پەنجەمۆر لەگەڵ کەمال محێدین- بەش دووەم

09 April 2025
پەنجەمۆر لەگەڵ کەمال محێدین- بەش دووەم
لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، کەمال محێدین ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی پارتی - باڵی مەکتەبی سیاسی، تیشک دەخاتە سەر رۆڵی مام جەلال لەنێو لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە و چۆنیەتی شیکردنەوەی بابەتی مارکسیزم و کوردایەتی بۆیان.

بەپێی قسەکانی محێدین، حیزبی شیوعی لەو سەردەمەدا بەردەوام لە کێبڕکێدا بوون و هەوڵیان داوە بەتایبەتی جووتیارانی کوردستان لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە. پەیوەندی بەهێزی حیزبی شیوعی عێراقی بە مۆسکۆوە بووەتە جێگای پەند و گاڵتەی خەڵک، بە جۆرێک دەیانگوت: "ئەگەر لە مۆسکۆ باران بێت، لە کۆیە شیوعییەکان چەتر هەڵدەکەن".

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، کەمال محێدین باس لە گۆڕانکارییەکانی دوای هاتنەسەر حوکمی عەبدولکەریم قاسم دەکات، هەروەها گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەکێتی سۆڤیێت و پێشوازی گەرمی جەماوەری عێراقی لێی.

محێدین هەروەها تیشک دەخاتە سەر کۆنگرەی پێنجەمی پارتی لە بەغدا کە تێیدا چارەنووسی شیوعییەکانی ناو پارتی دیاریکرا و خەتی کوردایەتی زاڵبوو.

بەرنامەی پەنجەمۆر چەندین بابەتی مێژوویی دیکەی کوردستان دەخاتەڕوو کە کەمال محێدین وەک شایەتحاڵێک گێڕانەوەیان بۆ دەکات.

بەرنامەی پەنجەمۆر هەموو شەوانی چوارشەممە کاژێر 21:00 پەخشدەکرێت.