142 ساڵە خەریکی تەواوکردنی باڵەخانەیەکن هێشتا تەواو نەکراوە

19 August 2024
142 ساڵە خەریکی تەواوکردنی باڵەخانەیەکن هێشتا تەواو نەکراوە

بەرنامەی ئەمجارە لەسەر داهێنانێکە ١٤٢ ساڵە هەوڵی دروستکردنی دەدەن و هێشتا تەواو نەبووە. کڵێسای مەزنی ساگرادا فامیلیا لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا کۆنترین پرۆژەی داهێنانە لە بواری تەلارسازیدا. ئەم کڵێسایە چییە و بۆچی هێندە کاتی پێچووە تا تەواو ببێت؟ ساگرادا فامیلیا، یەکێک لە گەورەترین داهێنانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، بەرهەمی ئەندازیارێکی نائاساییە کە لەسەردەمی خۆیدا وەکو شێت سەیردەکرا. 

بەڵام بە سوودوەرگرتن لە شتە ساددەکانی سروشت، ئەم ئەندازیارە، ئەنتۆنی گاودی، پرۆژەیەکی دیزاینکرد کە بۆتە جێگەی سەرسوڕمانی ئەندازیارانی ئەمڕۆی سەردەمی کۆمپیوتەر و پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای بواری خانووبەرە. دوای مردنی تراژیدی گاودی، ئەندازیارانی دونیا هەوڵیانداوە ساگرادا فامیلیا بەو شێوەیەی گاودی ویستوویەتی تەواو بکەن، بەڵام رەخنەگران دەڵێن نەیانتوانیوە.
بارسێلۆنا بە تەلارە ناوازەكانی ناسراوە. ئەمەش بۆ كاریگەری نائاسایی كەسێك دەگەڕێتەوە: ئەندازیار ئەنتۆنی گاودی. گاودی، کە ئیلهامی لە سروشت وەردەگرت، لە دیزایندا دژی بەكارهێنانی هێڵی راست بوو و بڕوای بە فۆڕمی ئازاد هەبوو.  کارەکانی ئەم ئەندازیارە لە زۆر شوێنی شارەکە هەن، وەکو کاسا باتڵۆ و پارک گوێڵ… بەڵام دیارترین بەرهەمی گاودی ئەم کڵێسایەیە کە بە "شاکاری خودا" ناسراوە. لەهەموو شوێنێکی شارەکەوە دیارە و سەت و چل و دوو ساڵە کاری تێدا دەکرێت. 

کڵێسای ساگرادا فامیلیا، کۆنترین پرۆژەی بونیاتنان کە رووخانی ئیمپراتۆریەت، دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە و دوو شەڕی جیهانی دیووە و هێشتا ماوەتەوە. ئەمە چ شاکارێکە هێندە کاتی ویستووە تەواوبکرێت؟ ئەندازیار گاودی کێیە و چۆن توانیوویەتی لەسەردەمێکدا کە کۆمپیوتەر نەبووە پرۆژەیەکی هێندە مەزن دیزاین بکات کە چەندین نەوە دوای خۆی پێیان تەواونەکراوە؟ ئەی بۆچی ئەم کڵێسایە ئەمڕۆ بۆتە جێگای مشتومڕ؟

ساڵی ١٨٨٢، بەردی بناغەی ساگرادا فامیلیا دانرا. ئەو کات، هێشتا تەلەفۆن دانەهاتبوو. لە جیاتی گڵۆپ، ماڵەکان بە فتیلە و مۆم و چرای نەوتی رووناک دەکرانەوە. پرۆژەکە سەرەتا بە ئەندازیارێکی دیکە بەناوی فرانسیسکۆ دی پاولا دیل ڤیلار سپێردرابوو. بەڵام دیل ڤیلار هەر زوو دەستی لەکارکێشایەوە بەهۆی ناکۆکی تەکنکییەوە لەسەر نرخی ماددەکانی تەلارسازی. 

کە تەواوببێت بەرزی کڵێساکە ١٧٢ مەتر دەبێت. ئەمەش ساگرادا فامیلیا دەکات بە بەرزترین کڵێسای جیهان. بەڵام کڵێساکە هێشتا کورتتر دەبێت لە شاخی بەناوبانگی مۆنتویج لەبارسێلۆنا چونکە گاودی گوتبووی "کاری مرۆڤ هەرگیز نابێت لەسەروو کاری خوداوە بێت."