هەوڵەكان بۆ پرۆسەیەكی ئاشتی لە توركیا و باكووری كوردستان ‏

09 March 2025


بۆ ئاشتییەكی توركیا نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەسەرهێڵە
عەبدولسەلام بەرواری، سیاسەتڤان ‌و پەرلەمانتاری خولی ‏سێیەمی ‏پەرلەمانی ‏كوردستان لەم بەرنامەی لەگەڵ رەنج ئاماژەی بەوەدا بۆ پرسی ئاشتی لە ‏توركیا تەنانەت نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەسەرهێڵن ئەو گوتیشی "ئەم ‏پرۆسەیەی ئێستای توركیا بە واتای چارەسەی دۆزی كورد نییە". سەبارەت ‏بە دەستپێشخەریەكی ئۆجەلانیش ئەوەی روونكردەوە كە ‏دەستپێشخەرییەكە دەرەنجامی پرۆسەیەكی چەند مانگییە لە خۆوە ‏نەهاتووە.‏
عەبدولسەلام بەرواری ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا توركیا باسی پڕۆسەی ‏چارەسەریی نەكردووە ئەو گوتیشی "ئێمە وەك خۆمان تێڕوانینی خراپمان بۆ ‏پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نییە".‏
عەبدولسەلام بەرواری جەختلەوە دەكاتەوە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا ‏بەمانای چارەسەری كێشەكانی گەلی كورد نایەت وەك نەتەوەیەك  لە كۆتایی ‏قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووتری كوردستان  گوتیشی "ئۆجەلان ‏لەوە زیاتری پێناكرێت كە لە بانگەوازەكەی باسیكردووە".‏


ئەو پێنووسەی ئۆجەلان پەیامەكەی پێنووسییەوە چی لێدەكرێ‌؟

محەممەد ئەمین پێنجوێنی، كە وەك سیاسەتڤانێك لە بەرنامەكەدا بەشداربوو ‏ئەوەی روونكردەوە كە هەوڵی ئاشتی "لە بەڕێز باخچەلییەوە" ‏دەستیپێكردوە ئەو گوتیشی "دانوستاندنەكانی ئاشتی لە توركیا دەمێكە ‏دوستیپێكردووە". سەبارەت بە‌و پێنووسەش كە ئۆجەلان پەیامەكەی ‏پێنووسیوە ئەوەی خستەڕوو كە پێنووسەكە بۆ مێژوو هەڵگیراوە. ‏
سەبارەت بە وەڵامی پەكەكەش بۆ بانگەوازەكەی ئۆجەلان، محەممەد ئەمین ‏پێنجوێنی گوتی "وەڵامی پەكەكە بۆ پەیامەكەی ئۆجەلان پەیامێكی عاقڵانە ‏بوو، هەر بۆیە ئومێدم هەیە ئەمجارە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا سەربگرێت".‏
لە كۆتایی قسەكانی محەممەد ئەمین پێنجوێنی ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر ‏پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەربكرێت پرۆسەی ئاشتی زیاتر لەوەی ئێستا ‏پێشدەكەوێت.‏



ئێستا توركیا یەك كەسە
د.بەیار مستەفا، راگری سەنتەری ئاشتی ‌و دیالۆگ لە ‏زانكۆی ‏كوردستان ‏وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە كردەوە  كە ئێستا توركیا ‏بریتییە لە یەك كەس ئەو كەسەش ناوی ئەردۆغانە
بەیار مستەفا ئەوەش ناشارێتەوە كە پێشهاتەكانی سووریا گۆڕانكاریی ‏بەسەر توركیادا سەپاندووە ئەو دەخوازێ‌ پەكەكە پێشوازیەكی باشتر لە ‏پرۆسەی ئاشتی بكات چونكە شەڕ لە توركیا بێ ئەنجامە.‏
بەیار مستەفا جەختلەوە دەكاتەوە كورد ئێستا ژمارەی گەورەی نێو ‏هاوكێشەكانی ناوچەكەیە ئەو گوتیشی "بابەتی كورد بۆ ئەردۆغان بابەتێكی ‏ستراتیژییە".‏


هەر دوولا ماندووی شەڕن
د.شێركۆ كرمانج، كە وەك نووسەرێكی باشووری كوردستان لە بەرنامەكەدا ‏بەشداربوو باسی لەوە كرد هۆكار زۆرن بۆ ئەوەی ئەمجارە هەنگاوەكانی ‏ئاشتی دەرنجامێكی باشتریان هەبێت شێركۆ كرمانج گوتی "یەكێكە لە ‏هۆكارە بەهێزەكان ئەوەیە دەستپێشخەری ئاشتی لە توركیا ئەمجارە لە ‏مەهەپەوە هاتووە كە زۆر بەهێزە". ئەو نووسەری باشووری كوردستان ‏ئەوەش ناشارێتەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بەهۆی ماندووبوونی توركیا و ‏پەكەكە لە شەڕ هاتووەتەئاراوە. سەبارەت بە گۆڕانكاری لە بۆچوونەكانی ‏ئۆجەلان یش گوتی "بێگومان گۆڕانكاریی لە بۆچوونەكانی ئۆجەلان بۆ پرسی ‏كورد دەبینرێت".‏
شێركۆ كرمانج ئەوەشی خستەڕوو هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بە مانای ‏كۆتایی ئەو پارتە نایەت ئەو گوتی "چەكدانان مانای هەڵوەشاندنەوە و ‏كۆتایی پەكەكە نییە". شێركۆ كرمانج، ئەوەی روونكردەوە كە خەباتی ‏چەكداریی لەم سەردەمەدا كاریگەریی بەهێزی نەماوە. ئەو نووسەرەی ‏باشووری كوردستان دڵخۆش بوو بەوەی لە پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارە هەولێر ‏و سلێمانی بەشدارن هەروەك گوتی "هەولێر و سلێمانی ئەمجارە بەشێكن لە ‏پرۆسەی ئاشتی توركیا ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە"‏

بەبێ ئۆجەلان چارەسەر ناكرێت
خەلیل ئاتاج، سەركردایەتی پێشووی ‏پەكەكە میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ‏بوو
خەلیل ئاتاج جەختلەوە دەكاتەوە كە كێشەی كورد لە توركیا بەبێ ئۆجەلان ‏چارەسەر ناكرێت. ئاتاج ئەوەش ناشارێتەوە كە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ‏گۆڕانكاریی لە توركیا لێكەوتووەتەوە ئەو گوتیشی "توركیا مەترسی هەیە لە ‏دەرهاویشتەكانی گۆڕانكاریی ناوچەكە، توركیا و ئێران و عێراق یش ‏بەدەرنین لە رووداوەكانی سووریا".‏
خەلیل ئاتاج لەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕایە كە پێی وایە توركیا ناچارە كە ‏كێشەی كورد چارەسەر بكات، چونكە بەبێ‌ ئەوە ناتوانێ‌ هەنگاوی گەورە لە ‏رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهاوێ‌. خەلیل ئاتاج ئەوە ناشارێتەوە كە وادەی شەڕ ‏لەنێوان توركیا و پەكەكە چەندین ساڵە تەواو بووە


كرۆكی پەیامەكەی ئۆجەلان چییە؟
سینان چیفتیورەك، پەرلەمانتاری دەمپارتی وەك میوانێكی دیكەی ‏بەرنامەكە ئەوەی روونكردەوە كە كرۆكی پەیامەكەی ئۆجەلان گۆڕینی ‏خەباتی چەكدارییە بۆ خەباتی مەدەنی ئەو گوتیشسی "نزیكەی ساڵێكە ‏دیداری ئۆجەلان و دەوڵەت بەردەوامە تاوەكو گەیشتوون بەم قۆناخە ‏ئاشكرایە ئۆجەلان دەیەوێت رێگەی خەبات بگۆڕێت".سینان چیفتیورەك ‏ئەوەش ناشارێتەوە كە رۆژئاوای كوردستان مەبەستێكی سەرەكی توركیایە ‏لەم پرۆسەیەدا.‏
پەرلەمانتارەكەی دەمپارتی ئاشكراشی كرد، شاندی ئیمراڵی كە لەلایەن دەم ‏پارتی یەوە پیكهێنراوە، دووبارە لەگەڵ پارتەكانی دیكە كۆدەبێتەوە.‏
لە كۆتایی قسەكانی سینان چیفتیورەك لەبارەی رووداوەكانی ئەم دوایە ‏سووریا بەتایبەت شەڕی عەلەوییەكان دوا‌و گوتی "كۆمەڵكوژیی عەلەوییەكان ‏لە سووریا شەرمەزار دەكەین".‏


هەڵوێستی دەوڵەتی توركیا نادیارە ‏
هیوا سەید سەلیم، نووسەر ‌و سیاسەتڤان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو لە پڕۆسەی ئاشتیدا تاوەكو ئێستا هەڵوێستی دەوڵەتی ‏توركیا بە نادیاری ماوەتەوە ئەو گوتی "تاوەكو ئێستا دیار نییە ئەو ‏پرۆسەیەی توركیا ئاشتییە یان نا".‏
هیوا سەید سەلیم ئەوە ناشارێتەوە ئامانجێكی توركیا بە تایبەت  ئەردۆغان ‏لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە كە پێویستی بە كۆكردنەوەی زۆرینەی پەرلەمانییە ‏بۆیە هەوڵی رازیكردنی كورد دەدات.‏
هیوا سەید سەلیم ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەردۆغان بۆ هەمواركردنەوەی ‏دەستوور پێویستی بە دەنگی كوردە هیوا سەید سەلیم دەشڵێت "ئیمراڵی ‏داوای چارەسەری یاسایی دەكات نەوەك دەستووری".‏
لە كۆتایی قسەكانی ئەو سیاسەتڤانەی كورد ئەوەی نەشاردەوە كە ئێستا ‏پاشەكشێ لە هەڵوێستی باخچەلی هەیە بەرامبەر پڕۆسەی ئاشتی.‏

میوانەكانی ئەم بەرنامەیە پێكهاتبوو لە ‏
‏1- محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤان‎‏ ‏
‏2- خەلیل ئاتاج، سەركردایەتی پێشووی ‏پەكەكە ‏‏
‏3- د.شێركۆ كرمانج، نووسەر ‏
‏4- عەبدولسەلام بەرواری، سیاسەتڤان ‌و پەرلەمانتاری خولی ‏سێیەمی ‏‏پەرلەمانی كوردستان ‏
‏5- هیوا سەید سەلیم، نووسەر ‌و سیاسەتڤان‏
‎‏6- د.بەیار مستەفا، راگری سەنتەری ئاشتی ‌و دیالۆگ لە ‏زانكۆی ‏كوردستان ‏
‏7 - سینان چیفتیورەك، پەرلەمانتاری دەمپارتی ‏ ‏