لەگەڵ رەنج - دۆخی پزیشکانی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان

17 September 2023
لەگەڵ رەنج - دۆخی پزیشکانی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان
لەسەدا 30 نەخۆشخانە حكومییەكان ‏لەلایەن ‏خۆبەخشانەوە ‏‏بەڕێوەدەبرێت‎‏ ‏
‏"پزیشكێكی ددان لەجیاتی سپیكردنەوەی ددان كاری رەشكردنەوەی تایە ‏دەكات"‏

ئەو وەڵامەی رەنج چەپڵەی بۆ لێدا

لەنێو ئەو خۆبەخشانەی كەرتی تەندروستی دانیشتبوو كە هاتبوونە بەرنامەكە، تاوەكو ‏بزانن كەی لە خۆبەخشییەوە دەكرێتە گرێبەست ‌و مانگانە مووچەیەكیان بۆ ‏دەبڕێتەوە. رەنج سەنگاوی بانگی كردە تەنیشت خۆی پرسی ئەرێ‌ هەر بەڕاست تۆ ‏هەر هیچ وەرناگریت لەبەرامبەر ئەو كارەی رۆژانە وەك پزیشكێكی ددان دەیكەیت؟ ‏پزیشەكە گوتی "نەخێر، بەڵام ئیشێكی دیكەم لە كەرتی تایبەت هەیە، هەندێجار ‏بەپارەی ئەو ئیشەم پێداویستی پزیشكی ددان بۆ ئەو نەخۆشخانە دەكڕم كە لە كاتی ‏خۆبەخشی لە نەخۆشخانەی حكومی دەیانبینم، بەنموونە دەرزی بچووكی بەنج هەیە ‏بۆ منداڵان بەكاردێت بۆ ئەوەی نەترسن هەندێجار ئەوە دەكڕم ‌و موادی پڕكردنەوەی ‏ددان دەكڕم، ئاخر چۆن وانەكەم، من دڵم بۆ نەخۆشەكانم دەسووتێ‌، كاتێك دێنە لای ‏ئێمە مواد بۆ چارەسەركردن نەبێت من چی بكەم؟، ئاخر ئەوانیش شایەنی خزمەتن ‏ئەگەر كەسێكی دیكە بیر لەوە نەكاتەوە، ئەوا من دەیكەم، چونكە هەست ‏بەبەرپرسیارێتی دەكەم لە بەرامبەریان". رەنج بە وەڵامی ئەو كچە پزیشكە سەرسام ‏بوو، دوای كەمێك بێ‌ دەنگی ‌و تێڕامان، بەهەردوو  دەستەكانی كەوتە چەپڵەلێدان بۆ ‏ئەو هەڵوێستەی  دكتۆر هاوێر هاوڕێ كە پسپۆڕییەكەی پزیشكی ددانە. لەدوای ئەویش ‏ئامادەبوانی بەرنامەكە ستۆدیۆكەیان پڕكرد لە دەنگی چەپڵە

‏وەزارەتی تەندروستی لە 2014 وە هەشت هەزار میلاكی كەمی كردووە
دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی ‏تەندروستی ‏هەرێمی ‏كوردستان وەك ‏میوانێكی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو،‏‎‏ ‏ لە 2014وە نزیكەی هەشت هەزار میلاكیان ‏‏كەمی ‏كردووە‎‏ "بەڵام ناتوانین هیچ كەسێك لە شوێنی ئەو كەسانە دابنێین كە بەهەر ‏هۆكارێك بێت لە كەرتی تەندروستی حكومی دەڕۆنە دەرەوە". ‏
ئەو جەختی لەوە كردەوە بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەكانیان پێویستیان بە كارمەندی ‏گەنج ‌و رۆحی نوێ‌ هەیە، بەڵام ناتوانن هیچ كەسێك دابمەزرێنن، ئەوەشی نەشاردەوە ‏لە هەمواری یاسای نوێی تەندروستی، خۆبەخشەكان پێناسەی تایبەتیان بۆ كراوە ‏‏"لەنێو  هەمواری یاسای تەندروستی پێناسەی  ‏خۆبەخشمان ‏كردووە". بریكاری ‏وەزارەتی ‏تەندروستی ‏هەرێمی ‏كوردستان ئەوەشی روونكردەوە، ئەو دەرچووانەی ‏تەندروستی ئەگەر كاری خۆبەخشییان نەكردبێت، دەرفەتی ئەوەیان نابێت بە ‏گرێبەستیش دابمەزرێن. ئەو بەرپرسەی تەندروستی ئەوەشی روونكردەوە، ئەوان لە ‏كوردستاندا كێشەی كەمی پزیشكی گشتییان هەیە نەك پزیشكی ‏ددان ‌و دەرمان.‏

‏"لە كوردستان نزیكەی 24هەزار خۆبەخشی تەندروستی هەیە"‏
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، جەختی لەوە كردەوە ‏لەمەودوا  هەموو دەرچوویەك دانامەزرێ‌، بەڵكو بۆ ئەو شوێنانەش كە بە گرێبەست ‏دەرچووانی تەندروستیان بۆ دادەمەزرێنن، بەپێی خاڵبەندی خەڵك دادەمەزرێنن، نەك ‏بە ‏تیروپشك ‌و كاری خۆبەخشیش یەكێك دەبێت لە خاڵەكان.‏
بۆ رێكخستنەوەی كاری پزیشكانیش لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا دكتۆر رەهێڵ ‏فەرەیدوون ئەوەی خستەڕوو، لە پێناو رەخساندنی هەلی كار لە نەخۆشخانە ‏ئەهلییەكان بەتایبەت بۆ پزیشكانی دانەمەزراو "ناهێڵن هیچ پزیشكێك لە دوو ‏نەخۆشخانەی ئەهلی ‏مووچەخۆر ‏بێت".‏
بەپێی ئەو ئامارەبێت كە دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون لەبەرنامەكەدا خستیەڕوو، لە ‏هەرێمی كوردستان نزیكەی 24 هەزار خۆبەخشی تەندروستی هەیە "ئەمە لە هیچ ‏شوێنێكی دنیادا نییە، هەرچەندە سوپاسی من هیچ بۆ ئەوان ناكات، بەڵام ناكرێت ‏بەدەمیش پێزانینم نەبێت بۆ ئەو كارە مرۆڤانەی ئەوانەی دەكەن".‏
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون باسی لە ئەوەكرد، كونسوڵی ‏هەر وڵاتێك سەردانی كردبن ئەو داوایەیان لێكردەوە، كە دەستی كاریان هەیە دەكرێت ‏لە وڵاتەكانی خۆیان سودی لێببینن.‏
هەندێك لە خۆبەخشەكانی تەندروستی باسیان لەوە كرد لە كەرتی تایبەتیش خەدریان ‏لێدەكریت ‌و مووچەیەكی كەمیان پێدەدرێت، بۆ وەڵامی ئەو قسانە دكتۆر رەهێڵ گوتی ‏‏"هەر نەخۆشخانەیەكی ئەهلی ئەگەر مووچەی كەم ‏بداتە ‏كارمەندەكانی ئەوا مۆڵەتی بۆ ‏نوێ‌ ناكەینەوە".‏

‏ ‏
‏"بیرۆكەی خۆبەخش هی ئێمە بوو، بەڵام پەشیمانین"‏
جەبار محەممەد، نەقیبی ‏سەندیكای ‏كارمەندانی ‏تەندروستی ‏كوردستان، لە دەستپێكی ‏قسەكانی ئەوەی خستەڕوو  "لە كوردستاندا شتێك نییە بەناوی سیستمی ‏تەندروستی".‏‎‏ ‏جەبار محەممەد شانازی بەوەش دەكرد، بیرۆكەی خۆبەخشی لە كەرتی ‏تەندروستی سەرەتا ئەوان دایانهێناوە، گوتی "ئەو كارە بۆ كاتی خۆی باش بوو، بە ‏ئومێدی ئەوە بووین دوای ماوەیەك بكرێنە گرێبەست ‌و دواتریش بۆ هەمیشەیی ‏دایانبمەزرێنن، بەڵام پلانەكە بەو جۆرە نەڕۆیشت، بۆیە ئێستا لەو بیرۆكەیەمان ‏پەشیمانین". ‏

‏"وەزارەتی خوێندنی باڵا بووەتە كۆمپانیا"‏
جەبار محەممەد رەخنەی توندی لە وەزارەتی خوێندن باڵا گرت، بەوەی هەر خەریكی ‏كردنەوەی بەشی تەندروستین لە زانكۆ ‌و پەیمانگا ئەهلییەكان ئەو گوتی "بەڕاستی ‏وەزارەتی خوێندنی باڵا بووەتە كۆمپانیا، لە زانكۆ‌و پەیمانگا ئەهلییەكان هەر خەریكی ‏كردنەوەی بەشی تەندروستین بەبێ‌ ئەوەی دەرچوانیان دابمەزرێن یان دەرفەتی ‏دامەزاندانیان هەبێت،‏ بەردەوام پەیمانگای بەرهەمهێنانی بەتاڵە دەكەنەوە، جارێك بە ‏وەزیری خوێندنی باڵام گووت كردنەوەی بەشە ‏تەندروستییەكان ‏رابگرن، بەڵام دیارە ‏بەقسەی ئێمە ناكەن".‏

لە كوردستان چەند كەس پزیشكێكی دادنی بەردەكەوێت ستاندارد چۆنە؟
دكتۆر شاخەوان خۆشناو، جێگری سەرۆكی سەندیكای ‏پزیشكانی ‏ددان ‏لە ‏كوردستان ‏كە میوانێكی سەرەكی بەرنامەكە بوو، باسی لەوەكرد وەك كە پزیشكانی ددان بۆ ‏تەواو كردنی قۆناخەكانی خوێندنیان دەبێت بەناچاری چەند ساڵێك لە ‏نەخۆشخانەكاندا كار بكەن، بەتایبەت كە ئێستا دامەزاندن نییە دەبێت بەناچاری ‏كاری خۆبەخشی بكەن ئەو گوتیشی "نزیكەی 2500پزیشكی ددان مان هەیە كە ‏بەشی زۆریان بێكارن‌و دانەمەزراون". بەپێی زانیارییەكانی دكتۆر شاخەوان خۆشناو ‏‏"لە كوردستاندا 1400كەس، پزیشكێكی ‏ددانیان ‏بەردەكەوێت‎‏، لە كاتێكدا بەپێی ‏پێوەرە جیهانییەكان بۆ 1700كەس پزیشێكی ددان پێویستە‎‏"‏

‏"پزیشكی ددان هەیە لە كێڵگەی ‏بەخێوكردنی ‏مانگا‌و هەشمانە لە كافتریا ‏نێرگەلە بۆ خەڵك دەدەنێ‌"‏
دكتۆر شاخەوان خۆشناو، جەخت لەوە دەكاتەوە كە پزیشكانی ددان زۆر ‏پەراوێزخراون ‌و بەشێكیان لەبەر بێكاری لە شوێنانێك كار دەكەن كە شایەنی نیە ئەو ‏گوتی "پزیشكی ددان هەیە لە كێڵگەی ‏بەخێوكردنی ‏مانگا كار دەكات هەشمانە لە ‏كافتریا نێرگەلە بۆ خەڵك دەدەنێ‌، پزیشك هەیە لە چێشتخانە كار دەكات هەیە لە ‏كۆمپانیایەك  كاری ئیداری دەكات". لە بەرامبەر ئەو قسانە رەنج سەنگاوی باسی ‏لەوە كرد، بەڵام پزیشكی ددانیش هەیە رۆژانە نەخۆشێكی زۆر دەبینێ‌. بۆ ئەوەیان ‏دكتۆر شاخەوان پشتگیری قسەكانی رەنج سەنگاوی كرد‌و گوتی "راستە پزیشك هەیە ‏چوار مووچەی هەیە هەشمانە ‏لەبەر ‏بێكاری لە ‏چێشتخانە كار دەكات، بۆیە دەبێت ‏وەزارەتی تەندروستی ئەوە بەتایبەت لە كەرتی تایبەت رێكبخاتەوە".‏
لە كۆتایی قسەكانی دكتۆر شاخەوان خۆشناو، پێشنیاز كرد بۆ گفتوگۆ لەسەر ‏كێشەكانی پزیشكانی ددان سەرۆكی حكومەت ‌و جێگرەكەی بۆ ماوەی نیو كاژێر ببینن ‏‌و گوتیشی "ئەگەر ئەو دەرفەتەمان پێبدرێت بەدڵنیایەوە چارەسەری دانەمەزراوانی ‏پزیشكانی ددانیان دەخینەبەردەست".‏

‎‏
لەبەر بێ‌ پارەیی بەپێی چووە بۆ دەوامە خۆبەخشییەكەی ‏
سەروەر سەرحەد، كە وەك نوێنەری خۆبەخشانی ‏تەندروستی لەبەرنامەكەدا بەشداربوو ‏باسی لەوە كرد خۆبەخشیان هەبووە لەبەر بێ‌ پارەیی بەپێ‌ چووە بۆ دەوامە ‏خۆبەخشییەكی ‌و گوتی "رۆژێك كارمەندێكی خۆبەخش درەنگ گەیشت كە پێم گووت ‏بۆ وا درەنگ كەوتووی، گوتی بەپێ‌ هاتووم لەبەر ئەوەی پارەی پاسەم پێنەبووە".‏
بەپێی گێڕانەوەكانی سەروەر سەرحەد، "دەرچووی تەندروستی هەیە شەش ساڵ ‏لەبوارەكەیدا ‏خۆیدا خوێندوویەتی، ‏كەچی ‏ئێستا لەبەر بێكاری لە بازاڕدا پێڵاو بۆیاخ ‏دەكات".‏
سەروەر سەرحەد باسی لەوەش كرد "لەكاتێكدا خۆبەخشیشی پێویستی بەواستەیە، ‏بەڵام كەسانێك هەن بە نوسراوی نهێنی بە گرێبەست دامەزراون، كارمەند هەیە ‏خۆبەخشی نەكردوە، بەڵام بە ‏گرێبەست ‏دامەزاوە". ئەو تكا لە بەرپرسانی تەندروستی ‏دەكات كارێك بۆ خۆبەخشەكانی تەندروستی بكەن "كەسمان هەیە 11 ساڵە كاری ‏خۆبەخشی دەكات".‏‏
‎‏
‏ لەجیاتی سپیكردنەوەی ددان، تایەی ئۆتۆمبێل رەش دەكاتەوە
هەر لەبەرنامەكەدا چەند پزیشكێك ‌و خۆبەخشێكی تەندروستیش بەم جۆرە باسیان لە ‏دۆخی نەخوازراوی خۆیان كرد. خۆبەخشێك دەڵێت "بەهۆی كارە ‏خۆبەخشییەكەمانەوە مانگانە 200 هەزار ‏دینار ‏خەرجیمان دەبێت".‏‎‏ ‏یەكێكی دیكەیان ‏باسی لەوە كرد لە كەرتی تایبەتیش كار نییە، یاخود دەبێت بەپارەیەكی كەم كار ‏بكەن ‌و هەر وەك خۆبەخشێك گوتی "بەنمونە خەڵك هەیە مانگی بە 150هەزار دینار ‏كار دەكات". لە كاتێكدا بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران كەمترین كرێی مانگی ‏كاركردن نابێت لە 350هەزار دینار كەمتر بێت. بەشێكی دیكەی خۆبەخشەكان ‏جەختیان لەوە دەكردەوە، ئەگەر  حكومەتی هەرێمی كوردستان كارمەندی ‏تەندروستی پێویست نییە، بۆچی ئەم هەموو بەشە تەندروستییە لە زانكۆ‌و ‏پەیمانگاكان دەكاتەوە؟ خۆبەشێكی دیكە دەڵێت "چەندین جار پێیان گووتوین ئێوە ‏زیان بەخشن ‏نەك ‏خۆبەخش، بەڵام گوێمان بەوەنەداوە ‌و كاری خۆمان كردوە". ‏لەبەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا پزیشكێكی ددان بەناوی دكتۆر دنیا ئەوەی خستەڕوو ‏لەبەر بێكاری پزیشكان هەیە، لەجیاتی لە نەخۆشخانە دادن سپی بكاتەوە، كەچی لە ‏شوێنێكی كار دەكات تایەی ئۆتۆمبێل رەش دەكاتەوە!‏ ‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 17-09-2023 پێشكەش كراو میوانە سەرەكییەكانیش ‏پێكهاتبوون لە:
‏* دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی ‏تەندروستی ‏هەرێمی ‏كوردستان‏‎‏ ‏ ‏
‏‏*جەبار محەممەد، نەقیبی ‏سەندیكای ‏كارمەندانی ‏تەندروستی ‏كوردستان ‏‏‏‏‏ ‏ ‏
‏* دكتۆر شاخەوان خۆشناو، جێگری سەرۆكی سەندیكای ‏پزیشكانی ‏ددان ‏لە ‏‏كوردستان  ‏
‏*سەروەر سەرحەد، نوێنەری خۆبەخشانی ‏تەندروستی  ‏
‎‏ ‏ ‏