نێکست - بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر

29 July 2024
نێکست - بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر
بۆ ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەی نێکست، نامۆ عەبدوڵڵا دەچێتە شارۆچکەی باکۆک رانچ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا کە تەواوی کارەباکەی بە ووزەی خۆر دابین دەکرێت.
 
شارۆچکەیەکی هێندە جوان و پاکە لەڕووی ئاوهەواوە نامۆ عەبدوڵڵا لە نێو بەرنامەکەدا دەڵێت "حەزدەکەم هەر ئێستا لێرە بژیم."
 
بەرنامەکە بەپشت بەستن بە بۆچوونی پسپۆڕانی کارەبای تیشکی خۆر( سۆڵەر) وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا سۆڵەر دەکرێت قەیرانی کارەبای کوردستان چارەسەر بکات.
 

ئەم شارۆچکەیە نوێنەرایەتی ترێندێک یاخود رەوتێکی گەورەتر لە ئەمریکادا دەکات بۆ کارەبایەکی هەرزانتر و ژینگەدۆستتر. لەم ساڵانەی دوایدا، ژمارەی ئەو ئەمریکیانەی کە وازیان لە کارەبای نەریتی ژینگەپیسکەر هێناوە بۆ کارەبای پاک و خۆ نوێکەرەوەی تیشکی خۆر زۆر زیادی کردووە.

ساڵی پار، نزیکەی پێنج ملیۆن سیستەمی دابینکردنی ووزەی خۆر (سۆڵەر) لە ئەمریکا لە کاردابوو. ئەوەش زیادبوونێکە بە رێژەی 262% (واتا زیاتر لە دوو هێندە و نیو) بە بەراورد بە ساڵی 2016. ئەمڕۆ تیشکی خۆر کارەبای زیاتر لە چوار ملیۆن ماڵی ئەمریکا دابین دەکات. ئەوەش نزیکەی سێ هێندەی ژمارەی ماڵەکانی کوردستانە.

ئایا دەتوانین بە تیشکی خۆر کارەبایی تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکەین؟ ئەم بەرنامەیە وەڵامەکەی دەداتەوە.