پەنجەمۆر - دیجەلە عەنتەر – کوڕی موسا عەنتەر بەشی یەکەم

16 October 2024
پەنجەمۆر - دیجەلە عەنتەر – کوڕی موسا عەنتەر  بەشی یەکەم

بەسەرهات و چیرۆکەکانی ژیانی ئاپێ موسا عەنتەر کۆتاییان نایێت. بەمەبەستی تۆمارکردنی بەرنامەی پەنجەمۆر لەسەر ژیانی ئاپێ مووسا عەنتەر و دیجەلەی کوڕی سەردانی گوندی 
ستیلیلەمان کرد کە دەکەوێتە سەر سنووری بنەخەت و سەرخەت. ماڵەکەی ئاپێ موسا کراوەتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتە تایبەتەکانی تێدا پارێزراون. رۆژانە خەڵک سەردانی ئەو شوێنە دەکەن کە بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی گوندی ستیلیلە و ناوچەکە، کە زۆر دوور نییە لە نسێبین. 
 
 
موسا عەنتەر وەکو دیجلەی کوڕی دەڵێت پیاوێکی چەپ بووە، بەڵام کوردایەتی کردووە بۆیە تورکەکان بە ناسیۆنالیستێکی سەروشکی کوردیان لە قەڵەم داوە، بەشێکیش لە کورد بە کابرایەکی چەپ و کۆمۆنیست و لەدین دەرچوو لەقەڵەمیان داوە، بەڵام وەکو شاعیر دەڵێت ئەو هەر ئەوکەسە بووە کە خۆی زانیویەتی. 
 
دیجلە عەنتەر باس لەوە دەکات کە چۆن باوکی لە قوتابخانەی ناوەندی بەردەوام لەگەڵ تورکە نەژادپەرستەکاندا کەوتووەتە کێشەوە، تەنانەت ئەتاتورکیش لە مەسەلەکەوە دەگلێت. کاتێک خوێندکارە تورکەکان جنێوی ناشیرین بە دایکی سەرکردەی کورد (عەلی شێر و بەسێ خانمی ژنی دەدەن)، موسا عەنتەر حەماس دەیگرێت و جنێو بە دایکی ئەتاتورک دەدات، بۆیە شکاتی لێدەکەن و دەیگرن. بە رێکەوت لەوکاتەدا ئەتاتورک سەردانی شاری ئەدەنە دەکات و مەسەلەکە دەبیستێت، دیارە نایەوێت هۆکاری جنێودانەکە بگاتە دادگا و ناوی عەلی شێر (یان بەشێوەیەکی دیکەیش باس دەکرێت گوایە تورکەکان جنێویان بە دایکی سەید رەزای دێرسمی داوە) بێنەوە ناو ناوان، داوا دەکات موسا عەنتەر ئازاد بکەن.   
 
هەروەک چۆن ئاپێ موسا لە دوای کۆمەڵکوژی دێرسم یەکەم جار بە زمانی کوردی شیعرێک دەنووسێت، پێدەچێت یەکەم نامیلکە بە زمانی کوردی هەر ئەو نووسیبێتی، ئەویش لە کوێ لە زیندان. (برینا رەش)، شانۆنامەیەکە باسی کێشە و نەهامەتییەکانی کورد دەکات کە بەدەستی دەوڵەتی تورکیا خوڵقێنرابوون، من پێشتر لە وتارێکی دیکەدا لەسەر نێوەڕۆکی برینا رەش ئەمەم نووسیوە:" لە رێگەی ناردنی بنەتۆوی گەنمی ژەهراوییەوە و لە رێگەی ئاغا و خەڵکانی خۆفرۆشی کوردەوە ئەو گەنمە ژەهراوییە دەچێندرا و پاشان دەکرایە ئارد و خەڵکی هەژار و بەلەنگازی کورد بەکاریان دەهێنا، لە ئەنجامدا برینێکی رەش لەسەر جەستەی خەڵکەکە پەیدا دەبوو، بە سەتان منداڵی کورد بوونە قوربانی خۆراکی نانی گەنمی ژەهراوی، ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی کورد دووچاری نەزۆکی بوون، خەڵک بەو نەخۆشییەیان دەگوت برینا رەش". 
 
دیجلە عەنتەر باس لەوە دەکات کە چۆن بە دزییەوە دەستنووسی شانۆنامەی کتێبی (برینا رەش)یان هێناوەتە دەرەوە، ئەو شانۆنامەیە لەسەردەمی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، هێشتا نێوەڕۆکی شانۆنامەکە لە فۆڕمی نوێ و جیاوازدا لە کوردستان دووبارە دەبنەوە.
ئەمانە و کۆمەڵێک چیرۆکی تایبەت بە ژیانی ئاپێ موسا عەنتەر و دیجلەی کوڕی لە پەنجەمۆردا شایەتیان لەسەر دەدرێت.