لەگەڵ رەنج - کێشەکانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان

05 January 2025
لەگەڵ رەنج - کێشەکانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان

كورتەیەك لە بەرنامەكە
بەرپرسانی گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەكەن كە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر روو ‏لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەنموونەش ئەوە دەخەنەڕوو ساڵ لە دوای ‏ساڵ هاتنی گەشتیار زیاتر دەبێت بەپێی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزار
‏‏ساڵی 2021 ، 4 ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار ‏‌و ساڵی 2022، ‏‏6 ملیۆن و 35 هەزار و 57 گەشتیار ‏‌و ساڵی 2023،  7ملیۆن 279هەزار ‏‏913 گەشتیار ‏هاتونەتە هەرێمی كوردستان‌و سەردانی 3هەزار‌و 100 بنكە‌و ‏‏ناوچەی گەشتیاریان كردوە، بەڵام هاتنی گەشتیاران لەلای بەرپرسانی ‏كۆمەڵەی میوانخانە‌و چێشتخانەكان تەنیا ژمارەیەك ‌و هیچ بنەمایەكی راستی ‏نییە هەر وەك سەرۆكی كۆمەڵەی هۆتێل و بنكە گەشتییارییەكانی ‏دهۆك ‏لە ‏بەشێكی بەرنامەكەدا گوتی "ئەگەر ساڵێك حەوت یان هەشت ملیۆن گەشتیار ‏بێتە هەرێمی كوردستان ئەوا پێویستمان بە نەوت هەر نابێت ئەوەندە ‏ئابوورییەكەمان بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەو ئامارانە هیچ راست نییە كەسێك بۆ ‏چەند كاژێرێك بۆ كارێك دەچێتە پارێزگایەك لە بازگە وەك گەشتیار هەژمار ‏دەكرێت". قوتابییەكی زانكۆی بەشدار بووی بەرنامەكە گلەیی ئەوەی هەبوو ‏كە وەكو پێویستە ناوچە شوێنەوارە گەشتیارییەكان بە خەڵكی نەناسێنراو ‏گوتی "من خەڵكی ناوچەكی شاخاوی سنووری ئیدارەی سۆران م تەنیا لەو ‏سنووری ئێمە رەنگە شەش هەزار شوێنی شوێنەوار هەبێت كە هەر تۆمار ‏نەكراوە بۆیە نەك ناوچە گەشتیارییەكان بەڵكو شوێنەوارەكانیش بە یباشی ‏نەناسێنراون". قسەی ئەو قوتابیەی زانكۆ دوای ئەوە هات كە بەڕێوەبەری ‏گشتی ‏شوێنەواری ‏هەرێمی ‏كوردستان ‏رایگەیاند نزیكەی شەش هەزار شوێنی ‏شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون. جگەلەوە ئەوەش روونكرایەوە ‏بەهۆی كەمی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان نرخی مانەوەی گەشتیار ‏لە میوانخانەكان بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو دابەزیوە. پسپۆڕێكی بواری ‏گەشتیاریش باسی لەوە كرد بەبازاڕكردن بۆ شوێنە گەشتیارییەكان زۆر ‏خراپە بە تایبەت لەرێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییە ئەلیكترۆنییەكان كە ئێستا لە ‏ئاستی دنیا بەكارهێنەرانیان زۆر زۆرە.‏

ساڵێكی خراپ بۆ گەشتیاری دهۆك 90% هوتێلەكان داخرابوون‏
‏"لە 153 هۆتێل‌و مۆتێل ‌و شوێنی مانەوەی گەشتیار 140 یان لە بۆنەی ‏سەری ساڵدا داخرابوون". ئیحسان عیسا، سەرۆكی كۆمەڵەی هۆتێل و بنكە ‏گەشتییارییەكانی ‏دهۆك ‏ لە بەشێكی قسەكانی لەم بەرنامەیە وەهای گووت ‏بەپێچەوانەی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزار بەبڕوای ئیحسان عیسا ساڵ ‏بە ساڵ سەردانی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان كەمدەبێتەوە ئەو دەڵێت ‏‏"ئەگەر لە ساڵێكدا حەوت بۆ هەشت هەزار گەشتیار بێتە هەرێمی كوردستان ‏ئەوا پێویستمان بە نەوت نامێنێ‌ تەنیا بە داهاتی گەشتیاری وڵاتەكەمان ‏بەڕێوەدەچێت". ئیحسان عیسا بەتوندی ئەوە رەت دەكاتەوە كە هاتنی ‏گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردبێت ئەو دەڵێت "ئەگەر هاتنی ‏گەشتیار زیادی كردوە بۆچی 90% هۆتێلەكانمان لە دهۆك داخراون؟".‏
بەبڕوای ئیحسان عیسا ئەوانەی دەستەی گەشتوگوزار وەك گەشتیار ‏دەیانناسێنێ‌، زیاتر سەردانیكەرن نەك گەشتیار ‌و گوتی "پێویستە ‏سەردانیكەران و گەشتیاران لە ئامارەكاندا جیابكرێنەوە نەك وەك ئێستا ‏تێكەڵ بكرێن". ئیحسان عیسا ئەوەش رووندەكاتەوە ئەگەر هۆتێلەكان پڕبن ‏لە گەشتیار ئەوا مانگانە چوار ملیار دینار دەچێتە بازاڕی دهۆكەوە ئەو ‏دەشڵێت "كەمبوونەوەی گەشتیاران كاریگەریی لەسەر هەموو جومگەكانی ‏دهۆك هەبووە".‏
بەپێی زانیارییەكانی سەرۆكی كۆمەڵەی هۆتێل و بنكە گەشتییارییەكانی ‏‏دهۆك  55% ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان لە دهۆكن ئەو گوتی ‏‏"ئەگەر ئەوە حاڵی دهۆك بێت ئەبێت دۆخی ناوچەكانی دیكە چیبێت؟ ‏بەدڵنیاییەوە دۆخی سلێمانیش لە رووی گەشتیاری خراپە".‏
ئیحسان عیسا ئەوەش رووندەكاتەوە "ئامارە نادروستەكانی دەستەی ‏گەشتوگوزار" لە بارەی هاتنی گەشتیار هەموو پلانەكانی حكومەت بۆ كەرتی ‏گەشتیاریی تێكدەدات "لەسەر ئەو بنەمایەش باج ‌و رسومات لە خاوەن ‏هوتێلەكان وەردەگیرێ‌".‏

بەردە گەورەكەی  هۆڵەندا
‏"لە هەموو هۆڵەندا بەردێكی گەورەیان هەیە بووەتە جێگای شانازییان ‏زۆربەی گەشتیارانی وڵاتانی دیكەی بۆ دەبەن، كەچی ئێمە ئەم سروشتە ‏جوانەی كوردستانمان هەیە وەكو پێویست سوودمان لێنەبینیوە". د.ئارام ‏عزەدین، مامۆستا لە بەشی گەشتیاریی زانكۆی ‏پۆلیتەكنیكی ‏هەولێر ‏لە ‏دەستپێكی قسەكانی لەم بەرنامەیەدا بەو جۆرە كەوتە قسە كردن ئەو باسی ‏لەوەش كرد  گەشەكردنی كەرتی گەشتیاریی دوو لایەنی هەیە، لایەنی ‏یەكەمیان سروشتێكی جوانە  خوا پێداوین هیچ كێشەیەكەمان نییە، لاینی ‏دووم مرۆییە كە لەو روەوە ئێمە كێشەی گەورمان هەیە‌و گوتیشی "هەرێمی ‏كوردستان لەسەر نەخشەی گەشتیاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، بەڵام ‏بە بازاڕكردنمان بۆ شوێنە گەشتیارییەكانمان خراپە بەراستی راكێشانی ‏گەشتیاران پێویستی بە دروستكردنی یادگارییە، ئێمەش لەو بارەیەوە زۆر ‏لاوازین تەنانەت دروستكردنی براند زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی ‏لەوەشدا پێشكەوتنمان نەبووە". د. ئارام عیزەدین ئەوەشی نەشاردەوە كە ‏تێگەیستنی تاك لە هەرێمی كوردستان بۆ گرنگی كەرتی گەشتیاری زۆر ‏لاوازە
رەنج سەنگاوی پێشكەشكار، پرسیاری دەربارەی خوێندكارەكانی بەشی ‏گەشتوگوزاری لە د. ئارام كرد ئایا بەجۆرێك پەروەردە دەكرێن كە دابمەزرێن ‏ئەو گوتی "ئێمە ناتوانین كار بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار بدۆزینەوە، بەڵام ‏لەسەرەتای هاتنیان بۆ بەشەكە زۆربەی قوتابییەكان بە دوودڵی ‌و راراییەوە ‏دێنە بەشەكە، بەڵام دوای تەواو كردنی خوێندنەكەیان زۆر ئاسوودە دەبن ‏واتە بایی ئەوندە فێر دەبن كە سوودی لێببینن".‏
گرفتێكی دیكەی كەرتی گەشتیاری كوردستان، بەبۆچوونی د.ئارام گرانی ‏ناوچە گەشتیارییەكانە ئەو دەڵێت "گرانی نرخ یەكێكە لە هۆكارەكانی ‏كەمبوونەوەی گەشتیار لە هەرێمی كوردستان، بەراستی نرخی ‏پێداویستییەكان لەهەندێ‌ ناوچەی گەشتیاری هەر زۆر گرانە بۆ ئێمە ی ‏دانیشتوانی كوردستان گرانە، جا چ بگات بە گەشتیارێكی بیانی".‏

لە هەرێمی كوردستان شەش هەزار ناوچەی شوێنەواری ‏هەیە ‏
كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی ‏شوێنەواری ‏هەرێمی ‏كوردستان ‏وەك ‏میوانێكی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو 6000ناوچەی شوێنەواری تۆماركراو ‏لە هەرێمی كوردستاندا هەیە‌و دانی بەوەشدا نا كە وەكو پێویستە نەتوانراوە ‏بەبازاڕكردنی بۆ ئەو ناوچانە ‌و ناوچە گەشتیارییەكان بكرێت. بەشێكی دیكە ‏گرفتەكانی شوێنەوار بەبۆچونی بەڕێوەبەری گشتی ‏شوێنەواری ‏هەرێمی ‏‏كوردستان پەیوەندی بەوە هەیە كە كارەكانی لە دەستەیەكدا ‏كۆنەكراوەتەوە ‌و گوتی "بۆچی ژینگە یان مین دەستەی سەربەخۆی هەبێت، ‏بەڵام شوێنەوار دەستەیەكی سەربەخۆ نەبێت، رۆژگارێك لە سلێمانی ‌و ‏هەولێریش دوو وەزارەتی گەشتوگوزارمان هەبوو ئێستا دەستەیەكە".‏
كەیفی مستەفا شانازە بەوەشەوە دەكات لەماوەی 10ساڵی رابردوو  ‏بەشێوەیەكی ئیداری و یاسایی كاریان لەسەر شوێنەوارەكانی هەرێمی ‏كوردستان كردوە ئەوەش دەرئەنجامی باشی هەبووە بەنموونەش باسی ‏‏'شانەدەر زێد'ی كرد كە دۆزینەوەی كەلەسەری ژنێك بوو لە ئەشكەوتی ‏شانەدەر ‌و گوتیشی" 'شانەدەر زێد' 3 بۆ 4 ساڵی دیكە دەگەڕێندرێتەوە بۆ ‏هەرێمی كوردستان، وانەیە زووتریش بێتەوە، چونكە لەگەڵ زانكۆی كامبریج ‏ی بەڕیتانی بۆ ئەو مەبەستە لەسەر هێڵین، جگەلەوە بەنیازین هەر لە ‏ئەشكەوتی شانەدەر مۆزەخانەیەك دروست بكەین مانگی پێج دیزانەكەی ‏تەواو دەبێت لە چەند ناوچەكی دیكەش سەرقاڵی كارین گرنگی زیاتر بە ‏دۆزینەوەی شوێنەوارە زۆر دێرینەكان دەدەین، چونكە لەرووی شوێنەوارەوە ‏هەرێمی كوردستان لە میسر كەمترنییە". ‏
لەبەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا كەیفی مستەفا باسی لەوەش كرد پێویستە ‏لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی گەشتیاران بكرێت ئەو گوتیشی ‏‏"شتێك هەیە نابێت بشاردرێتەوە، ئەویش ئەوەیە وەكو پێویست بازاڕگەری ‏بۆ ناوچە گەشتیارییەكان نەكراوە".لەبارەی پەیوەندیشیان لەگەڵ دەستەی ‏گەشتوگوزار كەیفی مستەفا گوتی "پێویستە پەیوەندییەكی بەهێزتر لەنێوان ‏فەرمانگەكانی شوێنەوار و گەشتوگوزار هەبێت، ئێستا هەیە بەڵام دەبێت ‏بەهێزتر بێت".‏

هوتێلی چوار ئەستێرە لە دهۆك بە پێنج  هەزار دینارە
باوەڕ پاسی، كە خاوەنی میوانخانە لە دهۆك ‌و هاوكات جێگری سەرۆكی ‏كۆمەڵەی هۆتێل و بنكە گەشتییارییەكانی ‏دهۆك ‏باسی لە خراپی كەرتی ‏گەشتیاری دهۆكی كردو گوتی "ئێستا دۆخی گەشتیاری لە دهۆك نەك خراپە، ‏بەڵكو سفرە بەهۆیەشەوە بازاڕی گەشتیاریی لە دهۆك زۆر لاواز بووە، ‏هۆكارەكەشی ئەوەیە پلان نییە بۆ راكێشانی گەشتیاران".‏
سەبارەت بە پرسی گرانیش ئەوەی رەتكردەوە كە گرانی بێت، بەتایبەت بۆ ‏هوتێلەكان نەك قازانج ناكەن، بەڵكو ئێستا لە زیاندان بەنموونەش گوتی ‏‏"ژوورێكی هۆتێل بە نانی بەیانییەوە لە هوتێلێكی چوار ئەستێرە دەدەین بە ‏پێنج هەزار دینار بە گرووپە گەشتیارییەكان، لەكاتێكدا لەسەر خۆمان هەشت ‏هەزار دینار دەكەوێت"‏
باوەڕ پاسی، باسی لەوەش كرد بەشێك لە خاوەن هوتێلەكانی دهۆك ‏كەوتونەتە فرۆشتنی هوتێلەكانیان، چونكە لەوە زیاتر ناتوانن بەرگەی ئەو ‏هەموو زیانە بگرن ‌و گوتیشی "تەنانەت بەشێك لە خاوەن هوتێلەكان واستە ‏دەكەن بۆ كەمكردنەوەی ئەستێرەكانیان چونكە بەرگەی باج ‌و روسوماتی ‏زۆر ناگرن".‏
لەبارەی چارەسەری كێشەكانیشیان ئەو خاوەن هوتێلە گوتی "كاری ئێمە ‏تەنیا لەلای جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر ‏دەبێت، دەبێت بۆی روونبكەینەوە كە چۆن گشتوگوزاری دهۆك پشتگوێ‌ ‏خراوە".‏
باوەڕ پاسی ئەوەشی روونكردەوە 10 رۆژ پێش سەری ساڵ پێشبینی دەكرا ‏بۆ سەری ساڵ 40 هەزار گەشتیار بێنە دهۆك، بەڵام دواتر دەركەوت ئەو ‏ژمارەیە نایەت "ئینجا كەوتنە هێنانەوەی پاساو گوایە بەفر نەبووە یان ‏دۆخی ئەمنی لەبار نەبووە یاخوود كاتی تاقیكردنەوەی قوتابیانە".‏

بەبازاڕكردنی ئەلیكترۆنی بۆ گەشتوگوزار پێویستە
هۆشیار دەربەندی، پسپۆڕی گەشتوگوزار وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ‏باسی لەوە كرد بەبازاڕكردنی ئەلیكترۆنی بۆ گەشتوگوزار لە هەرێمی ‏كوردستان زۆر خراپە ئەو گوتی "بەبازاڕكردنی ئەلیكترۆنی بۆ گەشتوگوزار بۆ ‏ئەم قۆناخەی هەرێمی كوردستان زۆر پێویستە چونكە ئێستا زۆر لاوازە ‏بەدەر لەوە ساڵێك زیاترە وێبسایتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ‏كارناكات تاوەكو بتوانین ئامارێكی لێوەربگرین".‏
بەبڕوای هۆشیار دەربەندی قەڵای هەولێر ئەو شوێنەیە كە دەتوانرێ‌ بە ‏راكێشانی گەشتیاری بیانی سوودی لێببینرێ‌ئەو گوتی "قەڵای هەولێر ‏بووەتە براند دەبێت بۆ راكێشانی گەشتیاری بیانی سوودی لێببینین"‏
هۆشیار دەربەندی بۆ ئەوەش بەداخ بوو كە نەك پارێزگای دهۆك، بەڵكو ‏سلێمانیش  سیمای گەشتیاری نەماوە "پێش سەری ساڵ سەردانی سلێمانیم ‏كرد بەداخەوە هیچ سیمایەكی گەشتیاریی لە سلێمانی نەماوە".‏

‏ئەم بەرنامەیە شەوی 05-06-2025 بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێشكەش ‏كرا‌و میوانە سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە
‏ - كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی ‏شوێنەواری ‏هەرێمی ‏كوردستان‎ ‎
‏‏‏- د.ئارام عزەدین، مامۆستا لە بەشی گەشتیاریی زانكۆی ‏پۆلیتەكنیكی ‏‏هەولێر‎ ‎
‏ - ئیحسان عیسا، سەرۆكی كۆمەڵەی هۆتێل و بنكە ‏گەشتییارییەكانی دهۆك‎ ‎
‏- هۆشیار دەربەندی، پسپۆڕی گەشتوگوزار‎ ‎
‏- باوەڕ پاسی، خاوەن هوتێل لە دهۆك