فرانسوا لۆڤا: فۆتۆگرافەری فەڕەنسی - بەشی دووەم
فۆتۆگرافەر و رۆژنامەنووسی فەڕەنسی فرانسوا گراڤیى لۆڤا، لە ساڵى 1940 لە شارى كازابلانكا لە وڵاتى مەغریب لە دایكێكى مەغریبى و باوكێكى فەرنسى لەدایكبووە. هەر لەسەرەتای منداڵییەوە عاشقی کامێرا و وێنەگرتن دەبێت. لەسەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو لەگەڵ چەند دەزگایەکی بەناوبانگی تەلەفزیۆنی کاردەکات. ماوەیەک وێنەگری تایبەتی سەرۆککۆماری پێشووی فەرەنسا ژەنراڵ دیگۆڵ بووە.
ساڵی 1963 لە رێگەی قامیشلۆوە خۆی دەگەینێتە باشووری کوردستان و چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی دەکەوێت. لەماوەی مانەوەی لە کوردستان زیاتر لە هەزار وێنەی تایبەتی کەسایەتییە کوردەکان و سرووشتی کوردستان دەگرێت، هەروەها بەڵگەفیلمێکی کورت تۆمار دەکات. ئەو یەکێکە لەو فۆتۆگرافەر و وێنەگرانەی کە چاودێری شەڕی ڤیێتنام و فەڵەستین و چەندین شوێنی دیکەی لە جیهاندا کردووە.
لەم بەرنامەیەی پەنجەمۆر باسی ئەوە دەکات کە مەلا مستەفا و هاوڕێکانی شەوانە لەماڵی کاکە زیاد کۆدەبوونەوە. هەروەها دانا ئادەمز شمیت کە رۆژنامەڤانی ئەمریکی بوو پێش فرانسوا لۆڤا هاتبوو بۆ کوردستان. فرانسوا لۆڤا دەڵێت "هیچ وێنەیەکم نییە کە مەلا مستەفا و مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد پێکەوەبن”.
ئەم بەرنامەیە لە رۆژی 16ی تەمووزی 2022 بڵاوکرایەوە.