پەنجەمۆر - حەسەن رەستگار – ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – بەشی دووەم
حەسەن رەستگار، کە بە مەلا حەسەن لەنێو هاوڕێکانیدا ناسراوە، ساڵی 1935 لە گوندی شەکر بەگ لە نێو مەنگوڕان لە دایکبووە.
دیبلۆمی ئەدەبیاتی لە مهاباد و بەکالۆریۆسی ئەدەبی لە کۆلێژی ئاداب لە شاری سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی 1958 دەبێتە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.
بەرپرسیارێتی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت و سنە و کرماشانی وەرگرتووە. بەرپرسی کلاسی سیاسی حیزب بووە، هەروەها بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەفتەری سیاسی و کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی بووە.
لەسەرەتای لاویەتییەوە دەخرێتە زیندان و لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی وەکو غەنی بلووریان و جەلیل گادانی و سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە زینداندابووە.
ئایدۆلۆژیای چەپ کە سەردەمانێک لە کوردستان و ناوچەکەدا باو بوو، ماوەیەکی زۆر ئەندامانی ئەو حیزبی دیموکراتی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو، بەتایبەتی حیزبی توودە، دەیویست لەرێگەی دەسەڵاتی حیزبی دیموکرات لە کوردستاندا رەگ و ریشەی خۆی داکوتێ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە تەنانەت لەناو زینداندا باڵی چەپ و راستی حیزبی دیموکرات بەگژیەکدا بچن، دکتۆر عەلی مەولەوی سەرکێشی باڵە نەتەوەییەکی دەکرد و غەنی بلووریانیش نوێنەرایەتی باڵی چەپی نێو حیزبی دەکرد. حەسەنی رەستگار خۆی لە زینداندا بووە و باسی ئەو ناکۆکییانە دەکات.
باسی دیدارێکی مێژوویی خۆی و فەتاحی کاویان لەگەڵ سەرکردەی کورد ئیحسان نووری پاشا لە ئێران دەکات.
دیدار و ناکۆکییەکانی نێو ریزەکانی حیزب لە باشووری کوردستان و بەتایبەتی لەگەڵ سەرکردەی ناسراوی حیزبی دیموکرات ئەحمەد تۆفیق.
رۆڵی ئەحمەد تۆفیق لە شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەمانە و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی مێژووی لە پەنجەمۆردا شایەتییان لەسەر دەدرێت.