پەنجەمۆر - دیجەلە عەنتەر – کوڕی موسا عەنتەر بەشی دووەم

30 October 2024
پەنجەمۆر - دیجەلە عەنتەر – کوڕی موسا عەنتەر  بەشی دووەم

بەسەرهات و چیرۆکەکانی ژیانی ئاپێ مووسا عەنتەر کۆتاییان نایێت. بەمەبەستی تۆمارکردنی بەرنامەی پەنجەمۆر لەسەر ژیانی ئاپێ مووسا عەنتەر و دیجلەی کوڕی سەردانی گوندی  ستیلیلەمان کرد کە دەکەوێتە سەر سنووری بنەخەت و سەرخەت. ماڵەکەی ئاپێ مووسا کراوەتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتە تایبەتەکانی تێدا پارێزراون. رۆژانە خەڵک سەردانی ئەو شوێنە دەکەن کە بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی گوندی ستیلیلە و ناوچەکە، کە زۆر دوور نییە لە نسێبین.
 
لەم بەشەی بەرنامەی پەنجەمۆر دیجلە لەسەر وردەکاری ژیانی باوکی قسە دەکات کە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ لە زیندانەکانی تورکیادا بەسەر برد. 
 
 
هەرچەندە ئاپێ مووسا هەڵگری بیروباوەڕی چەپ بووە، ماوەیەک ئەندامێکی چالاکی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە، بەڵام نەبووەتە ئەندامی هیچ پارتێکی کوردی، لەگەڵ ئەوەی هاوڕێیەکی نزیکی فایەق بوجاک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بووە، تەنانەت کاتێک پێکەوە لە ئیستەنبووڵ خوێندکاربوون، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان ئاڵایەکی کوردستان (سەوز، سوور، سپی و زەرد) دروست دەکەن، ئاڵاکە لە دەمانچەیەکەوە دەپێچن و سوێند دەخۆن تاوەکو دەمرن وەفاداربن بۆ خاک و نەتەوەکەیان و خەباتی بۆ بکەن.
 
مووسا عەنتەر بەهۆی دادگاییکردنەکانییەوە قەدەخەی چوونە دەرەوەی تورکیایی لێ کرابوو، بۆیە تا شەهیدیش کرا خاوەنی پاسپۆرت نەبوو. 
 
یەکێک لە تایبەتمەندی و بلیمەتییەکانی ئاپێ مووسا عەنتەر ئەوەبوو، دادگاکانی کردبووە جێگەی گاڵتەپێکردن و جێگەی گاڵتەوگەپ. بەردەوام لەگەڵ دادوەر و داواکاری گشتی دا لە کێشمەکێشمدا بووە. مووسا عەنتەر ماوەی 12 ساڵی ژیانی خۆی لە زیندان دا بەسەر بردووە، هەرجارە و بە بیانوویەکەوە گرتوویانە، جار هەبووە تەنیا لەسەر دێرە شیعرێک بە کوردی دادگاییکراوە. 
 
بەداخەوە ئاپێ مووسا عەنتەر لە تەمەنی سەرووی حەفتا ساڵی دا، کە سەرگەرمی بانگەشەی سەرلەنوێ دامەزارندنی وڵاتێکی نوێ بوو، بەدەستی چەند خۆفرۆشێکی کورد بە دنەدانی دەزگای گرووپی ئەرگەنەکۆن کە گرووپێکی رەگەزپەرستانی تورک بوو لە نێو سوپا و دەزگای هەواڵگریی تورکیادا لە نێوەڕاستی شاری ئامەد تیرۆرکرا، بەڵام یادو یادەوەرییەکانی بەردەوام لە هزری وڵاتپارێزان دا دەمێننەوە، وەکو دارچنارەکانی باخچەکەی بەردەوام بە ناخی ئاسماندا هەر بەرەو بەرزایی دەچن.