لەگەڵ رەنج - بۆ داگیركردنی زەوی كورد ‌و توركمان هێشتا كار بە بڕیارەكانی بەعس ‏دەكرێت

02 July 2023
لەگەڵ رەنج - بۆ داگیركردنی زەوی كورد ‌و توركمان هێشتا كار بە بڕیارەكانی بەعس ‏دەكرێت
لە كەركووك مەترسی داگیركردنی یەك ملیۆن ‌و 200هەزار دۆنم زەوی كورد ‌و توركمان هەیە

بۆ رێگری لە‌و داگیركارییە خێوەت هەڵدراوە ‏ ‏


یەك ملیۆن 200هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كەركووك، لەنێوان جووتیارانی ‏سێ‌ نەتەوەی شارەكەوە كێشەی لەسەرە، جووتیارانی كورد ‌و توركمان ‏دەڵێن ئەو زەویانە هی ئێمەیە، بەڵام عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپا ‌و ‏بەبڕیارەكانی پێشووی بەعس لە هەوڵی داگیركردنی ئەو زەویانەدان، ‏بۆیە لەسەر رێگەی كەركووك – بەغدا تاوەكو ئامادەكردنی ئەم بەرنامەیە ‏‏32رۆژە خێوەتیان هەڵداوە، بەرنامەی لەگەڵ رەنج لە شەوی یەكشەممە ‏‏02-07-2023دا لە تەنیشت خێوەتەكە جووتیارە ناڕەزاییەكانیان ‏دواند.‏

خێوەتەكە داگیركارییەكی راگرتووە
سامی غەفوور، وەك نوێنەرێكی جووتیارانی كورد لە بەرنامەكەدا قسەی كرد‌و ‏باسی لەوە دەكرد تاوەكو ئێستا كەس بەدەنگیانەوە نەهاتووە ئەو دەڵێت ‏‏"پەیوەندییمان پێوە دەكرێت و هەوڵمان بۆ دەدەن، بەڵام تاوەكو ئێستا ‏هیچی وامان بۆ نەكراوە كە دڵخۆشكەر بێت".‏
وەك ئەو جووتیارە كوردە جەختی لەسەر كردەوە، بڕیاری دروستكردنی ‏یەكەی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییەكانی كورد و توركمان لە تۆپزاوا بۆ ‏سەربازانی سوپای عێراق دراوە سامی غەفوور‏ دەڵێت "تاوەكو ئێستاش ‏بڕیارەكە بەركارە و هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە؛ تەنیا شتێك كە ‏پڕۆژەكەی راگرتووە، ئەم خێوەتەیە كە وەك ناڕەزایەتی هەڵمان داوە".‏
‏ ‏
سامی چەند جارێك دڵنیایی ئەوەیدا كە بەهیچ شێوەیەك ئامادە نین ‏دەستبەرداری زەوییەكانیان بن "دەستبەرداربوون لەم زەوییانە، واتای ‏دەستبەرداربوونە لە ژیانمان؛ هەموو ژیان و بژێویمان لەسەر ئەم زەوییانەیە؛ ‏بۆیە داوا لە سەرۆك بارزانی و كاك بافڵ تاڵەبانی دەكەم، بانگمان بكەن و لە ‏نزیكەوە گوێ لە داواكارییەكانمان بگرن".‏

‏ ‏
‏"بە هەوڵی سەرۆك بارزانی، لیژنەی مادەی 140 كارا كرایەوە"‏
‏ ‏
نەجوا كاكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی روونكردەوە كە بە هەوڵی سەرۆك بارزانی ‏لیژنەی مادەی 140 لەم كابینەیەی حكومەتی عێراقدا كارا كرایەوە و ‏گوتیشی "لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا داكۆكی زۆر لە مافی ‏جووتیارانی كوردی كەركووك كراوە، بەڵام لەم خولەدا توانیومانە مادەی ‏‏140 كارا بكەینەوە".‏
نەجوا كاكەیی باسی لەوەش كرد كاتێك بیستویانە سوپا رێگە بە ‏دروێنەكردنی گەنمی جووتیارانی كەركووك نادات، لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ‏قسەیان كرد و سێ ئەفسەری باڵای سوپایان هێناوە بۆ ئەوەی دواتر حاشای ‏لێنەكەن و ببینن هەمەڕی سەربازی لەنێو گوندەكان رێگە نادات جووتیارانی ‏كورد بەرهەمەكانیان بدروونەوە.‏
ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك بە پەرلەمانتارانی كوردی گوتووە، ئەوان ‏رێنماییەكیان بۆ چووە و بەپێی رێنماییەكە مامەڵە دەكەن و رێگە نادەن ‏جووتیاران لەو زەوییانە كار بكەن كە وەزارەتی بەرگری بە موڵكی خۆیانی ‏دەزانێت، لەبەرئەوەی ئەو زەوییانە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا ‏بەشێكیان خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگری و بەشێكیش بۆسەر ‏بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی كەركووك. بە گوتەی نەجوا كاكەیی، "لە ساڵی ‏‏2003 كە خەڵك گەڕانەوە سەر زەوییەكانیان ئەو بڕیارانە بەرەو كاڵبوونەوە ‏رۆیشتن".‏

ئەو فشارەی لە تۆپزاوا و تەركەڵان هەیە لە تازە و حەویجە نییە ‏‏
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی "لە ساڵی ‏‏2017ـەوە گوشارەكان بۆسەر جووتیارانی كورد و توركمان لە تۆپزاوا و ‏تەركەڵان روویان لە زیادبوون كردووە، لەكاتێكدا لە تازە و حەویجە كە ‏ئەوانیش سەر بە كەركووكن، ئەو گوشارە نییە".‏
نەجوا كاكەیی باس لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری كێشەی ‏جووتیارانی كەركووك دەكات و ئەوە دەخاتەڕوو "ئەگەر سەرۆك بارزانی ‏پەیوەندی بە سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە نەكردبا، ئێستا جووتیارانی كورد لە ‏كەركووك نەیاندەتوانی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانیان كۆبكەنەوە".‏
‏ ‏

‏"پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەو دۆخەی ‏دروستكردووە"‏
‏ ‏
سەباح شێخ حەبیب، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ‏وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە پێیوایە پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەكان ‏بووەتە هۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا مادەی 140 جێبەجێ نەكرێت و گوتی ‏‏"حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوو نەبوون بۆ ‏چارەسەركردنی پرسی مادەی 140 و ئەگەر هەرێمی كوردستان لە ‏دانوستاندنەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر مادەی 140 یەكگرتوو و رژدتر بووبا، ‏ئێستا ئەو مادەیە دەمێك بوو جێبەجێكرابوو".‏
پەرلەمانتارەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ‏ئەوەشی خستەڕوو  ئەوان كە 63 پەرلەمانتاری كوردن لە پەرلەمانی عێراق، ‏بەڵام زۆرجار ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیان بەهۆی پەرتەوازەبوونیان ‏وەكو پێویست جێبەجێ ناكەن گوتیشی "ئێستاش بۆ چارەسەری دۆخی ‏جووتیارانی كورد، تاكە چارەسەر یەكگرتوویی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی ‏كوردستانە بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە رێگەچارەیەكی سیاسی بدۆزینەوە".‏
‏ ‏
‏"دەستێوەردانی سوپای عێراق كێشەكانی قووڵتر كردووە"‏
‏ ‏محەممەد ئەمین، جووتیار لە سنووری كەركووك پێیوایە، دەستوەردانی سوپا ‏لە كێشەی زەویوزارەكانیان یەك لە كێشە هەرە گەورەكانە و وەكو ئاماژەی ‏پێدەدات، "سوپا بووەتە ئامرازێك بۆ راگرتنی كشتوكاڵی ئێمە؛ چووینەتە ‏لای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك بۆ ئەوەی رێگەمان بدرێت ‏گەنمەكانمان دروێنە بكەین، دەڵێت نووسراوی وەزیری بەرگرییم لایە كە ‏رێگەم نادات بهێڵم كاری كشتوكاڵی بكەن".‏
‏ بە گوتەی ئەو جووتیارە كوردە، هەموو رۆژێك سوپا دەچێت بۆ ناوچەكەیان ‏‌و گوتیشی  "هەر جووتیارێك ببینن لەسەر زەوییەكەی كار دەكات، لە ‏كارەكەی رایدەگرن یان دەستگیری دەكەن".‏
‏ ‏

‏"یەك ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی، مەترسیی داگیركردنی ‏لەسەرە"‏
‏ ‏
محەممەد ئەمین باس لە دوو بڕیاری دەسەڵاتی بەعس دەكات كە بووەنەتە ‏هۆی ئەوەی یەك ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی كورد و ‏توركمان داگیربكرێت و دەڵێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان كار بۆ ‏هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە نەكەن، ئەو زەوییانە بەتەواوەتی داگیر ‏دەكرێن.‏
‏ كۆی زەوییەكانی كەركووك بە دوو بڕیاری لیژنەی كاروباری باكوور و ‏ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش داگیركراون. بە گوتەی محەممەد ئەمین، ‏‏"تەنیا بەهۆی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشەوە 300 ‏هەزار دۆنم زەوی جووتیاران و بەهۆی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری ‏باكووریشەوە 900 هەزار دۆنم زەوی داگیركراون، كە دەكاتە تێكڕا یەك ‏ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی كورد و توركمانی كەركووك".‏
‏ ‏
لەبەرێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركووك نوسراوەكان دەشاردرێتەوە

ساڵی 2012 بڕیارێك دەرچوو بۆ پووچەڵكردنەوەی بڕیاری ژمارە 17ـی ‏ساڵی 1976 كە بەپێی بڕیارەكە زەوی كشتوكاڵی لە كورد و توركمان ‏وەرگیرا و درایە عەرەبی هاوردە. شكار مەردان، پارێزەرە وەك میوانێكی ‏دیكەی بەرنامەكە پێیوابوو "ئێستاش كار بە بڕیارەكەی ساڵی 2012 ‏ناكرێت و بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركووك پاڵپشتی لە عەرەبی هاوردە ‏دەكات و گرێبەستەكانیان بۆ نوێدەكاتەوە".‏
‏بە گوتەی ئەو پارێزەرە كوردە، "لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە چەندین ‏جار نووسراویان بۆ بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركووك ناردووە بۆ ئەوەی ‏كار بە بڕیاری ساڵی 2012 بكرێت، بەڵام ئەو نووسراوانە شاردراونەتەوە و ‏كاریان پێ نەكراوە".‏
‏ لەبارەی بڕیاری سەرۆكی لیژنەی مادەی 140 بۆ هەڵوەشاندنەوەی ‏بڕیارەكانی سەردەمی بەعس، شكار مەردان دەڵێت، "لە 12ـی تەممووزی ‏‏2023 بڕیارەكە لەلایەن هادی عامرییەوە دەرچوو و وەزارەتی كشتوكاڵی ‏عێراق 25ـی تەممووز واژۆی لەسەر كردووە. بڕیارە دوای پشووی جەژنی ‏قوربان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركووك بكرێت و چاوەڕێین ‏بزانین ئاخۆ جێبەجێی دەكەن یان نا".‏

‏ ‏
‏"بەرپرسانی كورد و توركمان كەمتەرخەمن"‏
هەر لە بەرنامەكەدا حوسێن مەردان، نوێنەری جووتیارانی توركمانی شیعە ‏گلەیی لە بەرپرسانی سیاسی كورد و توركمان دەكات و دەڵێت، "لە ‏سەردەمی بەعسەوە ستەم لەسەر هەردوو نەتەوەی كورد و توركمانی ‏كەركووك بەردەوامە؛ 32 رۆژە بەیەكەوە لەژێر خێوەتێكدا مانمان گرتووە لە ‏بەرامبەر ئەو یاسایانەی سەردەمی بەعس كە تاوەكو ئێستاش بەركارن".‏
نوێنەرەكەی جووتیارانی توركمانی شیعەی كەركووك باس لەوەش دەكات ‏ماوەی 20 ساڵە حكومەتی نوێ لە عێراق دامەزراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو ‏بڕیارانەی سەردەمی بەعس هەڵنەوەشێندراونەتەوە و زەوییەكان بۆ ‏خاوەنەكانیان نەگەڕێنراوەتەوە، ئەو گوتیشی "بۆ ئەمەش گلەییمان تەنیا لە ‏بەغدا نییە، بەڵكو گلەییەكەمان لە بەرپرسانی كورد و توركمانە كە لەو ‏پێناوەدا كاری جیدیان نەكردووە". حوسێن مەردان جەختی لەوە كردەوە ‏‏"كورد و توركمان لە كەركووك وەكو یەك ستەمیان لێكراوە و بۆ لادانی ئەو ‏ستەمەش دەبێ ئێستا بەیەكەوە كار بكەن و یەكگرتوو بن".‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 02-07-2023 بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێشكەش ‏كراو میوانە سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە
‏1- نەجوا كاكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی ‏عێراق ‏
‏2- سەباح شێخ حەبیب ، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی ‏‏عێراق
‏3-‏‎ ‎محەممەد ئەمین، جووتیار لە سنووری كەركووك
‏4- ساتع ناسیح، جووتیار لە تۆپزاوای كەركووك.‏‏
‏5- شكار مەردان، جووتیاری كورد لە كەركووك
‏6- حوسێن مەردان، نوێنەری جووتیارانی توركمانی شیعە
‏7- سامی غەفوور، نوێنەری جووتیارانی كورد لە كەركووك