لە فرۆشتنی چلوورەوە بۆ سەرمایەدارێکی گەورە

17 March 2025

لە پاشیڤی حەڤدەی رەمەزانی 2025 دا، کۆمەڵێک بڕگە و بابەتی سەرنجڕاکێش پێشکێشکران. لەسەرەتای بەرنامەکە بێستوون عوسمان، ئاماژەی کرد بە پێشبڕکێی تایبەت بە پاشیڤی رووداو، کە تەنیا لەو شەوەدا نزیکەی 11 هەزار هاونیشتیمانی تێیدا بەشدارییان کردبوو، هەروەها بە گوێرەی کۆمێنتەکان، زیاتر لە 400 بۆ500 هەزار کەس لە رێگەی فەیسبووکەوە بینەری بەرنامەکەن. براوەی خەڵاتی ئەم شەو خاتوونێکی تەمەن 50 ساڵ بوو کە بە یارمەتی کچەکەی توانیبووی هەر 10 پرسیارەکە بە کەمترین کات وڵام بداتەوە. 

میوانی سەرەکی بەرنامەکە سەردار عەزیز، خاوەن و بەڕێوەبەری کۆمپانیا و کارگەکانی ئاسنکار بوو. سەردار عەزیز چیرۆکی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی گێڕایەوە کە لە جزیرەی بۆتانەوە دەستیپێکردووە تا دەگاتە دەڤەری راپەڕین و دۆڵی بالیسان و دواتر هەولێر. ئەو خاوەنکارە باسی باپیرە گەورەی دەکات کە لە سوپای عوسمانی دا بووە، بەهۆی چالاکییەکانی دژی عوسمانییەکان، ناچار بووە هەڵبێت و بێتە کوردستان و کوڕەکەشی، حاجی بەدیع، هاتووەتە گوندی چیوە و بووە بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی گوندەکە.

سەردار لەدایکبوی ساڵی 1979ـه، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە، لە گەڕەکی باداوەی هەولێر، لەگەڵ براکانی دەستی بە فرۆشتنی فریزۆ و چلوورە کردووە.
سەردار عەزیز باسی منداڵی خۆی دەکات و دەڵێت کە لە ساڵی 1991 لە کاتی کۆڕەودا، بۆ دابینکردنی خواردنی خێزانەکەی، بسکیت و خواردنی فرۆشتووە. لەساڵی 1999 کارگەی ئۆکسیجینی لە ئۆکرایناوە هێناوە بۆ هەولێر. ئەمە لە کاتێکدا بووە کە لە نەخۆشخانەکان ئۆکسجین کەم بووە و، یەکەمین کارگەی لەو جۆرە بووە لە شاری هەولێر. ساڵی 2001 کارگەیەکی بچووکی ئاسنگەری کڕیوە، دوای دوو ساڵ کارگەی سیمی پەرژینی دامەزراندووە. دواتر لەساڵی 2011 کۆمپانیای ئاسنکاری دامەزراندووە. سەردار عەزیز لە بەرنامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا، کۆمپانیای ئاسنکار خاوەنی دوو کارگەیە کە بە تەکنەلۆژیای نوێی CNC کاردەکەن.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، مەتێ، شێفی بەرنامەکە، خواردنێکی تایبەتی بۆ میوانەکانی پاشیڤ ئامادە کرد کە بریتی بوو لە برنجی شەش مانگی و گۆشتی بەرخ.

بەرنامەکە بە موناجاتێکی حاجی کاوە کۆتاییهات.