محەممەد عەلی ئەسڵان سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی تورکیا – بەشی یەکەم

09 June 2024
محەممەد عەلی ئەسڵان سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی تورکیا – بەشی یەکەم
محەممەد عەلی ئەسڵان سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی تورکیا – بەشی یەکەم


لە گەڕەکێکی جوان و پاکژی بەری رۆژهەڵاتی ئیستەمبووڵ دوای کەمێک گەڕان بە هاوکاری کاک راوێن ستێرک ماڵی کوردێکمان دۆزییەوە کە پێشتر بە تەلەفون قسەم لەگەڵ کردبوو، ئەویش محەممەد عەلی ئاسڵان سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی تورکیا. پیاوێکی سوور و سپی و پۆشتەو پەرداخ، گۆپاڵێک بەدەسەتەوە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیەدا لە پێشوازیماندا بوو. ئەو خۆیشی باش لەبیر نایەت کە چەند ساڵە لە ئیستەنبووڵ دەژی، بەڵام بەچاو ئەوەی ئەو هەموو ساڵە لە دووری کوردستان ژیاوە، کوردییەکی باش قسە دەکات، بەڵام بەداخەوە منداڵەکانی وەکو دەیانگوت کوردی تێدەگەن، بەڵام ناتوانن بە کوردی قسە بکەن، بۆیە پێناچێت دوای نەمانی باوکیان شتێک بەناوی کوردبوونەوە لەو ماڵەدا درێژەی هەبێت، مەگەر ناڵێن زمان بڕبڕەی پشتی مانەوەی هەموو نەتەوەیەکە، رەنگە هەستی شانازی بە کوردبوونیان بەشی نەوەیەکی دیکە تێدا بمێنێت. 
یەکەم پرسیاری ئەوە بوو، لە دوورڕا لە کوردستانەوە هاتوون، بەخێربێن، چاڤێ من روونی بوو.
دوای چەند کاژێرێک گفتوگۆکردن، رێککەوتین باسی مێژووی کۆن و نوێ بکەین بەتایبەتی گێڕانەوەی سەرهەڵدانەکان پاشان بەسەرهاتەکانی چەپ و کۆمۆنیستە کوردەکان لە تورکیا.  

رووداو: ئەگەر لە سەردەمی منداڵیتانەوە دەست پێ بکەین، ئەو ژینگەیەی کە ئێوەی تێدا پەروەردەبوون، ژینگەیەکی تەوا کوردەواری بوو؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: من لە ساڵی 1936 لە ناوەندی شاری ئاگری )قرەکلێسا) لە دایک بووم، باوکم بەگی عەشیرەت بوو، لە قوتابخانەی عوسمانیدا خوێندبووی، بەڵام دایکم لە گوندەوە هاتبوو، زمانی تورکی نەدەزانی، کورد بوو. سەردەمی منداڵی خۆمم بە کوردی تێپەڕاند، لە ماڵی خۆماندا هەر بە کوردی قسەمان دەکرد، دیارە جگە لە کورد خەڵکی گورجی و تورک و ئازەریش لەناو شارەکەدا دەژیان، من لە ژینگەیەکی ئاوادا گەورە بووم. 

رووداو: ئەو سەردەمە رەوشی زمانی کورد چۆن بوو؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: ئەو سەردەمە زمانی کوردی قەدەخە بوو، نەیاندەهێشت خەڵک بە زمانی کوردی قسە بکات، بۆیە کاتێک خزم و کەسوکاری ئێمە لە گوندەکانەوە دەهاتن بۆ ناو شار بۆ بەرێکردنی کاروباری خۆیان، تورکیان نەدەزانی، من و خوشکە گەورەکەم لەگەڵیاندا دەچووین و دەبووین بە وەرگێڕ. 

رووداو: لە قوتابخانەکان چۆن بوو، ئێوە تەنیا بە پیتی لاتینی دەتانخوێند، لە پەیوەندی لەگەڵ وانە ئاینییەکان و ئەدەبیات دا، بە پیتی عەرەبی دەخوێندرا؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: لە لایەنی دینییەوە وابوو. باوکم کتێبخانەی گەورەی هەبوو، کتێبی فارسی، عەرەبی و تورکی و ژمارەیەکی زۆریش کتێبی کوردی تێدابوو، هەموو ئەو کتێبانە بە پیتی عەرەبی نووسراوبوون، بەڵام لە قوتابخانە بە لاتینی دەمانخوێند، من زۆرێک لەو کتێبانەم خوێندۆتەوە، هەندێکیان بە دەستوخەت نووسرابوون، من لەو کتێبانەم دەدا بە ناسیاوەکانم، بۆ نموونە کتێبی مەم و زین کە لە میسر چاپ کرابوو، تەنیا ئێمە ئەو کتێبەمان هەبوو، خەڵک تەکلیفیان دەکرد و دەمدانێ و لەبەریان دەنووسییەوە، بابەتەکە لە قاڵبێکی رۆمانتیکیدا بوو، تەنیا مەم و زین نەبوو، بەڵکو وتەکانی ئەحمەدی خانیشی تێدابوو. من لای مامۆستا کوردەکان و لای موفتی ئاگری کە بۆخۆی کورد بوو، وانەی شەریعەتم خوێند، وانەی شەریعەت و فەقێیەتیم بە عەرەبی خوێند، لە سەرەتایی و ناوەندی ئەو شتانەم خوێندووە. 

رووداو: باسی مەم و زینی ئەحمەدی خانیت کرد، چی سەرنجڕاکێش هەیە لە مەم و زیندا کە هێشتا لە بیر و هزری تۆدا مابێتەوە؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: ئەحمەدی خانی لە مەم و زینەکەیدا گللەیی لە یەکنەگرتنی کورد دەکات و دەڵێت:

گەر دێ ھەبووا مە پادشاهەک
لایەق بدیا خودێ کولاهەک
تورک و عەرەب و گورجی و رومی
ھەمیا ژ مە را دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەوڵەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت


رووداو: بیروباوەڕەکانی ئەحمەدی خانی کاریگەریان لەسەر بیر و هزری سیاسی و نەتەوەیی تۆ دانا کاتێک بوویت بە پارێزەر و سیاسی؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: ئەحمەدی خانی ئەدیبێکی زۆر گەورەیە، دیوانەکەی مەم و زین، وەکو دیکە نووسینی دیکەیشی هەیە،(نوبهارا زارۆکان)، فەرهەنگێکە تێیدا دەڵێت:
نە بۆ خاوەن رەواجان
ژبۆ بچوکێن کرمانجان

ئەحمەدی خانی خاوەنی چەندین پەرتووکە. لە جزیرا بۆتانەوە دەگوازێتەوە بۆ گری داغێ، ئێستا قەبرەکەی لەوێیە، خەڵک وەکو شوێنێکی پیرۆز سەردانی دەکەن. دیارە دەبێت بەرهەمی هەموو گەورەکانی کورد بنووسرێنەوە، بەڵام سەردەمی ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە وەکو ئەوکاتە نییە، بەڵام ئەحمەدی خانی ئەدیبێکی گەورە، کوردێکی مەزنە.


رووداو: ئێوە دەتانگوت کەسێکی میلییەتچی بووە، دەتوانین بڵێین ئەحمەدی خانی بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی هەبووە؟  

محەممەد عەلی ئەسڵان: ئەحمەدی خانی بەتەواوەتی ناسیۆنالیست بووە، من کتێبەکەم خوێندۆتەوە، بیروباوەڕی ناسیۆنالیستییە، ئەو سەردەمە لای کەس بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی نەبووە، بۆیە ئەحمەدی خانی پێشەنگە. 

رووداو: ئەگەر باسی جەنگی دووەمی جیهانی بکەین، دیارە ئێوە تەمەنتان زۆر نەبووە، هیچ باندۆرێکی لەسەر کوردستان و دەڤەری ئاگری بە تایبەتی هەبوو؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: نا کاریگەری وای نەبوو، بەڵام پێش شەڕی دووەمی جیهانی، لە کوردستان زۆر کۆمەڵکوژی کراوان.

رووداو: زۆرجار باسی ئەوە دەکرێت لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا و دوای رووخانی خەلافەتی عوسمانی، ئەتاتورک و دەورووبەرەکەی کوردیان خاپاند، کوردیان هەڵخەڵەتاندن؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: ئەوان کوردیان نە خاپاند(فریونەدا)، کورد خۆیان خۆیان خاپاند(هەڵخەڵەتاند)، دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، ئەتاتورک دەیویست دەوڵەتێکی مۆدێرن دروست بکات، ئەگەر لینین هاوکاری ئەتاتورکی نەکردایە، سەرنەدەکەت.

رووداو: لینین پشتگیری ئەتاتورکی کردووە؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: بێگومان، پشتگیریکردن و هاوکاری زۆری پێشکەش کردن، چونکە لای خوارووە، بەریتانیا و فەرەنسییەکان دەهاتنە پێشەوە، لەبەر ئەوە لینین هاوکاری تورکیا، ئێران، ئەفغانستان و وڵاتی چینی دەکرد، هاوکاری بۆرژوا ناسیۆنالیستەکانی کرد، بەڵام هاوکاری هەرە گەورە بۆ ئەتاتورک بوو، لە کۆنفرانسی باکۆ لە ساڵی 1920 دا، زیاتر لە دووسەد نوێنەری تورک بەشداریان تێداکرد.

رووداو: کورد نوێنەری هەبوو لە کۆنفرانسی باکۆ؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: نەخێر، یەک نوێنەریشی نەبوو. 

رووداو: بۆچی؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: بۆچی؟ هەموو ئاغا و بەگە کوردەکان کە لە ئەرمەنستان بوون، پێش هەڵگیرسانی شۆڕش چوونە ناو دەوڵەتی عوسمانییەوە، جگەلەوەش خەڵکیان لە جاهیلیەیت(نەزانی)دا هێشتبووە، قوتابخانە نەبوو، ئینجا هەموو سەرکردە کوردەکانی ئەو سەردەمە دژی شۆرش بوون.

رووداو: بەڵام مامۆستا تۆ دەڵێیت کوردەکان خۆیان خۆیان هەڵخەڵەتاندا، لە کاتێکدا کورد نوێنەری هەبوو لە پەڕلەمانی تورکیا، ئایا ئەوانە کوردایەتیان دەکرد، داوای مافی کوردیان دەکرد، ئیشیان چی بوو لە پەڕلەمان؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: نەخێر کەس مافی کوردی نەدەویست، لە کۆنفرانسی لۆزاندا کە تورکیایی نوێیان قبوڵ کرد، نوێنەرایەتی ئینگلیز دەڵێت:"لێرە نوێنەری تورکەکانی لێیە، بەڵام خۆ لە تورکیا تەنیا تورک ناژین، کوردیش لەوێ دەژین، بەڵام هیچ نوێنەریان نییە؟" دوای ئەوە عیسمەت پاشا بروسکە بۆ مستەفا پاشا دەنووسێت و دەڵێت: “نوێنەرانی کورد کۆبکەنەوە و تەلەگرافێکیان پێ بنووسن”، لە تەلەگرافەکەدا نووسراوە نوێنەرانی تورک، نوێنەری ئێمەشن، دووپاتی دەکەنەوە کە نوێنەرانی تورک داخوازیەکانی ئەوانیش بەجێدەگەینن، ئیتر دوای ئەو تەلەگرفانە باسی کورد نایەتە گۆڕێ. دەبێت ئەوەش بگوترێ ئەوەی کە مستەفا کەمال ویستوویەتی، بووە بە ئەندام پەرلەمان. 

رووداو: زۆر باسی حەسەن خەیری دەکرێت، بەشێک لە مێژوونووسان دەڵێن کەسێکی خیانەتکار بووە؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: ئەوە راست نییە، چەند کوردێک بوون بە ئەندام پەرلەمان، ئەگەر حەسەن خەیری ناپاک بێت ئەوا هەموو پەرلەمێنتارەکانی دیکەیش ناپاکن، ئەگەر حەسەن خەیری ناپاک بێت ئەوا هەموو ئەندام پەرلەمانتارە کوردەکانی ئاکەپەش ناپاکن، کەواتە تۆمەتی ناپاکی هەروا ئاسان نییە.

رووداو: بۆچی حەسەن خەیریان لە سێدارە دا؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: لەسەر کوردایەتی لە سێدارەیان دا، یاسای بنگەهی تورکیا لە ساڵی 1920 نووسراوەتەوە، ساڵی 1924 گۆڕانکاری تێداکراوە، هیچ کام لە پەرلەمێنتارەکانی پێشوو هەڵنەبژێردرانەوە، حەسەن خەیری یەکێک بوو لەوانە.


رووداو: بۆچی ئیتیحاد و تەرەقی بڕیاری کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانیان دا، چیان دەویست؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: ئیتیحاد و تەرەقی ناسیۆنالیست و رەگەزپەرست بوون، ئەرمەنەکان لە تورکیا، بەتایبەتی لە ئیستنەبووڵ زۆر بوون، بۆیە بزووتنەوەیەکیان بەدژی ئەرمەنەکان رێکخست، ژمارەیەکی زۆریان لەکاتی دوورخستنەوە و سۆرگون کردنیان مردن، ژمارەیەک روویان لە سووریا کرد، لەوێشەوە روویان لە فەرەنسا کرد. 

رووداو: ژمارەی ئەو ئەرمەنیانەی کە کۆمەڵکوژکران چەند کەسە، باس لە ژمارەی جیاواز دەکرێت لە نیو ملیۆن کەسەوە بۆ یەک ملیۆن؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: ژمارەیەکی دروست کە مرۆڤ قایل بکات نییە، بەڵام سەدان هەزار کەس تێداچوون، خەڵکانێک باسی ملیۆنێک دەکەن، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، تۆ بڵێ پەنجا هەزار کەس، ئەوەش تاوان و جینۆسایدێکی گەورەیە. 

رووداو: بۆ مێژوو، دەوری سەرۆک خێڵ و ئاغا و دەرەبەگەکانی کورد بەتایبەتی ئەوانەی پێیان دەڵێن سوارەی حەمیدی لە کوشتاری ئەرمەنەکاندا چی بووە؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: کالکا من لە سەرۆکەکانی حەمیدییەکان بووە، ئەوەی راستی بێت ئەرمەنەکان لە باکووری کوردستان جینۆساید نەکراون، بەڵام دوای کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان هەندێک لە ئەندامانی پارتی تاشناخی ئەرمەنی کە روویان لە ئەرمەنستان کردووە، هەرکەسێک هاتبێتە سەر رێگایان کوشتویانە، ژمارەیەکی زۆر موسڵمانی کورد و تورکیان کوشتووە، بۆیان گرنگ نەبووە ئەمە کوردە، ئەمە تورکە، بەتایبەتی لە ئیغدر و قارس شەڕی گەورە روویاندا. 

رووداو: باس لەوەش دەکرێت کە کورد ژمارەیەکی زۆر ئەرمەنیان لە مردن رزگار کردووە، بەتایبەتی لە دێرسیم لەسەر دەستی سەید رەزا؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: دکتۆر رەشید پاشا والی دیاربەکر بوو، تورک بوو، دوژمنی ئەرمەنەکان بوو، بەگلەر و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی کۆکردەوە و داوای لێکردن چەندی بۆیان دەکرێت ئەرمەنی بکوژن، دەیگوت موڵک و ماڵیان بۆ خۆتان، ئەوانیش ئەو کارەیان کرد، ماڵ و موڵکی ئەرمەنییەکانییان کەوتە بەردەست، نەوەکانیان بوون بە خاوەنی ئەو موڵک و ماڵە. لەوکاتەدا قایمقامی لجێ کە ناوی نەسیم بەگ بوو، ئەوکارەی پێ قبوڵ نەکرا، بۆیە بڕیاری کوشتنیان دا. لە دێرسیم نزیەکی پازدە هەزار ئەرمەنی دەژیان، دەسەڵاتداران ویستیان ئەوانیش کۆمەڵکوژ بکەن، بەڵام خەڵکی دێرسیم و سەید رەزا ئەوانیان پاراست، دواتر سی هەزار ئەرمەنی روویان لە دێرسیم کرد و لەوێوە رەوانەی ئەرمەنستان کران. 

رووداو: دەمەوێت لەسەر ئیدریسی بەدلیسی بپرسم، زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە گوایە ناپاکی لە کورد کردووە؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: نەخێر ناپاک نەبوو، ئەوە ڕاست نییە بە هەموو کەس بڵێی خائین. ئیدریسی بتلیسی زانایەکی کوردی سوننی مەزهەب بوو، لەژێر دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا بوو، ساڵی ١٥١٤سوڵتانی عوسمانی یاوس سوڵتان سەلیم بانگی دەکات، ئەوکاتە دەسەڵاتی شا ئیسماعیلی سەفەوی عەلەوی زۆر بەرفراون بووبوو، تاوەکو نزیک دیاربەکر درێژبووبووە، سوڵتانی عوسمانی دەیویست پاشەکشەیان پێبکات و هێزێک پارێزگاری لە سەرزەمینەکەی بکات، ئیدریسی بەدلیسی لە نێوان سوڵتان و بەگە کوردەکاندا دیدارێک رێکدەخات، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە دەبێت بەگە کوردەکان سنوورەکانی خۆیان بپارێزن، هاوکات عوسمانییەکانیش ئەوان بپارێزن، ئایا ئیدریسی بەدلیس پێشتر درکی بە نەتیجەی ئەو کارە کردووە یان، من نازانم، دوای ئەو رێککەوتنە هەموو دەرگاکانی سەربەخۆیی بەرەو رووی کورد داخران. ئاخر وەختی خۆی، بەگلەرە عوسمانییەکان بەگەکانی دیکەیان وەلانابوو، دەوڵەتیان بۆ خۆیان دروست کرد، لە ئیتاڵیا و لە ئەڵمانیا و شوێنانی دیکەیش هەر وابووە، بەگێک دەستی بەسەر هەموو شتێکدا دەگرت و بەگەکانی دیکەی دەخستە ژێر رکێفی خۆیەوە، بەو شێوەیە دەوڵەتیان بۆخۆیان دورست کرد، بەڵام لە کوردستان وانەبوو، بەگێک چەند بە دەسەڵاتیش بوایە نەیدەتوانی بەگەکانی دیکە بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، چونکە بەگەکان لەژێر پارێزگاری عوسمانییەکاندا بوون، ئەمە درێژەی کێشا تاوەکو ئەوکاتەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئێران و تورکیا و عێراق و سورویا دامەزرا، ئەو دەوڵەتە نوێیانەش دەرفەتیان بە کورد نەدا دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دابمەرێنێت. 

رووداو: تێڕاوانینی ئێوە لەسەر شۆڕشی شێخ سەعید چییە، شۆڕشێکی نەتەوەیی بوو یان ئاینی بوو؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: خۆی فکرەی شۆڕش هی خالید بەگی جوبری بوو، ئەو یەکێک بوو لە دەرەجەدارەکانی سوپای عوسمانی، لە مەکتەبەی حەرب لەگەڵ ئەتاتورک و ئەوانەدا خوێندبووی، تەنیا کوردێک بوو کە لەو قوتابخانەیەی عوسمانیدا خوێندبووی، بیروباوەڕی میللی هەبوو، لەسەردەمی تورکیای نوێدا ئاگاداری چالاکییەکانی بوون هەربۆیە گواستیانەوە بۆ ئەرەزرۆم و وەزیفەیەکی سادەیان دایە، ساڵی 1924 ناردیان بۆ بتلیس و لەوێ لە سێدارەیان دا. هاورێیەکی پەرلەمێنتاری خالید بەگ بەناوی یوسف زیابەگ هەبوو، ئەو لەگەڵ شێخ سەعید قسەی کردبوو و قەناعەتی پێهێنابوو کە بەشداری لە شۆڕشدا بکات. خالید بەگ و یوسف زیا بیروباوەڕێکی میللیان هەبوو، بەڵام شێخ سەعید کەسایەتییەکی ئاینی گەورەبوو، پیاوێکی موحافەزەکار بوو، دیارە ئەگەر سەریش بکەوتایە نەیدەزانی چی بکات، شێخ سەعید لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک خێڵەکان قسەی کردبوو، بەشێکی کەمیان بەڵێنیان پێدا کە بەشداری بکەن، بەڵام بەشی هەرە زۆریان گوتیان ئێمە تێکەڵ بە کارێکی وا نابین. ئیتر خۆشتەکە دیاربوو کە ئەوە کاری نەکردەنییە، بەڵام ئەوکاتە مستەفا کەمال و عیسمەت پاشا لە تەنگانەدا بوون، تەرەقی پەروەرەکان فیرقەی هەقیان دروست کردبوو لەبەرانبەر کۆماردا و ژمارەیەکی زۆر رۆژنامە و گۆڤاریان هەبوو کە پشتیوانیان لێ دەکردن، بۆیە ئەتاتورک و عیسمەت پاشا دەیانویست حوکمی عورفی(زۆرەملێ) بسەپێنن و رۆژنامە و هۆڤارەکانیش دابخەن، ئەوە بوو عیسمەت پاشا داوای لە پەڕلەمان کرد حوکمی عورفی دەربکەن، بەڵام پەرلەمان گوێیان پێنەدا و رەتیان کردەوە، تەنیا شتێک کە پەرلەمان بیکردایە بە بەهانەی سەپاندنی حوکمی عورفی مەسەلەی کورد بوو، گوایە کۆمار لە مەترسیدایە، پێویستییان بە بەهانەیەکی واهەبوو، ئەوەبوو پیلانێکیان دانا، ئەوکاتە شێخ سەعید لەگەڵ چەند کەسێک لە پیاوەکانی لە پیران بوو، سەردانی ماڵی براکەی کردبوو، ئەوەبوو ئەفسەرێک و پازدە سەربازی نارد بۆ پیران بۆ ئەوەی پیاوەکانی شێخ سەعید دەستگیر بکەن، شێخ سەعید داوای لێکردن وازیان لێبهێنن، سبەی ئەو لەو ناوچەیە دەڕوات و دەتوانن ئەوکاتە پیاوەکان دەستگیر بکەن و بیانبەن لەگەڵ خۆیان، بەڵام دەوڵەت مەبەستی دەستگیرکردنی پیاوەکانی شێخ نەبوو، بۆ ئەوەی پلانەکەیان سەربگرێت جەندرمەکان دەستیان بە بەکارهێنانی هێز کرد.

رووداو: دەتەوێت بڵێیت ئەگەر جەندرمەکان هێزیان بەکار نەهێنایە، شۆرش دروست نەبوو؟
 
محەممەد عەلی ئەسڵان: نەخێر شۆرش دەستی پێنەدەکرد. ئاخر شێخ سەعید گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە ناتوانێت لە رێگای شۆڕشەوە هیچ بەدەست بهێنێت، لەلایەکی دیکەوە سەعید نوڕسی دژی شێخ سەعید بوو. 

رووداو: دژی شێخ سەعید خۆی بوو یان دژی شۆڕشەکەی؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: دژی شۆڕشەکەی بوو، ئەو پێی وابوو موسڵمان شمشێر بە روویی موسڵمان دا هەڵناکێشێت. 

رووداو: مەبەستی تورکەکان لە تەحریکردن(پرۆڤەکەسیۆن)ی دەسپێکردنی چەکداری چی بوو؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: دوای ئەوە عیسمەت پاشا داوای لە پەرلەمان کرد بڕیاری ئیدارەی عورفی(نائاسای)ی بدەن. ئەوەبوو دوو مەحکەمی ئیداری عورفییان دانا، یەکێک لە ئانکارا و ئەوی دیکەیان لە دیاربەکر، ئەوەی دیاربەکر بۆ هەموو کوردستان بوو، ئەوەی ئانکاراش بۆ باقی تورکیا بوو. دوای ئەوە بڕیاری لە سێدارەدانی سەدان کەسیان دەرکرد، زۆریشیان لە سێدارەدا، گۆڤار و ڕۆژنامەکانیان داخست، پارتی سیاسیان قەدەغە کرد، خۆیان ددان بەوەدا دەنێن.

رووداو: بەڵام خۆ شۆڕشەکەی شێخ سەعید تەشەنەی کرد و هەتا دیاربەکریش رۆیشتن، بەڵام سەرنەکەوتن، هۆکاری شکستی شۆڕشەکە چی بوو؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: راستە چوونە دیاربەکر، چواردەوری شارەکەشیان گرت، بەڵام بەگلەرە کوردەکانی ناو شار چوونە پاڵ سوپا و هاوکاریان کردن، بۆ نموونە لە دیاربەکر خەتی شەمەندەفەر هەبوو کە لەژێر دەستی فەرەنسییەکاندا بوو، رێگایان بە سوپای تورکیا دا، سەربازەکانییان بە شەمەندەفەر بگوازنەوە و موحاسەرەی هێزەکەی شێخ سەعید بدەن.

رووداو: کەواتە فەرەنسییەکانیش پشتیوانی تورکیایان کرد؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: بەڵێ.

رووداو: چۆن شێخ سەعید و هاوەڵانی دادگایی کران، ئایا شێخ سەعید بە باشی پارێزگاری لە خۆی و سەرهەڵدانەکەی کرد؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: لە مەحکەمەدا شێخ سەعید دەڵێت: “من دەستم بە شۆڕش نەکرد”، لەلایەنی دینییەوە قسەدەکات، پێیان دەڵێت کە من داوام لە ئەفسەر فڵان کرد, بەڵام بە قسەیان نەکردم و خۆیان چۆنیان ویست وایان کرد. هەرچۆنێک بێت ئەوەی دەرهەقی شێخ سەعید کرا، تاوان بوو.

رووداو: بەرخۆدانی کرد، پارێزگاری لە کوردایەتی خۆی کرد؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: زیاتر لایەنگری لایەنە دینییەکەی دەکرد.

رووداو: بۆچی بڕایاری لە سێدارەدانی شێخ سەعیدیان دا؟     

محەممەد عەلی ئەسڵان: پەیوەندی بە مەسەلە دینییەکەوە هەبوو.

رووداو: شێخ سەعید و ئەتاتورک یەکتریان بینیووە؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: نەخێر، هەردووکیان دژی یەکتربوون.

رووداو: بۆچی گۆڕبزریان کردووە؟ 
محەممەد عەلی ئەسڵان: شێخ سەعید هەم زانابوو، هەم لەناو خەڵکدا خۆشەویست بوو، ئەگەر گۆڕەکەی دیاربوایە ئەوا دەبووە جێگایەکی پیرۆز و خەڵک سەردانیان دەکرد، تورکیش ئەوەی نەدەویست. دیارە من دەزانم لە کوێ نێژراوە.

رووداو: ئەگەر باسی شۆڕشی ئارارات بکەین، ئامانجی شۆڕشەکە سەربەخۆیی کوردستان بوو؟ 

محەممەد عەلی ئەسڵان: وایە. دوو هۆکار هەبوو بۆ دەسپێکردنی شۆڕشی ئارارات:

یەکەم: پێشتر ئەتاتورک لە لینین و سۆڤیێت هاوکاری وەردەگرت، بەڵام کاتێک لەگەڵ ئەوروپییەکاندا کەوتە پەیوەندییەوە، ئیتر دەیویست خۆی لە ئامەنەتی ئەواندا ببینێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئیزمیر کۆنگرەیەکی ئابووریان rێکخست، بەومەبەستەی چینێکی بۆرژوازی دروست بکەن، دەەبوو باج بدەن، ئەوەبوو خەڵکی ئاگری ناڕازی بوون لەو هەموو زوڵم و زۆر و باج و خەراجەی دەبوو بیدەن، بۆیە بڕیاریاندا بەخۆیان و مەڕوماڵاتیانەوە روو لە چیا بکەن، دەوڵەت نەیدەتوانی هەروا بە ئاسانی دەستی پێیان بگات، لەلایەکی دیکەوە حکومەت دەستی بە نەفیکردنی  ژمارەیەک لەو کەسایەتیانەی کە چارەی حکومەتیان نەدەویست، بەشێک لەوانە بۆ ئەوەی خۆیان rزگار بکەن، خۆیان بە گری داغی (چیای ئاگری) سپارد، ئەم خەڵکانە لەوێ یەکیانگرتەوە و شۆڕش دەستی پێکرد. سەرۆک عەشیرەتەکان سەرکردایەتی شۆڕشەکەیان گرتە دەست، بەڵام زۆر بە رێکخستن نەبوو، هەندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان بەلای خۆیاندا دایاندەشکاند و گوێیان بۆ یەکتری نەدەگرت. خۆیبوون دەیویست بزووتنەوەکە بەهێز ببێت بۆ ئەو مەبەسەتە ئیحسان نووری پاشایان نارد بۆ ئارارات، بەڵێنیشیان پێدا کە هاوکاری لۆجستیکی بەکەن. ئیحسان نووری سەرۆک خێڵەکانی لەدەوری خۆی کۆکردەوە و سەربەخۆیی کوردستانی rاگەیاند، بەڵام شۆڕشەکەی ئەوانیش سەرینەگرت و لە ساڵی 1930 بڵاوەیان پێکرد.

رووداو: هۆکاری تێکچوونی شۆڕشی ئارارات چی بوو، بۆچی لەلایەنی سەربازییەوە نەیانتوانی بەرگری بکەن؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: لەلایەنی سەربازییەوە نەیانتوانی بەرخۆدان بکەن، چونکە تورکیا بە ژمارەیەکی زۆر فرۆکەی جەنگییەوە چووە سەریان، ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەتەکانی بەلای خۆیادا راکێشا و موحسارەی کردن. دوو گریداغ هەیە، گریداغی گەورە و گریداغی بچووک، گریداغی بچوک لەژێر دەستی ئێراندا بوو، تورکیا قەزایەکی ناوچەی وانی دا بە ئێران و لەجیاتی ئەوە گریداغی بچوکی لە ئێران وەرگرت، بەوشێوەیە لە پشتەوە چواردەوری (موحاسەرەی) هێزەکانی ئاراراتیان دا.

رووداو: لە شۆڕشی ئارارات دا خەڵک زۆر کوژرا؟
محەممەد عەلی ئەسڵان: خەڵکێکی زۆر کوژرا، خەڵک پەرێشان بوون، لەگەڵ ئەوەی هەندێک عەشیرەت هاوکاری رۆمیان(بە تورک دەڵێن ڕۆمی) دەکرد، بەڵام لە گەلی زیلان کە ناوچەیەکی بەرفراوانە و ژمارەیەکی زۆر لە گوند لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە باکووری شاری وانەوە، ئەوکاتە مستەفا کەمال پاشا خۆی لەناو پیلانەکەدا بوو، بەشێوەیەک دانیشتوانی هەموو گوندەکانیان بە ژن و منداڵ و ژنی دووگیان و پیر و گەنجەوە لە دەربەندێکدا (گەلییەک) کۆکردەوە و چواردەوری دەربەندەکەیان گرت، بە چەکی جۆراوجۆر ئاگربارانیان کردن و تاکبڕیان کردن،  تەنیا یەک دوو کەس بە ساغی رزگاریان بوو، ئەویش یەکێک لە خزمەکانی ئەو خەڵکە لەگەڵ ئەوەی قەدەغەبوو کەس بچێتە ئەو شوێنە، دەچێت گەلییەکە و منداڵێل رزگار دەکات کە هێشتا مەمکی دایکی خۆی دەمژی، یەکێکی دیکە پیاوێکی تەمەن حەفتا ساڵ بوو بەناوی محەممەد، تەنیا ئەو دوو کەسە دەرچوون.


رووداو: تۆ بۆخۆت ئەو رزگاربووانەت بینیووە؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: منداڵەکەم نەدی، بەڵام محەممەدم بینی. 

رووداو: جەند کەس لە گەلی زیلان کوژران؟

محەممەد عەلی ئەسڵان: رۆژنامەی جومهوریەت لە وەختی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت پازدە هەزار کەس کوژراون، بەڵام ئەو ژمارەیە راست نییە، رەنگە سی هەزار بۆ چل هەزار و بگرە پەنجا هەزاریش زیاتر کوژراو هەبێت، چونکە هەموو خەڵکی ئەو دەڤەرەیان لەو شوێنەدا کۆکردەوە، من لە کتێبەکەی خۆمدا باسی ئەوەم کردووە.