گۆمەسپان.. سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی كوردستان

14 May 2024
گۆمەسپان.. سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی كوردستان
بەنداوی گۆمەسپان، بە دووریی 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر. لەدوای بەنداوەکانی دووكان و دەربەندیخان، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و، گەورەترین بەنداوی پارێزگای هەولێر.
 
بەنداوی گۆمەسپان پشت بە ئاوی باران و کانیاوەکانی ناوچەکە دەبەستێت، واتە ئاوی سەر زەوی 132 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دەوروبەری، دەڕژێتە نێو بەنداوەکە. بەنداوەکە لە توانایدایە زیاتر لە 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبداتەوە؛ یەکەم بەنداوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە جۆری ئاڕ سی سی دروست بکرێت، کە جۆرێکی تۆکمە و پتەوی چیمەنتۆیە.
 
بەنداوەکە بە شێوەی 24 کاژێری کاری تێدا دەکرێت بۆئەوەی هاوینی ئەم ساڵ کارەکانی تەواو بکرێن.
 
بیرۆکەی دروستکردنی بەنداوەکە و کاتی دەستپێکردنی کارەکانی
 
بیرۆکەی دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007؛ لەو ساڵەدا کاتێک حکومەت رووپێویەکی گشتیی کرد و بەپێی ماستەرپلانەکەش 250 شوێنی لەبار دەستنیشان کران بۆ دروستکردنی 18 بەنداوی ستراتیژی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، دوای توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بڕیاری دروستکردنیان درا، هەوڵ و جیدییەتی دروستکردنەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 لە سەردەمی کابینەی حەوتەمی هەرێمی کوردستان، یەکەم پڕۆژە لەو 18 بەنداوە کە دەست بە دروستکردنی کرا بەنداوی گۆمەسپان بوو، لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی دانرا، لە 20ی ئابی 2013 دەست بە کارکردن کرا و هەرچەندە دەبووایە لە ساڵی 2018 تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە نەتوانرا بکرێت. دواتر 16-11-2021یان هەڵبژارد وەکو کاتی تەواوکردنی بەنداوەکە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی کارەکانی دواکەوت.
 
لە 1ی تشرینی یەکەمی 2021 لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە کارەکانی کرایەوە و ئێستا زیاتر لە 65%ی کارەکانی تەواو کراون.
 
بەنداوی گۆمەسپان یەکێکە لەو 18 بەنداوە ستراتیژییەی کە پێشتر حکومەت بڕیاری دروستکردنی داوە؛ هەروەها چوارەم بەنداوی ستراتیژییە کە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت و ئەوانی دیکەش چاوەڕێی باشبوونی دۆخی ئابووریی کوردستان دەکرێت بۆئەوەی بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت و دەست بە دروستکردنیان بکرێت.
 
زانیاری لەسەر بەنداوەکە
 
رووبەری بەنداوەکە 6 ملیۆن 125 هەزار مەتر دووجایە و نزیکەی 16 هەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات، بەرزیی بەنداوەکە نزیکەی 70 مەترە و درێژییەکەی 513 مەترە، پانیی بەنداوەکە لە سەرەوە 10 مەترە، لە خوارەوەش 65 مەترە، هەروەها 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە، بەنداوەکە لە جۆری ئاڕ سی سییە و یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەنداوێکی لەو شێوە دروستدەکرێت.
 
دوو جۆرە کۆنکرێت لە دروستکردنی بەنداوەکە بەکاردەهێندرێن، بەشی زۆری کۆنکرێتی ئارسیسیە کە جۆرێکی زۆر بەهێزی کۆنکرێتە و بەرگەی پاڵەپەستۆی زۆری ئاو دەگرێت.
 
بەرزترین ئاستی بەنداو لە باری ئاساییدا 874.25 مەترە و بەرزترینی ئاستی لەکاتی لافاودا دەگاتە 877.6 مەتر.
 
سوودەکانی بەنداوەکە
 
لەبارەی سوودەکانی بەنداوەکەوە هەتا بڵێی زۆرن، بە تەواوبوونی رۆڵی لە پاراستنی سامانی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەویی هەولێر دەبێت، کە بەهۆی فراوانبوون و گەورەبوونی شارەکە و بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی بۆ ماوەی چەند دەیەیەک ئاستی ئاوەکە نزیکەی 400 بۆ 450 مەتر دابەزیوە.
 
بەنداوەکە قەرەبووی هەموو ئەو دابەزینە دەکاتەوە و دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەولێر، لە کاتێکدا بەرزیی بەنداوەکە لە ئاستی رووی دەریا 879 مەترە و لە ئاستی سەنتەری شاری هەولێر 400 مەتر بەرزترە؛ ئەمەش هۆکارێکی باشە بۆئەوەی بەبێ مزەخە و بەردەوام ئاوێکی زۆری خواردنەوە بۆ هەولێر دابین بکات، هاوشان لەگەڵ ئاوی ئیفراز کۆتایی بە کەمئاوی دەیان ساڵەی نێو شاری هەولێر دێت، بەتایبەتی لە وەرزی هاوینان، بەڵام ئەمە لە کاتێکدا دەکرێت کە وێستگەیەکی ئاوی خواردنەوە لەنزیک بەنداوەکە دروست بکرێت.
 
جگە لەمەش، رۆڵی گەورەی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و ژینگە و کەشوهەوای ناوچەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەتایبەتی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر، لە لایەکی دیکەشەوە کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبوژێنێتەوە، لە کاتێکدا ناوچەکە خۆی گەشتیارییە، بەتایبەتی لە وەرزی بەهاران، بەڵام بە تەواوبوونی بەنداوەکە، ناوچەکە دەکات بە ناوچەیەکی گەشتیاریی چوار وەرزە.
 
لەڕووی ئابووریشەوە، دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ دانیشتووانی دەوروبەری بەنداوەکە، کە ئێستا ژمارەیەک گوند و ئاوایی هەن، لە داهاتوودا سوودی ئابووریی زۆری لێدەبینن.
 
تێچوو و لایەنی جێبەجێکار
 
لایەنی جێبەجێکار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کە ئێستا سەرپەرشتیی دروستکردنی بەنداوەکە دەکات، دوای تەواوبوونی بەنداوەکەش ئەرکی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی بەنداوەکە لەئەستۆ دەگرێت، هەروەها لەلایەن کۆمپانیای سێنک گرووپ و ئاتاچەوە جێبەجێ دەکرێت بە گوژمەی زیاتر لە 95 ملیار دیناری عێراقی.