پاشیڤ لە گەڕەکی شەهیدانی خەنجەر

18 March 2025

بەرنامەی پاشیڤی رووداو لە شەوی 18ی رەمەزانی 2025، چەندین بڕگەی هەمەڕەنگی لەخۆگرت. بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری بەرنامەی پاشیڤ، بە خوێندنەوەی ناوی براوەی خەڵاتەکە، بەرنامەکە دەستپێدەکات.

بێستوون عوسمان میوانداری لە کامەران عەبدولڕەحمان، خاوەن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای کامەران بۆ خزمەتگوزاری پاککردنەوە دەکات. لەبەرنامەکەدا باسی چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات کە لە تەمەنی 8 ساڵییەوە باوکی لەدەستدەدات و رووبەڕووی سەختییەکانی ژیان دەبێتەوە. هەروەها باسی هەوڵەکانی بۆ پێشکەوتن، کە لە شاگردییەوە دەستیپێکردووە و چیرۆکی نەهامەتییەکانی ژیان و دەربەدەری و ئاوارەیی وەکو پەنابەرێک لە وڵاتێکی دیکە دەگێڕێتەوە. بەڵام هەمیشە هەوڵیداوە داهاتوویەکی گەش بۆ خۆی و خێزانەکەی درووستبکات.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، بەرنامەی پاشیڤ لە گەڕەکی گرووپی ئەندازیاران، سەردانی ماڵی لەنجە خان، ئەستێرەی دیاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و میواندارییەکی گەرم لەلایەن دایکی لەنجە و، خوشکەکەیەوە لە بەرنامەی پاشیڤ دەکرێت.

لە بەرنامەکەدا چەند دیمەنێکی شەوی رابردوو پێشاندەدرێت، کاتێک تیمی بەرنامەی پاشیڤ سەردانی گەڕەکی شەهیدانی خەنجەریان کرد و لەلایەن حاجی سەردارەوە پێشوازییان لێکرابوو. حاجی سەردار بە وردی چیرۆکی ئەو گەڕەکە و هۆکاری ناونانی بە "شەهیدانی خەنجەر" دەگێڕێتەوە، هەروەها روونکردنەوە دەدات لەسەر نیشانەی خەنجەرەکان کە بەسەر دەرگای ماڵەکانی گەڕەکەکەوە هەڵکۆڵدراون.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، کاک کامەران عەبدولڕەحمان بەڵێندەدات کە ئەرکی خوێندنی دوو گەنج لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها دەرفەتی کارکردن بۆ 15 تاوەکو 20 گەنج دەڕەخسێنێت.