پەنجەمۆر لەگەڵ دکتۆر ئارام بانەیی – بەشی یەکەم

01 June 2024
پەنجەمۆر لەگەڵ دکتۆر ئارام بانەیی – بەشی یەکەم
لە شارۆچکەیەکی بچووک نزیک شاری شتوتگارد لە ئەڵمانیا سەردانی دکتۆر ئارام بانەییمان کرد کە ماوەی سی ساڵە لەو وڵاتە نیشتەجێیە. ئەو کەسێکی رێزلێگیراوە لە بوارەکەی خۆیدا، کاتێک لەگەڵیدا بە شەقامێکدا دەڕۆیشتین هەستم دەکرد هەموو خەڵکی شارە بچکۆلەکە  دەیناسن و سڵاویان لێ دەکرد. 
 
لەم بەرنامەیەدا بەسەرهاتی خوێندکارێکی کورد دەگێڕینەوە کە لە سلێمانی لەدایکبووە و لە شاری موسڵ کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە. بەسەرهاتی خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی کە بەچاوی خۆی نادادپەروەری لە پەروەردەی سەردەمی بەعس دا بینیوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو یەکێک بووە لە قوتابییە زیرەکەکان لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەعسی نەبووە، زۆرجار رێگەی بەرەوپێشچوونی لێگیراوە، بۆیە وەکو خۆی دەڵێت، زۆری خۆی بە قەرزداری هاوکارییەکانی کەسایەتی ناسراو و سەرمایەداری سلێمانی عەلی بۆسکانی دەزانێت کە دوای راپەڕین بە ناهەق کوژرا. 
باسی زیندانیبوونی باوکی لە ساڵانی شەستەکاندا لە کەرکووک دەکات، کە چۆن رژێمی بەعس تەنیا لە شەوێکدا چەندین تێکۆشەری کوردیان گولـلەباران کردووە.
باسی شەڕی ساڵی ١٩٧٤ و هاتنە ناوەوەی پیشمەرگە دەکات بۆ ناو شار، خۆپیشاندانەکانی قوتابیان لە سلێمانی، گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ هەولێر کە ئەو تێڕوانینێکی زۆر جیاوازی لەسەر گواستنەوەی ئەو زانکۆیە بۆ هەولێر هەیە، دەکات! 
ئەمانە و چەندین بابەتی دیکە لە پەنجەمۆردا شایەتیان لەسەر دەدرێت.