بە بازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییە نێوخۆییەكان

بە بازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییە نێوخۆییەكان

بەوردی گوێی لە سەرنج ‌و تێبنییەكانی جووتیاران گرتبوو، تاوەكو كۆتایی بەرنامەكە تێبینییەكانی نووسین، بەگوتە خۆی ئەو تێبنییانەی جووتیاران، سوودیان بۆی دەبێت، بەتایبەت لە نووسینەوەی پلانی چوار ساڵی ئاییندەی وەزارەتەكەیدا.

بێگەرد تاڵەبانی لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا وەكو وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بووە میوانی (لەگەڵ رەنج)، لە كۆتایی بەرنامەكەشدا گوتی "بەڵێن بێت، وەزیری پشتی مێز نەبم، مەیدانییانە كارەكان بكەم".

ئەم بەرنامەیە لەسەر بەبازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییە نێوخۆییەكان بوو، ئەوەی لە بەرنامەكەدا تیشكی خرایەسەر ئەوەبوو: جووتیاران بەبێ‌ پلانی ئابووری زۆرینەیان یەك جۆر بەرهەم دەچێنن، دواجاریش بێ‌ بازاڕی ئەو بەرهەمەی لێدەكەوێتەوە بە نموونە خەیار، كە بەشێكی زۆری جووتیارانی كوردستان ساڵانە بەرهەمێكی زۆریان دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەكە بەجۆرێك نەك قازانج ناكەن، بەڵكو تووشی زیانیش دەبن. 

ئەم بەرنامەیە شەوی 18-7-2019 بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە شارەزوور پێشكەشكرا، میوانە سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە:

* بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاو
* وەسفی خەلیل، راوێژكاری كشتوكاڵی لە ژووری بازرگانیی سلێمانی 
* عەتا محەممەد، نوێنەری بازرگانەكانی عەلوەی سلێمانی
* فەرەیدوون نامدار، وەبەرهێنەری بواری كشتوكاڵی
* محەممەد حوسێن، نوێنەری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان