سەرژمێری گشتیی عێراق ‌و كاریگەری لەسەر ناوچە دابڕێنراوەكان

29 September 2024
سەرژمێری گشتیی عێراق ‌و كاریگەری لەسەر ناوچە دابڕێنراوەكان
‏‏ سەرژمێری گشتیی عێراق ‌و كاریگەری لەسەر ناوچە دابڕێنراوەكان
‏"لەگەڵ سەرژمێریكدا نیم، كەركووك ‌و خانەقین ‌و شنگال تەسلیمی قەدەر ‏بكات"‏
كورتەیەك لە بەرنامەكە

بەرپرسانی كورد مەترسی ئەوەیان هەیە سەرژمێری گشتی لە عێراق كە لە ‏سەرەتای مانگی نۆی ئەمساڵەوە هەنگاوەكانی دەستیان پێكردوە بریار لە ‏‏20-11 ئەنجامبدرێت، ببێتە هۆكارێكی دیكە بۆ دابڕاندنی ناوچە ‏كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە كوردستان ‏بەتایبەت ئەگەر ئەو 110هەزار خێزانە عەرەبەی لە دوای رووداوەكانی 16ی ‏ئۆكتۆبەر هێنراونەتە سنووری كەركووك وەكو كەركووكی ناویان لە‌و ناوچانە ‏تۆمار بكرێت ئەوە مژاری ئەم جارەی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو، جگەلە ‏عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەرجەم ‏ئامادەبوانی بەرنامەكە ئەوە مەترسییەیان هەبوو كە سەرژمێریەكە بۆ ‏مەبەستی سیاسی بەكاربێت هەرچەند عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی ‏وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەختی لەوە دەكردەوە كە سەرژمێریەكە تەنیان ‏بۆ بواری گەشەپێدان سوودی لێوەردەگیرێ‌ نەك سڕینەوەی ناسنامەی ‏گەلێك.‏
فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە ‏كردەوە كە لەگەڵ سەرژمێریكدا نییە كە خاكی كەركووك ‌و خانەقین شنگال ‏تەسلیمی قەدەر بكات.‏
یوسف قاسم، كە گەنجێكی كەركووكییە ‌و قوتابی زانكۆی سەڵاحەدینە لە ‏كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لەبەرنامەكەدا ئەوەی خستەڕوو بە هێندەی ‏برینی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر مەترسی ئەوەی هەیە سەرژمێریەكەش ‏ببێتە برینێكی دیكەی سارێژنەبووی كەركووكییەكان ئەو گوتی "هێشتا ‏برینی 16ئۆكتۆبەر سارێژ نەبووە، خەریكە برینێكی دیكە لە جەستەی ‏شارەكەمدا". ئەو گەنجە كەركووكییە جەختی لەوە كردەوە  سەرژمێریەكە ‏بەرگێگی یاساییە كراوەتە بەری تەعریب ئەو گوتیشی "شوانی حەویجەیی ‏هەیە هێنراوەتە كەركووك بە ملیۆن زەویان پێداوە، بڕوا بكە نازانێ‌ ملیۆنێك ‏چەند سفری هەیە، 168هەزار عەرەبی هاوردە هاتۆتە كەركووك ئەگەر ئەوانە ‏بەشداری سەرژمێری بكەن ئەوە خۆی لە خۆیدا بە یاسایی كردنی تەعریبە".‏ ‏
‏رێژە عەرەب لە كەركووك 21% وە گەیەنراوەتە 72%‏
بەگوتەی  شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی ‏سەرژمێری ‏گشتیی ‏دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان یەكەم سەرژمێری لە عێراق ‏مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1927، دواین سەرژمێریش كە كورد ‏بەشداری تێدا كردوە سەرژمێری ساڵی 1987بووە، بەبێ‌ كوردیش  لە ساڵی ‏‏1997 سەرژمێریەكی دیكە كراوە، بەڵام لەرووی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراو ‏نەبووە،  لەلای شوان جەبار ‌و زۆربەی شارەزایانی بواری ئامار سەرژمێری ‏ساڵی 1957 یەكێكە لە سەرژمێرییە باشەكان لە مێژووی عێراقدا چونكە ‏زانیارییەكان بە وردی وەرگیراوە. كوردیش لەو سەرژمێریەدا رێژەیەكی باشی ‏بەدەستهێناوە كە 48% بووە، بەڵام لە سەرژمێری  ساڵی 1997 رێژەی ‏كورد بۆ 21% دابەزیوە پێشتر رێژەی توركمان 21% بووە دواتر بووەتە ‏‏6%، بەڵام رێژەی عەرەب لە21% لە 1997دا گەیشتۆتە 72%. ئێ‌ دیارە ‏زیاد كراوە ‏
یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی ‏سەرژمێری گشتیی ‏دانیشتوان لە ‏هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد لەو 110هەزار خێزانەی لە دوای ‏رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێنراونەتە كەركووك نزیكەی 600 هەزار ‏كەس دەكات ئەوەشی بە ژمارەیەكی زۆر گەورە پێناسەكرد‌و گوتیشی "لە ‏پڕۆسەی سەرژمێریدا لە كەركووك  60% بۆ 70% كارەكان تەواو بووە، بەڵام ‏ئەوەی بۆ ئێمە جێگای نیگەرانییە ئەوەیە عەرەبە هاواردەكان نوسراون، ‏بەڵام ئاوارە كوردەكان نەنوسراون".‏
داوای تۆماری 1957 كراوە
شوان جەبار، باس لەوەش دەكات لەلایەن حكومەتی عێراقی چەندیجار ‏دڵنیایی ئەوەیان پێدراوە كە سەرژمێرییەكە بۆ مەبەستی سیاسی ‏بەكارناهێنن ‌و جەخت لەوەش كردەوە كە هەرگیز ئەوان ناچنە ژێر ‏باری سەرژمێرییەك كە زیانی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەبێت، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ‏ئۆپراسیۆنی ‏سەرژمێری گشتیی ‏دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان هێمای ‏بەوەش كرد بۆ كارەكانی سەرژمێرەكە لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆ ‌و ‏بازرگانی ‌و پلاندانانی حكومەتی عێراقی بەردەوام لەسەر هێڵن، بەڵام ‏هەست بەوە دەكەن بۆ داواكارییەكانیان وەك پێویست بە دەنگیانەوە ‏نایەن ‌و گوتی "داوامان كردوە  لە كەركووك تۆماری 1957 بكرێتە ‏بنەما، بەڵام هەست دەكەین دەستی بە دەستیمان پێدەكەن، جگەلەوە ‏دەبوو ژمێرەرانی كورد‌و عەرەب‌و توركمان پێكەوە كاری ‏سەرژمێرییەكان بكەن، بەڵام ئەوەش بەو جۆرە نەبووە، هاوكات داوای ‏ئەوەشمان كردوە تەواوی زانیارییەكانی سەرژمێرییەكە راستەوخۆ بۆ ‏حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەوەش دەكەن ‏یان نا".‏
ئەگەر داواكانمان جێبەجێ‌ نەكەن ئەگەری بایكۆت هەیە
هەر لەبەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا شوان جەبار  ئەوەشی روونكردەوە كە ‏ئەوان رازی بوون بە لابردنی بڕگەی نەتەوە، چونكە لەدوای رووداوەكانی ‏‏16ی ئۆكتۆبەرەوە كوردێكی زۆری كەركووك ئاوارە بوو، هەرچەندە لە ‏فۆڕمەمەكەدا بڕگەی هۆكارەكانی ئاوارەبوون ‌و كۆچكردن هەیە 15 هۆكار ‏دیاری كراوە. شوان جەبار جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان لەگەڵ ‏سەرژمێرین، بەڵام بە مەرجی جێبەجی كردنی داواكارییەكانیان هەر لەسەر ‏جێبەجێ‌ كردنی داواكارییەكانیان لە مانگی حەوت دا بۆ ماوەی یەك مانگ ‏كارەكانی سەرژێریان سەڕكردوە سەرباری ئەوەش دەستی بەدەستیكردن ‏پێیان هەر بەردەوامە، شوان جەبار  پێشنیازی ئەوەش دەكات ئەگەر لە ‏كەركووك ‌و ناوچە كێشەلەسەرەكان لەسەر سەرژمێری لەگەڵ حكومەتی ‏عێراق نەگەیشتنە ئەنجام، ئەوا پێشنیازێكی ئەوەش هەیە سەرژمیبَری لەو ‏ناوچانە دوابخرێت. لە كۆتایی قسەكانی ئەو بەرپرسە كوردەی بواری ‏سەرژمێری گوتیشی "ئەگەر لەسەرژمێریەكەدا داواكارییەكانمان بەهەند ‏وەرنەگیرێ‌ ئەوا تاوەكو ئاستی بایكۆتیش دەڕۆین".‏
‏"30ساڵە چاوەڕێی سەرژمێرین"‏
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وەك میوانێكی ‏دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە كردەوە ئەوان وەك  وەزارەتی پلاندان ‏‏30ساڵە چاوەڕێی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری بوون تاوەكو دواجار بە ‏راوێژ ‌و هاوبەشیكردنی بەرپرسانی پەیوەندار لە حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان لە 2023دا بڕیاری سەرژمێری كردن دەرچووە. سەبارەت بە ‏پێشنەخستنی جێبەجێ‌ كردنی ماددەی 140دەستووری عێراق ئەو ‏بەرپرسەی عێراق ئەوەی خستەڕوو ماددەی 140دەستوور ‌و سەرژمێری دوو ‏شتی جیاوازن
‏ هینداوی ئەوەش دەخاتەڕوو لە 2010دا هەوڵی سەرژمێریان داوە، بەڵام ‏سەركەوتوو نەبوون لەبارە سەرژمێریەكەی ئەمساڵیش دەڵێت "ئەم ‏سەرژمێرییە مرۆڤ دەكاتە ئامانج نەك پرسی سیاسی، دەمانەوێ‌ دۆخی مرۆڤ ‏بزانین تەنیا بۆ گەشەكردنە نەك هیچ مەبەستێكی سیاسی".‏
بەبڕوای عەبدولزەهرە هینداوی لە رابردووی عێراقدا نەك كورد، بەڵكو عەرەب ‏‌و توركمانیش  تووشی زیانی گەورەبوون ‌و گوتی "ئێمە سیاسەتەكانی ‏حكومەتی پێشوو لە ئەستۆ ناگرین". لەبارەی لابردنی بڕگەی نەتەوەش ‏لەسەرژمێریەكەدا هینداوی ئەوەی خستەڕوو ئەو كارە بەسازانی لاینەكان ‏كراوە ‌و گوتیشی "ئەگەر باسی سیاسی بكەین ئەوا سەرژمێری لە عێراقدا ‏هەر ناكرێت، لابردنی بڕگەی نەتەوەش 5% سەرژمێریەكەت ناتەواو دەبێت، ‏بەڵام 95% ئیشەكەت دەكەیت بۆیە كردنی باشترە". ‏
گەڕانەوە بۆ تۆمار ‌و سەرژمێری 1957 ‏
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە دواقعی نازانێ‌، سەرژمێری ساڵی ‏‏1957 بیكرێتە بنەمای كارەكانی ئێستا دەڵێت "زیاتر لە 60ساڵ بەسەر ‏ئەو مێژووەدا تێپەڕیوە ئەو كاتەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق 10ملیۆن كەس ‏بووە ئێستا 44ملیۆنە، جگەلەوە ئەگەر كەسێك لە كەركووك یان لە هەر ‏شوێنێك ئاوارە بوو بێت هۆكاری ئاوارەبوونەكەی دەنوسرێ‌".‏
عەبدولزەهرە هینداوی لەگەڵ ئەوەش نییە بە كەركووك ‌و ناوچەكانی ‏دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بڵێ‌ ناوچە جێناكۆكەكان ئەو دەڵێت ‏‏"ئەوانە ناوچە پێكەوەژیاوەكانن نەك ناوچە جێناكۆكەكان". سەبارەت بە ‏دروستكردنی سەنتەرێكی داتاو زانیاری لەسەرژمێریەكەدا لەگەڵ هەرێمی ‏كوردستان بەرپرسەكەی حكومەتی عێراق ئەوەی خستەڕوو دروستكردنی ئەو ‏سەنتەرەیان رەتنەكردووەتەوە ‌و گوتی "بۆ پرسی سەرژمێری بەراستی ‏دەمانەوێ‌ بگەینە چارەسەرێكی هاوبەش، ئەوەی رێككەوتنمان لەسەر كردوە ‏جێبەجێ‌ دەكەین، ئەوەی لە كەركووكیش بۆ سەرژمێرەكە تاوەكوئێستا ‏كراوە بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان كراوە".‏
عەبدولزەهرە هینداوی جەخت لەسەر پێویستی بوونی بەشداری كورد دەكات ‏لەسەرژمێری، چونكە لە سەرژمێری ساڵی 1997، لەبەر ئەوەی كورد ‏بەشدار نەبووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەرژمێرەیەكە دانپێدانراو نەبووە.‏
ئەو گوتیشی "ئێستاش ئەگەر كورد بەشدار نەكات كەم‌وكوڕی دەبێت رەنگە ‏دانی پێدا نەنرێت". ئەو بەرپرسی عێراق وەهاشی نابینێ‌ كە كەركووك ‏لەرووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ‌ خرابێت ئەو دەڵێت "لە رووی پەرەپێدان ‏‌و بنیاتنانەوە كەركووك باشتر لە پارێزگاكانی ناوەراست ‌و باشوور".‏ ‏
‏لە 23ساڵدا زیاتر لە 270هەزار عەرەب هێنراونەتە ‏كەركووك
ستار پاشا، كەسایەتی كەركووك ‌و شارەزای بواری ‏ئامار ‏‏میوانێكی دیكەی ‏بەرنامەكە بوو بەپێی زانیارییەكانی ئەو كەسایەتیەی كەركووك لە ساڵی ‏‏1980وە تاوەكو رووخانی دەسەڵاتی سەدام لەماوەی ئەو 23ساڵەدا ‏‏270هەزار‌و 750 عەرەبی هاوردە هێنراوەتە كەركووك. ستار پاشا جەخت ‏لەوە دەكاتەوە  ئەو سەرژمێریانەی بەمێژووی دەوڵەتی عێراق كراون ‏هەموویان مەبەستی سیاسیان هەبووە ‌و گوتی "لەسەرژمێری 1921، ‏ویلایەتی موسڵ كە 799هەزار‌و 90كەس بووە 11 .65% كوردبووە، ‏تەنانەت لە سەرمژێری 1957 كە كورد رێژەكەی باشە ئەوانەی ‏سەرژمێریەكەیان كردوە كورد نەبوون بە بەڵگەی ئەوە ناوی گوندەكانیان بە ‏كوردییەكی تەواو نەنوسیوە".‏
ئەو كەسایەتیەی كەركووك داوا دەكات بۆ ئەم سەرژمێرییە بڕگەی نەوتەوە ‌و ‏ئاین زیاد بكرێتەوە "ئەگەر ئەوە زیاد بكرێتەوە وەك كورد هیچ كێشەیەكمان ‏نابێت".‏
پاشا بەپێویستی دەزانێ‌ بۆ ئەم قۆناخەی سەرژمێری، ئەگەر لە خێمەشدا ‏نیشتەجێ‌ ببێت پێویستە خێزانە كوردەكان بگەڕێنەوە كەركووك خۆیان ‏تۆرمار بكەن ئەو گوتیشی "لە چوارچێوەی ماددەی 140 كاتی خۆی ‏عەرەبە هاوردەكان بۆ گەڕانەوەیان هەر خێزانێك 20ملیۆن دینار قەرەبووی ‏وەردەگرت، بەڵام خێزانە كوردەكان 10ملیۆن دیناریان وەردەگرت، ئەوەی ‏جێگای سەرنجە 18هەزار خێزانی عەرەب كە نزیكەی 100هەزار كەسێك ‏دەكات لەگەڵ ئەوەی قەرەبوویان وەرگرتووە دووبارە گەڕاونەتەوە ‏كەركووك".‏
دوا بزمار لەجەستەی ماددەی 140 دەدرێت
د. محێدین حەسەن، ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏‏ئیدارەی هەرێم لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە خۆی خەڵكی ‏سنووری دیبەگەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرژمێریەكە بۆ كورد ‏مەترسیدارە بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، چونكە ماددەی ‏‏140دەستوور جێبەجێ‌ نەكراوە ئەو دەڵێت "لەبەرئەوەی ماددەی 140 ‏هەیە دەبێت سەرەتا قۆناخەكانی ئەو ماددەیە جێبەجێ‌ بكرێت، كە ئاسایی ‏كردنەوەی ناوچەكان ‌و گەڕانەوەی ئاوارەكان ‌و دواتریش سەرژمێری بكرێت، ‏نابێت ئێستا سەرژمێری لەو ناوچانە بكرێت تاوەكو دۆخەكە ئاسایی ‏دەبێتەوە".‏
د. محێدین حەسەن ئاماژەبەوەش دەكات لە كاتێكدا باس لەسەرژمێری ‏دەكرێت نزیكەی 580هەزار عەرەبی هاوردە هێنراونەتە كەركووك پسوڵەی ‏خۆراكیان بۆ كراوە ئەو دەشڵێت "لە 1957دا یەك خێزانی عەرەب لە ‏مخمووردا هەبووە ئێستا300 خێزان هەیە، لە سنووری قەراج 60 گوندی ‏كوردی هەیە 38یان جۆڵن، جگەلەوە نزیكەی 300هەزار ئاوارەی شنگال لە ‏سنووری دهۆكن  ئیتر چۆن سەرژمێری لەو ناوچانە بكرێت؟".‏
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەوە ‏دەكاتەوە تاوەكو بەڵێنامەیەكی لێكتێگەیشتن لەسەر ئەنجامەكانی ‏سەرژمێری لەگەڵ حكومەتی عێراق نەكرێت نابێت رێگە بە ئەنجامدانی ‏سەرژمێری بدرێت‌و دەڵێت "ئەگەر بەم حاڵەوە سەرژمێرییەكە هەر كرا ئەوا ‏دوا بزمار لە جەستەی ماددەی 140ی دەستوور دەدرێت".  گومانێكی دیكە ‏كە د. محێدین حەسەن هەیەتی ئەوەیە لەكاتێكدا لە كوردستان حیزبەكان ‏سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنن عێراق سەرژمێری دەكات ئەو دەڵێت "ئەوە ‏خۆی لەخۆیدا جێگای گومانە  بۆیە لەم قۆناخەدا لەگەڵ ئەوەم سەرژمێری ‏نەكرێت".‏
ئەترسم سەرژمێریەكە بكرێتە جێگرەوەی سەرژمێری1957 ‏
فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە كۆتاییەكانی ئەم بەرنامەیەدا بە دیدارێكی ‏تایبەت بەشداری كرد لە دەستپێكی قسەكانی باسی لەوە كرد كە ماددەی ‏‏140دەستوور وەكو خۆی ماوە ‌و هێشتا جێبەجێ‌ نەكراوە ئەو نەیشاردەوە ‏كە مەترسی لەسەر سەرژمێرییە چاوەڕوان كراوەكەی  20-11-2024 ‏هەیە گوتی "ئەترسم ئەم سەرژمێریە بكرێتە جێگرەوەی سەرژمێری 1957، ‏بەڵام دڵم بەو بڕیارەش خۆشە كە سەرژمێریەكە تەنیا بۆ مەبەستی ‏گەشەكردن بەكاربێت".‏
فەهمی بورهان  ئەوەش رووندەكاتەوە كە لە 10-06 ئەمساڵدا بۆ ‏ئاگاداربوون لە پرسی سەرژمێری ‌و مەترسییەكانی چونەتە كەركووك ‌و ‏بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی وەرگرتووە ئەو گوتی "لە سێ‌ مانگی رابردوو ‏هەوڵی زۆرمان بۆ ئەم پرسە داوە، هەوڵەكانیشمان جێگای خۆی گرتووە".‏
دەبوو بڕگەی نەتەوەی تێدا بوایە
فەهمی بورهان جەخت لەوەش دەكاتەوە كە وەكو كورد نابێت دژی ‏سەرژمێری بین، بەڵام ئەگەر بۆ مەبەستی سیاسی بەكاربێت ‌و بۆلێدان لە ‏لاینێك بێت،  ئەوا دژایەتی دەكەن ‌و گوتیشی "ئێستاش ئێمە وەك كورد ‏زۆرینەین لە كەركووك ناوچەكانی، هەر بۆیە لایەنگری ئەوە بوو ئەم ‏سەرژمێرە بڕگەی نەتەوەی تێدا بێت".‏
ئەو بەرپرسەی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو بەڵێنی ئەوەیان ‏پێداوە، ئەوەی پێشتریش لە كەركووك ناوی تۆمار نەكرابێت ئەوا لە 20-11 ‏هیچ كێشەیەكی نابێت ‌و ناوی تۆمار دەكرێت.‏
ئەوەی فەهمی بورهان نیگەران دەكات ئەو عارەبانەیە كە لە حەوت ساڵی ‏رابردوو هێنراونەتە كەركووك ئەو گوتی "بوونی 110هەزار خێزانی عەرەب ‏یەكێكی دیكەبوو لە نیگەرانییەكانی ئێمە، نەك ئێمە توركمانیش نیگەرانیان ‏هەیە توركمانەكانیش دەڵێن لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوو 50هەزار ‏كەسمان كەركووكی جێهێشتووە، بۆیە دەبێت ئەو ئاوارە كەركووكییە لە ‏ناوچەیەكی دیكە ناوی تۆمار دەكرێت وەك ئەوە وابێت لە كەركووك بێت".‏

‏" كەسی كورد هەبووە ناوی خێزانی كوردی تۆمار نەكردوە"‏
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏ئیدارەی هەرێمی ‏كوردستان لەوە نیگەرانە كە كەسی كورد هەبووە كە وەك كارمەندی بژێر ‏كاری كردوە چۆتە ماڵێك كە زیاتر لە خێزانێكی كوردی تێدا بووە، بەڵام یەك ‏خێزانی تۆمار كردوە ‌و خێزانە كوردەكەی دیكەی تۆمار نەكردوە "ئەوە هەر ‏زۆر نیگەرانم دەكات"‏
فەهمی بورهان، خوازیارە داواكارییەكانی كورد لە سەرژمێریدا جێگای ‏بكرێتەوە ‌و دەڵێت "ئەگەر بە قسەی كورد نەكرێت، دەبێت لە وشەی ‏بایكۆتی قورستر بەكاربهێنین بۆ سەرژمێرییەكە، دەبێت ئەوەش روون بێت ‏بەبێ‌ كورد سەرژمێری هیچ بەهایەكی نابێت لە 1997دا بەبێ‌ كورد لە عێراق ‏دا سەرژمێری كرا لەرووی نێودەوڵەتی بەهەند وەرنەگیرا".‏
بەرپرسەكەی هەرێمی كوردستان جەختلەوە دەكاتەوە چارەنووسی ‏هەڵەبجە‌و سلێمانی ‌و هەولێر ‌ودهۆك گرێدراوی چارەنووسی كەركووك ‌و ‏شەنگال ‌و خانەقینە. سەبارەت بە بۆچوونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان بەتایبەت كەسی یەكەم ‌و دوومی حكومەتەكە فەهمی بورهان ‏گوتی
‏"كاتێك باسی ئەو پرسەم بۆ سەرۆكی  حكومەتە‌و جێگرەكەی كرد بە ‏خەندەوە وەڵامیان دامەوە كە هەڵبژاردنی كوردستان بێ‌ ئاگایان ناكات لە ‏سەرژمێری كەركووك، بەراستیش وایە كەركووك ‌و خانەقین ‌و شنگال گرنگترە ‏لە هەرشتێك كە روودەدا ".‏
لەكۆتایی قسەكانی فەهمی بورهان جەختی لەوە كردەوە، هەرگیز لەگەڵ ‏سەرژمێریكدا نییە، كە خاكی كەركووك ‌و خانەقین شنگال تەسلیمی قەدەر ‏بكات ‌و گوتی "ئەگەر داواكانی جێبەجێ‌ نەكرێت، نابێت لەم قۆناخەدا كورد ‏لەگەڵ سەرژمێریدا بێت"‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 29-09-2024 3 پێشكەش كراو میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە
‏- فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان
‏- عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق
‏- شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی ‏سەرژمێری گشتی ‏‏دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان ‏‎ ‎‎
‏- د. محێدین حەسەن، ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏‏ئیدارەی هەرێم لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ‏‏
‏- ستار پاشا، كەسایەتی كەركووك ‌و شارەزای بواری ‏ئامار ‏