم چی روویدا؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: سوپا چووە سەریان، بە فرۆکە لێیاندان، یەکێک لە فرۆکەوانەکان کچێکی ئەرمەنی بوو، کەواتە هەم لە ئاسمانەوە بۆردوومانیان کردن هەم لە زەمینەوە، کیمیاوییان بەدژیان بەکارهێنان، لەناو خۆشیاندا خەڵکی خیانەتکار هەبوو کە هەڤاڵ و هۆگری خۆیانیان رادەستی تورکەکان دەکرد.

رووداو: دەڵێن لەناو ئەشکەتەکان و دەورووبەری رووباری مونزور، کۆمەڵکوژی گەورەیان کردووە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: گومانی تێدا نییە. 

رووداو: تۆ وەکو پارێزەرەێک بەڵگە و دۆکیۆمێنتی ئەو سەردەمەت دەست کەوتووە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: بەڵێ بەڵگە هەیە، لەو بەڵگانەدا دەڵێن سێزدە هەزار کەس کوژراون، بەڵام ئەوە راست نییە، بەڵکو سی بۆ چل هەزار کەس کوژراون، خۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەندێک لەو بەڵگانەی بڵاو کردەوە و گوتی سەیرکەن پارتی کۆماری چی کردووە؟ ئەو بەڵگانەمان لە کتێبێکدا بڵاو کردووەتەوە.

رووداو: بەڵگەکان چی تێدایە؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: لە بەڵگەکاندا باسی کۆمەڵکوژییەکە کراوە و دیارە وەکو پێشتر باسم کرد، هۆکاریان هێناوەتەوە بۆ کۆمەڵکوژییەکانیان. 

رووداو: کەواتە ئەوان خۆیان دان بەو کۆمەڵکوژیانەدا دەنێن؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: بەڵێ بێگومان، سەرۆکوەزیر کە ئێستا سەرۆککۆمارە(مەبەستی ئەردۆغانە) دانی بەو کۆمەڵکوژیانەدا ناوە. 

رووداو: باس لەوە دەکرێت ژمارەیەک منداڵی دێرسمی براونەتە ناوچە تورکنشینەکان و لەوێ گەورەیان کردوون؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: راستە، کچەکانیان دەبرد، پێشتر ئەتاتورک بۆخۆی کچێکی بەخێو کرد ناوی سەبیحە گۆکچەن بوو، ئەوەی بوو بە فرۆکەوان، دیارە پێشتریش لە شەڕی ئەرمەنییەکاندا ژمارەیەکی زۆر کچی منداڵیان لە ماڵە موسڵمانەکاندا گەورە کرد و پاشان زەواجیان لەگەڵ دەکردن و دەبوونە موسڵمان.

رووداو: تۆ بۆخۆت هیچ کام لەو شایەتحاڵانەی دێرسیمت بینیووە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: زۆر هاورێ و هەڤاڵم لەناویاندا هەبوو، لەگەڵیان قسەم کردووە و خۆیان لەناو رووداوەکاندا بوون، وەکو بەڵگەیەکی مێژوویی لای خۆم تۆمارم کردوون.

رووداو: لە دوای سەرهەڵدانی دێرسیم تاوەکو ساڵی ١٩٦٠ هیچ بزووتنەوەیەکی کوردی نەبووە؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: لە دوای ساڵی ١٩٣٦ وە، هیچ بزووتنەوەیەکی عەلەوی یان ئەرمەنی نەما.  لە ساڵی ١٩٣٩ جەنگی دووەمی جیهانی دەستپێدەکات، حکومەتی تورکی زۆر لاواز بوو، هیچ بزووتنەوەیەکی کوردیش لە ئارادا نەبوو، دوای کۆتایی جەنگ رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان دامەزرا، تورکیاش بوو بە ئەندام تێیدا، جاڕنامەی مافی مرۆڤیشی واژۆ کرد، ئیتر نەیدەتوانی وەکو پێشو حەرەکت بکات، چاوی دنیای لەسەر بوو، لە ساڵانی پەنجاکانیشدا گۆڕانکاری هاتە ئاراوە، ئیتر نەیاندەتوانی وەکو پێشتر کۆمەڵکوژی بکەن، هەندێک بزووتنەوەی ئاشکرا و ئاشتیخوازانە پەیدابوون، تاوەکو ساڵی ١٩٨٤ کە پەکەکە دەستی بە خەباتی چەکداری کرد، دوای ئەوە کۆمەڵکوژی دیکە رووینداوە. 

رووداو: ساڵی ١٩٥٩، ژمارەیەک کەسایەتی کورد لەلایەن دەوڵەتەوە دەستگیر کران کە بە گرووپی چلونۆ کەس ناسراون، ئەوانە کێ بوون، بۆچی گیران، ئایا رێکخستیان هەبوو؟
 
محەممەد عەلی ئاسڵان: بەشێک لەوانە هاوڕێم بوون. ئەودەمە دەسەڵاتداران لە لایەنی ئابوورییەوە کەوتبووەنە تەنگەژەیەکی گەورەوە. ئەوکاتە سەرۆک وەزیر و سەرۆک کۆمار چوونە ئەڵمانیا، سەردانی ئەمریکایان کرد بۆ ئەوەی کۆمەکیان بکەن، بەڵام بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە. هەواڵگریی تورکیا راپۆرتێکیان ئامادەکرد و تێیدا داوایان کرد بوو، پەنجا شەست کەسی کورد بگرن و بە ئەمریکا و ئەوروپا بڵێن ئەمانە کۆمنیستی کوردچین، ئەوەبوو بە قسەیان کردن و پەنجا کوردیان دەستگیر کرد، لە زیندان یەکێکیان کۆچی دوایی کرد، چلونۆ کەس مانەوە، بۆیە بە(گروپی چلونۆ کەس) ناسران. 


رووداو: ئەو گیراوانە کێبوون خەڵکی ناسراویان تێدابوو، کەس هەبوو رابەرایەتیان بکات؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: ئەوانە لەناو خۆیاندا بە تایبەتی قسەیان دەکرد و دەیانگوت ئێمە کوردین، وادەکەیەن و واناکەین، ببوون بە دوو گرووپ لەنێو خۆیاندا، گرووپێکی چەپ و گرووپێکی راست، گرووپی راستەڕەوکان دەیانگوت ئەگەر ئەمریکا بێتە دەڤەرەکە کوردستانێک دادەمەزرێنێت و  فیدراسۆنێک دروست دەکات و ئێمەش دەبین بە سەرۆکی، هەرچی گرووپە چەپەکە بوو دەیانگوت ئەگەر رووس و سۆڤیێت بێنە دەڤەرەکە کوردستان دروست دەکەن و ئێمە دەبین بە سەرۆکی، لەمەزیاتر هیچیان لەباردا نەبوو، خاوەنی فکر نەبوون.

رووداو: بیروباوەڕی کوردایەتیان نەبوو؟
 
محەممەد عەلی ئاسڵان: فکرێکی کوردایەتی رۆمانتیکیان هەبوو، قسەیان بەیەکتر دەگوت، هیچ رێخستنێکیان نەبوو، ئیتر تۆ لەوێدا هەر قسە بکەیت چ گرنگییەکی هەیە؟ 

رووداو: زۆرجار وەکو مەسەلەیەکی گرنگی مێژووی باسی ئەو چلونۆ کەسە دەکەن بەڵام ئێوە بە گرنگییەوە باسیان ناکەن؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: دەزانی بۆ گرنگی پێنادەم، کۆماری تورکیا بەردەوام کوردی خستۆتە خزمەت بەرژەوەندی سیاسی ناسیۆنالیستی خۆیەوە، بە شێخ سەعید دەسستیان پێکرد، پاشان بەوانەی پێیان دەڵێن گرووپی چلونۆ کەس، بۆم باس کردیت کە ئیستیخبارات لە راپۆرتەکەی خۆیدا داوای کردبوو ئەو کەسانە بگرن، ئەوەبوو گرتنیان، هەندێکیان یەکتریان دەناسی و بەشێکیشیان یەکتریان نەدەناسی، چەند کەسێکی سەربازیشیان خستنە ناویانەوە و داوای مەحکەمەی سەربازیان بۆ دەکردن، هیچ کۆمەڵەیەک یان رێکخستنێک لە ئاردا نەبوو، لە کاتی دادگایکردنەکەشدا باسی کوردایەتیان نەکرد، کاتێک من بووم بە محامییان دەستم بە لێکۆڵینەوە کرد و سەیری بەڵگەکانم کرد، راپۆرتەکەی ئیستیخبارت(میت) من کەشفم کرد و دام بە چەندین کورد. گیراوەکان هاتن باسی شتێکی دیکەیان هێنایە پێشەوە دەیانگوت مەلا مستەفا لە سۆڤیێت هاتووەتەوە و هەندێک بابەتی دیکە کە پەیوەندی بە گرتنەکەیانەوە نەبوو. بەڵگەکان لای من بوون، دەستم بە نووسین کتێبێک کرد ئەوان هاتن رەخنەیان لێگرتم و گوتیان وازمان لێبێنەوە کەشفمان مەکە. مەسەلەی شێخ سەعید و چلونۆ کەس و پەکەکە بوون بە ئالەتێک بەدەست دەوڵەتەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی سیاسەتەکانی خۆیان پیادە بکەن.

رووداو: ئاپێ مووسا عەنتەر لە یاداوەریەکانیدا باسی ئەو  ئەشکەنجە و ناهەقیانە دەکات کە لەزیندان لەوانیان کردووە، ئەو خۆی یەکێک بووە لەو چل و نۆ کەسە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: راستە کردوویانە، من مووسا بەگم زۆر خۆشدەویست پیاوێکی سەرڕاست بوو. کاتێک ئەو پەنجا کەسەیان گرت کەس نەیدەزانی لە کوێن، بردبوونیانە حەربییە، من لە رێگای دکتۆرێکی هاورێمەوە و پاشان بەرێکەوت سەربازێکی کوردی خەڵکی موشم بینی و پرسیارم لێکرد کە ئاخۆ گروپێکی کوردیان بۆ ئێرە هێناوە؟  گوتی نەخێر، بەڵام گرووپێکیان هێنا بۆ ئێرە، کورد نەبوون کۆمۆنیست بوون، دەوڵەت شاردبوویەوە کە ئەوانە کوردن نەوەک سەربازانی کورد هاوکاریان بکات! کاتێک تەعریفی گروپەکەی بۆ کردم، زانیم ئەوانە هەڤاڵەکانی ئێمەن. بەڕاستی دەردەسەری زۆریان کێشا.

رووداو: تۆ توانیت پارێزگاریان لێ بکەیت، لە دانیشتنەکانی دادگادا بەشداریت کرد؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: کاتێک ئەوانە گیران و لەزینداندا بوون من هێشتا قوتابی بووم، نەبووبووم بە پارێزەر، بەڵام کێشێکەیان بەردەوام بوو و خوێدنم تەواو کرد و بووم بە پارێزەریان. ئاخر ئەوکاتەی کە قوتابی بووم زۆر هەوڵماندا، بەڵام هیچ پارێزەرێک ئامادە نەبوو خۆی بکات بە خاوەنی کەیسەکەیان، دەترسان. محامییەکی خانەننشینی سەر بە عەسەکەری رازی بوو ئەویش لەبەرژەوەندی دەوڵەت کاری دەکرد. لە کۆتاییدا من تەنیا پارێزەر بووم کە دیفاعم لێ دەکردن. 

رووداو: جگە لە ئاپێ مووسا عەنتەر، کەسی ناودار لەناو زیندانیەکاندا هەبوو؟
 
محەممەد عەلی ئاسڵان: من هەمویانم دەناسی، بۆ نموونە شەرەفخان، یەشار کایا، مەمەد سەرحەد، شەوکەت بەگ. 

رووداو: دوایی هەمویان ئازاد کران؟
 
محەممەد عەلی ئاسڵان:  زۆر لە زینداندا مانەوە، بەدوای یەکدا بەربوون، زۆرمانەوە.  

رووداو: سێ جار لە تورکیا لە ساڵی ١٩٦٠ تاوەکو ساڵی ١٩٨٠ کودەتای سەربازی کرا، ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت ئەو کودەتایانە پەیوەندیان بە کێشەی کوردەوە هەبووە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان:  پەیوەندی بەوەوە نییە. ساڵی ١٩٦٠ کودەتایەکی سەربازی کرا، یاسای بنگەیی تورکییان دانا، بەڵام سەربازەکان ئەو یاسایانەیان دانەڕشت بەڵکو لەلایەن پرۆفیسۆرەکانی زانکۆکانەوە نووسرایەوە، یاسایەکی زۆر باش بوو، لە هەموو یاساکانی پێشتر باشتر بوو، بەڵام دەمیراڵ و ئەوان کەوتنە خۆیان و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوان ناتوانن بەو یاسا بنگەییە کار بکەن چونکە مافێکی زۆری بۆ خەڵک دەستەبەر کردووە، هەربۆیە ساڵی ١٩٧١ کودەتایەکی دیکەیان کرد، بەڵام سوپا تورکیا هێشتا ئەوەی پێ کەم بوو بۆیە ساڵی ١٩٨٠ کودەتایەکی دیکەیان بەرپا کرد، کودەتایەکی دیکتاتۆری.

رووداو: کەواتە تۆ پێت وایە کودەتاکان پەیوەندیان بە مەسەلەی کوردەوە نەبووە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: کورد کرابوو بە ئالەتێک، ئاخر پێش کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠، شەڕی نێوان چەپ و راست لە تورکیا گەیشتبووە ترۆپک، چوونە ناو گوندە کوردەکانەوە، زۆریان ئەزیەتی خەڵک دا، خەڵکیان زۆر کوشت، ئەوانەیان کردە بەهانەیەک، پەیوەندی بە سەرهەڵدانی کوردەوە نەبوو. ئیسماعیل بێشکچی بۆخۆی تورکە و خەڵکی چانکرییە، سۆسیۆلۆگی کورد نازانێت.

رووداو: بەڵام ئەو هەموو کتێبەی لەسەر کورد نووسیوە؟
 
محەممەد عەلی ئاسڵان: خۆزگە وتارێکی باشی بنووسیایە. زۆر برادەرهەن دەڵێن دە کتێب یان پازدە کتێبمان نووسیوە، بەڵام نەتیجەیەکی باشیان بەدەستەوە نەداوە. 

رووداو: بێشکچی کتێبێکی نووسیوە بەناوی (کوردستان کۆلۆنییەکی نێونەتەوەیی)ە، تۆ لەسەر ئەوەش رەخنەت هەیە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: ئەو وادەڵێت، کوردستان کۆڵۆنییەکی نێونەتەوەییە، من لەگەڵ بێشکچی قسەم کردووە و وتارێکیشم لەسەر نووسیوە، لەوتارەکەمدا باسی دەوڵەتی میللی و موستەعمەرەم کردووە، جیاوازی لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە، لەناو دەوڵەتی میللی تورکیا دا، هەموو شتێکی کوردییان گۆڕی، زمانەکەیان قەدەخەکرد، بەڵام سووریا و عێراق کە بۆخۆیان موستەعمەرەبوون، لە هەردوو وڵاتەکە دا زمانی کوردی سەربەست بوو، کولتووریان سەربەست بوو، بۆ نموونە رۆژالیسکۆی فەرەنسی و میر جەلادەت بەردرخان پێکەوە رێزمانی کوردییان داناوە، 
لە کاتێکدا تۆ لە باکوور بۆت نەبوو ئەو گرامەرە کوردییە لە ماڵەکەدا هەڵبگریت.
 

رووداو: ئەگەر وەکو تۆ دەڵێیت کتێبەکانی بێشکچی ئەوەندە بایەخیان نییە، بۆچی دەوڵەتی تورکیا ئەو هەموو ساڵە بێشکچی زیندانی کرد؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: ئیسماعیل بێشکچی پیاوێکی جەسوورە (ئازایە)، کاتێک تۆ بێیت باسی کورد بکەیت کە بە یاسا قەدەخەیە، مەعلومە کە دەتخەنە زیندانەوە، بێشکچی خوێندکارێکی بەشەرەف بوو، شتی نەدەشاردەوە و راستییەکانی وەکو خۆی دەهێنایە زمان، ئەو راستگۆییە شتێکی مەزن بوو و دەبێت مرۆڤ تەقدیری بکات، بەڵام مەسەلەکەی من لەگەڵ سۆسیۆلۆجی کوردییە، تۆ چەندە لە زینداندا بمێنیتەوە ئایە گەرەنتی سەرکەوتنی کورد دەکات، نایکات! مەسەلەکە ئەوەیە، قسەی من لەسەر ئەوەیە، خۆ من لە کتێبەکەی خۆمدا باسی بێشکچیشم کردووە و پەسندیم داوە. با شتێکت بۆ بگێڕمەوە، لە گورجستان بووم، نیوە شەوێک لە پرسگەی ئوتێلەکەوە تەلەفونیان بۆ کردم گوتیان خانمێک دەیەوێت قسەت لەگەڵ بکات، کە قسەمان کرد زانیم خەڵکی ئەوێیە، هاتە ژووەرەوە بۆلام و گوتی من نامەیەکم بۆ بێشکچی نووسیوە بەڵکو لەگەڵ خۆت بۆی بەریت؟ منیش لەوەڵامدا گوتم ئاخر رەنگە لە گەڕانەوەدا تەفتیش بکرێم و بیدۆزنەوە و بمخەنە زیندانەوە! لەوەڵامدا گوتی ئەو بۆ ئێمە زۆر زیندانی چەشتووە، قەیچێکا با تۆیش لەسەر ئەو بچیتە زیندانەوە.
 
رووداو: بێشکچی لایەنگری زۆرە؟
 
محەممەد عەلی ئاسڵان: هەیەتی. 


رووداو: بابێینە سەر دروستکردنی پارتی کرێکارانی تورکیا، ئایا هەر لە سەرەتاوە کورد دەستیان لە دامەزراندنی ئەو پارتەدا هەبوو؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: کوردی تێدا نەبووە، سەندیکاکان پارتیان دامەزراند.

رووداو: مەگەر لەناو سەندیکاکاندا کوردی تێدا نەبوو؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: یەکێک هەبوو ناوی ئەحمەد موشڵو بوو، دواتر بەڵگەکان ئەوەیان دەرخست کە سەر بە ئیستخباراتی تورک میت بوو.

رووداو: کورد بوو؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: خەڵکی موش بوو، نازانم کورد بوو یان تورک. دوای ئەوە خوێندکارانی کورد و تورک هاتنە ناو پارتییەوە. 

رووداو: باشە ئەوە پارتی کرێکاران بوو یان پارتی خوێندکاران بوو، پەیوەندی ئەم دوو چینە بەیەکەوە چییە؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: کرێکار زۆر بوون، سەندیکا هەبوو، لەگەڵ خوێندکارەکاندا یەک ئامانجیان هەبوو.

رووداو: ئەوەی تۆ ئاگاداربیت یەکەم کورد کە بەرپرسیارێتی لەنێو ئەو پارتەدا وەرگرت کێ بوو؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: تاریق زیا ئاکنجی بوو. ئەوکاتەی من بووم بە ئەندام، تاریق زیا ئاکینجی هەبوو، کەمال بورکایش هاتبووە ناو پارتییەوە، دەتوانم بڵێم منیش هەر ئەو دەمە لەگەڵ ئەواندا چوومە ناو پارتی کرێکارانی تورکیاوە. 

رووداو: تۆ بۆخۆت کۆمۆنیست بوویت؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: نەخێر، ئەگەر مەبەست لە راست و دروستی بناخەی کۆمۆنیستبوون بێت، ئێستاش کۆمۆنیستم، بەڵام ئەو کۆمۆنیستییەی کەلە سۆڤیێت باس دەکرا، کۆمۆنیستی نەبوو. لەو دەڤەرەی ئێمە شێخێک بە خوێندکارێک دەڵێت ئەرێ خوشکەزا باس هەر باسی کۆمنیزمە، ئەرێ پێمناڵێیت ئەم کۆمۆنیزمە چییە؟ ئەویش دەڵێت وەڵا قوربان کۆمۆنیزم بەوانە دەڵێن کە لێهاتوون، ئازا و چاونەترسن، بەوانە دەڵێن کۆمۆنیست! ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: وەڵاهی خوشکەزا، ئەگەر وابێت ئێمە بابە و باب هەمومان کۆمۆنیست بووین.
باسی خۆم بکەم، من خۆم خوێندنی دینیشم خوێندووە، بەدواچوونم لەسەر ناسیۆنالیزمیش کردووە، تۆ بەگوێرەی رەوش و حاڵی وڵاتەکەی خۆت هەنگاو هەڵدەهێنیتەوە، دەنا وەکو دیکە بچیتە ناو قاڵێکەوە، بە گوێرەی ئەو قاڵبە بجوڵێیتەوە ناگونجێت، بەکارنایەت. بۆ نموونە کەم و زۆر من لە هەمووان زیاتر بەرگەریم لە شۆرشی مستەفا بارزانی دەکرد.

رووداو: تۆ پشتیوانی شۆڕشی بازرانیت دەکرد؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: بێگومان، من بە نووسین هەمە. 

رووداو: بەڵام بەشێکی زۆری لە چەپ و کۆمۆنیستە کوردەکان دەیانگوت شۆڕشەکە شۆڕشێکی بۆرژوازی و لەخزمەت ئیمپرایالزمدایە، شۆڕشێکی میللییەتچییەکانە؟ 

محەممەد عەلی ئاسڵان: ئەوە پێیدەگوترێت جاهلییەت، نەزانی، ئەو سەردەمە هەم گەنجە کوردەکان و هەم گەنجە تورکەکان نەیاندەخوێندەوە، بۆیە جاهیل بوون و بەگوێرەی حسابی خۆیان دەجوڵانەوە.

رووداو: باشە ئەی بەدیوەکەی دیکەدا شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان باندۆری لەسەر کوردی باکوور هەبوو؟
 
محەممەد عەلی ئاسڵان: باشم لە بیرە،خەڵکی باکووری کوردستان مستەفا بارزنیان زۆر خۆش دەویست، هیوایان دەخواست و هاوکاریشیان دەکرد بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت، بەڵام هەندێک گەنجی جاهیلیش هەبوون، تورکەکان چیان بگوتایە، رێک لاسایی ئەوانیان دەکردەوە.

رووداو: ئێوە زیاتر پشتیوانی مەعنەوی شۆڕشتان دەکرد یان بە کردەوە هاوکاریتان دەکردن؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: لە لایەنی مەعنەوییەوە، خەڵکمان هۆشیار دەکردەوە، لەسەرمان دەنووسین.

رووداو: لە نووسینێکی خۆتدا باس لەوە دەکەیت کە ئەندامە کوردەکانی نێو پارتی کرێکارانی تورکیا دژایەتیان دەکردیت، بۆچی؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: بۆچی، من گوتم، باسی کوردم دەکرد، قەناعەتم بە خوێندکارە تورکەکان کردبوو، کەچی خوێندکارە کوردەکان ئەوەیان پێخۆش نەبوو، چونکە ئەوان تاوەکو ئەوکاتە هەر دەیانگوت(پرسی رۆژهەڵات) بە کوردستانیان دەگوت رۆژهەڵات، منیش دەمگوت رۆژهەڵات نابێت، ئەوانە کوردن، بەڵام ئەوان دەترسان، کاتێک من ئەو قسانەم دەکرد، دەوڵەت گرتمی، لەلایەکەوە دەترسان لەلایەکی دیکەوە لە بواری فکریشیدا ئامادەییان نەبوو.

رووداو: دەکرێت ناوی هەندێک لەوانە بهێنیت؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: بۆ نموونە تاریق زیا ئاکنجی، کەمال بورکای، مەهدی زانا؟

رووداو: ئەوانە دژایەتی تۆیان دەکرد؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: بەڵێ بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا نەدەکرد، بایکۆتیان کردم، ئەوەش وای کرد کە زۆرینە بەدەست نەهێنم، دووجار داوام لێکردن نەهاتن، بۆیە من دەستم لە سەرۆکی پارتی کێشایەوە، دوای ئەوە هەموویان هاتن و بەشداری کۆبوونەوەکانیان دەکرد. پاش ئەوە بەهیچە بۆران بوو بە سەرۆکی پارتی و ئەوانیش پشتیوانیان لێکرد، دیارە بەهیچە لەسەر کوردبوون دژایەتی منی دەکرد.