پەنجەمۆر- مەلەکە سوڵتانی- بەشی سێیەم

05 February 2025
لە قووڵایی مێژووی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ناوی بنەماڵەی سوڵتانی وەک نموونەیەکی بێوێنەی فیداکاری و نیشتمانپەروەری دەدرەوشێتەوە. لە گوندی ئەڵمانەوە، کە ئەمڕۆ بووەتە هێمای بەرخۆدان، چیرۆکی دایکێک و پێنج کوڕی قارەمانی دەگێڕێتەوە کە بە خوێنیان پەیمانی وەفاداریان بۆ نیشتمان تۆمار کرد.

بەرنامەی "پەنجەمۆر" لە بەشی سێیەمیدا، پەردە لەسەر نهێنییەکانی ئەم بنەماڵە خەباتگێڕە هەڵدەداتەوە. مەلەکە سوڵتانی، شایەتحاڵی ئەو مێژووە خوێناوییە، باس لە چیرۆکی بنەماڵەیەک دەکات کە سەرەڕای رەچەڵەکی ئاغایەتی و شێخایەتییان، رێگای خەباتی چەپیان هەڵبژارد.

دایکە بەهێ، ئەو ژنە بەهێزەی کە تەنانەت دوژمنانیش سەریان بۆ نەوی دەکرد، لە ماوەی ساڵێکدا پێنج جار بەرەو گۆڕستانی تاڵە سوار رۆیشت، هەر جارەی تەرمی کوڕێکی لە باوەش گرت و بە چاوی پڕ لە فرمێسک، بەڵام بە دڵێکی پڕ لە شانازییەوە بە خاکی سپارد.
 
مەلەکە سوڵتانی، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە، لە بەشی سێیەمی بەرنامەی "پەنجەمۆر"دا شایەتی لەسەر کۆمەڵێک رووداوی گرنگی مێژوویی دەدات کە پەیوەندییان بە رووخانی رژێمی شا و هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.
 
پێشمەرگە دێرینەکەی کۆمەڵە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لە کاریگەریی شیعرەکانی مامۆستا قانع لەسەر هاندانی شۆڕش دەکات و تیشک دەخاتە سەر گومانەکان سەبارەت بە شەهیدکردنی فوئاد سوڵتانی.
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، قسەکانی مستەفا چەمران سەبارەت بە کاک فوئاد دەخرێتەڕوو، لەگەڵ چەندین بابەتی گرنگی مێژوویی دیکە کە شایەتی لەسەر دەدرێن.