پەنجەمۆر لەگەڵ محەممەد عەلی ئاسڵان، سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی تورکیا – بەشی چوارەم

10 July 2024
پەنجەمۆر لەگەڵ محەممەد عەلی ئاسڵان، سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی تورکیا – بەشی چوارەم


پێموانییە ئۆجەلان ئازاد بکرێت!

رووداو: مەسەلەی چەپی رادیکاڵ لە تورکیا بەرەوپێش دەچێت، زۆرجار باسی دەنیز گەشمز دەکرێت، ئایا ئەو کەسێکی تیۆریزان بوو، رادیکاڵ بوو، بۆچی لە سێدارەیان دا؟

محەممەد عەلی ئاسڵان: ساڵی ١٩٦٨ بزووتنەوەیەک لە فەرەنسا دەستی پێکرد، پاشان ئەو بزووتنەوەیە گوێزاریەوە بۆ وڵاتانی دیکە، لە تورکیا دەنیز گەشمز و هاوڕێکانی بەشدارییان کرد، ئەوان دروشمێکیان بەرزکردبووە کە دەتوانن لەرێگای سوپاوە شۆڕشێک بەرپابکەن! من ئەوکاتە پێمگوتن، سوپا سوپای ناتۆیە، لەژێر دەستی ئەمریکادایە، ئێوەش دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکان، ئەمە چەندی بە چەندە؟ چۆن سوپا هاوکاریتان دەکات؟ لەپێش هەموو کەسێکەوە ئێوە دەگرن. ئەوانە زۆر خوێندەواریان نەبوو، تەنیا باوەڕبوون بەس بۆیان.  

رووداو: رێکخستیان هەبوو؟

محەممەد عەلی ئاسڵان:  بەڵێ هەیانبوو. کاتێک من سەرۆکی پارتی کرێکاران بووم، سەردانی ئیستانبووڵم کرد، خوێندکارێک کوژرابوو بەناوی بەتەڵ مەهاتۆئۆغڵو، لەوێ زانیم کە گرووپێک هەیە، داویان کرد یەکتری ببینین، منیش رازی بووم و پێمگوتن فەرموون وەرن بۆ بارەگاکەی ئێمە و قسە دەکەین، بەڵام ئەوان گوتیان ئێمە نایەین لە بارەگای پارتی کرێکاران کۆبوونەوە بکەین! داوایان کرد کە ئێمە بچینە لای ئەوان، منیش وەڵامم دانەوە، من سەرۆکی پارتیم چۆن دەکرێت من بێمە لای ئێوە؟ ئێوە بزووتنەوەیەکی نایاساین، ناکرێت پارتێکی مۆڵەت پێدراو بێتە لای ئێوە و کۆبوونەوەتان لەگەڵ بکات؟ ئەوەبوو نەهاتن. من پێشتر پارێزەریم بۆ هەڤاڵانیان کردبوو. نوێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەناوی کۆمەڵ لە زانکۆی ئۆرتا دۆغو سمینارێکی رێکخست، بە مەبەست سەیارەکەی خۆی بەبێ هیچ پاسەوانێک لە بەردەم زانکۆکەدا وەستاندبوو، بۆ ئەوەی بیسوتێنێن. کۆمەڵ کەسێکی تاوابار و قێزوەن بوو، لە شەڕی ڤێتنامدا بەشداری کردبوو، ئەندامی (سی ئای ئەی ئەمریکی بوو)، دەستی بە خوێنی خەڵک سوور بوو، ئەوەبوو ئاگریان بەردایە سەیارەکەی و سووتاندیان. ئەوانەی بەو کارە هەستان گیران و دران بە دادگە، بەڵام دەنیز رایکرد. شتی سەیریان دەکرد.

رووداو: چەکیان پێ بوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: بەڵێ، چەکیان پێبوو. رۆژێک لە بارەگای پارتیمان کۆبوونەوەمان هەبوو، گولـلەیەکیان بە جامخانەی ژووری کۆبوونەوەکەمانەوە نا، خەریک بوو بەر سەری یەشار کەمال بکەوێت، دوایی بۆمان دەرکەوت کە ماهر چایان کە سەر بەو گرووپە بوو تەقاندبووی، ئەوان نەدەچوونە سەر پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا، وەکو پارتی کۆماری یان پارتی نوێی تورکیا، ، ئامانجیان پارتی کرێکارانی تورکیا بوو. 

رووداو: بۆچی دەنیز گەنمیش لە سێدارە درا؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: خۆی بزووتنەوەکەی ئەوان هی ئەوە نەبوو خەڵکی لەسەر لە سێدارە بدرێت، بەلایەنی زۆرە رەنگە بە دوو سێ ساڵ زیندانی کۆتایی بهاتایە. بەڵام سەردەمی کودەتاچییەکان بوو، لەپێش ئەوان سێ کەسیان لەسێدارەدابوو، مەندەریس و دوو لە هاورێکانی، بەڵام دەستیان کرد بە هۆتافکێشان کە لەجیاتی ئەو سێ کەسە دەبێت سێ کەسی چەپ لە سێدارە بدرێن، شتی سادە و ساکاربوون، بەڕاستی هی ئەوە نەبوو خەڵکی لەسەر لەسێدارە بدرێت. من خۆم دژی لە سێدارەدانم ، پێشتر خەڵک لەسەر تاوانی کوشتن لە سێدارە دراون.

رووداو: کەس لەسەر سیاسەت لە سێدارە نەدراوە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: بەرگی سیاسییان کرایە بەر، بەڵام هی ئەوە نەبوو کە خەڵکی لەسەر لە سێدارە بدرێت. 

رووداو: ساڵی ١٩٦٥ پارتێکی کوردی بە نهێنی (نایاسایی) دادەمەزرێت، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا، ئێوە ئاگاداری ئەوەبوون کە پارتێکی وا دامەزراوە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: سەرەتا  پارێزەر فایەق بوجاک خەڵکی ئورفا بوو، ئەو پارتەی دامەزراند، فایەق داوەتی کردم، ئەو دەیویست ئێمەش لە دامەزراندنی ئەو پارتەدا بەشداربین، بەڵام زۆر داواملێکرد کە ئەو ببێت بە ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیا، ئاخر زیانی نەدەکرد و ئیمکانی دەرچوونی بۆ نێو پەرلەمان هەبوو، بەڵام ئەو دەیگوت وەکو بەربژێری سەربەخۆ بەشدار دەبم، ئەگەر سەرکەوتنم بەدەستهێنا دێمە ناو پارتەکەی ئێوەوە، بەڵام من گوتم شتی وا نابێت. جاری دووەم بانگی محەممەد ئەمین بۆزئەرسەڵانم کرد، پێکەوە چووین بۆ ئورفا و قسەمان لەگەڵ فایەق کرد، بەڵام نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک. بنەماڵەی فایەق لە سیڤەرەک دادەنیشتن، دوژمنایەتیان هەبوو، دوژمنەکانی پاڵپشتی جەندرمەیان دەکرد، کاتێک خەریکی بەنزین تێکردن بوو، فرسەتی لێدەهێنن و دەیکوژن، دوای کوشتنی فایەق، سەعید ئاڵچی بوو بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تورکیا.

رووداو: تۆ پێتوایە ئەو سەردەمە کاتی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا نەبوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: نەخێر، بۆچی نەبوو؟ من لەگەڵ پارتێکی نایاسایی و نهێنی نەبووم و دژی شەڕیش بووم. چەند کەس لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە، هەر خۆیانن، کەس ئاگای لێیان نییە، ترسیشیان نییە، بە ئارەزووی خۆیان باسی هەموو شتێک دەکەن، باسی کورد و کوردستان دەکەن، بەڵام باسی ئابووری ناکەن، باسی برسێتی ناکەن، تەنیا چەند پایەکیان هەیە، ئێمە کوردین، کوردستان هەیە! ئەم قسانەش تەنیا لەنێو خۆیاندا دەکەن، لە دەرەوەی خۆیان کەس لێیان نابیستێت، گومانی تێدا نییە لەناوخۆیاندا سیخورێکیان تێدا هەڵدەکەوێت، جا سەر بە میت بێت یان شوێنێکی دیکە، ئیتر دەیانگرن و تاوانباریان دەکەن، من بەشداریم لە دادگایکردنەکانیاندا کردووە، لەبەر ئەو شتانە من داوام لێدەکردن کە بە ئاشکرا و یاساییانە کار بکەن، چونکە تۆ لە کۆبوونەوە سەد هەزارییەکاندا قسە بۆ خەڵک دەکەیت، بۆ ئەوەش پێویستە زانا بیت، قسەی چاک بکەیت، بەڵام بۆ پارتێکی داخراو و نایسایی ئەو شتانە پێویست نییە.  

رووداو: سەعید ئاڵچی و دکتۆر شڤان، هەڤاڵبەندی یەکتر بوون، بیروباوەڕەیان جیاواز بوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: سەعید ئاڵچی ڕاستەڕەو بوو، هەرچی دکتۆر شڤان بوو چەپ بوو، وەکو گوتمان لە دوای فایەق بوجاک، سەعید ئاڵچی بوو بە سکرتێری پارتی دیموکرات.

رووداو: هەردووک لایان کوردایەتییان دەکرد؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  بەڵێ کوردایەتییان دەکرد، بەڵام سەعید ئاڵچی زۆر زانا نەبوو، بۆیە پارتەکەیان بە باشی نەدەچووە پێشەوە، هاوڕێکانی بیریان لەوە کردەوە کە کەسێکی خوێندەوار بکەن بە سەرۆکی پارتی، بۆ ئەوەی خەباتی پارتی بەرەو پێشەوە بچێت. سەعید ئاڵچی ئاوا وەڵامیان دەداتەوە، دەڵێت بڕۆن قەناعەت بە محەممەد عەلی ئاسڵان بکەن ببێتە سەرۆکی پارتی، منیش قبوڵی دەکەم، ئەگەر محەممەد نەیەت، هەرکەسێکی دیکە بێت، دەیکەین بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی. 
سەعید لە زیندان سەردانی دکتۆر شوان دەکات و دەیانبینێت، لە زیندان قەناعەت بە سەعید دەکەن کە ببێت بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لەژێر رێنوێنی ئەواندا کار بکات، ئەویش قبوڵی دەکات. دوای ئەوە سەردانی کوردستان دەکات و وەڵامیان بۆ دەنێرێتەوە کە سکرتاریەتی پارتی دامەزراندووە و خۆی سەرۆکی پارتییە و دەبێت بەگوێرەی راسپاردەکانی ئەو (سەعید ئاڵچی) هەڵسوکەت بکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی توڕەبوونی دکتۆر سه‌عید قرمزی تۆپراک - دکتۆر شوان، لەولاشەوە سەعید ئاڵچی توڕە دەبێت و بڕیار دەدات سەردانی مەلا مستەفای بارزانی بکات و شکاتیان لێبکات، بەڵام لەسەر سنوور دکتۆر شڤان، سەعید ئاڵچی دەگرێت و دوای ئەزیەتدانی دەیکوژێت.  
رووداو: ئایا بەڕاستی دکتۆر شڤان، سەعید ئاڵچی کوشتووە، میتی تورکی هیچ رۆڵێکی لە کوشتنی سەعید ئاڵچیدا نەبووە؟ 
محەممەد عەلی ئاسڵان: گومانی تێدانیە، راستە، دکتۆر شڤان کوشتوویەتی، چونکە من بۆخۆم لەگەڵ زۆر دەورووبەر و ئەوانەی لەگەڵ دکتۆر شڤان بوون، ئاگاداری ئەو مەسەلەیە بوون قسەم کردووە. دوای کوشتنی سەعید ئاڵچی، مستەفا بارزانی بڕیاری لەسێدارەدانی دکتۆر شڤان و گەنجێکی خەڵی قولپێ دەدەن، ئەوانەی دیکەیش هەموو رایانکرد بۆ ئەورووپا، من خۆم لەگەڵ هەموو ئەوانە قسەم کردووە، ئەوان رووداوەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە. 
رووداو: ئەگەر وابێت، مەسەلەی کوشتنی دکتۆر شڤان مەسەلەیەکی سیاسی نەبووە، بەڵکو مەسەلەیەکی تاوان بوو، کەسێک کەسێکی دیکەی کوشتووە، ئەو سەعید ئاڵچی کوشتووە، شۆرشیش دکتۆر شڤانی لەسەر ئەوە کوشتووەتەوە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: مەسەلەیکی سیاسی بوو، من لەگەڵ دارا تۆفیق قسەم کرد، لێمپرسین بۆچی دکتۆر شڤانتان لەسێدارەدا؟ لە وەڵامدا گوتی لەبەر ئەوەی سەعید ئاڵچی کوشتبوو، لەولاوە دکتۆر شڤان بە مێشکێکی کاسترۆیانەوە هاتبووە کوردستان و دەیویست شەڕێک دەست پێبکات، من وای لێتێدەگەم لەبەر ئەوەبوو، لێی نەبووران.
رووداو: تۆ پێتوایە دەستپێکردنی شۆرش و خەباتی چەکداری لەو سەردەمەی باکووری کوردستان کارێکی باش بوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: نەخێر باش نەبوو!
رووداو: بۆچی؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  ئەوکاتە کۆمەڵگەیەکی عەشیرەتی هەبوو، لە یادەوەری عەشیرەتەکانیشدا لەگەڵ هەموو سەرهەڵدانێک کۆمەڵکوژی دەستی پێکردووە، دەترسان، بۆیە نەیاندەویست سەرهەڵدانێکی نوێ دەست پێبکات. با نمونەیەکت بۆ بهێنمەوە، هاورێیەکی دەنیز گەزمیش و ئەوان چوو بۆ ئەدیامان، ناوی سینان جەنگیل بوو، باوکی لەگەڵ پارتی ئێمەدا بوو، هەرچەندە لەمن گەورەتر بوون، بەڵام هاورێم بوون، ئەو کەسە چووبوو بۆ چیایی نەمروود، هێشتا دەستی بە هیچ نەکردبوو لەلایەن خەڵکی دێکانەوە هەواڵیان لیدرابوو، سەربازیان لێ ئاگادار کردەوە و کوشتیان. بۆیە شۆڕشکردن هەروا ئاسان نییە. ئەوانەی مۆدیلی کاسترۆیان خستبووە مێشکی خۆیانەوە، مەسەلەی کاسترۆ جیاوازە، لەلایەک سۆڤیێت کڵاوەی ئەتۆمی بردبووە کوبا لە لایەکی دیکە ئەمریکا هێنابوویە تورکیا، ئەگەر سۆڤیێت پشتیوانیی کاسترۆی نەکردایە، هیچ کاتێک سەرکەوتنی بەدەست نەدەهێنا.  
رووداو: کاتێک باسی مێژوو دەکەین هیچ نەبێت لە کتێب و بابەتە مێژوویەکاندا زۆر باسی رێکخراوێک دەکرێت و بەناوبانگیشە، ئەویش کۆمەڵەی کولتووری شۆڕشگێری رۆژهەڵات Devrimci Doğu Kültür Ocakları (DDKO)، ئێوە یەکەم بەیاننامەی ئەو کۆمەڵەیەتان نووسی، تۆ کە لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا کارت دەکرد، چ پەیوەندیێکت بەوانەوە هەبوو، کێ ئەو رێکخراوەی دروست کرد؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  خۆی لە راستیدا من پێشتر دروستم کرد، بۆچی؟ من بۆم باس کردیت کە دەنیز گەنمش و ئەوان رێکخراوێکی لاوان و چەپیان هەبوو دژایەتی پارتی ئێمەیان دەکرد!
رووداو: تۆ دەتویست لەبەرامبەری ئەواندا ئەڵتەڕناتیفێک (جێگرەوەیەک) دابنێیت؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: ئەوانە لە مەیدانەکەدا بوون، من دەمویست لاوانی کورد هەم لە جێگایەک کۆببنەوە، هەم پشتیوانی پارتەکەمان بکەن، لەبەرئەوە، تاریق زیا ئاکنجی هاوکاری کردم. پرۆگراممان بۆ داڕشتن، بەڵام ئەو گەنجانە مێشکیان لەژێر کاریگەری چەپی تورکدا بوو.

رووداو: کێ رێکخراوەکەی بەو ناوەوە ناونا؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: ئێمە خۆمان ئەو ناوەمان لێنا! دەزانم من لە ناودانانەکەدا بەشداربووم.
رووداو: لەبەرئەوە ئەو پرسیارەم کرد، ئێوە پێشتر دەتانگوت کە دژی بەکارهێنانی پەیڤی رۆژهەڵات بووم، بەڵام لەم رێکخراوەدا پەیڤی رۆژهەڵات هەیە و کوردستان نییە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: وشەی کوردستان و کورد هەیە.
رووداو: ئەوانەی رابەرایەتییان دەکرد کێ بوون؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: زۆر هەڤاڵی تێدابوون، یەکێک لەوانە دکتۆر کەمال هەبوو، ناوەکانم بیرنییە.
رووداو: ئامانجی ئەو رێکخراوەیە چی بوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: ئامانجی ئێمە ئەوەبوو، رێکخراوەکە هاوکاری پارتی کرێکارانی تورکیا بکات، پارتی کرێکاران سیستمێکی سۆسیالیستی دامەزرانێت و لەناو ئەو سیستەمەدا کورد بە مافەکانی خۆی شاد بووایە، سەربەخۆ بوونایە.
رووداو: ئەو کۆمەڵەیە کۆمەڵەیەکی بە تەواوەتی کوردی بوو یان تورکیشی تێدابوو؟  
محەممەد عەلی ئاسڵان: تورکیایی بوو، بەڵام زۆرینەی ئەندامەکانی کورد بوون. 
رووداو: ئێوە دەتانویست بەشێک بێت لە پارتی کرێکارانی تورکیا نەک کۆمەڵەیەکی سەربەخۆ بێت؟ 
محەممەد عەلی ئاسڵان:  وای حساب بکە، پارتی کرێکارانی تورکیا، سیستمێکی سۆسیالیستی لە تورکیا دابمەزرێنێت، لەو سیستمە سۆسیالیستییەدا کوردیش سەربەخۆ دەبوون، فەرهەنگی خۆیان بپارێزن، مەسەلەی توانەوەی نەتەواویەتی کۆتایی پێبێت، تورک و کورد وەکو یەکبن، جایبوونەوە نا، بەڵام کورد و تورک هاوتابن. 
رووداو: بۆچی چوویت بۆ فەرەنسا، هەڵاتیت؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: لە کاتی کودەتا سەربازییەکەدا، بڕیاری گرتنم درا!
رووداو: بە قاچاخ چوویت، رەوشی کورد لە ئەورووپا چۆن بوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  بەڵێ بە قاچاخ چووم، لە فەرەنسا کوردی کەم لێبوو، زیاتر کورد لە ئەڵمانیا دەژیان، من لەگەڵ زۆرێک لەو کوردانەی لەوێ دەژیان قسەم کرد، داوام لێدەکردن کە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەو وڵاتانە بگونجێنن، بەڵام خۆیان نەتوێننەوە لەناویاندا، داوام لێدەکردن کە بچنە ناو سەندیکاکانی ئەو وڵاتانەوە لەنێو ئەواندا تێبکۆشن، ئاشنایەتی لەگەڵ فەرهەنگی ئەواندا پەیدابکەن، منداڵەکانییان بنێرە قوتابخانە  و بخوێنن.

رووداو: کوردەکان خۆیان رێکخستبوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: کوردەکان زۆر تێکەڵی خەڵکی نەبووبوون، منداڵەکانیان نەخستبووە بەر خوێندن، خوێندکاران هەبوون کە هاوکاریان کۆدەکردەوە و خەڵکیش هاوکاری دەکردن.   
رووداو: کوردەکان پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا دا هەبوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  ئەوکاتە پارتی کرێکاران داخرابوو.
رووداو: لە نووسینی خۆتدا باسی خۆشەویستی کەمال بورکای و ناجی کوتلای بۆ پارتی کۆماری (جەهەپە) دەکەیت، ئەوە چ خۆشەویستییەک بوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  کاتێک لە فەرەنسا گەڕامەوە، بیرم کردەوە دەبێت چی بکەم؟ پارتەکەی سلێمان دەمیراڵ داویان لێکردم لەسەر لیستەکەی ئەوان خۆم بەربژێر بکەم بۆ پەرلەمان، دەریشدەچووم. ئەوکاتە من کۆمەڵێک لە خوێندکاری بێ ئیشی کوردم لەدەوری خۆم کۆکردبووەوە، کەس حسابی بۆ نەدەکردن، لە شاری ئاگری لەدەوری یەک کبوونەوە، لە  ئیستەنبووڵ مەکینەیەکی چاپم پەیداکرد و لەگەڵ خۆم بردم بۆ ئاگری و بەناوی ئەو گەنجانەوە دەستم بە دەرکردنی رۆژنامەیەک دەرکرد، رۆژنامەکەش ناوی دیموکراسی بوو. لەولاوە وەکو بەربژێری سەربەخۆ خۆم بەربژێر کرد، بەڵام ئەوبرادەرانە پشتیوانی منیان نەکرد، حورمەتیان لەناو خەڵکدا نەمابوو، ڕۆژێک کەمال بورکای و ناجی کوتلایی بە دزیی منەوە چووبوون بۆلای ئەو خوێندکارانەی کە لەگەڵ من کاریان دەکرد، کۆیانکردبوونەوە و پێیانگوتبوون واباشە ئێمە هاوکاری رەزا پۆڵات بکەین، بۆ ئەوەی دەربچێت، واز لە محەممەد عەلی ئاسڵان بهێنن، رەزا پۆڵات کورد بوو بەڵام بە مێشک نەتەوەپەرستی تورک بوو. رۆژی دواتر گەنجەکان هاتن بۆلام و گوتیان داوای لێبوورنت لێدەکەین ئێمە پشتیوانی لە رەزا پۆڵات دەکەین، بەڵام ئەگەر بتەوێت ئێمە لە دەرکردنی رۆژنامەکە بەردەوام دەبین! منیش گوتم، کەیفی خۆتانە، بەڵام رۆژنامەکە نا، دەتوانن پارە لەوان وەرگرن و خۆتان رۆژنامە دەربکەن، بەڵام بۆ کارێکی وا ئەوان قڕوشێکتان نادەنێ، ئەوەبوو پارتی جەهەپە پشتیوانی لێکردن، بۆیە من پاشەکشەمکرد لە خۆبەربژێر کردنەکەم. 
رووداو: ئەوە بۆیە دەڵێیت ئاشقی جەهەپە بوون؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: دەی ئەوە عەشق نەبێت، چییە؟ ماوەیەک هەڤاڵی من بوون، دەستیان لەمن بەرداو، عاشقی جەهەپە بوون.
رووداو: ئاگات لە دامەزارندنی پارتی سۆسیالسیتی کوردستان هەبوو لە ساڵی ١٩٧٤، کەمال بورکای و هاوڕێکانی داوایان لێنەکردی لەگەڵیان کار بکەیت؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  هەر لەسەرەتاوە بزووتنەوەکەیان راست نەبوو، بۆچی؟ پارەیان لە خەڵک کۆدەکردەوە، نزیکی دەوڵەت بوون و خۆشیان خەڵکانی لێهاتوو نەبوون. باشە بزووتنەوەیەک پارە لەخەڵک بستێنێت و سەر بەدەوڵەت بێت، من چۆن بتوانم لەگەڵ ئەوانەدا کار بکەم. 
رووداو: باشە ئەو کوردانەی کە لەنێو پارتە تورکییەکان کاریان دەکرد، تەنیا بیریان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکردەوە یان جار بە جارێک باسی کورد و کوردستان و مافە رۆشنبیرییەکانی کوردیان دەکرد؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: یەکەم لە مێژوودا، نەزانی لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا کاریگەری خراپی هەبووە،  هی دووەم مەسەلەی سۆسیۆلۆجیی کوردە، ئەگەر شارەزاییت لە سۆسیۆلۆجی کورد دا نەبێت بەردەوام دەکەویتە هەڵەوە. هەندێک لەوانە دڵسۆز بوون، تۆ ناتوانیت مۆری خیانەت لە نێوچاونی ئەوانە بدەیت یان بڵێیت خەڵکی باش نەبوون، بەڵام نەزان بوون، بۆ نموونە سەڵاحەدین دەمیرتاش کاتێک لە بانگەشەی هەڵبژارندا باسی تورکیابوون دەکات، نازانێت، ئاخر ئەگەر بیزانیایە تورکیایبوون سیاسەتی مستەفا کەمال بوو.
رووداو: تۆ پێت وایە هەڵەی کردووە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: مەسەلە ئەو نییە وەکو شەخس، پەکەکە هەڵەی کردووە، لەدوای بزووتنەوەی شێخ سەعید مەسەلەی تورکیایی بوون هاتۆتە گۆڕێ، بنگەی تورکیایی بوون واتە ئاسمیلاسیۆن (بەزۆر توانەوەی گەلێک)، دوای هاتنە گۆڕی تورکیایی بوون، بزووتنەوەی ئاسیملاسیۆنیش دەستی پێکردووە، هەتا ئێستاش بەردەوامە، ئێستا کە تۆ هەمان داواکاریی تورکیایی بوون دووبارە دەکەیتەوە، واتە توانەوە و نەمانی کورد.
رووداو: واتە پێتوایە ئەو سیاستەی ئەوان دەکەوێتە خزمەتی ئاسیملاسیۆنی کوردەوە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  بێگومان.
رووداو: ئەی ئەگەر ئەوان خەتی خۆیان بەتەواوەتی جودا بکەنەوە، مەترسی دووبارە بوونەوەی کۆمەڵکوژی کورد نییە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: من دژی کۆمەڵکوژیم، دژی شەڕ و توندوتیزژم، دژی کودەتای سەربازیم، دژی ئەوەم بەنایاسایی کاربکەیت، کەواتە چی بکرێت؟ لەم وڵاتەدا کورد و تورک دەژین هەرچەندە نەژادی تورک تێکەڵاوە، لێرەدا دەبێت سیاسەتێکی یاسایی و دیموکراتی پیادەبکرێت، یەکسانی دەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات.
رووداو: تورکیا رێگادەدات کورد بە شێوەیەکی یاسایی کاری خۆیان بکەن؟
محەممەد عەلی ئاسڵان:  ئایا دەوڵەت چییە؟ خۆ مەکینەیەک نییە لەخۆوە کار بکات، دەوڵەت بەشێکی لە کادری بەڕێوەبەر پێکدێت، بەشێکیشی بنکەیە (قاعیدە)، ئەوانە دەوڵەت دەخەنە سەر کار و دەبێت دەسەڵاتیان پێبدرێت، لە دوای ساڵی ١٩٥٠ وە لە تورکیا (رەنگە لە شوێنی دیکە وانەبێت، مەبەستی وڵاتانی دیکەیە کە کوردیان تێدایە) بەشێوەیەکی دروست خەڵک دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگی خۆی دەدات، کورد و تورک دەیانتوانی دەسەڵاتێک پێکبهێنن، بەوە دەگوترێت دەوڵەت.

رووداو: لەدوای ساڵی ١٩٧٥ چەند پارت و رێکخراوی کوردی وەکو (کاوە، رزگاری، ئاڵای رزگاری، پەسەکە و کووک و پەکەکە) دروست دەبن،  ئەم هەموو پارتە بۆ، دواتر بەگژیەکدا چوونەوە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: سەیرکە، من زۆرێک لەوانەی ئەو پارتییانەیان دامەزراندووە دەناسم، لە راستیدا ئەوانە کاروکردەوەیان زۆر نەبوو، بەباشی خوێندنەوەیان بۆ رەوشەکە نەکرد، بەوشتانە دەیانوسیت خۆیان بکەن بە شتێک و وەکو شەخس خۆیان گەورە بکەن.
رووداو: با پرسیارێک بکەم، کەسێکی وەکو عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە زانکۆ خوێندویەتی، خۆ دەیتوانی بۆنموونە وەکو ئێوە ببێت بە پارێزەرێک و کارێک بکات، خەریکی ژیانی شەخسی خۆی بێت بەڵام هات بزووتنەوەیەکی رێکخست، تۆ پێتوایە ئەویش هەڵەی کرد؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لیسەی تەواو کرد، ئەوکاتە لە زانکۆی ئەنکار کۆلیژی یاسا و زانسەتە سیاسییەکان هەبوو، بۆ نموونە لە ساڵی یەکەمدا دە هەزار کەس لە کۆلێژی یاسا دەیانخوێند، بەڵام ئەوانە هەموویان نەیاندەتوانی بچنە قۆناخی دووەم و دەمانەوە، ئۆجەلان لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکاندا دەستی بە خوێندن کرد، بەڵام لە قۆناخی یەکەمدا مایەوە و نەیتوانی بچێتە قۆناخی دووەم، ئەوە کەی خوێندنە، خوێندنەکەی ئاوا بوو، پاشان لەگەڵ کچێکدا بەناوی کەسیرە یەڵدرم ژیانی هاوژینی پێکهێنا، باوکی کچەکە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگەریی میتەوە هەبوو، خۆ من وا ناڵێم، خۆی وا دەڵێت! لەگەڵ متیدا پەیوەندی هەبوو، کاتێک کودەتا کرا، رایکرد. 
رووداو: چ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ میت هەبوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: من نازانم بەڵام پەیوەندییەکە بەوشێوەیە بوو، خۆی دەیگوت کە من ئەوە قبووڵ دەکەم کە من خۆم رێگام نیشانی میت دەدات، ئەوان ئەمریان بەسەرمندا نەدەکرد، بەڵکو من کۆنترۆڵم هەبوو بەسەر ئەواندا.
رووداو: مەبەستی ئەوەبوو کە ئەو میتی هەڵخەڵەتاندووە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: ئەو بۆخۆی وادەڵێت، (بە پێکەنینەوە) بەڵام ئەگەر مرۆڤ باوەڕبکات دەزگایەکی گەورەی وەکو میت بەوشێوەیە بێت، ئیدی ئەوە شتێکی دیکەیە. سەرەتا تورکیا دەیویست دەست بە یاخیبوونێکی کوردی بکرێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت، بۆئەوەی بە هەوەسی خۆی بیجوڵێنێت، بۆیە دەچوونە ناوگەنجەکانەوە، خەڵکیان دەکوشت، من ئەوکاتە پارێزەریم بۆ زۆر کەس کردوە، شکاتەکانیان لەبەردەستمدا بوو، دەیانگوت دەوڵەت ئێمە دەگرێت و ئەشکەنجەمان دەدات و سووکایەتیمان پێ دەکات، پاشان بێمان دەڵێن ئێوە چەند مرۆڤێکی بودەڵەن، دەتانکوژین و ئەشکەنجەتان دەکەین، کەچی یاخی نابن! بەڵام نەماندەتوانی هیچ بکەین، ئاخر هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نەبوو، لە ژوورێکدا ئەو رووداوانە روویدەدا کەس نەبوو شایەتی بدات. لەولاوە کە حافز ئەسەد تەماشای کرد دەسەڵاتدارانی تورک لاریان لە دەستپێکی یاخیبوونێک نییە، بۆیە ئەوانیش هەوڵی دۆزینەوەی گرووپێکیان دا کە لە تورکا دەست بە یاخیبوون بکات، ئێ حافز ئەسەد خۆی دوژمنی کورد بوو، تەنانەت مافی هاووڵاتیبوونی بە بەشێک لە کورد نەدەدا، هیچ کام لە گرووپە کوردییەکان نەچوونە ژێر ئەو بارەوە، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گرووپەکەی قبوڵیان کرد، ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٨٤ دا لە ئەروحێ دەستیان پێکرد، ژمارەیەک لە لاوانی کورد بێ مەبەست پەیوەندییان پێوەکردن، دوای ئەوە بزووتنەوەکە گەورەبوو، بەڵام گەورەترین زەرەری لە کورد دا. ئاخر نەوەیەکی کورد لەناو چیا و زیندانەکاندا لەناوچوون. زیاتر لە چوارسەد گوندی کورد سوتێنران و خاپوور کران، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی کورد و سەرۆکانی کورد کوژران. 
رووداو: بەڵام مامۆستا تۆ خۆت پارێزەری، ئەوە تۆمەت نییە دەیدەیتە پاڵ (پەکەکە) کە پرۆڤەکسیۆنی تورکیاییە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: نەخێر. تەنیا هی تورکیا نا، هی حافز ئەسەد و تورکیایە. پەنجەی هەردوو وڵاتەکەی تێدایە. پاشان بزووتنەوەی شێخ سەعید پرۆڤەکەسیۆنی عیسمەت پاشا بوو، ئەوەی پێچەوانەی ئەمە قسە بکات، راستییەکان دەشارێتەوە.
رووداو: کەواتە زۆرجار مێژووی کورد خۆی دووبارە دەکاتەوە؟ 
محەممەد عەلی ئاسڵان: لە مەسەلەی شێخ سەعید دا، کوردیان وەکو ئالەتێک بەکارهێنا و کەڵکیان لێوەرگرت، مەسەلەی چلونۆ کەسەکە، کە خوێندکارە کوردەکان لە ساڵی ١٩٥٩ گیران، دیسان ئەوەش پرۆڤەکاسیۆنی پارتی دیموکرات بوو، هەروەها بزووتنەوەی پەکەکەش هەروایە.
رووداو: بەڵام زۆرجار دەڵێن قارەمانێتی زیندانیانی دیاربەکر سەرلەنوێ کوردی زیندوکردەوە، ئەوان دەڵێن ئێمە لە سفرەوە دەستمان پێکردووە و کوردمان زیندوکردۆتەوە؟ 
محەممەد عەلی ئاسڵان: هەم راستە و هەمیش راست نییە، وەکو ئەوەی کە لەوێ روویداوە راستە، بەڵام ئەوەی کە گوایە کورد لەسەردەمی ئەواندا هۆشیاربوونەتەوە راست نییە، کورد هۆشیاربوون. لە مەسەلەی هۆشیاربوونەوەدا دوو رووداوی گرنگ هەن، یەکەمیان بزووتنەوەی مستەفا بارزانییە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کوردی تورکیا دانا، کورد گوتیان مادام وایە ئێمەش دەتوانین سەرهەڵدان بکەین، بەدەنگێکی بڵند باس لە کوردبوونی خۆمان بکەین، دووەمیان رادیۆی کوردی ئێریڤان کە بۆ ماوەی دوو سەعات بەزمانی کورد  بەرنامەی پەخش دەکرد، ئەویش کاریگەری زۆری لەسەر کوردی تورکیا دانا.
رووداو: ساڵی ١٩٨٩ ژمارەیەکی زۆر کوردی باشوور دوای هێرشەکانی عێراق بۆسەر کوردستان پەنایان بۆ تورکیا هێنا و لە ئۆردوگاکاندا جێگیرکران، ئێوە کتێبێکتان لەسەر ئەو کەمپانە و ژیانی پەنابەرانی کورد نووسیووە، دەکرێت بزانین ناوەڕۆکی کتێبەکەت لەسەر چی بوو؟ 
محەممەد عەلی ئاسڵان: زۆرشتی گرنگم باس کردووە، بەڵام باسی جینۆساید نییە! باسی کاروباری نەتەوەیەگرتووەکانم کردووە، باسی کوشتنی پەنابەرانم کردووە، زۆر شتم باس کردووە.

رووداو: دەوڵەتی تورکیا بەچ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ پەنابەرانی کورد دەکرد؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: پەنابەرانیان دابەشکردبوو بەسەر سێ کەمپدا، یەکێک لە دیاربەکر، یەکێک لە مووش، ئەوی دیکەیان لە ماردین بوو، مادام میتەران سەردانی کەمپەکانی کرد و پێکەوە سەردانی هەرسێ کەمپەکەمان کرد، هیچ کتێبێک، شتێک لەسەر رەوشی پەنابەران نەنووسرابوو، بۆیە بەخێرایی نووسینێکم ئامادەکرد، وەکو دیکە مامەڵەی تورکیا لەگەڵ پەنابەران باش نەبوو. 
رووداو: ماوەیەک لەگەڵ پارتی هادەپ کارتان کردووە، مەسەلەی دانوساندنی پەکەکە و هادەپ چییە، ئێوە ئاگاداری پەیوەندی وا بوون، کاریگەری پەکەکە لەسەر هادەپ هەبوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: بەڵێ کاریگەری لەسەر هەموو پارتەکە هەبوو، ئەوکاتە ئەندامێکی پەکەکە بەناوی موزەفەر ئایات هەبوو، زۆرجار لەگەڵ ئەو لە  ئیستەنبووڵ قسەمان دەکرد، ئەوان زۆر پێداگریان کرد کە لەگەڵ هادەپ کاربکەم، منیش قبوڵم کرد، ئەوان دەیانگوت دەمانەوێت کەڵک لە ئەزموون و زانیاریەکانی تۆ، بیروبۆچوونەکانت وەربگرین، منیش کۆمەڵێک پێشنیازم بۆ نووسین و رادەستی کۆمیتەی ناوەندی پارتیم کرد، وابڕیاربوو کە قسەی لەسەر بکەن و وەڵامم بدەنەوە. لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیاندا کە ژمارەیان شەشت کەس بوو، هەڤاڵێکیان پێیگوتم لەو هەموو ژمارە زۆرە تەنیا چەند کەسێکی وەکو تۆ کاردەکەن، ئەوانەی دیکە هەموو موچە لە پارتی وەردەگرن، ئەوەبوو هیچ وەڵامێکیان نەدامەوە، ئیتر منیش دەستم لە پارتی کێشایەوە، نامەکەم لە کتێبەکەمدا بڵاو کردۆتەوە. 

رووداو: لەسەر گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، تۆ وەکو پارێزەرێک چۆن دەڕوانیتە بەرگیرنامەکەی لە زیندان؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: کاتێک لەلایەن گرووپێکی میتەوە دەستگیر کرا و بە فرۆکە هێنایەنەوە بۆ تورکیا، دیاربوو ئۆجەلان ترسابوو، بۆیە گوتی دایکم تورکە و دەمەوێت خزمەتی ئێوە بکەم، باسی کوردی نەکرد دەنا دەبوو بە مەسەلەیەکی گەورە. 

رووداو: بۆچی تۆ نەچوویت لە دادگا بەرگری لێبکەیت، تۆ پارێزەرێکی کوردیت و ئەویش سەرکردەیەکی کورد بوو؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: ئەو خۆی داوای نەکرد، پاشان مەسەلەی دەستپێکردنی شەڕ، پرۆڤەکەسیۆنی گەورەی نێوان حافز ئەسەد و تورکیا بوو، ئۆجەلان بوو بە داردەستی ئەوان، پاشان ئەوان سەردانیان نەکردم و داویان لەمن نەکرد، جا ئایا دەمکرد یان نا، ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بێگومان دەمکرد. 
رووداو: هیچ کاتێک پەیوەندیان بە تۆوە نەکرد؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: دواتر کە چوونە لای دادگای دەستەی مافی مرۆڤ و بڕیارێکیان لەبارەی ئۆجەلانەوە دەرکرد، دوای ئەوە پارێزەرەکانی ئۆجەلان سەردانیان کردم، داوایان لێکردم کە بچمە ناو پرۆسەکەوە، منیش قبووڵم کرد، بەڵام گوتم من مەرجێکم هەیە، ئەویش ئەوەیە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک ئۆجەلان فەرمانم بەسەردا بکات، چونکە ئۆجەلان خویەکی وای هەیە. دوای ئەوە ئیتر نەهاتنەوە بۆلام.
رووداو: پێت وایە ئۆجەلان ئازاد بکرێت؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: نەخێر. جارێک کۆنفرانسێک لەلایەن دۆغو پەرینچەک رێکخرا، زۆر پێداگیریان کرد کە منیش وەکو میوان بەشداری بکەم، لەنێو میوانەکانی کۆنفرانسدا سەرۆکی دادگای ئیمرالیش بەشداری کردبوو، لەکاتی پشوودا لێمپرسی سەرۆک بۆچی ئۆجەلانت خستە ئەو دورگەیەوە، تۆ خزمەتێکی باشت بە ئۆجەلان کرد، تابورێکی سەربازیت خستۆتە ژێر فەرمانی ئەوەوە، ئەو هەموو مەسرەفە دەکەن، چی دەبوو ئازادت بکردایە با بەرێگای خۆیدا بڕۆیشتایە!
رووداو: وەڵام دایتەوە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: سەرەتا زۆر بە قسەکانم عاجز بوو و بەلایەوە سەیر بوو. دیارە بڕیارەکە بڕیارێکی سیاسی بوو. سەرەتا ئەوان دەیانوسیت لە سێدارەی بدەن، بەڵام ئەمریکا دەستگیری کرد و تەسلیمی تورکەکانی کرد، بەو مەرجەی کە لە سێدارەی نەدەن. 
رووداو: هیچ رووناکییەک دەبینیت بۆ دواڕۆژی کورد؟ 
محەممەد عەلی ئاسڵان: بەڵێ دەیبینم، دیارە من تەمەنم هەشتاوحەوت ساڵە، زۆر شوێنی دنیا گەڕاوم، لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە هەموو شوێنێک قسەم کردووە، گومانی تێدانییە رووناکی دەبینین، بەڵام بەرێگای شەڕ و نهێنی ناگەینە ئەنجام، بەڵکو لەرێگای یاساییەوە، لە دوای دروستبوونی یۆنانەوە سێ شت هەن کە گرێدراوی یەکترن و ئەگەر یەکێکیان نەبێت دوانەکەی دیکەیش نابن، ئەوانیش دادپەروەری، مافی مرۆڤ و دیموکراسییە، ئەم شتانە بەدی بێن، کێشەکان چارەسەر دەبن. 
رووداو: ئاخر خۆی کێشەکە ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، هیچکام لەو مەرجانەیان تێدا نییە؟
محەممەد عەلی ئاسڵان: راستە، بەڵام پێشتر لە ئەورووپاش ئەو شتانە نەبوون، لە ئەڵمانیا نازییەکان حوکمیان دەکرد، لە ئیتاڵیا فاشیتسەکان هەبوون، لە فەرەنساش هەروابوو، بەڵام دەبێت بگۆڕێن، تورکیا لە هەموان زیاتر ئیمکانی گۆڕانکاری تێدا هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە دەوڵەتێکی دیموکراتی، ئەگەر تورکیا بگۆڕێت کاریگەری لەسەر سووریا و عێراق و ئێرانیش دادەنێت، بزانە ئەوەی لە سوریا روویدا، چونکە لە تورکیا دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیستی لەسەر حوکمە، ویستی هەمووان بەگژیەکدا بکات و یەکتری بکوژن، لە عێراقیش وایە، ئەگەر تورکیا ئەو فکری دەسەڵاتدارێتییە لە مێشکی خۆی دەربکات و ببێت بە دیموکراتی، کاریگەری دادەنێت ئەوکاتە سنوورەکانیش کاڵدەبنەوە، ئەوکاتە کوردەکانیش دەگەنە جێگایەک.
رووداو: زۆر سوپاستان دەکەین و ماندوومان کردیت، تەمەندرێژ و لەشساخ بیت.
محەممەد عەلی ئاسڵان: منیش زۆر سوپاستان دەکەم و کەیفخۆش بووم، هەرکاتێک ویستان دەتوانن سەردانم بکەنەوە.