پەنجەمۆر لەگەڵ دکتۆر فوئاد بابان - بەشی یەکەم

14 August 2024
پەنجەمۆر لەگەڵ دکتۆر فوئاد بابان - بەشی یەکەم
فوئاد بابان لە بابانەکانی هەڵەبجەیە کە خۆیشی نازانێت بۆچی بنەماڵەکەیان گەیشتوونەتە ئەو شارە، بەڵام ئەو خۆی بە هەڵەبجەیەکی ئەسڵ دەزانێت. لە ڕێگای یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە، ساڵی ١٩٥٣دەچێتە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردەوە، ئاخر هەتا ساڵی ١٩٥٣، پارتی دیمکوراتی کورد بوو، هەر لەو ساڵەدا لە کۆنگرەی سێ دا، کوردستان جێگای کوردی دەگرێتەوە. 
 
کاتێک فوئاد بابان باسی رووداوەکان دەکات دەڵێی دوێنێ بووە! لێی دەپرسم کورد چ قازانجێکی لە شۆڕش یان وەکو هەندێک دەڵێن کودەتای ١٤ تەموزی ساڵی ١٩٥٨ کرد لە عێراق؟ دەمودەست سودەکانی دەژمێرێت و دەڵێت: چۆن قازانجی نەکردووە، شێخ ئەحمەدی بارزانییان لە زیندان ئازاد کرد، رێگایان بۆ مەلا مستەفا بارزانی خۆشکرد لە سۆڤیەتەوە دوای ١٢ ساڵ ئاوەرەیی بگەڕێتەوە، گوتیان کورد و عەرەب شەریکن لەم وڵاتەدا، ئەمانە قازانج نەبن، ئەی چی قازانجە؟
 
لەم بەشەی بەرنامەکەدا باسی مێژووی هەڵەبجە، دەوری جووەکانی ئەو شارە، نوێنەرانی شارەکە لە پەڕلەمانی عێراق لەسەردەمی پاشایەتیدا دەکات. بەسەرهاتەکانی مامۆستا فایقەق بێکەس و کەوشەکانی مەولەوی و زۆر بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو، شایەتیان لەسەر دەدرێت.
 
پەنجەمۆر شەوانی چوار شەممە، کاژێر نۆ.