بەرنامەی پەنجەمۆر لەگەڵ مەحموود ئاکیورکلی - بەشی یەکەم

22 October 2022
بەرنامەی پەنجەمۆر لەگەڵ مەحموود ئاکیورکلی  - بەشی یەکەم

مەحموود ئاکیورکلی لە ساڵی 1956 لەدایک بووە. لە ساڵی 1976 دەبێتە مامۆستا و ماوەی دە ساڵ بەردەوام دەبێت. لە ساڵی 1979 لە زانکۆی فورات لە بەشی مێژوو دەست بە خوێندن دەکات و ساڵی 1985 تەواوی دەکات. 

لە نێوان ساڵانی 1987 – 1988 گۆڤارێکی هەفتانە بەناوی (گایا گەزەتەسی) دەردەکات.

ساڵی 2010 یەکەمین کتێبی خۆی بەناوی دەرسیم کورد تەدیبی(1937 – 1938) دەنووسێت.

تائێستا چەندین پەرتوکی لەسەر مێژوو و کۆمەڵکوژی دێرسیم و کۆچگری و شێخ سەعید و چەندین بابەتی دیکەی مێژوویی نووسیوە و ، بەڵگەنامەکانی سەردەمی عوسمانی ساخ کردۆتەوە.

ئێستا لە ئیستەنبووڵ دەژی و بەردەوام بە دوای بەڵگە مێژوویەکانی سەردەمی عوسمانی لەسەر کورد دەگەڕێت و کۆیان دەکاتەوە.

  

لەبەشی یەکەمی بەرنامەی پەنجەمۆر لەگەڵ نووسەر و مێژوونووس مەحموود ئاکیورکلی باسی پەیوەندییە مێژوویەکانی نێوان کورد و تورک دەکات، وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە، لەوانە، بۆچی ئیدریس بەتلیسی کتێبی (هەشت بەهەشتی) لەسەر سوڵتانەکانی عوسمانی نووسیوە، ئایا سوڵتانە عوسمانییەکان تورک بوون؟ ئایا شێخ مەحموودی حەفید و ئەتاتورک و پاشماوەی عوسمانییەکان پەیوەندیان هەبووە؟ راستە ئەتاتورک و هاورێکانی خوازیاری ئەوەبوون ویلایەتی موسڵیان لە کۆڵ بێتەوە؟ بۆچی عەشیرەتی کۆچگری کۆمەڵکوژ کران؟ کێ عەلی شێر و زەریفە خانمی هاوژینی کوشت؟ رێکخستنی ئازادی کێ دایمەزراند و ئامانجیان چی بوو؟ ئەمانە و چەندین بابەتی دیکە لە بەشی یەکەمی پەنجەمۆر وەڵام دەداتەوە.